
زه‌مه‌نی هه‌تیووان
dmasifi289@yahoo.ca
با جوانییه‌کانی ئه‌و نوسینه به لاڤین پێشکه‌ش بێت[ ئیتر با دووباره پاڵ بکه‌وم.
من نه‌خشه‌کێش نیم، به‌ڵکو که‌سێکم له به‌رد.
لێره له جووله که‌وتووم و له که‌لێنی به‌ردێک دا گیر بوویم، ئه‌وه‌ی له ده‌ستم بێت ته‌نها رامانه له هێڵی ئه‌و دوکه‌ڵه‌ی که به‌ره‌و ئاسۆ ده‌کشێت. من له هێڵه زیوینه‌که‌ی ئه‌و دوکه‌ڵه ناسکترم. بۆیه ناتوانم لێره وه‌ک منداڵێکی گۆشکراوی نێو ئه‌و شاخانه له‌سه‌ر عه‌رشی به‌ردینی خۆم دابنیشم - بڕوانه ئه‌و شاخه چه‌ند شێوه‌ی له عه‌رشێکی ئارام ده‌چێت؟- که له نێوی دا من ده‌مێک ده‌بم به منداڵه‌که‌ی جاران و ده‌مێکی دیکه پیره پیاوم و زه‌مه‌ن خۆی بۆم جڵه‌و ده‌کات تا بمگهڕێێنێتهوه رابردوو. له‌رزۆکم، پێیه‌کانم به‌سه‌ر زه‌مینێکی پته‌و دا وه‌ستاون که به جۆرێک ده‌خولێته‌وه و هه‌رگیز باکی نییه ئێمه چه‌ند دهجوولێین، چۆن و تا کوێ سۆز و په‌یمانه‌کانمان به جێدهگهیێنین، حه‌ز ده‌که‌ین تا چ مه‌سافه‌یه‌ک هه‌نگاو بنێین ئنیجا بمرین. زه‌مین له ژێر پێیه‌کانمان هه‌ر رۆژه و جارێک به ده‌وری خۆی دا ده‌خولێته‌وه، له ساڵێکیش یه‌ک که‌ڕه‌ت به ده‌وری خۆر. که‌چی ئێمه هه‌ر ئه‌وانه‌ی جارانین به سه‌ر ئه‌و دا، به سه‌ر مێژوو و مردووانمان. من جارێک مارشم بۆ شا کرد و جارێکیش بۆ کوردان، که‌ره‌تێک له‌گه‌ڵ تۆ و که‌ره‌تێکی دیکه به ته‌نیا له‌گه‌ڵ نه‌غمه‌ی بولبولانی نێو په‌نجه‌کانم، به‌ڵام من هه‌ر ئه‌و ههتیووهم که زه‌مین به خولانه‌وه هێواشه‌که‌ی له دوای خۆی جێهێشتووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی من هه‌نگاوه‌کانم لێره و له‌وێ جێهێشتوون، ئێستاکه ده‌بێت دابنیشم. له سه‌ر ئه‌و عه‌رشه به‌ردینه بگیرسێمه‌وه، له که‌لێنی ئه‌و شاخانه دابنیشم و له ئاسۆ بڕوانم. بمێنمه‌وه بۆ ڕامان، دوکه‌ڵێک به با بکه‌م و شتێک بدرکێنم و ئینجا بمرم، دواجار دڵسۆز بمێنمه‌وه بۆ شه‌ماڵی وڵاته کپ و بێده‌نگه‌که‌م. ]
ئه‌وه‌ی نێو که‌وانه دوا په‌ره‌گراف و کۆتاییه له رۆمانی زه‌مه‌نی هه‌تیووان له نوسینی لاله خه‌دیوی*. ئه‌و وشانه نزا و ده‌رده دڵی ره‌زا په‌ژمان خوردیین کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی رۆمانه‌که که له پیری دا دوای کۆڵیک له په‌ژیوانی وخه‌فه‌ت ده‌چێته تاقی بوستانی کهرمانشان و بۆ دار و به‌رد و هه‌وا قسه ده‌کات. ره‌زا دوایی ئه‌وه‌ی به منداڵی ده‌خرێته به‌رده‌م کۆمێک له رووداو و به‌سه‌رهاتی ناجۆر، له گه‌وره بوون دا که‌سێکی وێڵ وناسنامه له‌ت بووی له دروست ده‌بێت. نازانێت چۆن له‌نگه‌ر بگرێت له نێوان کورد بوون و سۆز بۆ زێدی باو و باپیران یان مانه‌وه له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانی ده‌روون و ئێرانی بوون دا.
