
ڕۆڵی ڕۆشنبیریی سیاسی له پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌دا
یه‌کێک له گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌گشتی داماوی ڕۆشنبیریی سیاسی یه، به‌و ڕاده‌یه‌ی چه‌نده ئاستی ئاگایی و تێگه‌یشتنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌گشت بواره‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌پێش بێت، ئه‌وه‌نده ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ش مۆدێرن و پێشکه‌وتنخواز ده‌بێت، له‌دیاریکردنی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی هاوچه‌رخ و سکۆلاردا. به‌پێی قه‌باره‌ی ئه‌و کۆسپ و ڕێگریانه‌ی دووچاری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بووه، له که‌ڵه‌که‌بوونی بیروباوه‌ڕه به‌زۆر سه‌پێنراوه کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووه‌کانی ئایینی و قه‌ومی و خێڵه‌کی و ئه‌تنیکی پشت به‌ستوو به مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ڕۆشنبیری چه‌ند ساڵه‌ی بۆرژوازی، پاشگه‌زبوونه‌وه له پێشکه‌وتنخوازی و ئازادیخوازی ته‌شه‌نه‌یکردووه. سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی ڕابردوو و ئێستای ده‌سه‌ڵاتداران هه‌لێکی بۆ جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه نه‌هێشتۆته‌وه، تابتوانن ئازادانه بیر و بۆچوونه‌کانیان ده‌ربڕن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بناسن، وه که‌ره‌سه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی ڕۆشنبیریی مێژووی چینایه‌تیان بخه‌نه به‌رده‌می کۆمه‌ڵگا. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی پیشه‌سازی و زانست‌دا زۆر له کۆمه‌ڵگاکانی جیهان نوێبوونه‌وه‌ی فیکری و ئایدیۆلۆژیان به‌خۆوه بینی و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری کاری کرده سه‌ر ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌ی سیاسی و ئابووری و پیشه‌سازی. له پاشاندا ئاکامی ململانێکان سکۆلاریزمی وه‌ک سیسته‌مێکی گشتگیر و زانستی هێنایه‌کایه‌وه. سۆسیالیزم وه‌ک سه‌رقافڵه‌ی سکولاریزم به به‌های فیکری و زانستی چینایه‌تیه‌وه په‌یوه‌ند به گه‌شه و پێشکه‌وتنی گشت کۆمه‌ڵگاکانی مرۆڤایه‌تی له بواری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ڕووی سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌دا وه‌ستایه‌وه. ڕه‌تکردنه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه ته‌نیا مانا و مه‌به‌سته سوسیۆلۆجیهکهی نی یه، به‌ڵکو قاڵبوونه‌وه بوو له مه‌رج و پێویستی بابه‌تی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی و شۆڕشگێڕانه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووریدا به‌قازانی زۆرینه‌ی مرۆڤه چه‌وساوه‌کان. هه‌وڵدان بوو بۆ ڕماندنی ده‌سه‌ڵاتێک که پایه‌کانی له‌سه‌ر زوڵم و زۆرداری دامه‌زرا بوو، له‌ناوه‌رۆکدا به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی کۆمه‌ڵگه‌بوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵانی بهشخوراوهوه. سکولاریزمبوونی کۆمه‌ڵگا واتا ڕزگاربوونی کۆمه‌ڵگه‌یه له هه‌موو ئه‌و پاشماوه فیکری و دید و بۆچوونه کۆنه‌په‌رست و نازانستی و ناشارستانی و نامرۆڤانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی گیرۆده‌ی دواکه‌وتوویی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و نامۆیی به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کردووه. کوردستانیش وه‌ک هه‌موو شوێنێکی تری دنیا ئه‌م هێزه پێشکه‌وتنخواز و مۆدێرن و سکولاریزمهی له‌خۆگرتووه، به‌ڵام باڵی بۆرژوا کۆنه‌په‌رست و به‌رژه‌وه‌ندخوازی ده‌سه‌ڵاتدار به ناسیۆنالیزم و ڕه‌وته ئایینی و هاوشێوه‌کانیانه‌وه، کۆسپ و به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م جووڵه‌و هاتنهکایهو ڕۆڵبینینی ئازادانه‌و ڕاسته‌قینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی پێشکه‌وتنخوازی و ئازادیخوازی و یهکسانیخوازیدا. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی کوردستان سه‌لماندی ڕه‌وته ئایینیه‌کان به‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ی چه‌ند ساڵه پیاده‌ی ده‌که‌ن نه‌یانتوانی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی بن و یه‌کێتی و پارتیش به به‌فێڵکردن و هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین له‌ده‌سه‌ڵاتدا مانه‌وه. ده‌نگه‌کانی گۆڕانیش، بێزاری و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک بوو به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵات. له‌ڕاستیدا سکولاریزم وه‌ک تێڕوانینێکی ڕۆشن و گه‌شه‌سه‌ندو به‌قازانجی زۆرینه‌ی خه‌ڵک ته‌واو ده‌بێت، ڕۆشنبیریه‌کی ئازادانه‌یه و ئه‌لته‌رناتیڤی خه‌ڵکی ئاسایی و ساده‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه له دیاریکردنی سیسته‌می پێشکه‌وتووی سکولاریزمدا ، له ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیروباوه‌ڕی سیاسی و ئاره‌زوومه‌ندانه بڕیادان له‌چاره‌نووسی دانیشتوانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه. ڕۆشنبیریه‌ک گه‌ر نه‌توانێ نایه‌کسانی و ناته‌واویه‌کانی کۆمه‌ڵگه ببینێ و له‌سایه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیریه‌دا کۆمه‌ڵگه له بازنه‌یه‌کی فیکری و ئایدۆلۆژیدا ڕێک نه‌خات و هه‌موو تواناییه‌کانی ته‌نیا له‌پێناو توێژێک یان ئه‌و چینه‌ی هۆکار و بنیاتنه‌ری ئه‌و ناته‌واوی و ناههموارییانهیه سه‌رف بکات ئیتر گۆڕان به‌قازانجی کێ ده‌کات. کاتێک تۆ ده‌بیته ئۆپۆزسیۆن که بزانیت بنچینه‌و سروشتی چینایه‌تی ئۆپۆزسیۆنهکهت کامه‌یه. میتۆدی فیکری و سیاسه‌تی ڕۆشن و به‌رنامه‌ی ئاییندهشت ئاماده‌و له‌به‌رده‌ستدا بێت. گه‌ر مافخوراوانی کۆمه‌ڵگه هه‌نگاوێک چوونه پێشێ و ئازادی و ئاسایشیان مسۆگه‌رکرد ئه‌وسا ده‌کرێت ناوه‌رۆکی چینایه‌تیان وه‌ک هێزێکی ئازادیخواز و پێشکه‌وتنخواز زیاتر ده‌ربخه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تیان بۆ دامه‌زراندنی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری له کۆمه‌ڵگه‌دا زیاتر بچه‌سپێنن. نیشانه و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی به‌رنامه‌ی کار بۆ ڕێکخسن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا خۆی له‌و پرسیاره‌دا ده‌بینێته‌وه ده‌کرێ گۆڕانکاری ئازادانه و سکۆلار به‌کام هێزی ناو کایه‌ی سیاسی بکرێت؟ گه‌ر سکۆلاریزم به‌مانای ڕزگاربوون له پاشماوه‌کانی زۆرداری وچه‌وسانه‌وه و پێشێلکردنی ماف و ئازادیه‌کان بێت، جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت بێت، کرانه‌وه بێت به ڕووی دونیای زانست و پێشکه‌وتنخوازی و شارستانێتیدا، که‌واته هێزه‌کانی ئه‌م جۆره گۆڕانه کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و مۆدێرن و سکۆلاریزم ده‌به‌ن، ته‌نیا ئه‌و هێزانه‌ش ده‌توانن ده‌سته‌به‌ری ماف و گۆڕانکاریه‌کان بن که به‌رنامه و ئاسۆی ڕۆشنی ئینسانه چهوساوهکانیان هه‌ڵگرتووه، واته ته‌نیا بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ده‌توانێ پێشڕه‌و و ڕێکخه‌ری ناڕه‌زایه‌تیه‌کان بێت و کۆمه‌ڵگه به‌ئاقاری گه‌شه‌ی سیاسی و ئابووریدا به‌رێت و پرۆسه‌ی ئازادانه‌ی گۆڕانی ڕیشه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی بێنێته‌دی. تاقیکردنه‌وه‌کانی هه‌ژده ساڵی ڕابردوو، وانه‌ی به‌نرخی دایه ده‌ست خه‌ڵکی هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان. شه‌ڕی ڕۆژانه‌ی حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کورد له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و موڵک و سامانی خه‌ڵکی، هاوکاری و پاڵپشتی دواکه‌وتوویی و بێمافکردن و سه‌رکوتی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخوازی و سکولار، نیشانه‌ی ئاشکراو دیاری ئه‌و بزووتنه‌وه کۆنه‌په‌رستانه‌یه. ئێستاش خۆشباوه‌ڕی به گۆڕانی ناسیونالیستانه خۆههڵخڵهتاندن و ڕه‌شبینیه‌کی تره به ئایینده. ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ پێشڕه‌و و خوازیاری گۆڕانکارین ته‌نیا گۆڕانیان له‌ده‌سه‌ڵات و ڕووکه‌شدا ده‌وێت، ئه‌گینا پێش ئه‌وه‌ی ببنه سه‌رکرده‌و ڕابه‌ری گۆڕان ده‌بێت خۆیان بگۆڕن و باجی تاوانه‌کانیان بده‌ن. چونکه ئه‌وانیش به‌شداری دهسهڵاتیانکردووهو له‌ناخی بیر و فکریاندا هه‌مان سته‌م و چه‌وسانه‌وه و فریوکاری ده‌کوڵێت و قوڵپده‌دات. ئه‌گینا له‌کوێی به‌رنامه‌ی ئێستا و داهاتوویاندا قسه‌یه‌ک له ئازادی سیاسی و گوزه‌رانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کرێکار و هه‌ژاردا هه‌یه. له چ به‌ڵگه و دۆکمێنتێکدا باسێک له به ئازادیکردنی کۆمه‌ڵگه له چه‌مکه‌کانی یه‌کسانی ئابووری و سیاسی و مافه‌کانی مرۆڤداکراوه. هه‌ر بۆیه ته‌نیا هێزی کرێکاران و به‌شمه‌ینه‌تان ده‌توانن وه‌ک پێویستیه‌کی مێژووی، بۆرژوازی کوردی له هێز و ده‌سه‌ڵات بخه‌ن. چونکه هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، به شێوازی دڕندانه و کردار و ڕه‌فتاری نامرۆڤانه و زۆر نادادپه‌روه‌رانه هه‌میشه هێرشی کردۆته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان. هه‌رچی بیرباوه‌ڕی پووچ و گه‌نده‌ڵ و ڕزیوه ده‌یخاته‌کار بۆ زیاتر بره‌ودان به‌ده‌سه‌ڵات و پارێزگاریکردن له مانه‌وه‌ی خۆی. پڕۆژه‌و کارنامه و به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵات ته‌نیا بۆ هێشتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه و دارودهستهکانیانه، ئه‌وانه‌ش که ئه‌ڵقه له‌گوێی ئه‌و نهزمهن ته‌نیا مووچه‌خۆر و خزمه‌تکاری موڵک و سامانی ده‌سه‌ڵاتدارانن. ئه‌م جۆره دهسهڵاتدارێتیهش پێچه‌وانه‌ی جیهانی سکولاریزم و مودێرنیزمه. لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه پێچه‌وانه‌ی یه‌کدی ڕه‌وده‌که‌ن و هه‌نگاو ده‌نێن، ئیتر فاکتی گۆڕانی کۆمه‌ڵگه پێویستییه‌کی ژیارییه و خۆی وه‌ک پێویستیه‌کی مێژوویی هه‌ستیار ده‌خاته‌ڕوو. ده‌کرێ له‌ڕێی ئایدیۆلۆژیایه‌کی به‌بنه‌ڕه‌ت مرۆییانه ئاڵوگۆڕێ له ده‌سه‌ڵات و سیسته‌م و کۆمه‌ڵگه‌دا بێته‌کایه‌وه و ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری و میلیشیایی شانسی مانه‌وه‌ی له‌ده‌ستبدات. تاقیکردنه‌وه‌کان سه‌لماندیان ناسیونالیزم و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان به پاساوی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ندین ساڵه بونه‌ته ڕێگر و کۆسپ و په‌کخه‌ری گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا له‌ڕووی ئازادی و نوێبوونه‌وه و شارستانیه‌ت و زانستی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه. که‌واته ده‌سه‌ڵات ته‌نیا ڕێگه‌خۆشکه‌ره بۆ قۆرخکردنی کایه ئابووری و سیاسیه‌کان و گرتنه‌ده‌ستی جڵه‌وی ڕۆشنبیری سه‌پاندنی فیکری و ئایدۆلۆژیی بۆرژوایی به‌قازانجی که‌مینه‌یه‌کی زۆردار و مشه‌خۆر له کۆمپانیا بازرگانیه‌کانی سه‌رمایه‌داری کوردایه‌تی. هه‌ر بۆیه ڕۆشنبیر وه‌ک مرۆڤێکی ڕاستگۆ به هه‌ڵویستیدا ده‌ناسرێته‌وه، هه‌ڵویستی له‌چه‌وسانه‌وه و پێشێلکردنی ماف و ئازادیه‌کانی خه‌ڵک، هه‌ڵویستی له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ڵوێستی له‌ڕۆڵبینینی ئاگایانه‌ی به‌دیدو بۆچونی شۆڕشگێڕانه‌و مرۆڤانه‌وه. به هه‌ڵوێستی فیکری و فه‌لسه‌فی ئنجا توانایی و کارایی به‌بوونی زانیاری له‌سه‌ر بارودۆخی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی له پێناوی گۆڕانکاریه‌کی تاسه‌ر ڕاسته‌قینه و بنه‌ڕه‌تیدا. له کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیدا زۆرینه‌ی مرۆڤه‌کان له هه‌موو پێداویستی یه‌کی ڕۆژانه بێبه‌شن و ڕێگای ئازادی و ده‌ربڕینی بیروڕایان سه‌رکوت و قۆرخکراوه، ئازاردانی جه‌سته‌یی وفیکری کۆسپی سه‌ر ڕێیی پێشکه‌وتنیانه، مه‌سه‌له‌ی ڕزگاربوونیان له‌م زۆرداریه هه‌میشه جێی گفتوگۆ و پرسیار و هێندێ جار تێڕوانینی جیاوازیانه، هێزی بۆرژوازی به‌یه‌کگرتوویی کرێکاران تێکده‌شکێنرێت. مرۆڤی هۆشیار له‌ڕیزی چه‌وساوه‌کاندا خۆی ده‌بینێته‌وه، له‌گه‌ڵ ڕێبازی زانستی و دیالکتیک و ڕیالیزمی شۆڕشگێڕانه‌دایه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی بابه‌تیانه‌یه به‌رانبه‌ر ئه‌و کێشانه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ڕوویان بۆته‌وه. کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌هه‌موو بارێکه‌وه پێویستی به گۆڕانکاریه له‌ڕووی هه‌ڵوێستگرتنی تیۆری و پراکتکهوه، له‌بواری ئازادی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیه‌وه، بۆ هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستی به تێکۆشان و هه‌وڵدان و یه‌کڕیزی کرێکاران و بێبه‌شان و ئازادیخوازان و یه‌کسانیخوازان هه‌یه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه. له‌چوارچێوه‌ی سۆسیالیزمی زانستیدا له‌پێناو گۆڕینی ئه‌و دۆخه سه‌پاوه‌ی بۆرژوا ناسیونالیزم و ئیسلامی کۆنه‌په‌رست خوڵقاندوویانه، ده‌کرێ به‌گژاچوونه‌وه‌ی واقیعیانه له پراکتیزه‌کردنی ئاگایی فه‌لسه‌فی و سیاسی و میتۆدێکی ئینسانی پێوانه‌ییدا بێت که لهمارکسیزمهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، وه تاکه ڕێگایه‌ک بێت بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی یه‌کسان و بێچهوسانهوه.
10.10.2009