ئایا سه‌رمایه‌داری سیسته‌مێکی حه‌تمی یه؟…. ئازاد به‌کر
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێک به‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه پێویسته له پێشدا ئه‌و هۆکارانه‌ی که بوونه‌ته به‌رده‌وامی و به زیندووی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه ده‌ستنیشان بکه‌ین و خاڵه به هێز و لاوازه‌کانی و ڕۆڵی ئه‌م سیسته‌مه له په‌یوه‌ند به ئاڵوگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریه‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆ دیاری بکه‌ین.
ئه‌و فاکته‌ره گرنگانه‌ی که یارمه‌تی مانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری داوه و بۆته هۆی درێژه‌کێشانی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک له گه‌شه و چالاکی و ئه‌کتیڤ بوونی ئه‌م سیسته‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی بۆرژوازی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا پیاده‌ی کردووه له‌لایه‌ک و ڕۆڵی نیگه‌تیڤی چه‌پێکی ڕیڤیژینزمی وورده بۆرژوایی له‌لایه‌کی تر.
له‌پاش مه‌رگی لینین به‌چه‌ند ساڵێک وورده وورده بۆرژوازی دزه‌ی کرده ناو ده‌سه‌ڵاتی شوره‌ویه‌وه چونکه ده‌زانین کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر به‌رپا بوو کرێکاران توانیان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه بخنه ژێر ڕکێفی خۆیانه‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی که نه‌توانرا بکرێ و گرنگ بوو ژێرخانی کۆمه‌ڵگه بوو، هه‌رچه‌نده گۆڕانکاری زۆر ئه‌نجامدرا به‌ڵام هێشتا بنه‌مای ئابووری سۆشیالیزم دانه‌مه‌زرابوو. ئیتر ئه‌مه بووه هۆی داهێنانی مۆدێلێکی نوێ ی سه‌رمایه‌داری ئه‌ویش سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو به‌ناوی سۆشیالیزمه‌وه و په‌ره‌دان بوو به‌و ده‌سه‌ڵاته به‌ناوی کۆمۆنیزمه‌وه. ئه‌م مۆدێله نیوسه‌ده زیاتری خایاند‌و خۆی به‌میراتگری کۆمۆنیزم و بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری ناساند و زیانێکی کوشنده‌ی وه‌شان له کۆمۆنیزمی مارکس و مارکسیزمی له‌سه‌ر ئاستی جیهان خسته پهراوێزوهو سیمای ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی شێواند و لێڵکرد. گه‌وره‌ترین به‌ڵایه‌ک که تووشی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری بووه ته‌وژم و بزووتنی ڕیڤیژینزمه، به‌درێژایی مێژووی خه‌بات و تێکۆشانی خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش له ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌کانیان و جوڵانه‌وه‌کانیان و خۆڕێکخسنیاندا هه‌میشه ئه‌م چینه گیرۆده‌ی سیاسه‌تی چه‌وت و نا‌کرێکاری و ناشۆڕشگێڕی و نا کۆمۆنیزمی چه‌پ و حیزبه به‌ناو کرێکاری و کۆمۆنیزمه‌کان بووه، که‌م نین ئه‌و هه‌موو حیزب و ڕێکخراو و گروپ و ده‌سته‌و تاقمانه‌ی به‌ناوی مارکس و مارکسیزمه‌وه تا ئێستا درێژه به‌کار و چالاکیه‌کانیان ده‌ده‌ن. به جۆرێک سیاسه‌ت و پراکتیکی ئه‌م بزووتنه‌وانه کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئایندهی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران داناوه و له هه‌مووی خراپتر بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌به‌رچاوی دنیا چه‌واشه بووه و بۆچوونی واقعی و کۆمۆنیزمی و کرێکاری نوقمی گێژاو بووه، ئه‌مه‌ش له‌خۆیه‌وه نی یه‌و بۆرژوازی جیهانی خۆی ڕۆلی تێدا هه‌یه به‌خستنه گه‌ڕی گشت میدیا و دامه‌زراوه فه‌رهه‌نگی و سیاسیه‌کانی .
سه‌رده‌مانێک مه‌ترسی ڕیڤیژینزمی شوره‌وی ئاسایشی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوای هه‌راسانکردبوو به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکای ترساندبوو له‌وه‌ی که ئه‌م مۆدێله نوێیه‌ی سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی بره‌و په‌یدابکات و جێ به مۆدێلی کلاسیکی سه‌رمایه‌ی ڕۆژئاوا لێژبکات، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که‌ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ شه‌ڕی سارد به‌رده‌وام بێت له نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا، ئه‌م شه‌ڕی سارده‌ی نێوانیان ناڕاسته‌وخۆ له زۆر له ووڵاتاندا گه‌رم ڕایانگرتبوو. به‌ڵام ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که ئه‌وه بوو که ئه‌م مۆدێله‌ی شوره‌وی له‌به‌ر هۆکاری سیاسی و ناوخۆیی درێژه‌ی به‌م ئاڕاسته‌یه ده‌دا. به‌ناسروشتی دروستکردنی ئه‌حزابی به‌ناو کۆمۆنیزم و کرێکارانه‌وه له زۆربه‌ی ووڵاتاندا بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات و په‌یداکردنی نفوز و وابه‌سته‌ییان به سۆڤیه‌ته‌وه، که ئه‌و ململانێ و کێشانه‌ی نێوان خێزانی بۆرژوازی هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به به‌رژه‌وه‌ندی کرێکارانی ئه‌و ووڵاتانه‌وه نه‌بوو به‌ڵکو زیاتر بۆ به‌لاڕێدابردنی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی بوو.