دیاره ئه‌و رۆمانه‌ی لاله له به‌رجه‌سته کردنی پاڵه‌وانێکی وه‌ک ره‌زا په‌ژمان خوردی و نوسینێکی پڕ له سومبول و جوانی ده‌چێته نێو قوڵاییه‌کانی پرس و گرفته‌کانی کورد؛ زۆر به جورئه‌ته‌وه بۆچوونه‌کانی ده‌خاته سه‌ر کاغه‌ز و په‌رده له سه‌ر گرفت و شتگه‌لێکی دیکه لا ده‌دات که نه‌زانراو و نادیارن.
رۆمانی زه‌مه‌نی هه‌تیووان کتێبێکی قه‌واره 293 لاپه‌ڕه‌ییه و له‌و پێنج په‌رتوکانه‌ی خواره‌وه‌وه پێکهاتووه:
په‌رتوکی یه‌که‌م – خوارووی شاخه‌کانی زاگرۆس
کوردستان 1921
په‌رتوکی دووه‌م – مه‌ته‌رێزه‌کانی نه‌هاوه‌ند و نێو شاری سه‌قز 1929
په‌رتوکی سێیه‌م – تاران، ئێران 1938
په‌رتوکی چواره‌م – کهرمهنشان، ئێران
1949 بۆ 1969
په‌رتوکی پێنجه‌م – نزای خوردی پیره پیاو
تاقی بوستان 1979
حیکایه‌توان له‌و رۆمانه جوانه‌ی لاله به پێی رووداو و پێشهاته‌کان له که‌سێکه‌وه ده‌گۆڕدرێت بۆ که‌سێکی دیکه، ئه‌وه‌ش جۆره ته‌کنیکێکه که هه‌م نوسه‌ر ده‌باته به‌رده‌م ئه‌زموونێکی قورس له نوسینی رۆمان، هه‌م رامان و هه‌ڵوه‌سته و ره‌نگ بارینێکی زۆر ده‌خاته به‌ر چاوی خوێنه‌ر.
سه‌ره‌تای ئه‌و رۆمانه‌که به‌وه ده‌ست پێده‌کات که پاڵه‌وانی رۆمانه‌که منداڵێکی کوڕی پڕ له خه‌ون و سۆزه له نێوان ده‌ره‌وه که ڕوانینه له ئاسۆ و فڕینی باڵندان، و ژووره‌وه که بریتی یه له ماڵ و باوه‌ش و سۆزی گه‌رمی دایک. دواتر وه‌ک مێرمنداڵێک به پانۆراماییهکی پڕ له داب و نه‌ریتی کورده‌واری بۆ ئه‌شکه‌وتێکی نێو شاخه‌کانی زاگرۆس ده‌بردرێت و خه‌ته‌نه ده‌کرێت، ئیتر ژیانی ساده و ساکاری به ته‌واوی ده‌گۆڕدرێت. له نێو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا به ئاگرکردنه‌وه و ڕامان له‌و وێنه کۆنانه‌ی که سه‌ر به‌رده‌کان دا نهخشێنروان، بیری به جۆرێک گۆش ده‌کرێت که ببێت به پاڵه‌وانێکی کورد، که‌سێکی خۆڕاگر و به‌هێز.
