
گه‌ڕه‌لاوژێی قسه با
Hamatal_z@yahoo.com
Mob 07701310542
كه‌ركووك 23/9/2008
ناگه‌هان هه‌موو ده‌روازه‌كانی شار به‌ستران، كۆڵان و نێو شه‌قامه گشتییه‌كان ته‌نران، باژێڕ ئازگارێك خرۆشا. ئێمه بڕێك ئافه‌ریده‌ی نێر و مێ، بێ ئاگا له‌م ڕه‌وشه و، چوون له گوێی گادا نووستبین، له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی په‌ڕی شاره‌وه، به پاسێكی پیری ئاماڵ سووری دێزههڵگهڕاو، كه سه‌رجه‌م كورسییه‌كانی نێوی داوهشاوون. له شه‌قامی نه‌مرانه‌وه ڕووه و ناوه‌ندی شار به‌ڕێده‌كه‌وین. هه‌یڤی ئه‌یلوولی وه‌رزی خه‌زانه، شه‌قامه‌كه هه‌رچه‌نده له‌ند و قۆڵت و چاڵ و چه‌وێڵی پێوه دیاره! لێ یه‌شتان له هه‌ندێك شوێنی قیره‌كه‌ی ههڵپهنماوه و ده‌كوڵێ!
پاسه‌كه چه‌ند میلێك جاده قیره‌كه هه‌ڵده‌لووشێ و، ده‌یهه‌وێ بۆ سه‌ر جاده‌ی دوو سایدی ڤه‌ژه‌ن – ڕێڤییان باداته‌وه! كۆڕیژگهیهكی زراڤی میانه باڵای سهرقهوی و سمێل تاشراو، كه جلكێكی به‌ڵه‌كی له‌ژێر شه‌ش مه‌خزه‌نی كڵاشینكۆفه‌وه پۆشیوه، به‌گوژم و ته‌كان به‌ره‌و ڕووی پاسه‌كه دێت، ده‌ستی ڕاستی له كه‌له‌كه‌ی ناوه و، به‌ده‌ستی چه‌پی ده‌مانچه‌یه‌كی ڕووتی گرتووه و به لووله‌ی ده‌مانچه‌كه‌ی، خێرا خێرا كۆماو له‌سه‌ر كۆماو له هه‌وادا ده‌نووسێ.
تا شهقاوێكی ده‌مێنێ بگات به تفنكی پاسه‌كه، ئه‌وجار به جه‌هر و تووڕه‌ییه‌وه، وه شۆفێری پاسه‌كه ئێژێ: كاكه پاسهكهتان بهرهواژكهنهوه؟ شۆفێره‌كه چه‌هره‌ی ده‌په‌ڕێ، لێ بێده‌نگیش ناواتێ! بۆ كاكه شتێك بووه؟ شۆفێره‌كه ئاوای پهرسف ده‌داته‌وه. پێمگوتی بگه‌ڕێوه ده‌نا زوانت ده‌بڕم. شۆفێره‌كه جه‌سته‌ی ده‌كه‌وێته له‌رزین و ده‌گه‌ڵ جنێوێكی نه‌شیاودا، به تایه‌ی پاسه‌كه بله‌ز وێنه‌ی گۆچانێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه ده‌نه‌خشێنێ. پاسه‌كه له بزاوتن ده‌كه‌وێ. ڕووخسارم ده‌بێت به خامی سپی و سینه‌م ده‌كه‌وێته ته‌په‌ته‌پ. ده نێو قه‌دم به‌ره‌و ژوور له په‌نجه‌ره‌ی پاسه‌كه‌وه ده‌ردێنم و ده‌پرسم: ئه‌رێ كاكه شتێك بووه؟
ئاپۆره‌ی سه‌رشه‌قامه‌كه به‌شێكیان چاوم لێده‌كه‌ن.
پیاوێكی بهلهباریكهی چاو ئهلهتریكی ڕدێن كوێستان و خاڵخاڵ وه‌ڵامم ده‌داته‌وه:
چما نازانی؟! به‌له‌ز باگۆی ده‌ده‌مه‌وه: چی بزانم؟ پیاوه به‌ژن باریكه‌كه، وێڕای قیچهك خۆ نه‌وی كردنه‌وه، ئه‌نگوسته بڵاوه‌كانی زێتر پهلدهكاتهوه و ده‌گه‌ڵ لچ خواركردنهوهیهكدا پێمئێژێ: هیچ!! له‌وه ده‌چێت تهوسم پێبكات، یا دوور نییه شۆخیی به‌دۆخه‌كه بێت. له دڵی خۆما ده‌ڵێم: ببێ و نه‌بێ ماشێنێكی ئاوس به دینهمێت ته‌قیوه‌ته‌وه! یا ئه‌وه‌تا سۆسه‌ی هاتنه ناوه‌وه‌ی شتێ له‌و شێوه‌یه‌یان كردگه؟
ساڵانێكه ڕۆژانه چه‌ندان كاری له‌م متایه ڕوو ده‌ده‌ن. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ره‌كو ئوتومبێلێكی پۆلیس، یا بیانی به شه‌قامه‌كه‌دا گوزه‌ر بكات، به‌په‌له جاده‌كه په‌راوێز نه‌كه‌یت و له ڕۆخی شه‌قامه‌كه نهوێستی! ئه‌وا به ئاوای ئه‌و پیاوه شۆفێره ده‌چی، كه كازێوه‌ی به‌یانی، وێڕای كوڕه چكۆڵانه‌كه‌ی به نیازی به‌نزین وه‌رگرتن بارانی گولله، خۆی و كوڕه‌كه‌ی و پاسه شڕه‌كه‌ی بهسهرهن كردن.
شهنگكوژان ماوه‌یه‌ك بوو ئه‌تمۆسفیری شاره‌كه‌یان ئاڵۆز و له‌بار برد بوو. ماهێك ده‌بوو نابوو له ڕه‌خی خاسه ئوتومبێلێك ته‌قییه‌وه و ڕووباره‌كه سیخناخ بوو له قۆڵ و باڵ و مه‌ژی و گه‌ده و لاق و دڵ و كه‌لله‌سه‌ر، هه‌ر ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژیش شهنگكوژێكی ناهاڵ و ناوه‌جاخ به پژبێنێكی مین خۆی سه‌ب كرد بوو، خۆی ته‌قانده‌وه و كۆمایه زیڕۆح به قه‌ره‌برووت بوون. ژاوه‌ژاو له نێو پاسه‌كه بڵیند بووه‌وه، بۆ ده‌له‌سه بێژم، ئه‌گه‌ره‌كو له‌و ده‌مه‌یدا قیچۆكهیهك ده‌سه‌ڵاتم بوایه، ئه‌وا ئه‌و كۆڕیژگه سمێڵ تاشراوه پڕ عهنتهریاتهم به ده‌ردی عیسای مه‌سیح ده‌برد. ئوتومبێل ئه‌وقی دابووه‌وه، زۆربه‌ی نه‌فه‌ره‌كانی نێو ماشێنه‌كان سه‌ر شه‌قامه‌كه‌یان داپۆشی بوو. گه‌رماو ئه‌و خۆڵه‌ی هه‌وا له ڕووته‌ن و بیابانه‌كانه‌وه هانی بوونی، ته‌واوی خه‌ڵكه‌كه‌ی بێزار و وه‌ڕز كردبوون. به گوێی خۆم گوێم لێ بوو، پیرێژنێكی سیاپۆش كه خه‌می ڕۆژگار كردبووی به چه‌مه‌ی چۆگان. له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: ئه‌مه‌یه چاكه و پیاوه‌تیتان هه‌ی ڕووتان وه‌بن مه‌نجه‌ڵ بێت ، كه له ده‌می مناڵه‌كانم ده‌گرته‌وه و ده‌مكرد به قوڕگی ئێوه‌ی نمه‌ك حه‌رامدا، خه‌نی له‌خۆمان كوردان حوكمڕانیمان ده‌كه‌ن، ئۆه پیری قه‌ره‌چێوار خوا چاكتان بۆ نه‌كا. من له نێوه‌وه گڕم گرتووه و ده‌كوڵێم، دڵم له‌كن یارهكهمه ده‌بێت هه‌وكه چی بكات؟! ئه‌وی ته‌نیشتمه‌وه گه‌نجێكی ڕه‌شتاڵه‌ی ڕێكپۆشه، ڕووم لێده‌نێ و ده‌ڵێت: قه‌ت وه‌كو ئێستێ نا‌ئومێد نه‌بووم.
