Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
چوار حیزبه‌كه‌، كۆتایی زه‌واجێكی كاتی

چوار حیزبه‌كه‌، كۆتایی زه‌واجێكی كاتی

Closed
by September 29, 2009 گشتی

سه‌ره‌نجامی یه‌ك لستییه‌كی چوار حیزبه‌كه‌، به‌ مالئاوایی كردن له‌یه‌كتر ته‌واو بوو. ئێستا هه‌ر یه‌كێك له‌و حیزبانه‌ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شه‌ ده‌ستكه‌وتی خۆی هه‌ڵبگرێت‌و بیبات، هه‌گبه‌ی خۆی بكاته‌ شان‌و ده‌سكه‌وته‌كانی خۆی بیارێزێت. 
ئامانجی چوار حیزبه‌كه‌، ته‌نیا دروستكردنی لسیتێكی هاوبه‌ش نه‌بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان، به‌ڵكو زۆر پێش ئه‌وه‌ له‌ راگه‌یاندنێكی هاوبه‌شدا، كۆمه‌ڵێك بۆچوونیان خسته‌ روو كه‌وه‌ك به‌رئه‌نجامێكی ئه‌و كاره‌ لیست هاوبه‌شه‌كه‌ی ناسراو به‌ لیستی چاكسازی‌و خزمه‌تگوزاری لێهاته‌ به‌رهه‌م. كه‌واته‌ چوار حزبه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ په‌رله‌مان نه‌بوونه‌ دۆستی یه‌كتر، به‌ڵكو چه‌ند فاكتێك ئه‌وانی كرده‌ هاوماڵی یه‌كتر، كه‌ ئه‌م فاكتانه‌ له‌ یه‌كێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تریان جیاوازه‌.
ئه‌وه‌نده‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئیسلامییه‌كان، به‌تایبه‌ت یه‌كگرتوو، رووكردنه‌ حزبه‌كانی تر، له‌وانه‌ زه‌حمه‌تكێشان‌و حسك بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ دوو ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان‌و به‌ دوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان بده‌ن. له‌ده‌روازه‌ی یه‌كه‌م دا، بۆ ئیسلامییه‌كان گرنگ بوو له‌و دۆخه‌ سیاسییه‌ تایبه‌تییه‌ی كوردستاندا ، خۆیان له‌ به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی ئاشكرای به‌ره‌یه‌ك كه‌ ئه‌وان پێی ده‌ڵێن “به‌ره‌ی ئیسلامی_عه‌لمانی”، بپارێزن. هه‌رچۆنێك بێت ئیسلامییه‌كان پێیان وابوو كه‌ به‌دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك له‌ ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ چه‌ند حزبێكی تری ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئیسلامی سیاسی خۆیان ده‌بنه‌ سه‌به‌ته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌گشتی‌و له‌م رێگایه‌یشه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتی‌و پارتی هه‌یه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، بۆ ئه‌م به‌ره‌ ئیسلامییه‌ كارێكی زۆر گه‌وره‌ بوو كه‌ به‌بردنی دوو حزب له‌ هاوپه‌یمانێتی یه‌كێتی‌و پارتی، پێیان بڵێت كه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری بخاته‌ سه‌ر هاوپه‌یمانێتی ئه‌وانیش‌و ده‌ست وه‌ربداته‌ ستراتیژیه‌كه‌یان.
به‌ڵام، مه‌سه‌له‌كه‌ بۆ حزبه‌كانی تر، ئه‌وانه‌ی كه‌ هێشتا شوناسێكی دیاریكراویان نییه‌‌و له‌بێشوناسیدا به‌ عه‌لمانی ناسراون، بابه‌ته‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌ گۆشه‌یه‌كی تره‌وه‌یه‌. بۆ ئه‌و دوو حزبه‌ وا پێویستی ده‌كرد كه‌ له‌پاڵا هاوپه‌یمانێتییه‌كدا بن چونكه‌ به‌بێ‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك ناتوانن وه‌ك “ته‌ره‌ف” به‌حساب بێن‌و ناتوانن هیچ به‌رهه‌مێكیان له‌ هه‌ڵبژادنه‌كاندا ده‌ست بكه‌وێت. سووربوونی ئه‌وان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی دوو هۆی هه‌یه‌. یه‌كه‌میان ئه‌م دوو حزبه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌و پارتییه‌وه‌ به‌جۆرێك له‌ ئیهمالكردن ئیهمالكرابوون، مه‌گه‌ر له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بخرانایه‌ته‌ ناو ناوه‌نه‌وه‌. دووه‌م خاڵیشیان، ئه‌مان كاتێك ده‌یانبینی كه‌ یه‌كێتی‌و پارتی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵا ئیسلامییه‌كان، به‌تایبه‌ت یه‌كگرتوو، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، له‌خۆیان ده‌پرسی كه‌ بۆ ئه‌مانیش ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌یان نه‌بێت.
هه‌ر چۆنێك بێت، ئه‌نجامی لێكدانه‌وه‌یه‌كی وا، به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شی به‌بۆن‌و به‌رامه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی لێكه‌وته‌وه‌‌و ئه‌و به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌یش زه‌مینه‌ی بۆ لیستێكی هاوبه‌ش خۆشكرد. كه‌واته‌ خودی لیسته‌كه‌، ئه‌مانجی سه‌ره‌كی نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ته‌نیا به‌رهه‌مێك بووه‌ له‌به‌رهه‌مه‌كانی لێكدانه‌وه‌یه‌كی له‌پێشتر، كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان به‌ هه‌ردوو ته‌ره‌فه‌كه‌ی كرد.
به‌ڵام كاتێك كه‌ هه‌ڵبژاردن ته‌واو ده‌بێت‌و لیستی چوار حیزبه‌كه‌ رێژه‌یه‌كی دیاریكراو به‌ده‌ستده‌هێنن، هه‌ر یه‌كه‌و سه‌هێمێك له‌ده‌سته‌كه‌وته‌كان ده‌بات، ئیتر وه‌ك بڵێی پرسیار له‌سه‌ر به‌رده‌وامی‌و درێژه‌دان به‌و هاوپه‌یمانییه‌ دروست ده‌بێت كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بووه‌.
لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ بۆ خاڵێكی تر بكه‌ین. ده‌ركه‌وتنی لیستی گۆڕان، به‌تایبه‌ت كه‌ جدییه‌تێكی به‌رچاوتری له‌ ئۆپۆزسیۆن له‌چاو چوارحزبه‌كه‌ پیشاندا‌و كه‌متر ئاماده‌یی بۆ سازش هه‌بوو، زه‌مینه‌ی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و چوار حزبه‌ی وه‌ك هێزێكی كارای ئۆیۆزسیۆن كه‌متر كرده‌وه‌‌و، شه‌رعیه‌تی نوێنه‌رایه‌تی ناڕه‌زایه‌تی لێسه‌ندنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی خودی ئه‌و چوار حزبه‌ له‌سه‌رووبه‌ندی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و به‌تایبه‌ت له‌سه‌روبه‌ندی بابه‌تی ره‌دكردنه‌وه‌ی ده‌ستور، هه‌ڵوێستێكی زۆر نزم بوو، به‌گشتیش هه‌ڵوێستێكی وا له‌رای گشتیدا وه‌ك وه‌ك سازشێكی ناشیرینانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی حزبی له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك سه‌یر ده‌كرا. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ده‌ستهێنانی 13 كورسی له‌ په‌رله‌مان ناتوانێت تموحه‌كانی ئه‌وان به‌دیبهێنێت.
به‌ده‌ر له‌ ئیسلامییه‌كانیش، دوو حزبه‌كه‌ی تری ناو چوار لیسته‌كه‌، كه‌ هه‌رگیز ناتوانن پشت به‌خۆیان ببه‌ستن‌و ده‌بێت هه‌میشه‌ ده‌ستیان بگیرێت، كاتێك له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌و پارتییه‌وه‌ داوایان لێده‌كرێت به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن، یان به‌واتایه‌كی تر كاتێك یه‌كێتی‌و پارتی ده‌یانه‌وێت ئه‌م دوو حزبه‌ له‌سنوری ئۆپۆزیسۆن ده‌ربكێشن، زه‌حمه‌تكێشان‌و حسك ئه‌مه‌ به‌لالێكردنه‌وه‌ ده‌زانن‌و نایانه‌وێت هه‌روا به‌ ئاسانی له‌ده‌ستی بده‌ن، رێك له‌بیریان ده‌چێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تا دوێنێ‌ خۆیان به‌ قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی ئۆپۆزسیۆن ده‌زانی.
له‌دۆخێكی له‌وجۆره‌، ده‌توانین پرۆسه‌ی لێكنزیك بوونه‌وه‌ی چوار حزبه‌كه‌، له‌كاتی ده‌ركردنی به‌یاننامه‌كه‌یانه‌وه‌ تا دروستكردنی لیستی هاوبه‌ش‌و تا ئه‌مڕۆیش كه‌ ماڵئاوایی له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌ پرۆسه‌ی زه‌واجێكی سیاسی كاتی ناو به‌رین. وه‌ك بڵێیت ئێستایش كات‌و ساتی كۆتایی زه‌واجه‌كه‌ هاتبێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.