چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌سه‌ر رۆمانی (یه‌كه‌مین مامۆستا)ی جه‌نگیز ئیتماتۆڤ
چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌سه‌ر رۆمانی
(یه‌كه‌مین مامۆستا)ی جه‌نگیز ئیتماتۆڤ
هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د
05/08/09له‌باره‌ی جه‌نگیز ئیتماتۆڤهوه
جه‌نگیز ئیتماتۆڤ له 12/12/1928 له قه‌رغیزیا له دایكبووه، كه سه‌ره‌تای قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی ستالین بوو، باوكی (توركول ئیتماتۆڤ) نووسه‌ر بووه و له ساڵی 1937 له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه له سێداره دراوه،له ساڵی 1952 ده‌ستی به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كردووه به زمانی قهرغیزی، له 1956 ه‌وه به رووسی ده‌ستی به نووسین و بڵاوكردنه‌وه كردووه. هه‌ر له ساڵی 1956 دا چۆته ئامۆژگه‌ی گۆڕكی بۆ ئه‌ده‌بیات، له 1958دا له گۆڤاری(ئۆكتۆبه‌ر) كه ئه‌وسا به‌ناوبانگترین بڵاوكراوه‌ی شۆره‌وی بووه كاری كردووه،(1)
ره‌نگه جهنگیزئیتماتۆڤ بۆ خوێنه‌ری كورد به رۆمانی (جه‌میله) وه ناسرابێت،كه جه‌وهه‌ر كرمانج له ساڵی 1981 كردوویه‌تییه كوردی .له ساڵی 1957 دا نووسیویه‌تی، و دووجاریش كراوه‌ته فلیم. و شاعیری ناوداری فه‌ڕه‌نسیش ئاراگۆن له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه گوتوویه‌تی (مه‌زنترین چیرۆكی خۆشه‌ویستییه له جیهاندا) هه‌روه‌ها رۆمانی (یه‌كه‌مین مامۆستا)ش له ساڵی 1958دا نووسراوه و له ساڵی 1966 له روسیا كراوه‌ته فلیم.(2)
له كاره‌كانی دیكه‌ی جه‌نگیز ئیتماتۆف كه كراونه‌ته كوردی (رۆژێك له سه‌ده‌یه‌ك درێژتر ده‌بێته‌وه) كه ئه‌ویش پێش مردنی به دوو هه‌فته ده‌ست كرابوو به فلیم كردنی له (15/6/2008) دا.هه‌روه‌ها رۆمانی (خانمه لهچكهسورهكهم) ئه‌ویش كراوه‌ته كوردی.
ئه‌مه‌و جه‌نگیز ئیتماتۆف یه‌كێكه له‌و نووسه‌ره رووسانهیه كه ناوبانگێكی زۆری په‌یداكردووه و رۆمانه‌كانی بۆ نزیكه‌ی سه‌دو شێست و پێنچ زمان وه‌رگێڕدراوه و به تیراژی چل هه‌تا شێست و هه‌فت ملیۆن دانه چاپ كراون.
ئیتماتۆڤ ئه‌ندامبووه له ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆره‌وی و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی سۆڤییه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ری ستۆدیۆی سینه‌مای قهرغیز و سهرنوووسهری گۆڤاری ئه‌ده‌بی بیانی بووه، هه‌روه‌ها راوێژكاری دوا سه‌رۆكی شۆره‌وی میخائیل گۆرباچۆڤ بووه، دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یهكیێتی شۆره‌وی بۆته سه‌فیری قه‌رغیزستان له وڵاتانی به‌لجیكا ، هۆڵه‌ندا و لۆكسه‌مبۆرگ.