به‌ڕاستی ژیان له‌م شاره هیس خنكاوهدا سه‌خته، به‌ڵان ئێمه شه‌ڕ ده‌فرۆشین و گه‌ردنمان له تیغ دهساوین، ئه‌ز بۆخۆم ته‌نیا قاپۆرهكهم ده‌نێو پاسهكهدایه، یه‌ك چارهكیكه، ئه‌و ژوانه‌ی به‌ر له سێ ڕۆژان پێشتر وێڕای خۆشه‌ویسته‌كه‌م بڕیارمان له‌سه‌ردا ده‌چێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه و هیچ پاساوێكم له دادگای عاشقان، كه‌مته‌رخه‌می وبێ به‌قایی و بێ به‌ڵێنیم ئاتۆمێك كاڵناكاتهوه!! مه‌ودایه‌كی فره، لێل خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌مه‌ڕ ژوان و وێكگهیشتن سستی و ساردی و خهڕهندهێكی به‌رین ده‌نێو په‌یوه‌ندییه سۆزدارییهكهمان كه‌وتبوو دا ئه‌م ژوانه چێ بوو، سێ ڕۆژانه، هه‌ر خولهكێكم به ساڵێك لێده‌چێ.
بۆ ئه‌وه‌ی له پرسیاره‌كه‌ی ئه‌وی ته‌نیشتم خۆم ببوێرم و زووتر له كۆڵی خۆمی بكه‌مه‌وه ده‌ڵێم: قه‌ده‌رمان وایه، مه‌گه‌ر پێمان خۆشه شاره‌كه‌مان ببێته مۆڵگه‌ی شهنگكوژان؟ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وی زاری ڤهكات، شۆفێره ناڕه‌حه‌ته ڕهنجاوهكهی كه له كه‌م تینیدا لایه‌كی ته‌وێڵی له‌سه‌ر سوكانهكهیه، كه‌لله‌ی له سوكانه‌كه دوور ده‌خاته‌وه، ئاوڕێكی پاشه‌وه‌ی خۆی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: ڕژێمیش بمابا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ڤێگاڤێ مرۆڤه‌كان ده‌نێو ده‌چوون، ئه‌وی ئالی شۆفێره‌كه و نوای منه‌وه هه‌ڵده‌داتێ: ڕژێم چی بوو؟ من بۆ خۆم هێنده‌ی بیرم كردبێته‌وه، زه‌ینم نایه ڕۆژێك كه‌سێك گوتبێتی پشتی دییه‌كانت برۆن، هه‌می هه‌ست و خوستێكم وێڕای دهنكهكهمه و به خۆم ئه‌وشم: به‌ری چاوانت ڕووت بێته‌وه له ڕه‌نگ، ئه‌مێسته ئه‌و هه‌ناسه سه‌رده دڵ بوریانه، ده‌بێت چ زه‌ریایه‌كی پڕ وه‌یشوومه و، چ ئۆردویهكی تژی ده خه‌م ئابڵوقه‌ی دابێت!! كه‌مۆكه‌یه‌ك هه‌ست له خۆ ڕاده‌گرم، ناگا به خۆم ده‌ڵێمه‌وه: تۆ بڵێیت! مهنسولێك بێره‌دا تێنه‌په‌ڕێت! ئێ خۆ كه من هاتم شار چ به‌ڵای نه‌بوو؟ هه‌ر خۆم به‌رسڤی خۆم ده‌ده‌مه‌وه! نانا ئه‌وان ئه‌گه‌ر به شهقامێكیشدا گوزه‌ربكه‌ن هه‌ر وا پێنج شه‌ش خوله‌كانیان پێده‌چێت، دواتر شه‌قامه‌كه مه‌ره‌خه‌س ده‌كه‌ن.