به وه‌سفکردنی منداڵه‌که و باوک و دایک و مام و ئامۆزاکان، هه‌روه‌ها ئه‌و که‌ش و که‌تواره‌ی بناری شاخه‌کانی زاگرۆس، لاله خه‌دیوی دونیایه‌کی پڕ له سومبول بونیاد ده‌نێت و خوێنه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ده‌خاته نێو سیحرێکی قووڵ و گه‌وره‌وه. دواتر به زرنگترین شێواز که‌لتور و میژوو و ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد له ده‌ورانی ره‌زا شا، شۆڕشی سمکۆ، کۆماری مه‌هاباد، و رووداوه‌کانی دواتر ده‌گێڕێته‌وه. له ده‌روازه‌یه‌کی دیکه‌شه‌وه به به‌رجه‌سته‌کردنی پاڵه‌وانی رۆمانه‌که، لاله هه‌وڵی داوه که‌سییه‌تی کورد بخاته ژێر لێکۆڵینه‌وه و ده‌رئه‌نجامی سه‌رکه‌وتن و شکستییه‌کانی بخاته روو.
پاڵه‌وان له ته‌واوی به‌شه‌کانی سه‌ره‌تا به کوڕه‌که ناوزه‌د کراوه. ئه‌و له نێو ئه‌شکه‌وته‌که به بینینی ئه‌و نیگاره کۆنانه‌ی شه‌ڕ و سه‌رکه‌وتنه‌کانی باو و باپیران، بیر و هۆشی ته‌واو به خۆشه‌ویستی هۆز و نه‌ته‌وه و خاک په‌روه‌رده ده‌بێت. باب و مام و ئامۆزاکان به درێژایی شه‌وانی مانه‌وه له نێو شاخه‌کان حیکایه‌ت و به‌سه‌رهاته‌کان به ئاخاوتن و گۆرانی ده‌گێڕینه‌وه، به‌ڵام کوڕه‌که هێشتا ئه‌و گۆڕانه له ناکاوه‌ی ژیانی ئه‌سته‌م بۆ هه‌رس ده‌بێت و هه‌ست ده‌کات باوه‌شی دایک له هه‌موو ئه‌و شوێنانه شیرینتره که له‌گه‌ڵ ئه‌وان دا بۆ ده‌چێت.
دوای ئه‌وه‌ی کوڕه‌که له‌گه‌ڵ باب و مام و ئامۆزاکان له ئه‌شکه‌وته‌که به سواری هه‌سپ ده‌هێنرێته‌وه نێو ئاواییه‌که، و وه‌ک که‌سێکی هه‌راش ره‌فتاری له‌گه‌ڵ دا ده‌کرێت. دایک پێیده‌ڵێت که‌وا ئه‌و له‌مه‌ودوا مه‌ردێکی کورده و ده‌بێت پارێزه‌ی خاک و دایک و خوشکه‌کانی بێت. له‌و ده‌مه‌دا ده‌نگ و باسی گه‌مارۆدان و جووله‌ی سه‌ربازه‌کانی ره‌زا شا ده‌گاته ئاواییه‌که، ئه‌وه باب و مام و ئامۆزاکان ده‌خاته نیگه‌رانییه‌کی گه‌وره‌وه. شه‌و به‌ر له‌وه‌ی دوژمن ده‌ستی بوه‌شێنێت، ئه‌وان هێرش ده‌به‌نه سه‌ر مۆڵگه‌ی سه‌ربازه‌کان. بۆ ئه‌و شه‌ڕه کوڕه‌که‌ش له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن هه‌تا له ته‌ک باوکی دا وه‌ک قاره‌مانێک بجه‌نگێت.
له‌یلا خه‌دیوی به وشه ئه‌و دیمه‌نانه‌ی به جوانترین شێوه وێنا کردووه و خوێنه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م رووداوێکی زۆر زیندوو و راسته‌قینه که هه‌ست بکرێت وه‌سف و سومبول و گیڕانهوهکان باشترین سه‌کۆن بۆ دروست بوونی رووداوه‌کانی دواتر و قه‌ده‌ری پاڵه‌وانه‌که.
