گفتووگۆ له‌گه‌ڵ ئیبراهیم مه‌لازاده
ئیبراهیم مه‌لازاده: له كۆمه‌ڵگای كوردستانیدا تا ئه‌مڕۆش به پاساوی هه‌مه‌جۆره‌وه تاوان ئه‌نجام ده‌درێت،
پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه به‌تۆبزیی له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستانه‌وه له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرا، له‌زۆر رهههندو گۆشه‌نیگاوه جێگه‌ی تێبینی وهه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی به‌كه‌مێك دیقه‌تدان له‌ناوه‌ڕۆك وهه‌ندێك بڕگه‌ی جه‌وهه‌ریی ناو ده‌ستووره‌كه مرۆڤ به‌قه‌ناعه‌تێك ده‌گات ئه‌م پڕۆژه ده‌ستووره هێنده‌ی مه‌رامێكی سیاسیی هه‌ردوو حزبی باڵاده‌ستی كوردستانی له‌پشته‌وه‌یه به‌چاره‌گی ئه‌وه سیما وره‌هه‌ندی ده‌ستووری هه‌رێمێكی وه‌ك كوردستانی پێوه دیار نییه,. به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌رچی پارتی ویه‌كێتی ویستیان له‌گه‌ڵ رۆژی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستووریش بخرێته به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌و بڕیاره نه‌بووه ئه‌مری واقیع وكۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن به‌هۆكاری ته‌كنیكی واده‌كه‌ی دواخست. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرسی ده‌ستوور هێشتا پرسێكی بنه‌ڕه‌تی وگرنگه بۆ خوێندنه‌وه‌و تاوتوێكردن وناسینی كه‌موكوڕییه‌كانی، ئێمه بۆ ئه‌مجاره ئه‌م پرسه ئاڵۆز‌و پڕ ناكۆكییه بكه‌ینه ته‌وه‌ره‌ی ئه‌م ژماره‌یه‌ی نێوه‌ند، كه ئاخۆ ده‌ستوور بۆ كام مه‌رامی سیاسیی نوسراوه‌ته‌وه؟ خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌م ده‌ستووره كامانه‌ن؟ یان چۆن ئیشكالییه‌تی هاودژیی ده‌ستووری هه‌رێم وده‌ستووری عێراق چاره ده‌كرێت؟، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانهوچهند پرسیارێكی هاوشێوه نوسه‌ر وڕۆشنبیر براهیم مه‌لازاده به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه.
ئاسۆ:له مادده‌ی (64)ده‌ستووردا هاتووه ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چوار ساڵه، له‌ڕۆژی سوێندخواردنی ده‌ستوورییه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ده‌كرێ بۆ ویلایه‌تی دووه‌میش هه‌ڵبژێردرێته‌وه، له‌رۆژی كارپێكردنی ئه‌م ده‌ستووره‌وه. به‌پێی ره‌شنووسی ده‌ستوور بارزانی ماوه‌ی ئه‌م چوارساڵه‌ی پێشووی سه‌رۆكایه‌تی بۆحیساب نه‌كراوه‌و ده‌توانێت ماوه‌ی " 8"ساڵی تر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات. ئه‌م مادده‌یه بۆته جێگای ره‌خنه‌و نیگه‌رانی له‌لای به‌شێك له‌سیاسه‌تمه‌داران ویاساناسان، پێیانوایه ئه‌م مادده‌یه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێكی سیاسیی داڕێژراوه ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌بڕگه‌و مادده‌كانی تر هه‌یانه ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها به‌سه‌رۆكی هه‌رێم دراوه. پێتانوایه ئه‌م مادده‌یه مه‌رامێكی سیاسیی له‌پشته‌وه‌یه وه‌ك به‌شێكیش له‌چاودێرانی سیاسیی هێمای بۆده‌كه‌ن كه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان وسه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی، ئێوه چ بۆچوونێكتان هه‌یه؟.
ئیبراهیم مه‌لازاده:په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی هه‌یمه‌نه‌وه دامه‌زراوه. هه‌یمه‌نه حه‌زێكی سروشتی مرۆڤه بۆ هێزداری به‌رامبه‌ر پێكهاته‌كانی دیكه. هه‌یمه‌نه كۆمه‌ڵێك جۆری هه‌ن، له‌وانه‌ش هه‌یمه‌نه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا، ههیهمهنهی خێڵێك به‌سه‌ر خێڵێكی دیكه‌دا، یا هه‌یمه‌نه‌ی حیزبێك به‌سه‌ر حیزبێكی دیكه‌دا. ته‌نانه‌ت چین و توێژه‌كانیش هه‌وڵی سه‌پاندنی هه‌یمه‌نه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. باوانهكانیش له‌ماڵه‌وه هه‌وڵی پاراستنی هه‌یمه‌نه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ماڵ و منداڵ و هاوسهرهكهیاندا ده‌ده‌ن. بۆیه هه‌یمه‌نه حه‌زێكه له مرۆڤ جیانابێته‌وه. یه‌كێك له باشیه هه‌ر گرنگه‌كانی سیستمی دیموكراسیه‌ت، ڕێكخستنی ئه‌و هه‌یمه‌نه‌یه و دهرهێنانیهتی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له‌ده‌ست هه‌یمه‌نه‌ی غهریزهدار كه مرۆڤه، بۆ هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌قڵ كه یاسا و ده‌ستور و دهقهكانن. به‌ڵام لێره‌دا توشی ئیشكالیه‌تێك ده‌بین. له قۆناغی گواستنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌ت و میلله‌تێكدا خێڵێك یا خێزانێك یا حیزبێك ده‌سته‌ڵاتدار بووه، له‌ژێر هه‌ر جۆره فشارێكدا بووبێت، ناچاركراوه ده‌سته‌ڵات ئاڵوگۆڕ بكات، له سیستمی پاشایه‌تیشدا ده‌سته‌لاتی سنووردار ببێت یا لێی بسه‌نرێته‌وه. ئه‌و ناوه‌ندانه له‌و قۆناغه‌دا یاسا و ده‌ستوور داده‌نێن. یه‌كێكیش له خاڵه هه‌ره گرنگه‌كان پاراستنی بڕێك له هه‌یمه‌نه‌ی خۆیانه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاساكاندا. زۆربه‌ی جاران جیاوازی له سیستمه‌كانی حوكمڕانیدا بۆ ئه‌و قۆناغه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه قۆناغی گواستنه‌وه‌یه، لێره‌دا چركه مێژوویه‌كان ڕۆڵی خۆیان ده‌بینن و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه له‌و چركانهدا هه‌یمه‌نه‌دار بوون، یا خودانی جۆرێك له شه‌رعیه‌ت بوون، چ شه‌رعیه‌تی شۆڕش بێت یا هی كوده‌تا، چ پاشایه‌تی بووبێت یا تۆتالیتێر، ڕۆڵی خۆیان بینیوه له دیاریكردنی جۆری سیستمی وڵات و له‌ده‌ستنه‌دانی ته‌واوی ههیمهنهكهیان. هه‌رێمی كوردستانیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ده‌ر نیه، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شه‌وه ده‌كرێت خواستی هێزه‌كان له كوردستان لێك بده‌ینه‌وه. له دووتوێی ئه‌و حهزهشدا ئه‌وانه‌ی ڕۆڵی سنوورداركردنی ئه‌و حه‌زه ده‌بینن، ئۆپۆزسیۆنه، به‌مانای ئه‌وه‌ی سونوورداركردنی خواستی پاراستنی هه‌موو یا به‌شێك له‌و هه‌یمه‌نه‌یه ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆنه كه له حه‌زێكی غه‌ریزه‌ییه‌وه بیگوازێته‌وه بۆ كێڵگه‌ی یاسا و ده‌ستور. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵێك هه‌ڵ و مه‌رجی دیكه‌وه.له‌لایه‌كی دیكه‌ش، له كۆمه‌ڵگا خۆرهه‌ڵاتیه‌كاندا به كۆمه‌ڵگای كوردیشه‌وه، حه‌زی غه‌ریزی زاڵه به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا. له دۆخی هه‌یمه‌نه‌داری ئه‌و جۆره حهزهشدا یاساكان ته‌نها ماكیاژن و بۆ جوانی و شاردنه‌وه‌ی سیما ناشیرینه‌كان به‌كار ده‌هێنرێت. به‌مانای ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی لێره‌دا كه‌سێك پابه‌ند ده‌كات به پرینسیپه دیموكراسیه‌كان یاسا نیه، به‌ڵكو ئاستی تێگه‌یشتن و ویژدانی خۆیه‌تی. چه‌ندین جار بینیومانه كه ده‌قه ده‌ستوریه‌كان له‌پێناو خواستی ده‌سته‌ڵاتداره‌كان هه‌موار كراون، ته‌مه‌ن كه‌م یا زیاد ده‌كرێت، ماوه‌ی ده‌سته‌ڵات زۆر یا كه‌م ده‌كرێت. بۆیه مادده‌ی 64 له ده‌ستوردا هه‌بێت یان نا، زۆر شت له واقیع ناگۆڕێت، ئه‌گه‌ر نه‌شبێت و بیه‌وێت بمێنێته‌وه هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌جۆری دیكه‌ش بێت كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆ دروست ناكات. ئه‌وه‌ی له شه‌ركردن له‌سه‌ر هێشتنه‌وه یا نه‌هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه و مادده و یاساكانی دیكه گرنگتره، ئۆپۆزسیۆنێكی عه‌قڵانی، هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و یاسایی چینه‌كانی گه‌ل، پرۆفێشیۆنال بوونی ڕاگه‌یاندن له كاره‌كانیدا و چالاكبوونی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به ئاڕاسته‌ی دروستكردنی گوشار و به‌دواداچوون. به‌و مانایه‌ی تاكه شتێك كه ده‌سته‌ڵاتدار ده‌سڵه‌مێنێته‌وه له سنوورداركردنی حه‌ز و ههیمهنهخوازی خۆی به‌ته‌نیا ده‌قێكی یاسایی نیه، به‌ڵكو فشاری ئۆپۆزسیۆن و جۆشدانی جه‌ماوه‌ر و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه به ئاڕاسته‌ی زیاتر كرانه‌وه و دیموكراسیبوون و چه‌سپاندنی سه‌روه‌ری یاساكان و ده‌سته‌به‌ركردنی زیاتری ماف و ئازادیه‌كان. ئه‌گه‌ر ئه‌و تێكههڵكێشیه له‌نێوان پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی نه‌بێت و هه‌ماهه‌نگ نه‌بن و یه‌كتر ته‌واو نه‌كه‌ن، بوون و نه‌بوونی ده‌قه‌كان وه‌كو یه‌كیان لێدێته‌وه، كه به‌داخه‌وه تا ئێستاكه‌ش له كۆمه‌ڵگای كوردستانیدا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی ته‌واوكاریه له هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵگای سڤیلسالاردا.
