
په‌رله‌مانی ئاینده و ده‌ستوور و زۆر شتی تریش …بێستون حه‌سه‌ن
زۆرێك له سیاسه‌ت مه‌دار و خه‌ڵكانی ڕۆشنبیر و تا ده‌گاته سیاسه‌ت نه‌دار و هاوڵاتیانی ئاساییش به‌م دوواییانه و پاش ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات و بونیادی جه‌ماوه‌ریی كه به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ناوزه‌ند ده‌كرا ، تووشی جۆره شۆك بوونێك بوون به ده‌رئه‌نجامه به‌راییه‌كان و ئه‌و دابه‌زین و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ی كه توشی قه‌واره به‌شداره‌كانی ناو ململانێكه هات . به‌مه‌ش هاوكێشه سیاسییه‌كه‌ی پێش پرۆسه‌كه و هاوكات بارودۆخ و گوزه‌رانی به‌ر له‌پرۆسه‌كه جیاوازییه‌كی زۆری به‌خۆوه دی له‌چاو ئێستای دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ، چونكه له هه‌ڵبژاردنی پێشوو ده‌نگی نه‌یار و ئۆپۆزسیۆن نه‌ده‌بینران به‌تاك و ته‌را نه‌بێت كه‌ئه‌مه ده‌بووه هۆی بێهێزبوون و لاوازبوونی هه‌موو ئه‌و ده‌نگه جیاوازانه‌ی كه به‌ده‌ر له هێزی ده‌سه‌ڵات له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌بوون ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ له ئێستادا و ئه‌وه‌ی شایه‌نی خوێندنه‌وه و شرۆڤه بۆكردنه ئه‌وه‌یه كه هێزی ئۆپۆزسیۆن ئه‌مجاره و له‌په‌رله‌مانی داهاتوودا هێزێكه كه ده‌توانێ زۆر به‌ئاسانی بڕیار و گوتاره سیاسییه‌كان به دیوێكی تردا بشكێنێته‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندی هێزی باڵا نه‌بێ و نه‌توانرێت به ویست و ئاره‌زووی تاك لایه‌نه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لێك بدرێته‌وه .
ئه‌م هاوده‌نگی و پێكه‌وه گرێدانه‌ی كه ده‌بینرێ له دوای پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان زۆرێك ئارا و زۆرێك مشت و مڕی هێناوه‌ته كایه‌وه كه جێگه‌ی پرسیار و تێڕامانه له‌لایه‌ن تاكی كورد و میدیای ئازاد و شه‌قامی كوردیه‌وه ، كه ئاخۆ په‌رله‌مانی داهاتووی حكومه‌ت په‌رله‌مانێك ده‌بێ به ویست و ئاره‌زووی میلله‌ت ده‌جوڵێ ؟ یان به پێچه‌وانه‌وه هاوكێشه‌كه هه‌ربه‌لای دوو هێزی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی پێشوودا ده‌شكێته‌وه ، چونكه ده‌توانن حكومه‌ت هه‌رخۆیان بن و قه‌واره‌كانی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تدا بمێننه‌وه وه‌ك هێزی ئۆپۆزسیۆن . به‌بڕوای زۆرێك له سیاسییه‌كانی ئه‌م بارودۆخه به‌شداری پێنه‌كردنی قه‌واره‌كانی تری ناو په‌رله‌مان له حكومه‌تدا ، ده‌رئه‌نجامێكی باشی لێناكه‌وێته‌وه و جۆره ناته‌باییه‌ك دروست ده‌بێته‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت هاوڵاتیانیشدا نابێت ، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی دیمانه و هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی پارتی و یه‌كێت بكه‌ین به‌تایبه‌ت لێدوانه‌كانی ئه‌م دوواییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه له‌باره‌ی ده‌ستوور و به‌نده‌كانی ناو ده‌ستووره‌وه كردی ، ده‌بینین جۆره حه‌تمییه‌ك به‌دی ده‌كرێت و ده‌بینرێت كه ناكرێ هیچ گۆڕانكارییه‌ك له پرۆژه‌ی ده‌ستوور و به‌نده‌كانی ناویدا بكرێت و ده‌ستكاری بكرێن ، چونكه پێك هێنانی ئه‌م پرۆژه‌یه و ئه‌م ده‌ستووره هه‌ڵقوڵاوی زاده‌ی ده‌نگی گه‌ل بووه و په‌رله‌مان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندی كردبوو . كه‌واته به‌م پێیه بێت ئه‌گه‌ر هێزی ئۆپۆزسیۆنیش سبه‌ی له‌هه‌ر بڕیارێكی ناو په‌رله‌مان ناته‌بابوو یان نه‌یویست بڕیاره‌سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك خۆی بڕوا ، ناتوانن كار له گۆڕینیدا بكه‌ن چونكه مه‌رجه‌عیه‌تی هه‌موو بڕیاره‌كان بێگومان ده‌ستور ده‌بێ و هه‌ر ده‌ستوریشه ئاینده‌ی هه‌موو تاكێكی له‌سه‌ر به‌نده .
