
نووسه‌ری كورد، له نێوان سیاسه‌ت و رۆشنبیری‌دا
20/08/09
خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ وتار و كۆمێنێت و بۆچوونی نووسه‌رانمان، له‌سه‌ر یه‌كدی، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ پرس و رووداوی كوردستان، له‌وانه‌ش سووتاندنی هه‌ندێ كتێبی فه‌رهاد پیرباڵ، زۆر شت له ئه‌قڵییه‌تی نووسه‌رانی كورد نیشان ده‌دات، كه دیارترینییان ئه‌وه‌یه، نووسه‌ری كورد، به‌ته‌واوی له بن سایه‌ی سیاسه‌تدا، هه‌ناسه ده‌دات.
سه‌خته ببینم نووسه‌ر، له قسه‌كانیدا جیاوازی نه‌بێت له‌گه‌ڵ سیاسییه‌كاندا، نووسه‌ر، وه‌كو سیاسیه‌كان له ته‌بریر و به‌هانه و كۆمه‌ڵێ درۆش بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌وه قایل بكات، كه سووتاندنی كتێبه‌كانی فه‌رهاد، به نموونه، ده‌گاته ئاستی مرۆڤ سووتاندن، یان ده‌گاته ئاستی ئازادبوونی گه‌نج و كورد؟
هه‌ر دوو هه‌ڵوێسته‌كه، ئه‌وه‌نده‌ی له دنیای سیاسه‌ته‌وه نزیكن و بارگاوینه به قسه‌ی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندییان به گه‌ڕان له دووی هه‌قیقه‌ت و جوانی و ئازادی و رۆشنبیریی و راستی نییه.
نووسه‌ری كورد، له‌و بابه‌تانه‌دا، هه‌روه‌ك له ده‌یان بابه‌تی تردا، نه له‌خه‌می گه‌ڕان له هه‌قیقه‌ته و نه له‌خه‌می ئازادیشدایه، هه‌ر چی هات، ده‌سته چه‌وره‌كانی سیاسه‌تی به ئازادی و هه‌قیقه‌ت و رۆشنبیریی و كتێب و نووسینه‌وه سڕیه‌وه، خوێنه‌ری كوردیش پتر بێ ئومێد ده‌كه‌ن له نووسیندا.
من وه‌ك خوێنه‌رێك، هیچ راسپاردهیهكهم نیه، بۆ هیچ نووسه‌رێك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم ئه‌وه‌یه، خوێنه‌ری كورد، ئه‌وه‌نده بێ تاقه‌ت بووه له نووسینی نووسه‌رانی كورد، كه ئاساییه، وا بكات نه‌وه‌ك كتێبه‌كانی فه‌رهاد، له پایه‌ی هه‌ڵوێستێكی سیاسی بسووتێنرێن، به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ له كایه‌ی رۆشنبیری‌دا، ده‌نووسرێن و بڵاوده‌بنه‌وه، بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بمانخاته سه‌ر رێی گه‌ڕان، له هه‌قیقه‌تێكی بچووك ، مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌و هه‌قیقه‌ته تاڵه نه‌بێت، كه پێمانده‌ڵێ: نووسه‌ری كورد چه‌ند فریو خواردووی سیاسییه هاندیكابهكانمانه، ئه‌وه‌نده‌ش رۆشنبیرێكی هاندیكابه!