كه‌س وهههوهنته نه‌گیرایه!، تا كه‌سێك قامكی بۆ ڕانهداشتبێت؟ چ قودره‌ت بوو كه‌سێك دینارێكی خواردبا!! ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ده نێو پاسه‌كه‌وه، زایه‌ڵه‌ی، هه‌راو غهڵبهغهڵبێكی زۆری نایه‌وه و ئه‌وه‌ی سه‌لماند، ئه‌و ڕه‌فتاره‌یان فره‌خاس بوو،. پیاوێكی ڕه‌قه‌ڵه‌ی ڕێویلهی ڕیش هاتوو، كورته‌ك و شه‌رواڵێكی خاكی ژبه‌ر خۆی نابوو، له دامێنی پاسه‌كه‌وه بهئالی شۆفێره‌كه‌وه بهڕهخی ئه‌نگوستی دۆشاو مژه‌ی ده‌سماڵێكی ڕاست و چه‌پی بهسمێڵیدا هێنا و كهمۆكهیێك سه‌ری به‌رز كرده‌وه و به ده‌نگێكی نێری بڵند گوتی: كاكه چا نییه ئازادیت؟ ئه‌و ده‌م ئه‌گه‌ره‌كو شه‌و هاتبان و نه‌وی بان له په‌لی ژنه‌كه‌ت و بیانبردبا! توخوا هه‌ژموونی ئه‌وه‌ت بوو، به‌ر ههڵستییان بكه‌ی، یا دهوێرایت مته‌قت لهزارهوه بێت؟ وا ئه‌وه‌نده ده‌مت گه‌رمه؟ شۆفێره‌كه به‌م قسانه زۆرتر ڕه‌نگی ده‌په‌ڕێ و قوڕگی هیشك ده‌بێ، له جیاتی كابرای ته‌نیشتی به ده‌نگێكی گڕ ده‌ڵێت: كه‌سیان به خۆڕایی له ماڵ ده‌رنه‌كردووه و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی كه‌سیش وهمهڵامهت نه‌بووه!، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی وه‌كی تۆ زمانی لێنهدابا، من كه قاپورهكهم به‌بێ خۆم له نێو پاسهكهدایه ئه‌ندێشه مه‌ره‌خه‌سم ده‌كا و، ده‌ڵێم سه‌ڵاوات لێده‌ن براینه كه‌نگێ وه‌ختی ئه‌و قسانه‌یه، كه‌چی شۆفێره‌كه، كه ئهملائهولای لێوی كه‌فی كردبوون، زافتر له‌سه‌ری ده‌چێ و ئێژێت: باسی ئازادیم بۆ ده‌كا مامه‌ی ئه‌ختیار، من چی له ئازادییه‌ك بكه‌م، كه ژیانی خۆم و مناڵه‌كانم له گه‌ف و گوڕهشهدابن و شه‌وێ تا سپێده‌ی به‌یانی به چرایه‌ك ڕۆژ بكه‌ینه‌وه!
