
فڕینه‌كان ….. عومه‌ر جه‌لال
ده‌فڕین له‌ته‌ك كۆلاره‌ی منداڵییدا
باڵی په‌پوله‌مان ده‌دزی بۆ فڕین
كتێبه كۆنه به‌نرخه‌كانمان په‌ڕه ده‌كرده‌وه
بههاوڕێَتی خه‌یاڵ ده‌ستمان له پرچی ئه‌ستێران ده‌دا
هه‌موو جار من به‌دزیی باوكمه‌وه ده‌فڕیم بۆ گۆڕستان
به‌دزیی مامۆستاكانمهوه له‌په‌نجه‌ره‌ی پۆله‌وه ده‌فڕیم
تۆ ده‌تبینی نیشتمان ده‌فڕی بێده‌نگ بوویت
به‌ردت ده‌بینی سه‌مای دهكردو ده‌فڕی هیچت نه‌وت
كۆتره‌كانی نیشتمان مه‌ستی زه‌وین و باڵ شكاو
جه‌لاده‌كان به‌سانایی ده‌فڕن
عاشقه بێئومێدهكانی ناو باران له‌ژووره نسرمهكاندا ونن
كوژه‌ری جوانییه‌كان له‌نێو مانگدا ده‌ئاخڤن
شیعر ده‌فڕێت ده‌ستی له نێو ده‌ستی كچه قه‌ره‌جێك ده‌نێت
باڵَهكانی له ته‌نیایی و یۆتۆپیا ده‌ئافرێنێت
گۆرانی ده‌فڕێت به‌دزی مۆزیكه‌وه
ئاوێنه‌یه‌كی بازرگان ده‌ستی ده‌گرێت بۆ هۆڵێك له وه‌ڕسیی
شه‌قامه‌كانی شار شه‌وان له ترسی ته‌نیایی ده‌فڕن
بۆ دوورگه‌ی پێلاوی لاستیكی هاورێكانیان
چاوه‌كانم ده‌نێمه سه‌ر كتێبێكی كۆن
تا تۆزی رۆژه تۆراوه‌كان دهمفرێنن
ده‌سته‌كانم له‌سه‌ر پشتی پشیله یه‌ك داده‌نێم
تا فێری بازدانم بكات بۆنی فڕِینی لێبێت
ئه‌شێ فڕین به ته‌نیا به‌رزبوونه‌وه نه‌بێت
باڵنده هه‌یه ده‌فرێت و هه‌ست بهزهوییهك ده‌كات باڵه‌كانی له‌سه‌ریه‌تی
مردن هه‌یه پێیه‌كانی له‌سه‌ر زه‌وییه و بۆنی فڕینی ده‌گاته مانگ
نیشتمان له فڕین‌دا بوو باڵه‌كانی شكا
هه‌ورێكی پر له ئیره‌یی
به بروسكه‌یه‌كی بێ به‌زه‌یی توند باڵه‌كانی به‌ردایه سه‌ر زه‌وی
هه‌ر گیاندار بوو په‌ڕی باڵه‌كانی ده‌برده وڵاتێكی دی و ده‌یفرۆشت
هه‌ر مرۆڤ بوو ده‌رگای لێ نه‌ده‌كرده‌وه
فڕین لاسایكردنه‌وه‌ی ئاوه به زمانی ئاسمان
فڕین هه‌ڵهاتنه له فڕین
فڕین جۆرێكه له شاعیربوون
جۆرێكه له تارماییه‌كانی خۆكوشتن
فڕین جۆریكه له هه‌ناسه‌دانی مه‌رگ به‌دزیی ژیانه‌وه
ده‌روازه‌یه‌كه بۆ گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی پارچه شكاوه‌كانی عه‌شق
په‌یامێكه ره‌نگه‌كان ده‌یبینن
ده‌نگێكه باران ئاوێته‌ی ده‌بێت
سه‌مای دۆلفینه‌كان هه‌وڵه بۆ فڕین
راكردنی جوجكی له هێلكه هه‌ڵتۆقیو حه‌زی فڕینه
لوتكه‌ی چیاكان دڵی زه‌وی بووه
