Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
شێركۆ بێكەس نیگەران مەكەن!… د.عەبدولخالق عەلادین

شێركۆ بێكەس نیگەران مەكەن!… د.عەبدولخالق عەلادین

Closed
by February 20, 2008 گشتی

 ڕەبی مووبێت لە زمانی پەنجەكانی هەڵوەرێت،
  هەركەسێك گوڵشەن، بەدەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێت…..

 شێركۆ بێكەس، كوڕی فایەق بێكەسی شاعیر گەورەی كورد، یەكێكە لە دەنگە گەورەو بەهێزەكانی شیعری كوردی، پاش یەكەم قۆناغی ئازادی كوردستان و یەكەم كابینەی حكومەتی كوردی، بویە وەزیری ڕۆشنبیریی، دواتریش دەزگایەكی ڕۆشنبیریی بە ناوی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە دەمەزراند، ئەوەی ئێمە لە ئەوروپاوە دەیبینین، ئەم دەزگایەی شێركۆ یەكێكە لە دەزگا هەرە چالاكەكانی بواری كلتوری كوردی، كە نزیكەی دە ساڵە خزمەتی وشەی كوردی دەكات..
 من ناچمە ناوی ئەو چەلەحانێیەوە كە كێ لەپشت سەردەمەوەیە؟ چ بۆ سەردەم كراوە؟ ئەوەی من دەمەوێت هەڵوێستی لەسەربكەم ماوەیەكە لە لایەن هەندێ كەسی نەخۆشەوە، تیرەو توانج دەگیرێتە ئەو كەسانەی كە مێژوویەكی گەورەیان لە مێژووی ئێمەدا هەیە، شێركۆ بێكەس هەرچییەك بێت شاعیرێكی گەورەیەو كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر زمان و تەكنیكی نەوەیەكی شیعریی هەیە..
  برادەرینە.. ئێوەی ئەوانەی لە كەمیندان بۆ ئەوەی برادەر نووسەرەكەتان هەڵەیەك بكات و كەمینی لێبگرن، دابنیشن و گفتوگۆی جدی لەسەر پێگەی ڕۆشنبیرو بەهاو وەزیفەی نووسەر لە كۆمەڵگەی خۆماندا بكەن، نەك خوانەخواستە بەو شێوە تەهریجە بكەونە شكاندنی یەكدی..
 لەدوای ڕاپەڕینەوە ساڵانە بەدەیان ملوێن دۆلار پارەی ئەو وڵاتەی ئێمە بە هەدەر دەڕوات، تا ئێستا هیچ ڕۆشنبیریێكمان نەبینی قسەیەكدی جدی لەسەر ئەو بابەتەبكات، بەڵام بۆ دەزگایەكی ڕۆشنبیریی گەر چەند هەزار دۆلارێك سەرفبكات پۆلیسەكانی ڕۆشنبیریی كوردی لێی دەكەونە تەقەكردن؟!
 بەپێی ئەو شوناسەی كە سەردەم خۆی بە دەرەوە ناساند، ئەو دەزگایە دەستەبژێری ڕۆشنبیریی كوردی تێدا كۆبوتەوە، پێشتر لە هاوڕێیانی رەهەندە بۆ ئێستا لە حسێن عارف و دڵشاد عەدوڵڵاو ڕەئوف بێگەرد و ئازاد بەرزنجی، ئەمانە كەسانێكن دەیان كتێب و تێكست و بابەتی گەورەیان نووسیوەو ئەو كەسانەن كە لە ڕۆشنبیریی كوردییدا ئاماژەی دیارییان بۆدەكرێت، جا من نازانم كاتێك ڕۆژنامەی چاودێر دیدار لە تەك شێركۆ دەكات و ئەو پرسیارەی لێدەكات گوایە جیاوازی لە نێوان شێركۆو ئەنجومەن ونووسەرانی سەردەممدا هەیە؟ من لەبرادەرانی چاودێر دەپرسم ئایا ئەو ئینجازەی بۆ مەلابەختیارو بەرپرسانی سەرەوەی ڕۆژنامەكەتان هەیە، بۆ پەیامنێركتان هەمان ئیمتیاز هەیە؟؟ ئایا ژووری سەرنووسەرەكەتان و ستافی نووسەرانتان وەك یەك وایە؟ بێگومان نەخێر، دەشبێت جیاوازبێت، ئەو جیاوازییەش نەنگی نیە، هێندەی دابەشكردنی پۆست و بەرپرسیارییەتیە.