ئوتومبێله‌كان تا دێن زۆرتر ده‌بن و.. زیاتر په‌نگ ده‌خۆنه‌وه، به‌لای منه‌وه زه‌مین زێتر له زڤڕاندنهوهی سروشتی خۆی به‌ده‌وری خۆیدا خول ده‌خوات. چه‌ند حه‌وتوویه‌ك بوو خۆشه‌ویسته‌كه‌م پێیده‌گوتم: ئارام، ماڵه‌وه‌مان ده‌ڵێی هه‌ستییان به‌شتێك كردووه و چشتێكیان لا په‌نی و ئاشكرا بووه به‌رده‌وام بهدوومهوهن و چاودێریم ده‌كه‌ن. هه‌فته‌یه‌ك پێش ئه‌مێستا و به‌ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌كی نه‌ناسراو، په‌یامێكم بۆ هات، نووسرابوو: (هه‌ناسه‌كه‌م نامهه‌وێ پشكداری خه‌مه‌كانم بكه‌یت، وه‌لێ ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه كه پێرێ دانی ئێوارێ، سامانی برام مۆبایله‌كه‌ی لێساندم و كێشای به چهمهنتۆكهدا و پارچه پارچه‌ی كرد. خۆشه‌ویستت خه‌رمان.) ئه‌و شه‌وه له هه‌ژمه‌تان قاپێ وێسكی بووه میوانی گه‌ده‌م. من لاسار بووم گوته‌كانی ویم نه‌ده‌سه‌لماند، ئه‌وی هه‌میشه پێیده‌گوتم: هێنده‌م پێمه‌ڵێ: خاو بوویته‌وه و كه‌متر ده‌رفه‌تی قسه‌كردن ده‌ده‌یت، ئاخر تۆش پێویسته ڕه‌چاوی كه‌شوهه‌وای ماڵی ئێمه بكه‌یت. كه‌چی من هه‌ر لهسهرسیك و سه‌وداو فاكوفیكی خۆم ده‌مامه‌وه و ده‌مگوت: من ئه‌مانه نازانم! ده‌خوازم بتبینم و ژوانێكیش ڕێكبخه‌یت!! ئه‌وی دهڵاڵایهوه و ده‌یگوت: ئارام به‌سم ده‌مه‌ده‌مه و گله و گازنده لێبكه! به خۆشه‌ویستیمان، له هه‌ردوو چاوانم ئه‌زیز و شیرینتری، پێمباشه دا باری ماڵه‌وه‌مان نهختۆكهیێك هێور ده‌بێته‌وه، قیچۆكهیێك تهلهفۆنهكانت كه‌مبكه‌ره‌وه و ده‌ست به نامه‌كانته‌وه بگره، به‌ڵام ئه‌من سه‌ورو حه‌وسه‌ڵه‌م له‌گه‌ڕان بوو، گوته هه‌ر گوته‌ی خۆم بوو، تا سێ ڕۆژان پێش نهۆ و به‌هه‌مان ژماره جارێكی دی په‌یوه‌ندی پێوه كردمه‌وه و، ئه‌م ژوانه ڕێكخرا و به‌گریانه‌وه پێی‌گوتم: سامانی برام شه‌و و ڕۆژ له ماڵه‌وه‌یه، پیشه و خوو و ولفهتی بووه‌ته خه‌و و ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆن، هیچ كاروكاسبییهك ناكاو به‌رده‌وام له بێكاریدا شه‌ڕ و كێشه و گێچه‌ڵ به ئێمه دهفرۆتێت، منیش خوا دڵێكی وێداوم گوته‌كانت به‌ئایه‌تی قورئان ده‌زانم، ناچارم مه‌گه‌ر به بیانووی ماڵی پووره ئافتاومهوه بكارم وهتبینم. ئه‌ز ده‌بوو بچم له گه‌ڕه‌كی شاترییهكان له ماڵی كوڕه پوره‌كه‌م، ئوتومبیله‌كه‌ی بخوازم و بڕۆم له‌و شوێنه‌ی كه له‌ته‌كی ڕێكهوتووم هه‌ڵیگرم. ئێسته‌كانێ ئه‌وی بێ هێڤی و كزۆلكه ، چاوه‌ڕوانه، نه مۆبایلی پێیه تا ئاگاداری بكه‌مه‌وه، نه ژماره‌ی هاوڕێكه‌ی ده‌زانم تا له ڕێگه‌ی وییه‌وه پێی بێژم، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ره‌كو ژمارهكهشیم زانیبا چ كه‌ڵك و سوود و قازانجێكی نه‌بوو؟ خۆ ئه‌وی نووكه ده‌رچووه و په‌رێشانه. دیسانه‌وه ژاوه‌ژاو له نێو پاسه‌كه‌دا په‌یدا بووه‌وه: برایان، خوشكان ئه‌من ده‌گه‌ڕێمه‌وه ئه‌وی ناگه‌ڕێته‌وه با دابه‌زێت؟ شهنگكوژان وا بكه‌ن ده‌بێ ئه‌م شاره‌یان ڕاده‌ست كه‌ین؟ ئه‌مه پێش دواگوتهی شوفێرهكهبوو.