باب و مام و ئامۆزاکان دوایی شه‌ڕێکی خوێناوی بۆ به‌رگری کردن له خاک به‌رامبه‌ر له‌شکری ره‌زا شا ده‌به‌زن و قه‌تل و عام ده‌کرێن. کوڕه‌که دوایی ئه‌وه‌ی باوکی له حاڵه‌تی پاڕانه‌وه ده‌بینێت کاتێک به سه‌ربازه‌که‌ی ئه‌سیری کردووه ده‌ڵێت که‌وا نه‌یکوژێت، تووشی شکستێکی رۆحی گه‌وره دێت. ئه‌وه‌ش به جۆرێکی سه‌یر کار له که‌سییه‌تی ده‌کات و وه‌های لێده‌کات که گومانی له گشت وێنه و حیکایه‌ت و گۆرانییه‌کانی باب و مام و ئامۆزاکان بێت.
ئه‌و سیناریۆیه که‌وتۆته دوا په‌ره‌گرافی لاپه‌ڕه 66 کاتێک کوڕه‌که به ده‌نگێکی کپه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه باوکی ده‌دوێنێت.
[ باوکه! باوکه! بۆچی ده‌پاڕێیته‌وه؟ باوكه، هه‌ڵسته سه‌رپێ! هه‌ڵسته! هه‌ڵسته! هه‌ڵسته هه‌تا ئێمه‌ش وێنه‌کانمان له به‌ردی نێو ئه‌شکه‌وته‌که بنه‌خشێنرێن، باوک له دوایی کوڕ، کورد له دوایی کورد . . . . . . ]
کوڕه‌که ئه‌سیر ده‌کرێت و له ئۆردوی سه‌ربازان ده‌بردرێته به‌رده‌م سه‌رهه‌نگێک بۆ لێکۆڵینه‌وه و مێشک شۆرینه‌وه. له‌و کاته ئه‌و مێرمنداڵێکی ته‌مه‌ن یازده- دوازده ساڵانی جوان و چاو سه‌وزه که له نۆستالژیا بۆ خاک و دایک، سه‌رکه‌وتنه‌کان و نیگاره‌کانی سه‌ر به‌رده‌کانی نێو ئه‌شکه‌وته‌که، و تێکشکانێکی له ناکاوی باب و مام و ئامۆزاکان چیدیکه‌ی نییه بۆ وه‌ڵام.
لێره به‌دواوه ئه‌و کوڕه کورده‌که‌ی جاران نییه به‌ڵکو سه‌ربازێکی وه‌فاداره له خزمه‌ت شای ئه‌عزه‌م و ناوی ره‌زا په‌ژمان خوردی پێدراوه. له ئۆردوگاکه سه‌ربازه شارنیشنهکان به پلار و ئاخاوتنه سارده‌کانیان هه‌رده‌م ده‌روونی ره‌زا ئازار ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیمه‌نی تێکشکانی باب و مام و ئامۆزاکان له نێو دڵ و ده‌روونی گرێیه‌کی گه‌وره و قووڵتره، ره‌زا زوو ته‌سلیم به خواستی سه‌رکرده و سوپاسالاره‌کانی شا ده‌بێت و له جیاتی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و جێهێشتنی ئۆردوگاکه. دواتر ده‌بێته دڕنده‌یه‌کی وه‌ها که بۆ چاکه و ئافه‌رینێکی ئه‌وان ئه‌وه‌ی خراپه‌کارییه دژ خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌یکات و ئه‌نجامی ده‌دات.
سه‌ره‌تای ئه‌و ڕاهاتنه له نامه‌ی حیکایهتوانێک به ناوی جه‌مشید باسی لێوه ده‌کرێت که له نامه‌یه‌ک دا بۆ دایکی وه‌ها وه‌سفی ره‌زای کردووه.