ئاسۆ:له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به یاساناسان ورۆشنبیران و سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌كانی تره‌وه داوای ده‌ستوورێك ده‌كه‌ن بۆ دیاریكردنی ئه‌رك ومافه‌كان.وه‌لێ ئێستا تێبینی ده‌كرێت دوای په‌سندكردنی ره‌شنووسی ده‌ستوور له‌رێگای په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه له24-6-2009 له‌لایه‌ن زۆرێك له‌یاساناسان و رۆژنامه‌نووسان ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن به‌شێك له‌سیاسه‌تمه‌دارانیشه‌وه ئه‌م ده‌ستووره ره‌تده‌كرێته‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ناوه‌رۆكی ئه‌م ده‌ستووره ئه‌وه‌نده دواكه‌وتوو وكۆنه‌خوازانه‌یه ئه‌م هه‌موو هه‌ڵایه‌ی له‌سه‌ردروستكراوه؟، ئایا یه‌كه‌م ره‌شنووسی ده‌ستوور له‌مێژووی كوردستاندا ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی دیموكراتی له‌هه‌رێمی كوردستاندا یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟.
ئیبراهیم مه‌لازاده:لێره‌دا ئیشكالیه‌تێك هه‌یه، ده‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ئه‌ویش ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌قڵ و گیرۆده‌بوونه به كار و كاردانه‌وه. به‌داخه‌وه هه‌ندێك له ڕه‌خنه‌گران به ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت نه‌یانتوانیوه ئۆبژهكتیڤانه بیر بكه‌نه‌وه و ڕه‌خنه‌كانیان بخه‌نه سه‌ر كاغه‌ز. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به پێكهاته‌ی ئه‌قڵی كۆللـهكتیفی كورده‌وه هه‌یه. له‌لایه‌ك تا هه‌نوكه ئه‌قڵی كوردی زیاتر لۆكاڵی و ناوچه‌ییه، وێڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌قڵێكی ستراتیژ نیه. له‌م ڕووه‌شه‌وه هه‌ردوو لا، ده‌سته‌ڵات و ڕه‌خنه‌گران به ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه تیایدا هاوبه‌شن، كه به‌داخه‌وه ئه‌مه‌ش هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی عه‌ره‌به‌كانه. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه خۆی ده‌نوێنێت له تێڕوانینی هه‌نووكه‌یی، به‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات كه ده‌ستور یان یاسا داده‌نێت هه‌وڵ ده‌دات هه‌ندێك مادده به قه‌د كاڵا و باڵای كه‌سێك یا حیزبی ده‌سته‌ڵاتدار دابڕێژێت، ڕه‌خنه‌گرانیش له دۆخێكی ئاوادا به چاوێكی ئۆبژهكتیڤهوه ته‌ماشای یه‌كه یه‌كه‌ی ده‌قه‌كان ناكه‌ن، به‌ڵكو باش یا خراپ مادام له فڵان سه‌رچاوه‌وه ده‌رچووه، ئه‌گه‌ر باشیش بێت به شێوه‌یه‌كی سهبژێكتیڤانهوه له‌قاوی ده‌ده‌ن. ئه‌مه گیرۆده‌بوونه به كار و كاردانه‌وه، ئه‌قڵ له‌و گۆڕه‌پانه‌ی ململانێدا ڕۆڵ نابینێت بێجگه له غه‌ریزه.
له ڕه‌شنوسی ده‌ستوری پێشنیازكراودا كێشه ئه‌رك و مافه‌كان نین، چونكه پێم وایه له‌م ڕووه‌وه هه‌نگاوێكی باشی ناوه، كۆمه‌ڵێك ئازادی ده‌سته‌به‌ر كراون كه تا هه‌نوكه‌ش له هه‌ندێك وڵاتی دونیای سێیه‌مدا هه‌ر خه‌ون و خه‌یاڵن، له هه‌ندێك ولاتی خودی دراوسێی هه‌رێمی كوردستاندا مه‌گه‌ر به خه‌باتێكی خوێناوی به‌و مافانه بگه‌ن ئه‌گینا هیچ ئومێدێك له ئاسۆی نزیكی ئه‌وانه‌وه دیار نیه بۆ گه‌یشتن به‌و مافانه به شێوازی خه‌باتی سڤیلسالارهوه. نیگه‌رانی من له خاڵی دیكه‌دایه كه دوایی دێینه سه‌ری، له‌و دژبه‌ریانه دایه كه له‌ناو هه‌ناوی ده‌ستوره‌كه‌دا هه‌ن و پێویستی به یهكلاكردنهوهیانه.
به‌هه‌ر حاڵ نیگه‌رانیه‌كان له دوو كێڵگه‌ی خاڵی گرنگدا چڕ ده‌بنه‌وه. واته دوو جۆری نیگه‌رانی هه‌ن، یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به دۆخی ناوخۆی خه‌ڵكی كورده‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به درێژبوونه‌وه‌ی هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سته‌لات و مافه دیموكراسیه‌كان و كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئازادیه‌كان و پێگه‌ی ژنان و لاوان و تاداویی توێژ و چینه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. هه‌موو ئه‌و پرسانه ده‌كرێن به خه‌باتی مه‌ده‌نی و چالاكی ئۆپۆزسیۆن چاره‌سه‌ر بكرێت، مادده‌كانی ده‌ستور و یاسایه‌كان له‌ڕێی په‌رله‌مانه‌وه له دهاتوودا به ئاسانی هه‌موار بكرێن. ئه‌م نیگه‌رانیه به نیگه‌رانی "سپی" ناوده‌به‌م، چونكه چاره‌سه‌ری ئاسانه و پێویستی به خه‌باته.