به‌ستوویه‌تی له نمایشی فڕین‌دا
له ساتی شیعر نووسیندا په‌یڤم بینیوه فریوه
له ساتی كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌دا به‌ده‌یان نیگام فڕیوه
له پیاسهكردنم له‌ته‌ك باخچه‌كان گه‌ڵاكانم به باڵه‌وه دیوه ونبوونه له ئاسمان
شه‌پۆلی ئاوم به‌تاسه‌وه بینیوه هه‌وڵی فڕینی داوه
خه‌ونم به دره‌خته‌وه بینیوه له سه‌ر مانگ روواوه و فڕیوه
ده‌فڕین بێ ئاگا ده‌فڕین
دڵم یه‌ك جار فڕِی و نه‌گه‌ڕایه‌وه
تۆ ده‌تبینی ئه‌زیزم دڵم ده‌فڕی
به ناشوێندا ون بوو
وه‌ك باڵندهیهكهی نه‌شاره‌زا ونبوو له كۆڵانه ته‌سكه‌كانی ئه‌ستێره‌دا
وه‌ك دوكه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌كی ته‌ڕ
لێوان لێو له بۆنی عه‌شق
جه‌سته‌ی سڕم هه‌نووكه بێ دڵه
نمایشی مێروله‌كان
مانای فڕین راڤه ده‌كه‌ن
خۆكوشتنی دره‌ختێكی پیر
له ئیره‌یی فڕیندایه كه ناتوانێت بفڕێت
كوڵهبهرۆژهیهكی په‌ژموورده
هێند كه‌وته دوای تیشكی خۆر و خۆیههڵواسی
له‌به‌رگی خۆی هاته ده‌ر وئاره‌زوی فڕینی ده‌كرد
ره‌شه‌با هیچ نییه جگه له هێرشی بێمانای دژه فڕین
كۆلاره‌ی منداڵیی په‌یامی فڕینه به بێده‌نگی
باران په‌نجه‌ره‌یه‌كه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆنی فڕین
به‌فر دواین هه‌وڵه بۆ وێنه‌گرتنی فڕین بۆ مانه‌وه
فڕین جۆرێكه له ونبوون
ونبوون لكێكه له فڕین
به‌ده‌م باوێشكدانه‌وه ده‌فڕم
له ناو سرووتی نزایهكدا ده‌فڕم
به ده‌نگی پژمه‌ی نێرگزێك هه‌ڵده‌ستم
له ترسی خشپه‌ی ئاو ده‌فڕم
گه‌ڵا وه‌ریوه‌كانی پایز له‌ته‌ك خۆم ده‌به‌م
ماڵێك له ژێر باڵی ئه‌ستێره‌یه‌كدا چێ ده‌كه‌م
ده‌فڕم تا سنووری نا كۆتا
ده‌كه‌ومه دوای باڵی چۆله‌كه‌یه‌كی نامۆ
ده‌فڕم بۆ پشتی بێده‌نگی
تا ون ببم له فڕین‌دا
تا ده‌گه‌مه لوتكه‌ی مردن
ئه‌و دره‌خته‌ی له نسێیدا دوو عاشق به یه‌كگه‌یشتن
گه‌ڵاكانی هه‌نووكه ده‌فڕن
ئه‌و پیرییه‌ی منداڵییه‌ك ئاوێته‌ی بووه
نیشتنه‌وه‌ی له زه‌ویدا نییه
ئه‌و شیعره‌ی پاش خوێندنه‌وه به‌رگی دی له‌به‌ر ده‌كات
نهێنی فڕینی هه‌ڵگرتووه
نهێنی فڕین ته‌نیا باڵنده‌كان نازانن
-با- به‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌یه‌وه نازانێت
فڕین بۆ ؟