[ کوڕێکی عه‌شایری کورد هه‌یه که دوو قه‌ره‌وێله له دووری منه‌وه ده‌خه‌وێت و فارسییه‌که‌ی باشه. له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه لای سه‌رکرده‌کان بووه به خۆشه‌ویستترین که‌س و به‌ر هه‌مووان تفه‌نگیان پێدراوه. به‌ڵام لێره هه‌موو به خائین ناوی ده‌به‌ن. ]له په‌رتوکی دووه‌م کاتێک له‌شکر خه‌ریکه گه‌مارۆی شاری سه‌قز بدات و شه‌ڕڤانه‌کانی سمکۆ شکست پێبهێنێت، ره‌زا ئاخاوتنه‌کانی جه‌مشید ده‌سه‌لمێنێت کاتێک له پرس و په‌رسڤی سه‌کرده‌کانی له‌شکر له لاپه‌ڕه 116 وه‌ها ده‌دوێت.
[ سه‌رباز!
به‌ڵێ ئاغا!
ئێمه گه‌یشتینه سه‌قز.
به‌ڵێ ئاغا!
بۆچی ئێمه هاتووین بۆ سه‌قز؟
بۆ ڕاگرتنی ئه‌و شه‌ڕانگێزییه به ناو و ده‌نگه‌ی هه‌ردوو جه‌رده‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی کورد سمکۆ و دێزڵی، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ داواکاری پڕ له کوفری سه‌ربه‌خۆیین. ئه‌و شته‌ی که میلله‌تی مه‌زنی ئێمه بێهێز ده‌کات! ڕیسوامان ده‌کات هه‌تا به سانایی داگیر بکرێین و هێرش بکرێته سه‌رمان!
ئافه‌رین، سه‌رباز. سبه‌ینێ هێرش ده‌ست پێده‌که‌ین. ]ره‌زا په‌ژمان خوردی له نێو شاری سه‌قز که‌سێکی تێکشکاو و دا‌غ له دڵه و به شێوه‌یه‌کی هێستیری ره‌فتار ده‌کات. سه‌ره‌تا سه‌ری ئه‌و منداڵه پان ده‌کاته‌وه که پێشتر به دایکی گوتبوو سه‌ربازێک له نێو له‌شکره‌که‌ی ره‌زا شا دایه رووی له هی ئه‌و ده‌چێت. لاله له زاری ئه‌و منداڵه که حیکایهتوانێکه به ناوی یه‌که‌مین روو به زمانێکی پڕ له سومبول جوانی تراژیدیای هه‌بوون و کاریگه‌ری خیانه‌ت ده‌گێڕێته‌وه. به‌و پێیه ره‌زا وه‌ک خیانه‌تکارێک هه‌رگیز ئاماده نییه گوێ له منداڵێک بگرێت که به‌وپه‌ڕی دڵ سافییهوه لێی هاتۆته پێش و داوی لێده‌کات هاوشێوه‌یی زمان و روو و ره‌گه‌زی خۆی بۆ بسه‌لمێنێت. هه‌وڵ ده‌دات و ده‌یه‌وێت بیگه‌ڕێنێته‌وه رابردوو و بیکاته کوڕه کورده‌که‌ی جاران.
به‌ڵام ره‌زا وه‌ها په‌روه‌رده و گۆشکراوه که زۆر به سانایی یه‌که‌م تاوانی بۆ خزمه‌تی شا ئه‌نجام بدات؛ سه‌ره‌تا پێکه‌وه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه سه‌ربازێک منداڵه‌که به‌ر شه‌ق ده‌ده‌ن. دوایی خۆی به پێی له پۆستاڵ ده‌یکوژێت و به‌ر له گیان دانی له سه‌ر و گوێی خوێناوی نزیک ده‌بێته‌وه و پێیده‌ڵێت.
[ سوپاس بۆ خوا که ئیتر رووت وه‌کو هی من نییه. ]
وه‌ک ئه‌وه‌ی رووی پێشووی منداڵه‌که رووی به‌زیو و دووباره‌ی خۆی و باب و مام و ئامۆزاکان بێت، بۆیه زۆر بێبهزییانه ده‌یسڕێته‌وه و ده‌یشێوێنێت.