كه‌واته به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان حكومه‌ت له‌شێوه‌ی جاری پێشوودا خۆی ده‌بینێته‌وه و ته‌نها له‌خودی په‌رله‌ماندا گۆڕانكاری و لابردنی ده‌م و چاوه‌كان ده‌بینرێت ، له‌ولاشه‌وه كۆمه‌ڵێ ئه‌گه‌ری تر سه‌رده‌ردێنێ كه ئایا ئه‌گه‌ر هات و ئه‌و لیستانه‌ی كه توانیویانه ده‌نگی شیاو به‌ده‌ست بێنن و ببنه هێزی به‌رچاو له‌په‌رله‌ماندا بچنه پێكهێنانی حكومه‌ت و كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ، ده‌توانن چ هاوكێشه‌یك ئاوه‌ژوو بكه‌نه‌وه كه له ویستی خۆیاندا بێ و دژ به ئیراده‌ی هێزی باڵا بێ ؟ یان ئه‌گه‌ر له پێكهێنانی حكومه‌تدا به‌ویست و قه‌باره‌ی ده‌نگه‌كانیان وه‌زاره‌ت و پۆستی گه‌وره و شیاو نه‌درێته لایه‌نی دووه‌م و سێیه‌م ، چ جۆره بارودۆخێك یه‌خه‌ی ئه‌مجاره‌ی كابینه‌كه ده‌گرێته‌وه؟
بۆیه ده‌بێ ئه‌وانه‌ی كه حكومه‌ت ته‌شكیل ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به هه‌ماهه‌نگی له‌ژێر سایه‌ی یه‌ك ئاڵادا خزمه‌ت بكه‌ن ، زۆرێك له ته‌زحییه‌و و قوربانیدان بنوێنن له پۆست و ئیداره‌ی ناو حكومه‌تی ئاینده‌دا به‌خاتری ئه‌وه‌ی چیتر خزمه‌تێكی زیاتر و گه‌وره‌تر به تاكی ئه‌م گه‌له بكه‌ن و بنوێنن كه‌شایسته‌ی ئه‌وه‌بێت له‌ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی دونیادا به‌رز بنرخێنرێن ، ده‌بێ كێشمه‌كێشی حیزبایه‌تی و تێكه‌ڵ كردنی حزب و حكومه‌ت جودا بكرێنه‌وه له‌یه‌ك و ئازادی ڕاده‌ربڕین ته‌واوی هه‌رێم و وڵاته‌كه‌شمان بگرێته‌وه ، به‌مه جیاوازییه‌كی وا نابینرێ له‌نێوان هێزی ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتیدا . كه‌واده‌كات خه‌ڵكی به‌یه‌ك چاو سه‌یری حكومه‌تمان بكات و به‌یه‌ك دید له هه‌ڵوێست و ئارای جیاواز بڕوانرێت تا ده‌گاته نه‌هێشتنی جیاوازی ڕه‌گه‌زایه‌تی و چینایه‌تی و ته‌نانه‌ت قه‌ومایه‌تیش له‌نێوان زمان و نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌كرێت هه‌موو قه‌واره به‌شداره‌كانی پرۆسه‌كه‌ش به‌بێجیاوازی له‌یه‌ك سۆنگه‌وه بڕواننه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و دزی و گه‌نده‌ڵیانه‌ی له‌پێشتر ده‌كرا و ده‌بینرا نه‌هێڵرێت و كوردستانێكی ئاوه‌دان دروست بكه‌ین كه ده‌ور و به‌ریش سه‌رسام بكه‌ین . له‌دوێنێدا زۆر حاڵه‌تی نه‌خوازراو به میلله‌ت و هێزی سیاسی كوردستان ده‌بینرا كه جگه له‌توڕه‌یی و بێزاری خه‌ڵكی هیچی تری به‌دووی خۆیدا نه‌ده‌هێنا ، كه له‌ئاكامدا جۆره‌ها بارودۆخی ئاڵۆز و گرژی و ناكۆكی لێده‌كه‌وته‌وه كه ده‌بووه هۆی دڵخۆش بوونی نه‌یاران و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه چاویان هه‌ڵنایه‌ت به‌م ئازادی و خۆشگوزه‌رانییه‌ی كوردستان ، ئه‌مه وێڕای ده‌ستخستنه ناو بارودۆخه‌كانمانه‌وه به‌هۆكاری ئاشتییانه و گردبوونه‌وه‌ی هێز و توانای كورده‌كان