Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کورد لە نێوان پرۆژەی عەلمانی و ئیسلامی سیاسیدا

کورد لە نێوان پرۆژەی عەلمانی و ئیسلامی سیاسیدا

Closed
by September 19, 2009 گشتی

 

دیاردەی ئیسلامی سیاسی بەیەکێک لەگرنگترین دیاردەکانی دنیای ئەمڕۆمان لەقەڵەمدەدرێت، ئەم دیاردەیە بەڕادەیەکی دیاریکراو کاریگەربووە لەسەر ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کلتووریی کۆمەڵگە موسوڵمان نشینەکان، ئەم دیاردەیە نەک بەتەنها لەناوەندە سیاسی و سەربازییەکاندا بابەتی لێدوان و گفتوگۆکردن بووە، بەڵکو لەناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانیشدا بابەتی لێکۆڵیینەوەو توێژیینەوەی جۆراوجۆر بووە، ئەوەی ئێمەش لێرەدا دەمانەوێت لێیبدوێین پەیوەندی و کارلێکی نێوان گوتاری عەلمانی و ئیسلامی سیاسییە، شیکردنەوەی ئەو پەیوەندی و رادەی کاریگەریەیە کەلەنێوان گوتاری عەلمانیەت و ئیسلامی سیاسییدا هەیە لەکۆمەڵگەی موسوڵمان نشینەکاندا، دەشێت بپرسین پەیوەندی عەلمانی و ئیسلامی سیاسیی چۆن پەیوەندییەکە؟ هۆی چییە لەزۆر شوێنی دنیای ئیسلامییدا ئیسلامی سیاسی توانیویەتی خۆی وەک پرۆژەی بەدیل بەرامبەر بەهێزە عەلمانییەکان خۆی پێشکەشبکات و لەهەندێک شوێنیش قبوڵبکرێت؟ ئایا لەبنەڕەتەوە ئایدیای عەلمانیەت ئایدیایەکی نامۆیە بەجیهانی ئیسلامی و هاتن و خۆتەرحکردنی ئەم ئایدیایە بووەتە هۆی کاردانەوەیەک و گەشەی ئیسلامی سیاسی لێکەوتووەتەوە؟ یان بەپێچەوانەوە شەرمنی عەلمانیەت و تەرحکردنی پرۆژەی عەلمانیەت زەمینەی گەشەی ئیسلامی خۆشکردووە؟
هاتنی ئایدیای عەلمانیەت بۆ جیهانی ئیسلامیی و دواتریش دامەزراندنی حزبی سیاسی لەسەر بناغەی ئەو ئایدیایە، بەیەکێک لەگرنگترین رووداوەکانی سەدەی رابردوو دادەنرێت، چونکە سەرەتایەک بوو بۆ دابڕینی دنیای ئیسلام لەو کلتوورە ئاینییە کەسەدەها ساڵ حاکمی هۆشیاری ئەم کۆمەڵگە ئیسلامیانە بووە، زیاتر لەوەش میکانیزمی بیرکردنەوەی مرۆڤی موسوڵمان بووە بۆ تەفسیرکردنی دیاردەکان و ژیان بوون*
هاتنی عەلمانیەت بۆ جیهانی ئیسلامی ئومێدێکی گەورەبوو بۆ رزگارکردنی ئاین لەچنگی قۆرخکاری و ستەمکاری دەسەڵات، ئاوڕدانەوەیەکی زانستنیانەو بابەتیانەش لەکوێ ئەو هۆشیارییە ئاینییە بدرێتەوە کەسەدەها ساڵ سەرچاوەی تەفسیرکردن و بینینی مرۆڤی ئێمەبوو بۆ دنیا، بۆیە پێویست بوو گوتاری عەلمانیەت لەسەرەتای هاتنیەوە بۆ نێو دنیای ئیسلام بەسەرەتایەکی بەهێزو توانایەکی گەورەی رووبەڕووبوونەوە دەستپێبکات، چونکە لەپشت عەلمانیەتەوە کلتوورێک لەدنیابینی زانستیی هەبوو، ئەزموونێک لەڕزگارکردنی ئاین و لەچنگی ستەمکاری دەسەڵات و نیشاندانی نموونەی بێلایەنی دەسەڵات بوونی هەبوو، بەپێچەوانەوە لەجیهانی ئیسلامی سەدەها ساڵ غەرقی ستەمکارییەکی سیاسی گەورەبوو کەلەفۆڕمی شەرعییەتی ئایندا درێژەی بەژیانی خۆیدەدا، ئەمەش مرۆڤی موسوڵمانی تووشی ماندووبوون و هەستکردن بەچەوساندنەوە ببوو، ئەمە جگەلەوەی سەردەمی فەلسەفەو عەقڵانیەت لەدنیای ئیسلامییدا کۆتایی هاتبوو، پیاوانی فەلسەفەو عەقڵانیەت جێگەی خۆیان دابوو بەپیاوانی مەزهەب و پیاوانی دەرباری سوڵتانەکان، بەڵام گوتاری عەلمانیەت لەجیهانی ئیسلامییدا ( جگە لەعەلمانیەتی ئەتاتورک) بەشەرمنیەکی زۆرەوە دەستیپێکرد، ئەو شەرمنیە لەگەڵ ناوەرۆکە مرۆڤدۆست و عەقڵانیەتدا نەدەگونجا، بۆ ئەم حاڵەتی شەرمنی و بگرە خۆ بەلاواز نیشاندانە، هەمیشە لەلایەن گوتاری عەلمانیەتەوە موبەریری ئەوە هێنراوەتەوە کەبیری ئاینیی ساڵەهایە کاردەکات و ریشەی داکووتاوە، بۆیە نابێت راستەوخۆ رەخنەی لێبگری و رووبەڕووی ببینەوە، بەڵکو دەبێت بەهێواشی و نەرمیەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەم موبەریرە دووکێشەی گرنگی هەیە:
یەکەم: دانەدواوەی ئایدیاو هۆشیارییە کەلەکۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا رەگی داکوتاوە، ئەوەندەی پێویستی بەرەخنەی جدیی و گفتوگۆی راشکاوانەی پشتبەستوو بەبەڵگەو شیکردنەوەی لۆژیکی هەیە، ئەوەندە پێویستی بەشەرمنی و نەرمی نواندن نییە، ئەوەندەی پێویستی بەڕووبەڕووبوونەوەو یەکاڵاکردنەوەی زانستی هەیە، نیوئەوەندە پێویستی بەدروستکردنی پردی موجامەلات و خۆتەرحکردن نییە.