 ئەو كاتەی جەلال تالەبانی سەرۆك كۆماری عێراق،  پارساڵ لە ڕێگەی كوردساتەوە بینیم دەزگای سەردەم بەو ترازە نوێیە دەكاتەوە، خۆشنودییەكی خۆشم بۆهات، كە شوكر ڕۆشنبیرو كایەی ڕۆشنبیریی لە وڵاتی ئێمەدا خەریكە دەكەوێتە سەرخۆی، بەڵام بە داخەوە كاتێك هەندێشت، لێرەو لەوێ لە ڕۆژنامەكانی خۆمان دەخوێنینەوە ئەو خۆشنودییە دەڕەوێتەوە.
 من دڵنیام بەشێكی زۆری ئەو قسانە پەیوەندی بە گرێی دەروونی و گرفتی كۆمەڵایەتی ئەو بەڕێزانەوە هەیە، كە چاویان بەرایی نایەت شتێكی باش ببینن..
  بیرم دێت دووساڵ لەمەوبەر كاتێك لە پاریس بووم، سەرۆك كۆماری فەرەنسا، جاك شیراك بە میدیای وڵاتەكەی ڕاگەیاند" كە پێی خۆشە بۆ هەموو چونە دەرەوەیەكی بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمین مەعلوف هاو سەفەری بێت"  ئەم قسەیەی شیراك پاش چەند ڕۆژێك دنیایەك ڕەخنەی لێكەوتەوە، بەتایبەتی لە لایەن نووسەرانی عەرەبییەوە، كە مەعلوفیان بە ماستاوچی و پیاوی دەسەڵات وەسفكرد، ئەویش زۆر ڕاشكاوانە وتی من پێم خۆشە سەرۆكی وڵاتێكی  لیبراڵی ئەو بۆچونەی بەرامبەر من هەبێت.
 ئێستاش لای خۆمان ئەم هاوكێشەی وای لێهاتووە، كاتێك شێركۆبێكەس یان ڕەفیق سابیر، یان هەر نووسەرێكی گەورەی وڵاتەكەی من سەرۆكێك جۆرێك دڵنەوایی بكات، دەكەونە تیرهاویشتن لێی.لە كاتێكدا نووسەران وەك هەموو مرۆڤێكی ئاسایی تر بەشێكن لە كۆمەڵگەو ناكرێت لەو ئیتنیكە سۆسیۆلۆژییە دابڕیان كەیت.
 دواشت من دەمەوێت بیڵێم لەسەر ئەو شەڕە نا ئەخڵاقییانەیە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لەگەڵ ڕۆشنبیریی و شاعیرو نووسەرە گەورەكانمان دەكرێت، تكا دەكەم تكایەكی ئینسانیانە، لێگەڕێن، با شێركۆ بێكەس و هاوڕێكانی لەو دەزگایەوە خزمەتی نووسین و وشەی كوردی بكەن، دەبایە ئێستا چ ئەو نووسەرانەی لە ئەوروپاین، چ نووسەرانی ناوەوەی وڵات، سەرقاڵی ئەوەبوینایە چۆن كار بۆ ئەوەبكەین كە شێركۆو بەختیار عەلی و كەسانی تر، ببەینە ناو ململانێ گەورەكانی خەڵاتی نۆبڵ و خەڵاتیە ئەدەبیەكانی، بۆئەوەی چیتر ئەو نووسەرانەمان لەو پەراوێزەدا كاڵنەبنەوە، ئەم جارەش تكا دەكەم شێركۆ بێكەس نیگەران مەكەن، نەبادا ڕۆژێك بێت ئەو  نیگەرانییانە، كانی داهێنانی وشكبكات و لە نوسین بكەوێت.
 
 برۆكسل
 
 

Previous
Next