نیگه‌رانی دووه‌م، نیگه‌رانی ده‌ره‌كی و پێگه‌ی كورده له هاوكێشه‌كاندا كه به نیگه‌رانی "ڕه‌ش" ناوزه‌دی ده‌كه‌م. كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ههڵواسرامان هه‌ن له‌گه‌ڵ گه‌لی سه‌رده‌ست یا گه‌لانی سه‌رده‌ستدا. هه‌ندێك له‌و كێشانه كێشه‌ی چاره‌نوسساز و ڕاسته‌قینه‌ن، په‌یوه‌ندیان به داهاتووی نهوهكانمانهوه هه‌یه. ئا لێره‌دا ئه‌ركی چه‌سپاندنی ئه‌و مافانه كاریگه‌ری زۆریان هه‌یه له‌سه‌ر ئایندهی گه‌لی كورده‌وه. به‌تایبه‌تیس كێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان، كه به‌داخێكی گرانه‌وه كارایی ئه‌كته‌ری كورد له‌و كێبڕكێیه‌دا وه‌كو پێویست ڕۆڵی خۆی نه‌بینی. ئه‌و چركانهیان له‌ده‌ستدان كه هێشتا ڕكابه‌ره‌كان مه‌ست و حه‌یران بوون و به‌ئاگا نه‌هاتبوونه‌وه. له ڕه‌شنوسی ده‌ستوری پێشنیازكراویشدا دیسان كه‌وتوونه‌ته ناو خه‌یاڵی مادده یاساییه‌كان. وه‌كو له پێشه‌وه‌ش باسم لێوه كرد، ده‌ق له ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌قڵدا ڕۆڵێك نابینێت، ئه‌وه بێجگه له‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌قانه موجازه‌فه كردنن به مافێكی جێگیری میلله‌تێكه‌وه. بۆیه باشتر وابوو سنووری ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان تێكه‌ڵ به چه‌مكی هه‌رێم و سنووری سیاسی و چی و چی نه‌كرێت، به‌ڵكو باس له سنووری باشووری كوردستان بكرابایه و بواری ئه‌گه‌ر و ئامرازه مهرجدارهكان له ده‌ستوردا جێی نهكرابایهوه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی من به‌ش به حاڵی خۆم كۆمه‌ڵێك تێبینی سه‌ریا "جیددی"م هه‌ن له‌سه‌ر مادده و بڕگه‌كان، به‌ڵام ئه‌و تێبینیانه ئه‌وه ناگه‌یه‌نن كه ته‌واوی ده‌ستووره‌كه جێگای نیگه‌رانی بێت، چونكه ڕه‌شنووسه‌كه كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و مافی پێشكه‌وتوو له‌خۆ ده‌گرێت و ده‌بێت پارێزگاریان لێبكرێت. ئه‌ركی ئۆپۆزسیۆن و ڕه‌خنه‌گرانیش له‌ر ڕووه‌وه زۆر گرنگه به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی به شته باشه‌كان بڵێین باش و به خراپه‌كانیش خراپ. من به‌ش به حاڵی خۆم ژیان له سایه‌ی ده‌ستورێكی سه‌قه‌تدا به باشتر ده‌زانم له ژیان له سایه‌ی بێ ده‌ستوریدا، چونكه له بوونی ده‌ستوردا هه‌ندێك شت مسۆگه‌ره، به‌ڵام لهبێدهستوریدا هیچ شتێك مسۆگه‌ر نیه. بوونی ده‌ستور بۆ ئۆپۆزسیۆن گرنگتره تا بۆ ده‌سته‌ڵات، چونكه ده‌ستور به هه‌موو كهموكوریهكانیشیهوه تاكه په‌نایه بۆ بڕه‌ودان به خه‌بات له‌پێناو به‌دستهێنانی مافه دیموكراسی و یاسایی و ئازادیه‌كانه‌وه.
ئاسۆ:له‌بڕگه‌ی"10" مادده‌ی"19" ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان-عێراق، هاتووه هه‌موو كه‌سێك مافی ئازادیی راده‌ربڕینی هه‌یه‌و پێویسته ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی وهۆكاره‌كانی راگه‌یاندن و راده‌ربڕین فره‌لایه‌نیان مسۆگه‌ربكرێت. له‌هه‌مان بڕگه‌دا هاتووه ئه‌و مافه توانج وته‌شه‌ره‌و ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌رمافی خه‌ڵكی دیكه‌و سوكایه‌تی به‌پیرۆزییه ئاینییه‌كان وهاندان بۆ توندوتیژیی بره‌وپێدانی رق وكینه له‌نێو پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ناگرێته‌وه. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م بڕگه‌یه له‌مادده‌ی"19" ئازادیی رۆژنامه‌وانی وراده‌ربرین به‌رته‌سك ناكاته‌وه، مه‌رجدانانێكی له‌مجۆره له‌ده‌ستووردا نامانگه‌یه‌نێته‌وه به‌خاڵی سفر؟.
ئیبراهیم مه‌لازاده:له‌سه‌ره‌تادا ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ڕێوه ده‌بات بێجگه له‌ڕووبه‌رێكی به‌رته‌سك نه‌بێت كه تیایدا پێڕه‌و له یاسا ده‌كرێت، به‌ڵام ڕووبه‌ره زۆره‌كه‌ی هێشتا داب و نه‌ریت و نۆرمه كۆمه‌لایه‌تی و ئاینیه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. نابێت له‌بیرمان بچێت له كۆمه‌ڵگای كوردستانیدا تا ئه‌مڕۆش به پاساوی هه‌مه‌جۆره‌وه تاوان ئه‌نجام ده‌درێت، جیاوازی له‌نێوان نێرینه و مێیینه‌دا ده‌كرێت، بازرگانی به ژنانه‌وه ده‌كرێت كه له‌بڕی خوێن ده‌درێنه خوێنبه‌ر. ده‌مارگیری ئاینی، خێڵه‌كی، خێزان و چی و چی لهبڕهودایه، تۆڵه‌ی خێڵه‌كی له‌جیاتی یاسا پێڕه‌وی لێده‌كرێت و له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگادا یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه چ به شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ یا به شێوه‌ی نێگه‌تیڤه‌وه. بۆیه یاسادانه‌ر له سات و كاتی یاساداناندا كۆمه‌ڵێك پرێنسیپ ڕه‌چاو ده‌كات، من لێره‌دا كارم به‌سه‌ر هه‌ق و ناهه‌قی یاسادانه‌ره‌وه نیه، ئه‌وه ده‌بێت جه‌ماوه‌ر حوكمی له‌سه‌ر بدات، به‌ڵام له‌سه‌رمانه ئه‌و واقیعه وه‌كو خۆی پیشان بده‌ین. چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ترادیسیۆنه ته‌نها به یاسا نابێت، ده‌بێت زه‌مینه بۆ ئه‌و جۆره گۆڕانه دروست ببێت. كاتێك كۆمه‌ڵگا ئاماده‌یی تیانه‌بێت بۆ هه‌ندێك ئازادی ئه‌و كاته ده‌بێت شێوازی هۆشیاركردنه‌وه بگیرێته به‌ر. پێویستی به خه‌بات و به‌رخودانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای سڤیلسالارهوه هه‌یه.