دووەم: راستە فیکرو نەریت و ئاینی لەکۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا وەک دەگوترێت رەگی داکوتاوە یان قووڵاییەکی مێژوویی هەیە، بەڵام فیکرێکە لەسەر مێژوو دەژی، فیکرێکە لەئێستادا توانای بەرهەمهێنانی لەدەستدابوو، توانای نیشاندانی نموونەی نەمابوو، بەڵکو شان لەسەر نموونەکانی رابردوو دادەدات، لەسەر رابردوو دەژی، بەڵام گوتاری عەلمانیی رێک بەپێچەوانەوە گوتارێکی نوێیەو خۆی ئێستا دروستدەکات، توانای پێشکەشکردنی نموونەی هەیە، تەفسیرو دنیای پێ بەرهەمدەهێنێت و تێزی هومانشینی پێشکەشدەکات، بۆیە لەناوەرۆکدا گوتاری عەلمانی ئەڵتەرناتیڤێکی گرنگ و بەهێز بۆ دۆخی داڕماوی دنیای ئیسلام، بەڵام ئەم گوتارە نەیتوانی خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤ پێشکەشبکات، بەڵکو زۆر شەرمنانەو زۆر بەبێدەنگی و بێ رەخنە هاتە دنیای ئێمەوە.
لەنێو ئەم پرۆسەیەدا گرفتی گەورەو بگرە کارەساتبار بەتەنها لەوەدا نەبوو کەعەلمانیەت بەسەرەتایەکی زۆر شەرمن و بێدەنگ دەستیپێکرد، بەڵکو پتر لەوەدابوو کەگوتاری عەلمانی لەقۆناغەکانی دواتری ژیانیشدا کەپارتە عەلمانییەکان بوون بەخاوەن پێگەی سیاسیی و نفوزی جەماوەری زیاتر درێژەیان بەم بێدەنگی و شەرمنیەدا، ئەمڕۆ عەلمانیەت کار بۆئەوە ناکات کەرەستە مەعریفییەکانی خۆی بخاتە ناو هۆشیاری خەڵکەوەو بەهۆیەوە توانای تەفسیرکردنی لەسەر بناغەیەکی عەلمانی دروستببێت، ئەمەش مۆڵەتێکی باش و زەمیینەیەکی لەباری ئامادەکردووە بۆ خۆنوێکردنەوەی هۆشیاری ئاینیی و چالاکبوونەوەی بۆ ململانێ لەژیانی نوێدا، لەم زەمیینەیەدا هێزو گروپی فەندەمیتالیتی لەفۆڕمی رێکخراوو کاری بانگەوازو پەروەردەکردن و دواتریش پارتی سیاسیی دەرکەوتن، ئیدی ئالەم ساتەوەختەدا لەسایەی شەرمنی و کەمتەرخەمییەی عەلمانیەتدا ئیسلامی سیاسی لەدایک دەبێت.
