دوو كورتیله چیرۆك: نووسینی: كه‌ریم تاقانه
(1) ته‌وق!
زۆر زوو سه‌رنجی ڕاکێشام و دڵم لێی چوو. به‌ینی خۆمان بێ، نه‌مده‌زانی "له ده‌ره‌وه زه‌وق و له نێوه‌وه ته‌وقه!" په‌یتا، په‌یتا نامه‌ی بۆ ده‌نووسیم و ئه‌منیش فیلسووفانه وه‌ڵامی نامه‌کانیم ده‌دایه‌وه. جاروباریش هه‌وڵمده‌دا کێشه‌ی ژنانی له‌گه‌ڵ باس بکه‌م. به‌ڵام بۆچ وازم لێی هێنا و له بیریم کرد، ئه‌مه ئه‌و کاته بوو که له نێزیکه‌وه دیتم و شاعیرانه پێم گوت:
ـ لێوت بێنه با له‌نێو ماچا بتوێینه‌وه!
دوانیوه‌ڕۆیه‌کی هاوین بوو له ژووره‌که‌ی خۆم ڕاکشابووم و ده‌مویست ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه درێژه پێبده‌م و چیرۆکێک بخوڵقێنم که سێبه‌ری که‌سێک له‌ده‌م ده‌رگا ژووره‌که‌ی تاریک کرد. که سهرمههڵبڕی، دیتم خۆیه‌تی بێ کشه هاتووه! جۆرێ جلوبه‌رگی له‌به‌ربوو به ته‌واوی سه‌رسامی کردم. نیوه‌ی له‌ش و لاری به ده‌ره‌وه بوو. زوڵفی شانهنهکراوی چکه‌ی ئاوی ده‌هات و دیار بوو تازه مه‌له‌ی کردووه. ئه‌من هه‌روا سه‌رسووڕماو بووم که به نازه‌وه گوتی:
– حه‌ز ناکه‌ی بێمه ژووره‌وه؟
ده‌نگه ئه‌فسووناوییه‌که‌ی مووچڕکی به له‌شمدا ده‌هێنا.
ـ به پێچه‌وانه‌وه، فه‌رموو ژوورێ!
که هاته ژووره‌وه، بێ سێ و دووکردن خۆی لێ ئاڵاندم و ماچبارانی کردم. ئه‌منیش کاتێ که مه‌مکی تورت و زوڵفی ته‌ڕ و بۆنخۆشیم هه‌ست پێ‌کرد، شل بووم و هه‌موو شتێکم بیر چۆوه. پاش که‌مێ لێم بۆوه و ڕۆشنبیرانه گوتی:
ـ تێگه‌یشتووم وجوودم به تۆوه جوانه.
پچڕ پچڕ و به هه‌ناسه‌بڕکێ گوتم:
– که‌واته له‌مه‌ولا به‌خته‌وه‌ر ده‌بین؟
– به‌ڵێ… من ئێستا په‌یامبه‌رم و په‌یامم ده‌گه‌یه‌نمه گوێی هه‌موان.
په‌له، په‌لی بوو. نه‌یده‌ویست کات له‌ده‌ستبدا.
ـ زۆر پرسیارم هه‌یه، باشه تۆ…
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی له ده‌رگا چووه ده‌ره‌وه و له چاو ون بوو. بانگیم کرد:
ـ مه‌ڕۆ، ده تۆ ڕاوه‌سته، کارم پێته.
وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه. ویستم به‌دوایدا بچم. زڕه‌ی ته‌له‌فۆنه‌که وه‌ئاگای هێنامه‌وه!
(2) ژنێکی لهتوکوتکراو…!
له‌وه‌ته‌ی هه‌م ژنێکی لهتوكوتكراو ده‌بينم. دهيبينم له‌سه‌ر شه‌قامه گشتیيهكهی شار خۆی به زه‌ویدا داوه و سه‌رومڕ ده‌ناڵێنێ. ئه‌م ژنه لهتوكوتكراوه ديمه‌نێکی سه‌رنجڕاكێشی به شاره‌که به‌خشيوه. هه‌ردوو ده‌ستی له مه‌چه‌که‌وه و لاقی چه‌پی له ئه‌ژنۆوه بڕاونه‌ته‌وه و خوا ده‌زانێ ده‌ست و لاقه داپاچراوهکهی فڕێدراونهتهوه چ زبڵدانێکه‌وه. ئێستا ژنه له‌سه‌ر لاقی ڕاستی به‌ڕێوه‌ده‌چێ. نازانم چۆن ئه‌و لاقه‌ی دانهپاچراوهوه و بۆ نێو زبڵدانێک تووڕههڵنهدراوه.
مرۆڤ كاتێ كه چاوی به مه‌چه‌ک و ئه‌ژنۆی ژنه ده‌که‌وێ، بيری بۆ ئه‌وه ده‌چێ "داپاچ" به ته‌ور دایپاچیبن. ژنه دوو چاوی سه‌وزی ئازارديتووی هه‌يه ده‌ستيان لێ نه‌دراوه. له ئاوێنه‌ی هه‌ردوو چاویه‌وه جوانیی هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ دياره. جاری وا هه‌يه له‌به‌رخۆيه‌وه وڕێنه ده‌کا و ده‌ڵێ:
ـ ئاوی كانی چه‌نده پاكه، ده‌ستی منيش به‌و شێوه خاوێن بوون. كه‌چی هاتن هه‌ردوو ده‌ستيان بڕیمه‌وه. له‌سه‌ر به‌ڕه‌ی خۆم و له‌نێو کۆخته‌ی خۆمدا دانيشتبووم، هاتن لاقيان بڕیمه‌وه. وه‌ی ڕۆ… وه‌ی ڕۆ…
جاری وایش هه‌يه تووڕه ده‌بێ و ده‌ڵێ:
ـ ئه‌رێ ویژدانتۆپیوهکان، ده‌بێ تاوانی من چ بووبێ به‌م ده‌رده‌تان بردووم؟! كوڕه خه‌ڵكينه، مشوورێكم بخۆن… هاوار… هاوار… كوڕه مشوورێكم بخۆن!
ئه‌م ژنه لهتوکوتکراوه سه‌رنجی هه‌موو خه‌ڵکی بۆلای خۆی ڕاکێشاوه، به‌ڵام سه‌ير لهوهدايه كه‌س دڵی پێی ناسووتێ و لایه‌کی لێ ناکاته‌وه…
(سوید)