له‌لایه‌كی دیهكهوه، جۆرێك له تێكهه‌ڵی هه‌یه له بڕگه‌كه‌دا. هه‌ڵبه‌ت هیچ پاساوێك نیه بۆ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر مافی خه‌ڵك، چونكه ئه‌وه مافی تۆ نیه، به‌ڵام نازانین ئه‌و مافانه چین؟ هه‌ڵبه‌ت سوكایه‌تی به پیرۆزیه‌كانی هه‌ركه‌سێك ئاینی بن یا هه‌ر شتێكی دی كاری ڕۆژنامه و خه‌ڵك نیه، به‌ڵام ده‌بێت یاسادانه‌ر ئه‌مه‌مان بۆ ڕوون بكاته‌وه داخۆ سوكایه‌تی چیه؟ بۆی هه‌یه به‌لای ئه‌وه‌وه ڕه‌خنه‌ی زانستی و توێژینه‌وه‌ش هه‌ر سوكایه‌تی بێت. بۆیه ئه‌و سنوورداركردنه‌ی ئازادیه‌كان باشتره به یاسا چاره‌سه‌ر بكرێت، واته له‌كۆتایی بڕگه‌كه‌دا ئاماژه به ڕێكخستنی ئه‌و مافانه ده‌كرێت به یاسا. له ده‌ستوردا ئه‌و هه‌موو درێژدادڕیه‌ی ناوێت. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌م به ئاستی ڕۆشنبیری یاسادانه‌ره‌وه هه‌یه، هه‌میش په‌یوه‌ندی به مه‌ترسی له ئاڵۆزی كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه و یاسادانه‌ر له‌سات و كاتی یاسا داناندا هه‌موو لایه‌نه‌كانی پرسه‌كه لێكده‌داته‌وه.
ئاسۆ:له‌مادده‌ی( 2) ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمدا هاتووه: یه‌كه‌م:كوردستانی عێراق قه‌واره‌یه‌كی جوگرافیی مێژووییه، پێكدێت له‌پارێزگای دهۆك به‌سنووری كارگێڕی ئێستایه‌وه‌وله‌پارێزگاكانی كه‌ركووك وسلێمانی وهه‌ولێر وقه‌زاكانی ئاكرێ وشێخان وسنجارو وتلكێف وقه‌ره‌قوش وناحیه‌كانی زمارو به‌عشیقه‌و ئاسكی كه‌ڵه‌ك له‌پارێزگای نهینهواو هه‌ردوو قه‌زای خانه‌قین ومه‌نده‌لی له‌پارێزگای دیاله. ئه‌مانه‌ش به‌سنووری كارگێڕیی پێش ساڵی 1968یانه‌وه. دووه‌م: سنووره سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان-عێراق، به‌پشت به‌ستن به‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستووری فیدڕاڵی، دیارده‌كرێن. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه ئێوه چ خوێندنه‌وه‌یه‌كتان بۆئه‌م مادده‌یه هه‌یه پێتانوانییه یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان و جێبه‌جێ نه‌كردنی مادده‌ی 140و ناڕوونی له‌ئاینده‌ی ئه‌م ناوچانه كێشه‌یه‌ك له‌م مادده‌یه دروستده‌كات، له‌كاتێكدا له‌بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌كه‌دا ئاماژه به‌سنووری سیاسیی كراوه نه‌ك جوگرافی؟.