بەمانای هۆشیارییەک بۆ تەفسیرکردنی دنیاو خاڵییکردنەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤ لەتێزی خورافی، بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئاینییەکان، بۆ بەدیهێنانی ئازادییە فەردی و مەدەنیەکان، کاتێک ئەمانە بوونی نییە، ئیتر گۆڕەپانەکە چۆن دەبێت بۆ گەشەی ئیسلامی سیاسی و بیری فەندەمیتالی، ئەوەی وایکرد حەماس لەهەڵبژاردنەکانی فەلەستییندا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، گەندەڵیی فەتح نەبوو، نەبوونی خزمەتگوزاریی نەبوو، بەقەدئەوەی کەمتەرخەمی فەتح بوو لەپەرەپێدانی هۆشیاری عەلمانیی، کەمتەرخەمی لەبونیادنانەوەی کۆمەڵگەی فەلەستینی لەسەر بناغەیەکەی عەلمانی، ئەگەر فەتح بەڕاستی عەلمانی بووایە، ئەگەر مەیدانی کارکردنی بۆ بەعەلمەنەکردنی کۆمەڵگەی فەلەستین هەڵبژارد، کۆمەڵگەی لەسەر بناغەیەکی عەلمانی بونیادبنایاتەوە ئەوا ئەگەری سەرکەوتنی هێزێکی وەک حەماس بەتەواوی لاوازدەبوو، بەڵام فەتح نەک هەر عەلمانی نەبوو، بەڵکو بەقەد حەماس یاری بەچەمکە ئاینییەکان کردووە بۆ شەرعییەتدان بەکارو هەنگاوەکانی، بۆ خۆجوانکردن لەبەرچاوی خەڵک و پەیداکردنی نفوز، بەمەش فەتح بەشداریکرد لەتۆخکردنەوەی فەزای ئاینیی کۆمەڵگە، ئەو فەزایەی حەماسی گەیاندە دەسەڵات، لەتۆخکردنەوەی فەزای ئاینیی لەکۆمەڵگەدا پەیوەندییەکی راستەوانەی لەگەڵ گەشەی هێزە ئیسلامییەکان هەیە، هەتا فەزای ئاینیی تۆخبکرێتەوەو چەمک و موفرەدە ئاینییەکان کاربکات، ئەوەندە ئیسلامی سیاسی گەشەدەکات، هەر بەم تێزەش دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کەبۆچی لەعیراقدا ئیسلامی سیاسیی بەهێزە؟ لەبەرئەوەی بەعس بەدرێژای تەمەنی خۆی نەک هۆشیاری عەلمانی درێژە پێنەدا، نەک کاری بۆ عەلمەنەکردنی کۆمەڵگەو فراوانکردنی سنووری ئازادییە فەردی و مەدەنییەکان نەکرد، بەڵکو بەعس بەردەوام کاری لەسەر تۆخکردنەوەی فەزای ئاینیی کۆمەڵگەی عیراقی کردووە، بەردەوام بەعس خۆی بەسەروەرییەکانی مێژووی ئیسلامەوە گرێدەداو لەوێوە ئیلهامی وەرگرتووە.
بۆیە بەعس یەکەمین جەنگی خۆی ناودەنێت قادسیە، جەلادترین هێزی خۆی ناودەنێت قەعقاع، ترسناکترین سەربازگەی ناوناوەتە خالد، جینۆسایدی نەتەوەیەک ناودەنێت ئەنفال، لەم دواییانەشدا هەڵمەتی بەهێزکردنی ئیمانی دەستپێکردو الله اکبر-ی بۆ ئاڵای عیراق زیادکرد، ئیدی لەنێو ئەم فەزایەدا گەشەی ئیسلامی سیاسی دەبێتە شتێکی زۆر سروشتی، هیچ سەیرنییە لەنێو شیعەو سوننەشدا پارتە ئیسلامییەکان زۆرترین جەماوەریان هەیە، بەپێچەوانەشەوە پارتە عەلمانیی و لیبرالەکان لەپەراوێزی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییدا دەژین.
دەکرێت سەرنجی دۆخی کوردستانیش بدەین، بائەم وەک بۆنەیەک وەربگرین تائاماژە بەوەبکەین کەلەکوردستاندا (دوای سەرکەوتنی حەماس لەهەڵبژاردنەکاندا) گفتوگۆی زۆر هاتە ئاراوە، بەوەی داخۆ ئیسلامییەکانی کوردستان ئەزموونی سەرکەوتنی حەماس دووبارە دەکەنەوە؟ هەڵبەتە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە راو تەفسیری جیاواز لەئارادا هەبوو، بەڕای من ئەگەر یەکێتیی و پارتی ئەزموونی فەتح دووبارە بکەنەوە، ئەوا ئیسلامییەکانیش ئەزموونی حەماس دووبارە دەکەنەوە، ئەگەر دەسەڵاتی کوردی وەک فەتح بۆ خۆجوانکردن پەنا بۆ چەمکە ئاینییەکان بەرێت و فەزای ئاینیی تۆخبکاتەوە، ئەگەر هۆشیاری عەلمانی پەرەپێنەدات و کار بۆ عەلمەنەکردنی کۆمەڵگەو فراوانکردنی ئازادییە تاکەکەسیەکان و مەسەلە دیموکراتییەکان نەکات، هەوڵنەدات ژینگەیەکی سازو ئامادە بۆ عەلمەنەکردنی کۆمەڵگە ئامادەبکات، ئەوا ئەگەرێکی زۆر نزیکە حەماسێک بێتەئاراوەو هەڵبژاردنەکان بباتەوە، عەلمەنەکردنی کۆمەڵگە لەهەموو بوارەکاندا مەرجی یەکەم بۆ کۆتاییهێنان بەگەشەی خەونی ئیسلامی سیاسیی.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.