ژنێكی لووت سمراوی به‌ساڵاچوو، كه له‌جیاتی خه‌زێمه مێخهكێكی لهكهپووی نابوو، سه‌ر پۆشێكی سپی و پۆشاكی گوندیانی پۆشیبوو، ههڤیهك ده‌ركه‌ی پاسه‌كه ڕۆنیشتبوو، دا‌و دا‌و له زوڵفهكانی سپیی تێكه‌وتبوون، هه‌ڵیدایێ: خۆیان ده‌گه‌ڵیان شه‌ریكن ده‌نا ئه‌و هه‌موو ترومبێله، له ئاسمان‌ڕا نه‌هاتوونه‌ته ئه‌م شاره‌وه! نه‌فه‌ره‌كان گشت گوێ قوڵاخ بوون. ئه‌و لۆرییه‌ی كه سێ حه‌وتووان پێش ئێستاكانێ ته‌قییه‌وه، ئێژن به‌سه‌ر چوار بازگه و زاڵگهدا ڕه‌تبووه! ئه‌وه‌ی پێوه ده‌بێت و ده‌مرێ! هه‌ر نه‌دارو ڕه‌ش و ڕووتهكهیه! ئه‌وی له ئازادی ده‌په‌یڤی، جارێكی دی باگۆی دایه‌وه: نا پووره گیان وانییه!! ده‌گه‌ڵ وانییهكهدا چاوێكی لێ‌كرد؟ تیرۆر هه‌ژار و بێ ماڵ و ده‌وڵه‌مه‌ند و مه‌نسوول و به‌رده‌ست نازانێت! ژنه به‌ته‌مه‌نه‌كه كه وێده‌چوو زۆر داخ له‌دڵ بێت جارێكی دی هه‌ڵیدایێ: كوڕه ده‌بڕۆ، نازانێ؟! بۆ مه‌نسوول له‌م شاره‌دا ماوه! ژن و مناڵه‌كانی له ده‌ره‌وه نه‌بن! بۆ خۆیان شه‌وێ له‌م شاره ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه؟ تا تۆ ئاوا به‌رگرییان لێبكه‌ی، یان هه‌ر خه‌ریكی……… بۆ كه‌س مه‌پاڕێوه تۆ ڕیشت سپییه، ئه‌وان حهوهجهیان به نزا‌و پاڕانه‌وه‌ی من و تۆ نییه، خوا كاریان ڕاست نه‌هێنێ… زۆربه‌ی نه‌فه‌ره‌كانی نێو پاسه‌كه گوتیان: ئه‌شه‌دوبیلا پووره دروست ده‌فه‌رمێ.
پیاوێكی ڕدێن ڕه‌شی سمێڵ قرتكراو كه ڕیشێكی بزنانه‌ی هێشتبووه‌وه و پانتۆڵه‌كه‌ی له قوله پێی بوو، به نك ده‌ركه‌ی پاسه‌كه‌وه به ڕیز ژنه دنیادیتهكهوه دانیشتبوو، به‌رده‌وام ده‌یهه‌ویست وا له خه‌ڵكه‌كه بگه‌یه‌نێ، كه ئه‌م پشێوی و ته‌قینه‌وانه ئه‌مه‌ریكا خۆیه‌تی!.