له كاتی مردنیدا له (10/6/2008) كۆماری قه‌رغیزیا پرسه‌ی ره‌سمی بۆ گرت، سه‌رۆكی وڵات گووتی: (قه‌رغیزیا به مردنی جه‌نكیز ئیتماتۆڤ كه رۆڵێكی گه‌وره‌ی له رۆشنبیریی جیهانیدا هه‌بوو، زه‌ره‌رێكی پێكه‌وت كه قه‌ت ناتوانێت قه‌ربووی بكاته‌وه)(4)
جه‌نگیز ئیتماتۆف، له زۆربه‌ی رۆمانه‌كانیدا هه‌ر به‌و روحه قهرغیزییه بێگه‌رده‌ی خۆیه‌وه ده‌نووسێت، ئه‌و روحه‌ی كه له‌گه‌ڵ سرووشتی گووند و كێشه و جه‌نجاڵییه‌كانی خه‌ڵكه ئه‌و گوندانه‌وه ئاوێته بووه، ئه‌و رۆمانانه‌ی من خوێندوومه‌ته‌وه، ( جه‌میله، ماڵئاوا گۆڵساری _به‌عه‌ره‌بی_ و یه‌كه‌مین مامۆستا‌و رۆژێك له سه‌ده‌یه‌ك درێژتر ده‌بێته‌وه) هه‌ر چوار رۆمانه‌كه له‌ناو یه‌ك ئیڕاده و روحهوه هاتوونه‌ته ده‌ر، ئیتماتۆڤ به‌هه‌ق نووسه‌ری روحه‌كان و ئیڕاده و مه‌یله ئینسانییه قوڵهكانه، كه له ناخ و دڵ و جه‌سته و روحی گوندییهكاندا، له ناو سه‌ختی و ئازار و مهینهتییهكاندا خۆی نمایش ده‌كات و جهنگیزیش له رۆمانه‌كانیدا ده‌ینووسێته‌وه.
خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی جه‌نگیز، پێش هه‌موو شتێك به‌ره‌و روحی مرۆڤت په‌لكێش ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك كه واتلێده‌كات وه‌ك كاراكته‌ر و پاڵه‌وانه‌كانی تێكه‌ڵی دنیایه‌ك خه‌ون و خولیا و تێك‌شكان و دۆڕان و دابه‌زین و كێشه‌ی ده‌روونی و روحی بیت، زیاتر له خۆت و له خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌رت وه‌ك مرۆڤ نزیك ببیه‌وه نه‌وه‌ك گورگانه، بۆ من وایه جه‌نگیز لایه‌نێكی شاراوه‌ی روحی مرۆڤه‌كان ده‌دوێنێ كه له‌بن باری سسته‌م و دین و كۆمه‌ڵگه و جه‌نگ و برسییه‌تی و نه‌خوێنده‌واری گه‌یشتۆته ئاستێك كه خۆی پێ نادۆزرێته‌وه. ئاستێك كه مرۆڤ روحی خۆی ده‌كاته قوربانی هه‌ر شتێك كه له مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ به‌نرختر نیه.
جه‌نگیز بۆ من زایه‌ڵه‌ی زه‌نگێك و بایه‌كی فێنكه له‌ناو ئه‌و هۆسه‌و هه‌رایه‌ی روحمان تێكده‌شكێنێ و ئیڕاده‌مان فت ده‌كات،ئه‌و ئیڕاده‌یه‌ی كه چ لێره و چ له قه‌رغیزستان وه‌ك یه‌ك تڕ‌ۆ ده‌كرێت و به تۆڕی به‌رژه‌وه‌ندی و نیهاده پیسه‌كانی دین و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی روح نه‌ناس لیخ ده‌كرێن.
جه‌نگیز، ده‌نگێكه بێ ئه‌وه‌ی بنووزێته‌وه باسی نه‌هامه‌تییه‌كانی مرۆڤ ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی بكاته شین و شه‌پۆڕ پێمان ده‌ڵێ، ته‌ماشای خۆت كه و له جیاتی ئه‌وه‌ی شه‌رم بكه‌یت و تفێك له رووی خۆت ههلسوی له ئاوێنه‌كه‌دا، شۆڕبهوه ناو روحی خۆت و خولیا و ئاره‌زوو و مهراقهكانت بدۆزه‌وه و جارێكی دیكه خه‌ون ببینه، وشه‌كانی جه‌نگیز بۆ من ئاقارێك چێده‌كه‌ن بۆ خه‌و بینین، پێم ده‌ڵێن رۆمانی گه‌وره مه‌رج نیه شه‌ش سه‌د و هه‌فت سه‌دو هه‌زار لاپه‌ڕه بێت، مه‌رج نیه له به‌رگێكی جوان و قه‌شه‌نگدا چاپ بكرێت، مه‌رج نیه باسی كۆشكی خه‌یاڵی و سوڵتان و پێغه‌مبه‌ره‌كان و سه‌رۆكه‌كان بكات، رۆمانی گه‌وره ده‌شێت باسی ته‌نیا دوو دار چناری به‌ژن بڵند بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له مێژوو بگه‌یت و ته‌ماشای ئایینده بكه‌یت.