ئیبراهیم مه‌لازاده:لێره‌دا یاسادانه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئۆبژێكتیڤانه نه‌كه‌وتۆته ناو دانانی یاسای تایبه‌ت به سنورێ هه‌رێمه‌وه. به‌ڵكو كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری ڕه‌وشی هه‌نووكه‌ییه‌وه، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكه له قه‌یرانی ئه‌قڵی یاسادانه‌ر و ناتوانێت ستراتیژیانه بیر بكاته‌وه. لێره‌دا تاكی كورد و یاسادانه‌ریش وه‌كو یه‌كێك له‌و تاكانه، له قه‌یرانی دوالیزمه‌دا ده‌ژیت، دوالیزمه‌ی عێراقیبوون و كوردبوون. ئێمه وڵاتێكی مێژووییمان هه‌یه پێی ده‌ڵێین كوردستان، زۆربه‌ی خه‌ڵكی كورد خه‌ون به‌و ڕۆژه‌وه ده‌بینێت كه كوردستان قه‌واره‌یه‌كی سیاسیشی هه‌بێت و خۆی له دهڵهوتدا ببینێته‌وه، كه تاكه‌كانی گه‌لی سه‌رده‌ست تا هه‌تایه له‌و خواست و حه‌زه ئه‌به‌دیه‌ی كورد تێناگه‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌به‌ر ئاڵۆزی دۆخه‌كان و هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه یاسادانه‌ر به شه‌رمنیه‌وه باس له مافه‌كان ده‌كات. به‌و مانایه‌ی لێره‌دا یاسادانه‌ر بڕوای به‌وه هه‌یه كه (كوردستانی عێراق "موڵكی عێراق نیه و" قه‌واره‌یه‌كی جوگرافی مێژووییه)، به‌ڵام ته‌نها به دیاریكردنی ئه‌و قه‌واره‌یه واز ناهێنێت، نه‌بادا ئیشكالی بۆ دروست ببێت، بۆیه دوایی دێت و خۆی ده‌خاته‌وه ناو گێژاوی سنووری سیاسی و مادده‌ی 140ی مه‌ته‌ڵ و تادوایی ئاڵۆزیه‌كان. ئه‌م تێكچڕژانه به‌نیازی ئه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه لایه‌نی كوردی واپیشانبدات كه پابه‌نده به چاره‌سه‌رییه یاساییه‌كان و خۆدوورگرتن له ڕه‌خنه و لۆمه‌ی دۆستان و هه‌ڕه‌شه‌ی ناحه‌زان، به‌ڵام هه‌موومان بینیمان ئه‌م لهبهرچاوگرتنهش هه‌ر دادی سیاسیه‌كان و یاسادانه‌ری نه‌دا، به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستور ده‌نگی له‌سه‌ر درا، عه‌ره‌به عێراقیه‌كان ڕاست و چه‌پ كه‌وتنه وێزه‌ی كورد و به جوداخواز و ئاژاوه‌گێڕ و فراوانخواز و ئۆپپۆرتۆنیست ناوزه‌د كرا و ده‌شكرێت. لێره‌شدا ئیشكالیه‌تێك هه‌یه، له ڕووێكه‌وه ئه‌و عه‌ره‌به ڕه‌خنه‌گرانه ناهه‌ق نین، چونكه له ڕۆحی كورد تێناگه‌ن، له حه‌ز و خه‌ونه‌كانی كورد تێناگه‌ن، له‌وه تێناگه‌ن كه خه‌ڵكی كورد قوربانی هاوكێشه هه‌رێمی و نێودهڵهتیهكانه، له‌وه تێناگه‌ن كه كورد له‌وان جیاوازه و ئه‌وه‌ی كه هه‌یه به‌شێكه له مافه‌كان نه‌ك هه‌موو مافه‌كانیش. ئه‌گینا ئه‌گه‌ر ئه‌وه دۆخی كورد نه‌بوایه، له‌وانه‌یه هه‌ندێك شت پێچه‌وانه بووبانهوه. كه‌واته ده‌ستور پێویستی به‌و ئاڵۆزی و درێژدادڕیه نه‌ده‌كرد، ده‌بوایه مادده‌كه بڕگه‌ی دووه‌می له‌خۆ نه‌گرتبایه و مه‌ته‌ڵی 140 یش لێره‌دا دووباره نه‌بووبایه‌وه.
ئاسۆ:له‌بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی (6)دا هاتووه نابێت هیچ یاسایه‌ك دابنرێت ناكۆك بێت له‌گه‌لڕ حوكمه نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام. هه‌وه‌ها له‌برگه‌ی دووه‌می ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه ناشبێت هیچ یاسایه‌ك دابنرێت ناكۆك بێت له‌گه‌لڕ بنه‌ماكانی دیموكراسی. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئیشكالاتێكی گه‌وره به‌دیده‌كرێت له‌م مادده‌یه‌داو هه‌مان ئه‌و كێشه‌یه‌ش له‌ده‌ستووری عێراقدا هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی برگه‌ی یه‌كه‌م بۆ رازیكردنی حزبه ئیسلامییه‌كان له‌ده‌ستووردا دانران وله‌ره‌شنووسی ئابی2006 نه‌بووه، به‌ڵام چاودێران پێیانوایه ئه‌م بڕگه‌یه پێشێلكردنێكی ئاشكرای دیموكراتیه‌ت وئازادییه فه‌ردییه‌كان وپێشلكارییه‌كی ئاشكرای مافه‌كانی ژنانیشه ئێوه‌ش وای ده‌بین یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟.
ئیبراهیم مه‌لازاده:ئه‌م مادده‌یه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له ده‌ستوردا. لێره‌دا یاسادانه‌ر كه‌وتۆته هه‌ڵه‌یه‌كی یاسایی زۆر ترسناكه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی سیاسیه‌كان. من ئه‌و ڕۆژه‌م باش دێته بیر كه به یه‌ك دوو هه‌فته به‌ر له هه‌لبژاردن سه‌رۆكی هه‌رێم له دیدارێكی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌واناندا گوتی "چی تیایه ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستور دینی زۆرینه دیاری بكرێت". له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرمان، یاسادانان و به‌تایبه‌تیش دۆكومێنتی ده‌ستور به "چی تیایه" نابێت. ده‌ستور كاری پسپۆر و شاره‌زایانه و به چی تیایه ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه نابردرێت. ده‌ستور و یاسا وه‌كو ماتماتیك وان و هه‌ڵه قبوڵ ناكه‌ن، ده‌ی قه‌ت بووه بڵێین چی تیایه ئه‌گه‌ر "دوو كه‌ڕه دوو بكاته یه‌ك؟"، ئه‌مه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه هێشتا گیرۆردهی ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌قڵ و كار و كاردانهوهین. شتێك نیه پێی بگوترێت ستراتیژیه‌ت، ئه‌وه بێجگه له‌وه‌ی كه ئه‌وه كاری سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌بوو، ئه‌و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌كو هاوڵاتیه‌ك و وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمیش ده‌یتوانی ڕاسپارده‌ی خۆی بداته په‌رله‌مان، ئه‌وسا ده‌مایه‌وه سه‌ر بیروڕای یاسادانه ر و شاره‌زایان. له‌و باوه‌ڕه دام ڕۆژێك دێت بۆ خودی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێته‌وه به كێشه و گرێ كوێره. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌و لێره‌دا چووه ژێر فشاری ئیسلامیه‌كان، له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌ر سه‌رۆكی ئیسلامیه‌كان و مسوڵمانانی كوردستانیش نیه، به‌ڵكو سه‌رۆكی هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیانه‌یه كه له‌و هه‌رێمه‌دا ده‌ژین.