كاكه ده‌ڵێن: ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی سێ هه‌فته پێش ئێسته ته‌قییه‌وه، ئه‌مه‌ریكییه‌كان دوو خوله‌كان پێشتر به‌وێدا ڕه‌تبوونه، كه‌س مته‌قی لهزارهوه نه‌هات، شۆفێره‌كه كهڕهتێكیكه گوتییه‌وه: كاكه گوتم ئه‌وی ناگه‌ڕێته‌وه با دابه‌زێت؟ نه‌فه‌ره‌كان جموجولیان تێكه‌وت، ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم، به‌ژنه ده‌م هه‌راشه زوڵف ماش و برنجییهكهوه ئێمه شه‌ش نه‌فه‌ر بووین داوهزیتین. هۆشم به‌خۆم نه‌بوو وڕێنه‌م ده‌كرد: (دڵه به قوربانت بم شهنگكوژان، هه‌ر به‌ربه‌ست و ته‌یمان و ئاسته‌نگ نین هه‌مبه‌ر ژیان و ڕه‌وتی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه. ئیرو ئه‌وان بوونه دڕكی مهم و زین و نه‌یانهێشت من و تۆی گوڵ به یه‌كدی بگه‌ین، ئه‌وان بوونه له‌مپه‌ر و ژوانهكهیان شه‌پڵه و شه‌له‌ل و ئیفلیج كردین، تۆ به كۆڵێ ژان و ژوارو وهزهنهوه بگه‌ڕێوه و منیش ده‌بێت مینا شه‌وانی دی سه‌ری شووشه باده‌م).
كه‌مێك به بێ‌وازی و به‌بێ مه‌به‌ست به‌نێو ئاپۆره‌ی خه‌ڵكه‌كه‌دا، پێنگاڤی كیسه‌ڵانه ده‌نێم، خه‌ڵكی دوو دوو و سێ سی،َ به‌یه‌كه‌وه گردبوونه‌ته‌وه چپه چپیانه، به‌رامبه‌ر گه‌نجێكی ڕژیی ئه‌سمه‌ری ملوانكه له گه‌ردن ئێستێك ده‌كه‌م، تیشێرتێكی سپی و كابۆیه‌كی شینی له‌پێیه، سهكسووكهیهكی هێشتووه‌ته‌وه و ڕستكهكهی ئه‌ستۆی وێنه‌یه‌كی جیڤارای له‌سه‌ره، ده‌وشم:
– ئه‌رێ برا! ته‌قینه‌وه بووه، یان ده‌بێت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:
– كاكه ته‌قینه‌وه‌ی چی؟
پێی ده‌ڵێمه‌وه: ئه‌دی شهنگكوژان هاتوونه‌ته نێو شاره‌وه، یان دێن؟
پێمده‌ڵێت: برا ئه‌وه تۆ ده‌ڵێی چی! شهنگكوژی چی و ته‌قینه‌وه‌ی چی؟
پێی ده‌ڵێمه‌وه: ئه‌دی ئه‌م شاره بۆچی شه‌مزاوه؟
بزه‌یه‌كم لۆ دهكاو ده‌ڵێت: ئه‌وه یه‌كێك له مشه‌خۆره‌كان به ئێره‌دا دێ!! بڕێك چاو له‌چاوی ده‌كه‌م و پێی ده‌ڵێمه‌وه: جابرا ئه‌و مهشخۆیانهی تۆ مه‌به‌سته، ڕۆژانه تێده‌په‌ڕن و له چه‌ند خولهكانێ زێتر نابا، دواتر شه‌قامه‌كه ڕووخساری جارانی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، لێ ئه‌وه زێتر له نیو ده‌مژمێره شاره‌كه شڵه‌ژاوه‌و.. خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌یه‌كا دێن. كه‌چی ئه‌وی لێم نزیك ده‌بێته‌وه و ده‌وی له بناگوێم ده‌نێ و به‌سرته‌وه پێمئێژێ: ئه‌م مشهخۆرهیان له واندی ناچێ؟ كه‌مێكی لێ ده‌چمه نواوه و پێیده‌ڵێم: مه‌گه‌ر چۆن؟ كه‌چی ئه‌وی جارێكی دی لێم نزیك ده‌بێته‌وه‌و، به‌چپه‌وه پێم ده‌ڵێت: بۆ تێناگه‌یت؟ ئه‌مه‌یان مشه‌خۆرێكی گه‌وره‌یه، گه‌وره.!!