پێش ئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر قسه كردن له رۆمانی یه‌كه‌مین مامۆستا پێویسته بڵێم ، ئه‌م رۆمانه له لایه‌ن فایه‌ق سه‌عیده‌وه كراوه‌ته كوردی و له ده‌زگه‌ی چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م چاپكراوه، رێنووسی رۆمانه‌كه هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه، دیزایینهكهی كه‌موكوڕی زۆره، وشه‌ی زۆر ناوچه‌یی تێدایه، به‌رگێكی ساده و ساكار، به‌ڵام ئه‌مانه نابنه جێی ره‌خنه كاتێك جه‌نگیز له‌گه‌ڵ خۆیدا له سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕانه‌دا ده‌تباته (ئایال) و له‌وێ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان ده‌چیته مه‌كته‌ب و له‌ناو ئه‌و هه‌رێمه‌دا هه‌ست ده‌كه‌یت وه‌ك خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ناسه‌ت له‌سه‌رمان ده‌به‌ستێت؟!بۆیه وێڕای ده‌ستخۆشیم بۆ وه‌رگێڕ و سه‌رده‌م هیچ ره‌خنه‌م نیه.* * * * * * * * * *
جه‌نگیز ئیتماتۆڤ له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌دا له‌سه‌ر زاری نیگاركێشێكهوه ئه‌م قسانه ده‌كات: (یادگارییه‌ك كه گیان و دڵی تاساندووم، رووداوێك كه‌وای لێكردووم فڵچه هه‌ڵگرم، به‌ڕای من ئه‌وه‌نده مه‌زنه كه به‌ته‌نیا توانای پێكانی هه‌مووم نیه. له‌وه ده‌ترسم كه نه‌توانم ئه‌م ئه‌ركه به‌جێ بگه‌ینم و ئارامم له‌به‌ر ببڕێ، ده‌مه‌وێ ئه‌و خه‌ڵكه به په‌ند و رێنمایی یارمه‌تیم بده‌ن و رێگا چاره‌ی ئه‌م گرفته‌م بۆ ده‌سنیشان بكه‌ن. ده‌مه‌وێ ئه‌و خه‌ڵكه به لایه‌نی كه‌مه‌وه له خوار سێپای تابلۆكهمهوه راوه‌ستن و هاوخهیاڵ و هاوبیر و هاوده‌مم بن، درێغی له كڵپه گركهوتووهكانی دڵتان مه‌كه‌ن، نزیكتر ببنه‌وه، من به ئه‌ركی خۆمی ده‌زانم ئه‌م رووداوه‌تان بۆ بگێڕمه‌وه…)ل 10
هه‌ر بۆیه‌شه جه‌نگیز ئیتماتۆڤ گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان ده‌داته ده‌ست كاراكته‌رێكی رۆمانه‌كه كه ناوی (ئاڵتینا)یه، و باسی یه‌كه‌مین مامۆستای خۆی ده‌كات كه دێته هه‌رێمه‌كه‌یان و قوتابخانه‌یه‌ك به ده‌ستی خۆی دروست ده‌كات و رێگه‌ی بۆ خۆش ده‌كات و زانیارییه‌كانی ده‌به‌خشێته منداڵه‌كانی گونده‌كه.
ئه‌و یادگارییه‌ی جه‌نگیز ئیتماتۆڤ ده‌یوێ له‌م رۆمانه‌دا به وشه نیگاری بكێشێت، ژیانی چه‌ند كه‌سانێكی ساده و ئاسایی گوندێكی شۆره‌وییه‌وه، كه بۆ یه‌كه‌م جار (دوێشن) ده‌یوێ یه‌كه‌م مه‌كته‌ب له‌وێ بكاته‌وه.دوێشن كۆمه‌نیستێكی ساده و مرۆڤێكی قاره‌مانه له روحی خۆیدا، مرۆڤێكه به ئیڕاده‌یه‌كی سه‌یره‌وه ئه‌وه ده‌كاته حه‌ز و خولیای خۆی كه هه‌ر چۆنێك بێت به پشتبه‌ستن ته‌نیا به‌خۆی مه‌كته‌به‌كه بكاته‌وه و زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی به منداڵه‌كان بلێت، ئاڵتینا كه یه‌كێكه له خوێندكاره‌كانی ئه‌و مامۆستایه، كچێكه دواتر دوێشن كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر ته‌واوی ژیانی و ده‌توانێ له‌ده‌ست ئه‌و كه‌سانه‌ی رزگار بكات كه گاڵته به خوێندن و فێربوون ده‌كه‌ن، ره‌وانه‌ی شاری ده‌كات و له‌وێ ئاڵتینا درێژه به خوێندنه‌كه‌ی ده‌دات و ده‌گاته پله‌ی دكتۆرا له فه‌لسه‌فه و ته‌واوی دونیا ده‌گه‌رێ. ئیدی سه‌فه‌ری ئه‌و خوێندنه له‌سه‌ر ده‌ستی دوێشن ده‌ست پێده‌كات و ده‌گاته زۆر شوێنی تری ئه‌م دنیایه.
