پیاوێك, به پێ خواسی …. به‌شدار سامی
پیاوێك به‌ر له‌و هه‌موو ساڵه تۆزی كه‌وتبێته سه‌ر…
چی هه‌بێ بۆ گووتن,
قاچ له كووێ بێنێ بۆ پیاسه؟
شتێ ناكه‌م ئه‌م ژووره تای لێ بێ.
من كه ده‌رۆم..
ده‌مه‌وێ هه‌مووشتێك بۆ ئێوه جێ بهێڵم,
ئه‌و شتانه‌ی كه‌من نهم توانی بیانكێشمهوه ناو خانووه‌كه‌م.
ئه‌توانم له‌باره‌ی زۆر شت قسه‌بكه‌م..
ئه‌و شتانه‌ی كه ئێوه هه‌تانه. به نیشتیمانیشه‌وه.
من كه ده‌كه‌وم له وشه‌دا
ته‌ماشاكردنی من بۆ ئێستای ژیان وه‌هایه..!
ڕه‌نگه به‌یانی به جۆرێكیتر سه‌رم درزی تێكه‌وێ.
ده‌مه‌وێ پێ تان بڵێم: كه‌رتێكی زه‌وی به‌هۆی منه‌وه بووه به نیشتیمان
لێ چوونكه پێم وابوو هه‌بوونی نیشتیمان…
له ژانه سه‌ر زێترنیه
خه‌ڵكانێك له ئێوه پێیان وابوو…
عه‌قڵی من گێژه له مانا..
بۆگه‌نی كردووه.!
بوونی من چه‌قه‌چه‌قی زۆری ناوه‌ته‌وه
هه‌ندێ جار هه‌ست به گووناهی خۆم ده‌كه‌م
به‌تایبه‌ت له‌و كاتانه‌ی باوكم ده‌یه‌وێ له داخان پێبكه‌نێ..
داخی ئه‌وه‌ی وشه له بڕی دینار كۆده‌كه‌مه‌وه.
نازانم ئێوه له من تێده‌گه‌ن یان نا,
هه‌ست ده‌كه‌م
شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ی كۆڵانه‌كان درێژ ده‌بێته‌وه…
به دوو شت,
یه‌كه‌میان, تامن تێده‌گه‌م
شار پرتردهبێ له كه‌له‌ی ئینسان
دووه‌میشیان, ئه‌م خه‌لكه قه‌ت له‌من تێناگه‌ن