
دونیا‌م ئاوا ئه‌وێ….. سه‌روه‌ر عومه‌ر
ماڵێك پڕ له په‌نجه‌ره‌ی كراوه‌ی نیگا‌و
كوانووی گه‌رمی میانه
ئاسمانێكی سه‌رتاپا شین
پڕ له كۆتر‌و كۆلاره
دونیا‌م ئاوا ئه‌وێ…
زاری دایه‌گه‌وره‌كان پڕ له حیكایه‌ت
ده‌ستی منداڵه‌كان پڕ له شیرینی
دڵی گه‌وره‌كان پڕ له ساده‌یی
سینه‌ی شه‌قامه‌كان پڕ له هه‌نگاوی ئه‌و رێبوارانه‌ی
به‌ره‌و رووناكی ئه‌ڕۆن
سۆمای چاوه‌كان پڕ له تیرۆژی روانین‌و
له شه‌پۆلی میهره‌بانی
زمانی خامه‌كان پڕ له رسته‌ی "خۆشم ئه‌وێی"
دونیا‌م ئاوا ئه‌وێ…
قه‌سابه‌كان دوكانه‌كانیان بكه‌نه گوڵفرۆشی
گشت مه‌یخانه‌كان بكرێنه كتێبخانه
ته‌واوی زیندانه‌كان بكرێنه مۆزه‌خانه
لووله‌ی تفه‌نگه‌كان بكرێنه شمشاڵا
قاوه‌نی گولله‌تۆپه‌كان تێكڕا بكرێنه ئینجانه
دونیا‌م ئاوا ئه‌وێ…
پڕ له خوڕه‌ی كارێز
پڕ له بۆنی سه‌وزه گیا
پڕ له فڕینی سوێسكه‌و كڵاوكوڕه
پڕ له سه‌ربورده‌ی كوێره رێگا‌و
به‌سته‌ی كانیی‌و ده‌ست‌و گۆزه
دونیا‌م ئاوا ئه‌وێ…
ده‌فته‌ری یادگارییه‌كان هه‌میشه سه‌وز
به‌رهه‌یوانه‌كان پڕ له هێلانه‌ی په‌ڕه‌سێلكه
باخچه‌كان پڕ له به‌یبون‌و شه‌وبۆ
حه‌وزه‌كان پڕ له خه‌پله‌ی زیوینی مانگ
دونیا‌م ئاوا ئه‌وێ…
په‌پووله‌ی ماچی هیچ لێوێك
له ترسان په‌نا بۆ پشتی ده‌ستی
هیچ گه‌وره‌یه‌ك نه‌با
بارانی گریانی هیچ عاشقێك بێپه‌لكه‌زێڕینه نه‌بێ
گیرفانی هیچ كه‌سێك له خۆشی به‌تاڵا نه‌بێ
گه‌نجینه‌ی هیچ ماڵێك زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێنه‌بڕێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا فه‌رشی ته‌واوی مه‌وداكان هه‌ڵگیرێن‌و
هه‌رچی وته‌ی "دووری" هه‌یه
له كتێبه‌كاندا بیسڕنه‌وه
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا هه‌موومان
منداڵانه بژین‌و منداڵانه شه‌ڕ بكه‌ین‌و
ئاشت بینه‌وه
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا هه‌موو ده‌ممان
بۆنی شیری خاوی دایكمانی لێ بێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا ته‌واوی كرمه‌كان
به په‌پووله‌یی له قۆزاخه بێنه ده‌ره‌وه
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا ماستی خه‌یاڵی هیچ كه‌سێك
مووی پیلانی تیانه‌بێ
هیچ گوركێكی چنگاڵا تیژ
له ژێر پێستی هیچ مه‌ڕێكدا جێگه‌ی نه‌بێته‌وه
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا هه‌موومان له خه‌می كڵاوی بابردووی
ئه‌وانی دیكه‌دا بین
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا به‌ڕه‌ی ژیانی هیچ كه‌سێك
له‌لای ته‌نكییه‌وه نه‌دڕێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ ته‌واوی راوچییه‌كان
هه‌موو ئێواره‌یه‌ك به ده‌ستی به‌تاڵه‌وه
بگه‌ڕێنه‌وه
دونیایه‌كم ئه‌وێ قریشكه‌ی دره‌خته‌كان
گوێی ته‌وروه‌شێنه‌كان كه‌ڕ بكات
دونیایه‌كم ئه‌وێ بێ رووپۆش وه‌ك دیمه‌نی دوای بارانی باخێك
دونیایه‌كم ئه‌وێ بێ رتوش وه‌ك ئاوی زوڵاڵی كانییه‌ك
دونیایه‌كم ئه‌وێ ته‌واوی چركه‌ساته‌كانی
پڕبن له خه‌یاڵی ناسكی شیعرێك
دونیایه‌كم ئه‌وێ كوڕه‌منداڵه‌كان له جیاتی پێڵاوی گه‌وره‌كان
لاپه‌ڕه‌ی سپی ده‌فته‌ری وێنه‌ی قوتابخانه بۆیه بكه‌ن
كیژۆڵه كه‌زییه ژاكاوه‌كان له جیاتی هه‌رزانفرۆشكردنی
گوڵه‌نێرگزه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه گشتییه‌كان
ئه‌و گوڵه زه‌ردانه بده‌ن له پرچی زه‌ردی بووكه‌ڵه چاوه‌ڕوانه‌كانیان
دونیایه‌كم ئه‌وێ هه‌موو به‌یانییه‌ك خۆر تیایدا عاشقانه هه‌ڵبێت‌و
ئێواره دێوانه ئاوا ببێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤه‌كانیدا هاتبێ:
هه‌ر مرۆڤێك عاشق نه‌بێ ئه‌بێ گومان له مرۆڤ بوونی بكرێ
یاخود له به‌ندێكی دیكه‌یدا نووسرابێ:
هیچ مه‌عشوقێك مافی ئه‌وه‌ی نییه عاشقه‌كه‌ی جێبهێڵێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا هیچ په‌نجه‌ره‌یه‌ك زیندانی نێو دیوار نه‌بێ
دونیا هه‌مووی په‌نجه‌ره بێ، دونیایه‌كی شووشه‌یی
دونیایه‌كم ئه‌وێ گه‌وره‌ترین ئاواتی مرۆڤه‌كانی
خستنه سه‌ریه‌كی پاره نه‌بێ
دونیایه‌ك تیایدا ئاره‌زوو له خه‌ون گه‌وره‌تر نه‌بێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ تیایدا سه‌رۆك‌و پادشاكان گوێ له مۆسیقا بگرن
شیعر بنووسن‌و عاشق بن‌و دڵیان بشكێ‌و بگرین
دونیایه‌كم ئه‌وێ گه‌ردنی هیچ ده‌رگایه‌ك ته‌وقی قوفڵی پێوه نه‌بێ
په‌پووله‌ی دڵی ساده‌ی هیچ جوانێ
له تۆڕی ره‌شی ئاره‌زووبازه‌كاندا گرفتار نه‌بێ
دونیایه‌كم ئه‌وی ته‌واوی تابلۆكانی پڕ له زه‌رده‌خه‌نه‌ی مۆنالیزاكان بێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ ته‌واوی رووداوه‌كانی پڕ له پاڵه‌وانی حیكایه‌ته‌كان بێ
دونیایه‌كم ئه‌وێ كه‌مانی زمان
ته‌نهاو ته‌نها ئاوازی دڵا بژهنێمن دونیا‌م ئاوا ئه‌وێ….