چیرۆكێكی زۆر ساده‌ی خه‌ڵكانێكی ساده‌تره،چیرۆكێكه له‌و چیرۆكانه‌ی ره‌نگه هیچ مێژوونووسێك سه‌ری بۆ نهخورێنێ، یان هیچ پایه‌یه‌كی ره‌سمی تاقه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت تۆماری بكات و بیخاته ئه‌رشیفی ئۆفیسێكی په‌روه‌رده‌ییه‌وه، به‌ڵام بۆ جه‌نگیز ئیتماتۆڤ چیرۆكێكه ئه‌وه‌نده مه‌زنه كه به‌ته‌نیا ناتوانێت ره‌سمی بكات، ئه‌م چیرۆكه یه‌كێكه له‌و چیرۆكانه‌ی كه یه‌كڕاست په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ روح و ئیڕاده‌ی مرۆڤه‌وه ده‌به‌ستن، رۆمانه‌كه خۆی ئه‌وه‌نده‌ی باس له‌و روحه په‌ژموورده و مهینهتبارانهی گوندانیانێك ده‌كات، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ندی به بیركردنه‌وه و ئهقلییهتییانهوه ناكات، چیرۆكێكه ده‌كرێت ئێمه له چه‌ند سوچێكهوه ره‌خنه‌كانی جه‌نگیز ئیتماتۆڤ بخوێنینه‌وه له شوعییه‌ت و سسته‌می شۆره‌وی و پۆخڵه‌واتی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات له ساتێكی مێژوویییدا به شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌ڵام وه‌ك جه‌نگیز ئیتماتۆڤ خۆی ده‌ڵێت یادگارییه‌كانی ئه‌و چیرۆكه زۆر گه‌وره‌ن، ناكرێت به‌ته‌نیا له‌مه كورتیان كه‌ینه‌وه به‌وه‌ی دوو جوێن به شوعییه‌ت بده‌ین و مه‌سه‌له‌كه ببڕێنینه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و شۆڕمان ده‌كاته‌وه ناو روح و ئیڕاده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م چیرۆكه‌دا قاره‌مانانه به‌ره‌و رووی ژیان و سرووشت و دهعباكانی ده‌بنه‌وه، مرۆڤه ده‌عباكان و گورگه‌كان و سه‌رماو سۆڵه و به‌فر و شه‌خته‌به‌ندی سرووشتێكی دڵڕه‌ق له زستاندا، ئه‌و قارهمانییهتییهش دیاره قارهمانییهتییهك نیه له شێوه‌ی نواندنێكی سیاسی یان په‌روه‌رده‌یی یا قاره‌مانیی حزبییه‌ك یان كۆمهنیستێكیش هه‌تا، به‌ڵكو قاره‌مانییه‌تی مرۆڤانێكه كه ده‌یانه‌وێ ته‌عبیر له‌و حه‌ز و ویسته روونه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ته‌مه‌نییان چه‌نده و خه‌ڵكی كوێن و چ كاره‌ن، (ئاڵتینا و دوێشن) دوو كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م رۆمانه، دوو كه‌سن زیاتر ئیڕاده‌یه‌كی بێگه‌رد بۆ حه‌زی ژیانكردن و گه‌وره‌بوون و به‌ره‌و پێشچوون پاڵیان پێوه ده‌نێ بۆ فێربوون و چوونه شار و ئازادبوون له كۆته‌كانی نه‌زانین و گوند و ئه‌و روحه‌ی له‌وێدا ئیڕادهكان قۆڵبه‌ست ده‌كات،ئه‌وان له مه‌كته‌به‌كه نه دوێشن مامۆستایه‌كی ئه‌وه‌نده زیره‌كه تا زمان و ژماره و زانیاریی به‌نرخیان له‌سه‌ر زانسته‌كان بداتێ، نه ئاڵتیناش ئه‌و قوتابیه زیرهكهیه كه باش بتوانێت بخوێنێته‌وه و بنووسێت، ئیدی نه مامۆستاكه مامۆستای زانیارییه و نه قوتابیش قوتابییه‌كه ته‌نیا زانیاری وه‌رگرێت، به‌ڵكو هه‌ردووكیان دوو مرۆڤن به پله یه‌ك له ئازادبوون و بێگه‌ردبوونی ئیڕاده‌ی خۆیان ده‌گه‌ڕێن كه له‌بن كاریگه‌ری تۆڕی به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گوندی و عه‌قڵی سستمێكی شمولین كه وڵات و گونده‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
