
كچه شێته‌كه سڵاو… ره‌نج ساڵه‌یی
بۆكوێ؟ هه‌تاكه‌ی؟
خۆ تۆ مهنفانیت
ژیان دوای عه‌شق بتهێنێته‌وه
لهسهفهرهكاندا وون ببیت….و
له‌ناو جانتا چكۆڵه‌كه‌ی شانتدا
ئیدی نه‌ت دۆزنه‌وه
دیسان هه‌ڵبێیت به‌ره‌و ئه‌و شه‌قامه
كه‌من چه‌ند جار رێم گوم كردوه…و
گه‌راومه‌ته‌وه……
بێئه‌وه‌ی تۆش ده‌ركه‌ویت
من هه‌میشه له‌و كۆڵانه‌دا ون ده‌بم
هه‌رگیز ناتوانم ئه‌و شه‌قامه ته‌نیایه به‌ته‌نیا ببڕم
زۆر… ده‌ترسم ئه‌و دوو ته‌نیایه
له‌گه‌ڵ ته‌نیایدا یه‌ك بگرن…… و
ته‌نیایی ئه‌به‌دیه‌ت به‌دی بێنن
كچه شێته‌كه ده‌مێكه………
ده‌مم زیندانی كردوه بۆئه‌وه‌ی پێت نه‌ڵێت (شێت)
چونكه نزیكه تۆ ببیت به ووڵات
له‌وه‌ودوا ده‌بێت به‌یانیان پێت بڵێم به‌یانیت باش وڵاتهشێتهكهم
تۆ ده‌زانی وڵاتێكی زۆر بێمیللهتی؟
ئاخر وڵات به‌بێ مرۆڤ چی!
ئه‌ی ده‌ریا به‌بێ ئاو چی!
ئه‌ی هه‌موو زه‌وی به‌بێ تۆ چیه؟
نازانم تۆ چیت!
ده‌مێك ده‌مه‌وێت بتكه‌م به‌ئاڵای وڵات
ده‌مێكیش هه‌ر (به‌نیاز)
جاروباریش خه‌ونێك….و
كچۆڵه‌یه‌كی راهاتوو له چاوه‌روانی
شه‌قامێك.
هه‌روه‌ك خۆت بمێنه‌ره‌وه
جاروباریش پیاسه‌یه‌ك به‌نێو
دوورگه جهنجاڵهكهی رۆحمدا بكه
ئه‌و به‌یانیه بهێنه‌وه بیرت
له‌سه‌ر شه‌قامه خهیاڵاویكهوه وه‌ستابویت…و
باران شه‌سته ده‌باری…و
تۆش له‌ژێر چهترهكهتدا پێدهكهنینت ده‌هات.
منیش له‌ژێر ئه‌وبارانه عاشقهدا
رامابوم سه‌رتاپای دهشوشتمهوه
ده‌مویست پێت بڵیم
بهێڵهبێمه ژێر چهترهكهتهوه
ئه‌و بارانه جه‌رگی سوتاندم!
دوكه‌ڵ له‌ناخمه‌وه هه‌ڵده‌ستێ
نه‌تهێشت هیچت پێ بڵیم
رۆیشتیو نه‌مپرسی بۆكوێ؟
بۆیه هه‌روا بمێنه‌وه
بۆئه‌وه‌ی لێت بپرسم له‌كوێ؟
له‌كام گه‌ردون ووڵاتهكهت رادهخهیت؟
كه‌ی ده‌زانی پاسه‌وانی وڵاته‌كه‌ت منم…كه‌ی؟
نازانم بۆ! بۆ هێنده ژیان به‌بێ مانایی و
خێرای تێده‌په‌رێ
وه‌ك رۆیشتنی تۆ بۆلای شادی
ئاخر گهرنهزانم بۆكوێ ده‌رۆی
چۆن بتوانم پێت بلێم:
سه‌فه‌رت خێر
له‌چ لایه‌ك شه‌ڕ بێنم…و
گه‌رانه‌وه‌ی بۆ بنوێنم,
گه‌رانه‌وه‌ت شه‌ڕ
كچه شێته‌كه تۆ له‌كوێی
له‌كام لا نوستوی له‌كام مهمللهكهتی
ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا په‌ناهه‌نده‌ی
ئه‌ی خۆتۆ پهناههندهنیت بۆ پێكه‌نین؟
ئه‌و پێكه‌نینه‌ی
له‌نزاو پارانهوهكانیشدا تۆراوه لێم
ئاخر زۆر له‌مێژه ده‌موێت بڵێم:
بۆ نهتویستوه بمبینی!
نازانم……
خهیالیشم پڕلهنازانم
هه‌مووشتێك ده‌زانم و نازانم
بیر له‌هه‌موو گه‌ردون ده‌كه‌مه‌وه
هه‌رگیزیش بیر ناكه‌مه‌وه
سه‌یری هه‌موو شوێن پێیه‌كانت ده‌كه‌م
به‌ڵام هه‌رگیز ته‌ماشای چاوه‌كانت ناكه‌م
سه‌یر هه‌موو شاره‌كان ده‌كه‌م
كه‌س نیه ئاڵای هه‌بێت
وه‌ره خۆت بكه ئاڵا…و
بچۆره سه‌ره‌وه‌ی سه‌ری باڵه‌خانه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كه‌و
خۆت بلهنگێنه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر ده‌مێكه نه‌مبینیوی!
زیاتر خۆت بسوڕینه
منیش دێمه ئه‌وسه‌ری شه‌قامه‌كه…و
ته‌نها یه‌كجار نیگات ده‌كه‌م و
له‌دڵی خۆمدا ده‌ڵێم؛
كچهشێتهكه سڵاو.