دواتر له ره‌فتارێکی گه‌لێک به‌دکار و ناشیرین تر کچ و ژنێکی سه‌قز هه‌تک ده‌کات و ده‌یانکوژێت. گێڕانه‌وه و وه‌سفی ئه‌و دوو رووداوه وه‌ک تراژیدیایه‌کی زیندوو هه‌رگیز زه‌ینی خوێنه‌ر جێناهێڵن. لاله له‌و رۆمانه‌ی چه‌نده په‌رۆش بووه بۆ ده‌رخستی جوانییه شاراوه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی ره‌زا له بناره‌کانی چیایی زاگرۆس، ده ئه‌وه‌نده له ناوه‌راستی کتێبه‌که‌دا تاوان و خیانه‌ته‌کانی ره‌زای زه‌ق و گه‌وره نیشان داوه به‌ڵکو ببێت به وانه بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه. دیاره ئه‌وه‌ش هه‌م شتێک له زه‌ینی خوێنه‌رانی ده‌چێنێت، هه‌م باشترین ئاماده‌کاریشه بۆ په‌ژیوان کردنه‌وه‌ی ره‌زا و گه‌ڕانده‌نه‌وه‌ی بۆ رابردوو و زێدی باپیران.
له ناوه‌راستی کتێبه‌که دا و دوایی داگیرکردنی سه‌قز، تهلێگرافیک له لایه‌ن کاره‌کته‌رێک به ناوی کاپتن غولام عه‌لی ئه‌نساری بۆ ره‌زا شا ده‌نێردرێت. ئه‌نساری باس له سه‌رکه‌وتن ده‌کات و ره‌زا وه‌ک پاڵه‌وانێکی ئه‌و شه‌ڕه به‌و ده‌ناسێنێت. داوا ده‌کات که ره‌زا بۆ ڕاهێنانی زیاتر بگوازرێته‌وه بۆ تاران، هه‌روه‌ها هاوسه‌رێکی ئه‌و شاره‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه. دواتر به پله‌یه‌کی به‌رز ڕه‌وانه‌ی کهرمانشان بکرێت هه‌تا باشتر به شوناسی تازه‌ی ڕابگات، هه‌روه‌ها به گوڕتر له خزمه‌ت شای ئه‌عزه‌م دابێت بۆ سه‌رکوت و دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌ر جووڵه‌یه که بۆنی کورد و جوداخوازی لێبێت.
ره‌زا په‌ژمان خوردی پاڵه‌وانی زه‌مه‌نی هه‌تیووان له تاران یاده‌وه‌رییه‌کان دوای که‌وتوون، به‌ڵام ئه‌و له‌وپه‌ڕی کۆشش دایه بۆ گۆڕینی ئه‌و رووه‌ی که به هۆی کوشتنی منداڵه به ویستی بیگۆڕیت، سڕینه‌وه‌ی تارمایی ئه‌و دایک و خوشکانه له زه‌ینی ئه‌ویش به هه‌تککردنی کچ و ژنه‌که‌ی نێو شاری سه‌قز.
له تاران ئه‌و به نێو کوچه و کۆڵان و جاده‌کان دا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ست ده‌کات که‌سێکی دیکه‌یه له شار و سه‌رده‌مێکی دیکه دا. پاش ئه‌وه‌ی شه‌وانی درێژ هاتوچۆی ماڵی سۆزانییه‌کانی ئه‌و شاره ده‌کات، دوای نیوه‌ڕۆی هه‌موو رۆژێکیش له چایخانه‌ی حاجی ئاغا له جاده‌ی عه‌بادان داده‌نیشێت. نزیک به‌و شوێنه ماڵی پیاوێکی رۆشن هه‌یه به ناوی ئیره‌ج عه‌بادی که خاوه‌ن تاکه کتێب‌فرۆشی یه که کتێبی بیانی بفرۆشێت. ره‌زا له‌گه‌ڵ مه‌رگی ئه‌و پیاوه کچی ماڵه‌که‌ی ده‌که‌وێته به‌ر دڵ که ناوی مینایه و له ماوه‌یه‌کی کورت ده‌یخوازێت.