له‌ناوخۆی هه‌رێمه‌كه‌دا . چ زه‌رووره ووڵاتانی ده‌ره‌وه و بێگانه به هه‌ر هۆیه‌ك بێت ده‌ست بخاته ناو قودسییه‌تی هه‌رێمه‌كه و ته‌نانه‌ت باری ئاسایی وڵاتیشه‌وه ، كه سه‌ره‌نجان ئه‌مانه هه‌موو له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا نابن و وێڕای پارچه‌پارچه بوونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ، زمان و كلتوریشمان ده‌كه‌وێته ژێر حوكمی بێگانه‌و كاتێك ده‌زانین هه‌رێمه‌كه‌شمان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین . كه‌واته ده‌بێ هێزی براوه‌ی ئه‌م جاره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه چاك بزانن كه ته‌شكیل كردنی حكومه‌ت و كابینه‌ی نوێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی كه ده‌بنه ئۆپۆزسیۆن ، جۆره بارودۆخێك به‌دوای خۆیدا دێنێ كه ببێته هۆی گرژی و ئاڵۆزی به‌رده‌وام له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا ، كه‌بێگومان میلله‌تیش حه‌زبه‌مه‌ناكات و هه‌رێمێكی خۆشنه‌وا و ئازادی ده‌وێت چونكه ساڵانێكی دوور و درێژه له دووبه‌ره‌كی و ناته‌بایی هێزه سیاسیه‌كانی هه‌رێمدا ناخیان پڕبووه له ناڕه‌زایی و توڕه‌یی كه سه‌رئه‌نجام ئه‌م هه‌ڵبژاردنه زۆرێك له‌و توڕه‌ییی و ناڕه‌زاییانه‌یان به دونیا ناساند به هێزی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه دایان له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی جدییش له ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌ینه‌وه و به‌ووردی له خاَبه‌ندی و یاساكانی بڕوانین زۆر چاك له‌وه تێده‌گه‌ین كه به‌ڵێ ئه‌م ده‌ستووره تا ڕادده‌یه‌كی زۆر خواست و ئاواته‌كانی ئه‌م گه‌له دێنێته‌دی به‌ڵام هاتنی یه‌ك له‌دوای یه‌كی به‌رپرسانی به‌غداو وتووێژی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردیدا ئه‌وه‌مان نیشان ئه‌دا كه ئه‌وان نایانه‌وێت به‌و ئاسانیه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ده‌ستووره بن كه خودی به‌نده‌كانی له‌ده‌ستدانی زۆرێك له ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستانه ، دیارترین نموونه‌ش شاری دێرینی كه‌ركووكه كه دیكۆمێنته‌كان ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماندووه . لێره‌دا ئه‌ركی به‌رپرسانی كورد و په‌رله‌مانتارانی ئایینده‌ی كوردستان زۆرزیاتر ده‌بێت له كابینه‌ی پێشووتر ، چونكه ده‌بێ داكۆكی كردن له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی به‌نده‌كانی ده‌ستوور و گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی كه‌ركووك بۆ سه‌ر زێدی خۆی كه هه‌رێمی كوردستانه له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌و پرۆژه‌و كارنامانه‌وه بێت كه له هه‌گبه‌كانیاندایه بۆ بواری چاكسازی و جێبه‌جێكردنی له‌ناو حه‌ره‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا ، ده‌بێ به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستییه‌ی كه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دوواییه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بینرا زۆرترین خزمه‌تگووزاری و دابینكردنی ژیانێكی ئاسووده بۆ میلله‌تی كورد فه‌راهام بكه‌ن ، چون ئه‌وه بۆ حكومه‌ت سه‌لمێنرا كه ده‌نگی هه‌رتاكێك له‌دژی ده‌سه‌ڵات جۆره‌ها كاردانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌ن به‌دووی خۆیدا دێنێ و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن كاراتر ده‌كا كه بێگومان خۆی بۆخۆی ده‌بێته جێگه‌ی پرسیار و تێڕامان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردییه‌وه . ئه‌مانه هه‌موو فاكته‌رن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر میلله‌ت چه‌واشه نه‌كرێت به به‌ڵێن و كارێك كه ته‌نها بۆ به‌شداری پێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌رانه و نیشاندانی به ده‌وڵه‌تانی دونیا كه به‌ڵێ هه‌رێمه‌كه‌مان هه‌رێمێكی دیموكراس خوازه و حه‌ز به گۆڕانی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ن له‌سایه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌وه كه زۆرترین خه‌ڵك به‌ڕێوه‌ی ده‌با.
یه‌كخستنه‌وه و یه‌كڕیزی له‌نێوان هه‌موو به‌شدارانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا یه‌كخستنه‌وه و دروستكردنی ماڵی كوردییه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی كوردانه و خۆشویستن و هه‌ماهه‌نگی كردنه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه خۆیان به‌دۆستی كورد ده‌زانن له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دونیایه‌دا بن ، به‌شداری پێكردنی هه‌مه‌لایه‌نه له‌لایه‌ن هێزی باڵاوه مانای وه‌لاوه‌نانی دووبه‌ره‌كی و كێشمه‌كێشی سیاسییه له‌ساحه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا و هێنانه‌وه‌ی گه‌وره‌یی مافی هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌شه كه ڕۆژگارێك خۆیان به‌خت ده‌كرد له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی دۆزی كوردی و به‌جیهان ناساندنی ماف و داخوازییه ڕه‌واكانی خه‌ڵكی سته‌م دیده‌ی هه‌موو كوردستانییه‌ك كه ناسنامه‌ی كوردی هه‌ڵگرتووه ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌مكوتكردنی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه نه‌یارانه‌ی تره كه دژ به خواست و ئیراده‌ی میلله‌تی كورد هه‌میشه له پلان و نه‌خشه‌كێشاندا بوون بۆ سڕینه‌وه‌ی كلتور و مێژووی ئه‌م هه‌رێمه ماندوو نه‌ناس و خۆڕاگره كه ده‌یه‌ها ساڵه چاوه‌ڕوانی ڕۆژێكن هه‌موو لایه‌ك له ژێر یه‌ك ئاڵا‌و یه‌ك ده‌ستوور و یه‌ك ئیراده‌دا به‌یه‌كتری شادببنه‌وه و ده‌ست له‌ملانی یه‌كتربن .