له‌ڕووی مێژوویه‌وه شه‌ڕی سارد تا کۆتایی هاتنی به له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤێتی جاران کاریگه‌ری له باری سیاسی و تیۆری یه‌وه هه‌بوو چونکه مێژوو قه‌رزاری ئه‌و ماوه‌یه بوو که خۆسه‌پاندنی مۆدێلی سۆڤێتی به‌ناوی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمه‌وه نیو سه‌ده زیاتر بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری و جه‌ماوه‌ریان له کۆمۆنیزم دوورخسته‌وه.
بڵێ ی میژوو قۆناغه‌کانی سروشتی خۆی تێپه‌ڕاندبێت و تیۆره‌کانی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و قوتابخانه‌کانی فیکریی مێژوویی مرۆڤ به‌ره‌و پێش چووبێت و گه‌ڕانه‌وه بۆ فیکری مارکسیزم وه‌ک فه‌لسه‌فه و فیکر و ئایدیۆلۆژیا به‌های مێژووی خۆی له‌ده‌ست دابێت وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارانی بۆرژوازی ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن.
هه‌رچه‌نده بوونی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات له میانه‌ی بوونی ناکۆکی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌ستی پاوانخوازی ئه‌مه‌ریکاو ڕۆژئاوای تاڕاده‌یه‌ک وه‌ستاندبوو، به‌ڵام پاش شکستهێنانی سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌تی له‌به‌رده‌م سه‌رمایه‌ی تایبه‌تی ڕۆژئاوادا بووه هۆی ئاوه‌ڵایی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی تاک ڕه‌وی ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی له‌ژێر ناوی دیموکراسی و بازاڕی بازرگانی ئازاد دا گۆماوی خوێن زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه‌ی گرته‌وه و بژێویی کرێکاران که‌وتۆته مه‌ترسیه‌وه.
که‌ڵه‌که و له‌سه‌رنانی سامان و پاره‌یه‌کی زۆری سه‌ر سووڕهێنه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی بردنه‌وه‌ی قازانج و ده‌سکه‌وتی به‌ده‌ستهاتووی سه‌رمایه له‌سه‌ر ئاستی ئابووری و بازرگانی کۆمپانیا زلهێزه‌کانی ئه‌م جیهانه ژیانی ملیۆنان مرۆڤی خستۆته به‌ر مه‌ترسی مه‌رگ و برسێتی و هه‌ژاری و کوێرهوهریهوه، قۆرخکردنی هه‌موو سه‌رچاوه ژیاریی و زیندووه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاکان، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی گشت بازاڕه‌کانی پێوستییه هه‌نوکه‌ییه‌کانی دانیشتوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی زیاتری سه‌رمایه‌داران و مانه‌وه‌ی به‌شی زۆری خه‌ڵکی له‌بارێکی ناهه‌مواری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌ڵامێکی حه‌تمی یه به لابردن و نه‌مانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری. ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌داران له ووڵاتانی پێشکه‌وتووی ئابووریدا ڕۆژ له دوای ڕۆژ ده‌وڵه‌مه‌ندتر و چینی هه‌ژار و کرێکاریشیان به شێوازی تر له پێدانی ئیمتیازێکی که‌م و به‌رتیل و بێهۆشکردنیان به جۆره‌ها فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی به‌رنامه بۆ داڕێژراو له خشته‌بردووه.
گه‌ر به‌راوردێک له نێوان قازانج و ده‌سکه‌وتی سه‌رمایه‌داران و باروگوزه‌رانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی ووڵاتاندا بکه‌ین ئه‌و ڕاستی یه به ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێ که سه‌رمایه‌ی به‌ده‌ست هاتووی کۆمپانیا و کارگه‌و دامه‌زراوه‌کانی سه‌رمایه‌داری ڕێژه‌یه‌کی زۆر خه‌یاڵی یه له قازانج به به‌راورد به کرێ و دۆخی کرێکاران له ژیانی مه‌مره‌و مهژیاندا.
ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌دارانی جیهان بۆ بردنه‌وه‌ی قازانجی زیاتر هه‌موو سنووره‌کانیان تێپه‌ڕاندووه سه‌ره‌ڕای کێبڕکێ ی نا مرۆڤانه‌ی نێوانیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زیاتری بازاڕ و گرێبه‌سته ئابووری و بازرگانیه‌کانیان جیهانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌شکردووه و هه‌ر یه‌که‌یان به‌پێ ی توانا‌و خستنه کاری سه‌رمایه‌کانیان و قۆرخکردنی بازاڕه‌کان خه‌ریکی که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ن و خه‌ڵکی کرێکار و به‌شمه‌ینه‌تیش له کوێره‌وه‌ری و گرانی که‌ل وپه‌ل و دانی باج و هه‌ژاری زێتردان و سه‌رمایه‌داران به‌پێ ی کارامه‌یی و دانی کرێ ی جیاواز کرێکارانیشیان دابه‌شکردووه بۆ ڕێگرتن له گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه کرێکاریه‌کان.
له سه‌رتاسه‌ری ووڵاتانی دنیادا ناڕه‌زایی و توڕه‌یی به‌رامبه‌ر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری هه‌یه، کرێکاران و هه‌ژارانی دنیا بێبه‌شن له‌و هه‌موو پێشکه‌وتنه‌ی له گشت بواره‌کانی ئابووری و زانستی و ته‌کنه‌لۆژیدا که ڕوویداوه و خۆشی و قازانجی ته‌نیا
بۆ بۆرژوازی و خاوه‌ن سه‌رمایه‌کانه، هه‌ر ئه‌مه‌شه به جیا له بوونی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌ک هه‌میشه کرێکاران هه‌وڵ و تێکۆشانی چینایه‌تی خۆیان یه‌کده‌خه‌ن و به ڕووی ئه‌و هه‌موو بێمافی و نابه‌رابه‌ریه‌دا ده‌وه‌ستنه‌وه و ته‌وژمی ئاگری شۆڕش له‌ناخیاندا له قوڵپهدایه.
به‌ڵام کاتێک بۆرژوازی به‌رنامه داڕێژی ده‌کات بۆ چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتر و پێشێلکردنی مافی ئینسانه‌کان له دانی کرێی که‌م و دابیننه‌کردنی گوزه‌رانیاندا، ئیتر کرێکارانیش به ئه‌رکی مێژووی خۆیان هه‌ڵده‌ستن و ڕووداوه‌کانی دنیا ڕاستی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن ده‌بێت به به‌رنامه‌ی چینایه‌تی خۆیانه‌وه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به که‌موکوڕیه‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌لته‌رناتیڤی خۆیان بخه‌نه کار و ده‌ست به چه‌کی چینایه‌تی خۆیانه‌وه بگرن که ئایدیۆلۆژیا و فیکری مارکسیزمه، کۆمۆنیزم بکه‌نه ڕێبازی ڕزگاربوونی سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی مرۆڤایه‌تی به ده‌ست سه‌رمایه‌داریه‌وه تووشی هاتووه و وه‌ڵامی ناته‌واویه‌کانی ئه‌م سیسته‌مه‌ش به‌دامه‌زراندنی ڕژێمێکی پێشکه‌وتوو و مرۆڤدۆسانه که سۆسیالیزمه بده‌نه‌وه.
تایبه‌تمه‌ندی بوونی یاساکانی ئابووری و سیاسی سه‌رمایه‌داری له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی مرۆڤدا نایه‌ته‌وه و گه‌شه‌ی سه‌رمایه‌و هه‌ڵپه‌ی داگیرکردن و شهڕوشهڕخوازی له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووری و سیاسیه‌کانیدا پێچه‌وانه‌ی یه‌کتر ده‌وه‌ستنه‌وه و ئه‌وه‌نده گه‌شه و باڵاکردنی سه‌رمایه‌داری له چوارچێوه‌ی چینایه‌تی خۆی ده‌رده‌چێت و پایه‌کانی دامه‌زراندنی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و بۆ درێژ مانه‌وه‌ی ده‌بێ په‌نا بۆ داگیرکاری و کوشتارگای مرۆڤه‌کان ببات و سیمای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌ربخات که هه‌رچی بۆی بلوێ و بۆی بکرێت له کاری نامرۆڤانه درێخی ناکات له جێبه‌جێکردنیدا، ئیتر ئه‌مه مانای له‌ده‌ستدانی نرخ و به‌های کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیه‌تی که ناتوانێت وه‌ک سیسته‌مێکی پێشکه‌وتوو و گونجاو و خزمه‌تگوزار و له‌بار بۆ مرۆڤایه‌تی درێژه به ژیانی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی خۆی بدات، واته به مانایه‌کی تر ئه‌م سیسته‌مه حه‌تمی نی یه و ڕێگه‌یه‌کی تر نی یه بۆ گونجاندنی هێزی به‌رهه‌مهێنه‌ر و که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه پێکه‌وه ، واته دامه‌زراندنی دنیایه‌کی بێ چه‌وسانه‌وه له گره‌وی ڕوخان و له ناوچوونی ئه‌م سیسته‌مه گه‌نده‌ڵ و کۆنه‌په‌رست و دڕندهیهدایه.
فێبروه‌ری 2008