له‌و به‌شه‌ی تاران لاله به زمانێکی دیکه وه‌سفی شوێن و رووداوه‌کان ده‌کات، بۆ نموونه زۆر زیندوو و پڕ له وورده‌کاری شه‌وانی راموسان و پێکه‌وه‌بوونی ره‌زا و مینا ده‌گێڕێته‌وه. زمانی نوسین هیچ په‌رده و شه‌رمێکی نه‌کردۆته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م کاری گێڕانه‌وه دا، وه‌ک ئه‌وه‌یه که خوێنه‌ر به گشت هه‌سته‌کانی ئه‌و رووداوانه بخوێنێته‌وه و چێژیان لێ وه‌ربگرێت.
دوایی ئه‌وه ره‌زا و مینا به سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌ره‌و کهرمانشان به‌ڕێده‌که‌ون و شار به شار له ئێرانی ره‌زا شا راده‌مێنن. به‌ڵام له یه‌که‌م ساته‌کانی گه‌یشتن دا مینا ماڵه‌که‌ی کهرمانشان وه‌ک ئه‌وه‌ی تاران نابینێت وهه‌وڵ ده‌دات به هه‌مان شه‌مه‌نده‌فه‌ر بگه‌ڕێته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌وه سه‌ربازێکی زۆر له ژێر فه‌رمانده‌ی شووه کورده‌که‌ی وه‌ستاون و زۆر له‌و ئاماده‌تره بۆ رۆڵه تازه‌که‌ی پێی به‌خشراوه. رۆژانی دواتر ره‌زا به جاده و کۆڵانه‌کانی شار دا ده‌سوڕێته‌وه و فه‌رمان ده‌دات هه‌رچی وێنه و پۆسته‌ری کوردایه‌تی هه‌یه بیدڕێنن. لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نج و پیاوان ده‌کات و تۆمه‌تبارییان ده‌کات به پشتگیری کردنی کۆماری مه‌هاباد. لاله له دروست کردنی رووداوه‌کان دا هه‌تا خزمه‌ت به رۆڵی ره‌زا بکه‌ن، زرنگی و بیرتیژییهکی بێوێنه‌ی نیشان داوه. به‌وه خوێنه‌ر ده‌چێته نێو ناخی که‌سی تێکشکاو و خائین و گرێ کوێره‌کانی ده‌روونی ده‌بینێت و شیته‌ڵیان ده‌کات، هه‌روه‌ها لاله له چه‌ند شوێنێک دا په‌نجه ده‌خاته سه‌ر رۆڵی سه‌رکرده‌ی بیر ته‌سک و ناوچه‌گه‌ر له وه‌رگه‌ڕاندنی که‌سی خه‌باتکه‌ر بۆ گه‌له‌که‌ی بۆ که‌سی خائینی دژ به گه‌ل.
له‌گه‌ڵ رووخانی کۆماری مه‌هاباد و بینینی وێنه تراژیدییه‌کانی له سێداره دان، ره‌زا تۆزقاڵێک له خه‌ونی خیانه‌ت به ئاگا دێت و ده‌که‌وێته نێو خه‌م ونیگهرانییهکی گه‌وره‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای قه‌واره‌ی گه‌وره‌ی کاره‌ساته‌که، هه‌تا ده‌رنگ و پیربوون به ئاگای ناهێنێن و په‌ژیوانی یه‌کجاره‌کی پێناسهلمێنن. مینا دوای به‌خشین و گه‌وره‌کردنی شه‌ش منداڵ له پڕ کۆچ ده‌کات و ده‌مرێت. هۆشه‌نگ وحه‌مید گه‌نجن و له‌گه‌ڵ خوشک و براکانیان بێ دایک ده‌مێننه‌وه و قهدهرییان ئه‌وه ده‌بێت که وه‌ک کورد له کهرمهنشان گۆش و گه‌وره بکرێن، پشت له‌و دوو خاڵه بکه‌ن که بۆ لێکۆڵینه‌وه له مه‌رگی خوشکییان به‌رۆکی ره‌زاییان گرتبوو نه‌وه‌ک کوشتبیهتی.