ئاڵتینا ئاوا باسی مامۆستاكه‌ی ده‌كات: (دوێشن هه‌ر چۆنێ كه خۆی شاره‌زا بووایه و بیتوانیایه و به پێویستی بزانیایه یا به كورتی هه‌رچۆنێ به مێشكی‌دا بهاتایه ئاوا وانه‌ی پێده‌وتینه‌وه، به‌ڵام من باوه‌ڕێكی پته‌وم هه‌یه ئه‌و هه‌وه‌س و ئاره‌زووه راسته‌قینه‌ی ئه‌و هه‌یبوو له پێناوی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ی پێی سپێردرابوو به هیچ شێوه‌یه‌ك به فیڕۆ نه‌چوو. ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی به خۆی بزانێ قاره‌مانێتی ده‌نواند، به‌ڵێ، ئه‌وه كارێكی قاره‌مانانه بوو، چونكه له‌و رۆژانه‌دا ئێمه‌ی منداڵانی قرغیز كه هێشتا پێمان نه‌نابووه ئه‌و دیو سنووری ئایۆلهوه، له‌و قوتابخانه‌یه‌دا جیهانێكمان به‌روودا كرایه‌وه كه‌به‌ر لهوجا نه بینیبوومان و نه گو‌ێشمان لێ بوو،ئه‌گه‌ر نا ئێمه نه‌مانده‌توانی به‌و كولبه قوڕه‌ی كه هه‌میشه له درزهكانییهوه لوتكه‌ی پڕ به‌فری چیاكانمان ده‌بینی بڵیێن قوتابخانه) ل 40ئیدی ئه‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایه له‌و گونده‌دا ده‌یكات، به‌وه‌ی قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه و دواتریش خۆی و ئاڵتینا دوو دار چنار ده‌چێنن و كه دوای زه‌مه‌نێك شوێنه‌واری قوتابخانه‌كه نامێنێت، به‌ڵام دوو نه‌مامه چناره‌كان باڵادهگرن و له‌وێوه مناڵه‌كانی گوندی ته‌ماشای دنیا و ژیانێكی دوور و پان و پۆڕ و زۆر فره‌وان ده‌كه‌ن.ئیدی له‌و زه‌مه‌نه‌دا جه‌نگیز ئیتماتۆڤ هه‌ناسه سارده‌كان وه‌ك ئاڵتینا ده‌ڵێت خه‌ریك بوو له‌سه‌رمان ده‌یبه‌ست! و ئه‌و ژیانه جه‌نجاڵ و سه‌خته‌ی (ئایال) و خۆزگه و ئاواته‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌نووسێته‌وه. خه‌ڵكێك كه ئه‌گه‌ر رۆمان نه‌بێت یان هونه‌ر نه‌بێت ، ره‌نگه كه‌سی تر یان شتی تر نه‌توانێت بیاننوسێته‌وه و نیگارییان به‌ره‌نگ بكێشێت.
له‌م رۆمانه‌دا، جه‌نگیز ئیتماتۆڤ، ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات كه چه‌ند سه‌خته ژیان و خۆزگه ساده‌كان و جه‌نجاڵی و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك ئایال بێ زه‌حمه‌تی و بێ رارایی بكه‌یته چیرۆك و رۆمان، چه‌ند سه‌خته چیرۆكی دوو دار چنار بنووسییه‌وه كه نه‌زانیت به چ ههناسهیهكهوه چاندراون و چۆن شین بووینه و گه‌وره بوونه و منداڵه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و دار چنارانه‌وه ته‌ماشای ئاسۆیه‌كی دوور ده‌كه‌ن، ره‌نگه ئاسان بێت رۆمان مێژووی پێغه‌مبه‌رێك بنووسێته‌وه، یان پۆرترێتێك مێژووی سه‌ركرده‌یه‌ك بگێڕێته‌وه، به‌ڵام سه‌خته به وشه ده‌ربڕین له مێژووی دوو دار چنار بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌كانی سه‌ر داره‌كان تێبگه‌ن كه ئه‌وان له‌سه‌ر چ مێژووێكهوه سه‌یری ئاسۆی به‌رینی به‌رده‌میان ده‌كه‌ن؟!!
یه‌كه‌مین مامۆستا رۆمانی جه‌نگیز ئیتماتۆڤ. وه‌رگیڕانی له فارسییه‌وه: فایه‌ق سه‌عید، له زنجیره‌ی كتێبی چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ژماره 299 ساڵی 2005