له‌م دووڕیانه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی له‌و پرسه‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئێمه قسه له هاوڵاتیبوون بكه‌ین، چه‌مكی هاوڵاتیبوون پێویستی به ده‌سنیشانكردنی نه ئاینی زۆرینه و نه هی كه‌مینه هه‌یه. چونكه هاوڵاتی بوون مافی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌یه‌ك ئاست و به‌یه‌ك ڕه‌هه‌نده‌وه ده‌سنیشان ده‌كات. ئه‌م ههوڵاتیبوونهش چه‌ند ئاكامێكی ده‌بن. یه‌كه‌میان: ئه‌رك و مافه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبوون ده‌بن نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ما ترادیسیۆنێلهكانی وه‌كو ئاین و نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌ز و خێڵ و تادوایی سهبژهكتیڤهكانی دیكه. دووه‌م: له گه‌ردوونی دیموكراسیدا كه هاوڵاتیبوون یه‌كێكه له ئاكامه‌كانی، ئاین و بیروباوه‌ڕه‌كانی هه‌موو خه‌ڵك به‌یه‌ك ڕه‌هه‌ند ڕێزلێگیراو ده‌بن، كه‌واته، ترس له‌سه‌ر كه‌س نیه چۆن بیر ده‌كاته‌وه و چۆن خواپه‌رستی ده‌كات، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئاین به‌شێك بێت له تایبه‌تی و گه‌وهه‌ره‌كانی مرۆڤ، نه‌ك له‌و سنووره تێپه‌ڕێت. سێیه‌م: ئه‌گه‌ر زۆرینه زۆرینه‌یه، بۆ له ئاین و بیروباوه‌ڕه‌كانی خۆی ده‌ترسێت، مه‌گه‌ر ئه‌و زۆرینه نیه؟ چواره‌م: مه‌گه‌ر ئه‌و دهسنیشانكردنه جۆرێك نیه له فه‌زڵ و ڕێز به‌سه‌ر ئه‌وانیدیدا، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی چه‌مكی هاوڵاتی بوونه. پێنجه‌م: به‌های مرۆڤ به زۆرینه و كه‌مینه هه‌ڵناسه‌نگێنرێت. به‌های مرۆڤ به‌هایه‌كی ئۆتۆنۆمی تایبه‌ته به خودی كه‌سه‌كه. واته ئه‌و به‌هایه له‌چوارچێوه‌ی هاوڵاتیبووندا به كه‌سانی ده‌وروبه‌ری نه زیاد ده‌بێت و نه‌كه‌م، به‌ڵكو خودی كه‌سه‌كه ڕۆڵی به‌رزبوونه‌وه و نزمبوونی به‌ها تایبه‌تیه‌كانی خۆی ده‌بینێت. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ندامه له زۆرینه‌ی كۆمیونیتێی زۆرینه، یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به ئاینێك یا ئایدیۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ته.
له‌و پێودانگه‌شه‌وه مادده‌ی 19، بڕگه‌ی نۆیه‌م به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئاینه‌كان به‌یه‌ك ئاست و ڕه‌هه‌ند ڕێز لێ‌گیراو بن. هه‌روه‌ها ئه‌و ماف و ڕێزلێگیرانه له مادده‌ی 29 و 34 دا و به زۆر شێواز له شوێنی دیكه‌شدا دووپات كراونه‌ته‌وه.
له‌هه‌مووش ترسناك تر، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م مادده‌یه له‌خودی خۆیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گهڕهلاوژێیهیه كه له ئه‌قڵی كه‌سه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه. من تێناگه‌م یاسادانه‌ر چۆن ده‌توانێت له‌و دوالیزمه ڕزگاری بێت. دوالیزمه‌ی ئاین و دیموكراسی. گه‌ردوونی ئه‌م دوو چه‌مكه له‌دوو پانتایی ته‌واو جیاوازه‌وه سه‌رده‌گرن. پانتاییه‌ك ده‌سته‌ڵات بۆ خوا ده‌گێڕێته‌وه و خودا یاسادانه‌ره و ئه‌و ده‌سنیشانی حه‌رامه‌كان و حهلالهكان ده‌كات. گهردوونێكیش ئه‌و ده‌سته‌ڵاته دێنێته‌وه سه‌ر زه‌وی و ده‌یداته‌وه ده‌ست مرۆڤه‌كان خۆیان. له‌گه‌ردوونی یه‌كه‌مدا سنووره‌كان دیاریكراون. كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسای نه‌گۆڕ هه‌ن، هه‌ندێك له‌و یاسا و ڕێسایانه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌ن كه له گه‌ردوونی دیموكراسیدا به‌رجه‌سته ده‌بن. من لێره‌دا كارم به‌سه‌ر ئه‌وه نیه كامیان باشه و كامیان خراپ، به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم كه ئه‌م مادده‌یه وه‌كو مه‌ته‌ڵ وایه، كه‌س ناتوانێت هه‌ڵی بێنێت بێجگه له یاسادانه‌ری عێراقی. چونكه كت و مت مادده‌ی دووه‌می ده‌ستوری عێراقه. ده‌ی به پێی ئه‌و مادده‌یه بێت كۆمه‌ڵێك ده‌قی نه‌گۆڕی ئاینی هه‌ن ده‌بێت هه‌موار بكرێن، ئایا ئه‌و كاره ڕێگای پێ ده‌درێت؟ پێم وایه په‌رله‌مانی ئێستا له‌سه‌ریه‌تی جارێكی دیكه نه‌شته‌رگه‌ریه‌ك بۆ ئه‌و ده‌ستوره بكات ئینجا بیخاته‌وه به‌ر ده‌ستی هاوڵاتیان. له‌وێدا بڕیار بده‌ن، یان بڕگه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبگرن كه ده‌ڵێت "نابێت یاسایه‌ك دابنرێت كه له‌گه‌ڵ حوكمه جێگیره‌كانی ئیسلام ناته‌با بێت"، یا ده‌بێت بڕگه‌ی دووه‌م هه‌ڵبگرن كه ده‌ڵێت "نابێت یاسایه‌ك دابنرێت كه له‌گه‌ڵ بنه‌ما دیموكراسیه‌كان ناته‌با بێت". ئه‌گه‌ر هی یه‌كه‌میش هه‌ڵبژێرن، ئه‌وا چه‌ندین مادده و بڕگه‌ی دیكه له ده‌ستوردا ده‌بێت لابدرێن و نه‌هێڵرێن. چونكه یاسا نابێت مادده و بڕگه‌ی دژ بهیهكیتری تێدا بن بێ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بۆ دیاری بكات. مادده‌ی 20 و بڕگه‌ی دووه‌می ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی شه‌شه‌مه كه ئاینی زۆرینه دیاری ده‌كات. له‌و مادده‌یه‌دا باس له یه‌كسانی ده‌كات و نابێت جیاكاری هه‌بێت، ده‌ی ئه‌وه جیاكاریه‌كی ته‌واوه له‌نێوان هاوڵاتیانی هه‌رێمدا و هه‌ڵگری ئاینه‌كانی دیكه ئه‌گه‌ر نه‌ترسن و ده‌سته‌ڵاتیان هه‌بێت نایه‌كسانی خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ئاسمان و هه‌موو سووچه‌كانی دونیا. ئه‌مه هه‌ر وه‌كو ئه‌وه وایه كه له‌ده‌ستوردا مادده‌یه‌كیش هه‌بێت بڵێت نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه ده‌بێت ڕێز لێ‌گیراو بێت، به‌پێی ئه‌و مادده‌یه عه‌ره‌ب مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له ده‌ستور بنوسێت ده‌بێت عه‌ره‌ب ڕێزلێگیراو بن. ده‌ی ئێمه‌ی كورد زۆرترین پێكهاتهین كه له‌و ڕووه‌وه زوڵممان لێكراوه. ئه‌مه هیچ جیاوازیه‌كی نیه له‌گه‌ڵ ئه‌و داوایه‌ی كه ده‌ڵێت ده‌بێت له ده‌ستوردا جێگیر بێت كه عێراق به‌شێكه له نیشتمانی عه‌ره‌بی. جیاوازی نیه له‌گه‌ڵ ده‌ستوری توركیا كه سه‌روه‌ری بۆ ره‌گه‌زی تورك جێگیر ده‌كات.
ئاسۆ: له ماده‌ی :118:ده‌ستووره‌دا هاتووه " ده‌ستووره‌پاش ره‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ده‌نگدارانی گه‌لی هه‌رێمی كوردستان له راپرسیه‌كی گشتیدا به‌په‌سه‌ندكراو داده‌نرێت".واته ڕیژه دیاری نه‌كراوه بۆ په‌سه‌ند كردن یاخود ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ده‌ستور ،چاودیران و یاساناسان ئه‌مه به‌كێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بینن و پێیان وایه دیاری نه‌كردنی بهبهڵیی ڕێژه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ستور فێڵێكی سیاسیه‌و بۆتێپه‌راندنی ده‌ستور.من ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم تاچه‌ند ئه‌م ڕه‌خنانه له‌جێگای له‌جێگای خۆیدایه ؟.
ئیبراهیم مه‌لازاده:له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی دیكه‌یه و وشه‌ی "زۆرینه" زیاتر له مانایه‌ك به‌خۆیه‌وه هه‌ڵده‌گرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من تێبینیم كرد زۆربه‌ی ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندیان به ده‌ستوره‌وه هه‌یه، ده‌بێت دوو له‌سه‌ر سێی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵی دابن به پۆزتیڤ یا نێگه‌تیڤ ده‌نگی بۆ بده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌زۆری له مادده‌ی 53 و مادده‌ی 120 دا دووباره بۆته‌وه. لێره‌شدا ده‌كرێت قیاس له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی دوو له‌سه‌ر سێ بكه‌ین بۆ ڕاپرسی گه‌ل. واته ده‌بێت دوو له‌سه‌ر سێی دانیشتوانی هه‌رێم بڵێن به‌ڵی بۆ ئه‌و ده‌ستوره. ئه‌مه‌ش ده‌كرێت له په‌رله‌مانی تازه‌دا بڕیارێكی بۆ ده‌ربكرێت و كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی به‌پێی بنه‌ما یاساییه‌كان پڕۆژه یاسایه‌كی له‌و جۆره پێشكه‌ش بكه‌ن. بۆیه پێشنیاز ده‌كه‌م كه په‌رله‌مانی نوێ ئه‌م كێشه‌یه به‌یاسایه‌كی تایبه‌ت چاره‌سه‌ره بكات.
—————–
براهیم مه‌لازاده
ده‌رچووی زانستگای سه‌لاحه‌دین به‌شی یاسا له 1991 و تا 1997 كاری پاریزه‌ری كردووه.
ده‌رچووی ئامۆژاگیهكی سێ ساڵی به‌شی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی له هۆڵه‌ندا له 2005.
چوار بۆ پێنج ساڵ له ده‌زگای په‌نابه‌رانی هۆڵه‌ندی وه‌كو ڕاوێژكاری یاسایی وكۆمه‌ڵایه‌تی كاری كردووه
ڕۆمانێكی به‌ناوی "له‌و دیو شه‌پۆڵی ڕهشهباكانهوه" له ژێر چاپه.