دیاره ئه‌و کۆتاییه چۆن شکستی سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشه‌کان ده‌گێڕێته‌وه، به‌و پێیه‌ش رووخان و نه‌مانی که‌سی تێکشکاو و خائین ڕاده‌گه‌یه‌نێت. ره‌زا ده‌چێته تاقی بوستان دوایی ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانی به هه‌تیووی ده‌مێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئومێدێکی گه‌وره‌ی هه‌یه که ئه‌گه‌ر یه‌کێکیانیش بێت، ئه‌وا ده‌توانێت رۆڵێک بگێڕێت و تێیدا گوناهه‌کانی ئه‌و پاک بکاته‌وه.
دوا وشه بۆ زه‌مه‌نی هه‌تیووه‌کان بگوترێت ئه‌وه‌یه که ئه‌و رۆمانه سه‌ره‌رای ته‌کنیک، سیحری گێڕانه‌وه، و ئه‌و پانۆرامهیهی که ده‌یخاته ژێر چاوی خوێنه‌ر، یه‌که‌مین و تاکه ده‌قه که به ئینگلیزییه‌کی قووڵ و جوان نوسرابێت و زۆرترین جار ناوی کوردی تێدا دووباره و دووباره بوو ببێته‌وه.
زه‌مه‌نی هه‌تیووه‌کان رۆمانێکه که به سانایی زه‌ین و بیری خوێنه‌ر جێناهێڵێت.* لاله خه‌دیوی نوسه‌رێکی ئه‌مریکاییه و له ساڵی 1977 له ئه‌سفه‌هان له باوکێکی کورد و دایکێکی فارس هاتۆته دونیا. لاله پرۆفیسۆره له ئه‌ده‌بیات و ئه‌و رۆمانه‌ی یه‌که‌مین به‌رهه‌میه‌تی و خاوه‌ن خه‌ڵاتێکی به ناو و ده‌نگه.
له‌و نوسینه دا له‌وانه‌یه دوا ناوی لاله وه‌ک خۆی نه‌نوسرابێت، من دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه و گه‌لێک به‌دواچوون دا هه‌وڵی زۆرم دا ناوه‌که به پیته‌کانی کوردی یان فارسی ببینم که چۆن ده‌خوێنرێته‌وه، ته‌نها بۆ جارێک له ته‌ون و وێبه جیاوازه‌کان توانیم ناوه‌که به خه‌دیوی ببینم.
تێبینی: من له‌به‌ر به‌رده‌وام بوون له خوێندنه‌وه و گه‌لێک هۆکاری دیکه ناتوانم به‌رده‌وام کتێب بکڕم. بۆیه که کتێبکی تازه ده‌که‌وێته بازاڕه‌وه زوو داوا له په‌رتوکخانه ده‌که‌م بۆم بهێنن، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا له‌گه‌ل بینینی زه‌مه‌نی هه‌تیووان له ناخم دا جۆره هه‌ستێکی دیکه‌م هه‌بوو و پێم خۆش بوو ئه‌و کتێبه‌ی لاله بکڕم که نرخه‌که‌ی ته‌نها (24 $ ) ه؛ دواجار نه‌مکڕی و چاوه‌ڕوان بووم هه‌تا په‌رتوکخانه هێنای.
که‌چی دواتر ئه‌وه جگهرکۆشهکهم بوو یه‌ک په‌رداخ شه‌ربه‌تی به‌سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه دا ڕژاند که تێیدا ره‌زا په‌ژمان خوردی خه‌ریکی په‌ژیوان بوونه‌یه‌وه. بۆیه ده‌بێت کۆپییه‌کی تازه بۆ په‌رتوکخانه بکڕم و ئه‌وه‌ی به شه‌ربه‌ته‌که‌ش که هه‌ندێک له لاپه‌ڕه‌کانی زه‌رد و نارنجی بووین بۆ ئه‌لانه هه‌ڵبگرم تا گه‌وره ده‌بێت و ده‌یخوێنێته‌وه و تاوێکیش به‌و یادگاره پێده‌که‌نێت!