Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
وه‌سیه‌ت نامه …..سه‌ریاسی

وه‌سیه‌ت نامه …..سه‌ریاسی

Closed
by October 13, 2009 ئەدەب

saryasy@hotmail.co.uk

 

له‌سه‌ر باڵی ئه‌م ئه‌ستێره‌ یاخیانه‌ی شه‌و ئارام بگره
تاسپێتی ده‌که‌وێته ‌ناوتاریک
هێدی هێدی به‌ئه‌سپای نیگایه‌کی گزنگ بکه
هه‌موو ئه‌ندێشه‌کانی خۆت ببه‌خشه‌ به‌لێوی هه‌ورێکی به‌ربه‌یان
تا له‌ڕێژنه ‌بارانێکدا خوێنی هه‌مووجۆناسه ‌له‌خاچ دراوه‌کان بشواته‌وه
به‌باڵی شکاوی دره‌ختێک بڵێ…………
له‌توڕه‌بوونی شه‌ماڵێکی یاخی ببورێت،،،،،چونکه ‌ویستی ئازاری نه‌بوو
به‌دڵی برینداری نیشتمان بڵێ چاوه‌ڕوان بێت
ده‌سته‌ی  ئاواره ‌په‌ڕاهه‌نده‌کان ڕێچکه‌یان گرتوه
مژده‌ به‌ده‌رگاوانه‌کانی دۆزه‌خ بده
قافڵه‌ی عاشقه ‌کوژراوه‌کان به‌سۆزه‌وه‌ن بۆئامێزی
شازاده‌که‌م……….
به‌فنسێک بڵێ شه‌رم له‌بچووکی خۆی نه‌کات
چونکه ‌زه‌ریا یاقوتی له‌قوڵای خۆیدا حه‌شارداوه

به‌پیری شازه‌مان بڵێ له‌سپی بوونی پرچی زویر نه‌بێت
چونکه ‌تێپه‌ڕبوونی ساڵه ‌سه‌رابیه‌کانی لێواولێوه ‌له‌حیکمه‌تی عه‌قڵ
هه‌ناسه‌که‌م……
ئه‌ستێره‌ به‌شه‌پۆله‌ توڕه‌کانی زه‌ریا مه‌سته
مانگ له‌بێده‌نگی سه‌حرادا نقووم بوه
هه‌نگ له‌بۆنی گوله‌کانی خه‌یاڵدا شاگه‌شکه‌بوه
ڕاوچی له‌فێڵه‌کانی ڕێووی سه‌رسامه
په‌ڕاو  له‌زمانی خامه‌دا کڕنوشی بردوه
خوا له‌نوێژی ده‌روێشێکدا ئاوێته‌بووه
شه‌راب له‌باوه‌شی پێکێکدا په‌رش بووه
تابلۆیه‌ک له‌ئه‌ندێشه‌ی شێوه‌کارێکدا وون بووه
منداڵێک  له‌سکی دایکیدا حه‌زی له‌تاریکییه‌و
نایه‌وێت  تیشکه ‌درۆزنه‌کانی ڕوناکی ببینێت
شاده‌ریاکه‌م…………
تۆش که‌ناری ئارامی منیت،
ئه‌ی شۆخه ‌ئازیزه‌ دوره‌که‌م،
ڕێگه‌مبده
با به‌ئه‌ستێره‌بڵێم چۆن له‌تیشکه‌ ماچێکدا توڕه‌بونی زه‌ریا ئارامکاته‌وه
به‌مانگ بڵێم چۆن به‌چرپه ‌تریفه‌یه‌ک سه‌حرا بهێنێته‌ ئاخاوتن
شاهه‌نگێک چۆن لێوی شیلاوی گووڵێک بمژێت

ڕاوچی چیبکات تاله‌فێڵه‌کانی ڕێوی بگات
په‌ڕاوه‌کان تاچه‌ند په‌یڤه‌کانیان خۆشبووێت
خوا چۆن نوری خۆی ببه‌خشێت به‌ده‌فی ده‌روێشێک
شه‌راب چۆن باخه‌ڕه‌زه‌کان به‌پێکێک ئاشنابکات
شێوه‌کارێک چۆن دڵی تابلۆیه‌کی ته‌ریوو ئاشتکاته‌وه
ژه‌نیارێک چۆن ئازاری په‌نجه‌کانی ساڕێژبکات له‌ئاوازێکدا
منداڵێک چۆن دیواره‌کانی تاریکی بشکێنی  بۆکچێکی ژیان
هه‌ناسه‌که‌م
به‌باڵی مه‌لێکی لانه‌واز بڵێ نه‌چێته‌ ناو قه‌فه‌زێک
چاوه‌ڕوانی هه‌ورێک بکات تابیکاته ‌هاوسه‌فه‌ری خۆی
به‌تاڵێ پرچی ژاکاوی سه‌ر ڕوخسارت بڵێ زیاترپه‌خش ببێت
تا هه‌نگاوی په‌نجه ‌ماندوه‌کانی من ماچی ده‌که‌ن

خۆشه‌ویستم………
له‌لوره‌لوری بایه‌کی نه‌سره‌وتدا به‌ئاگادێمه‌وه
له‌ناڵه‌ی ده‌روێشێکدا ڕاده‌چڵه‌کێم
له‌هاڕه‌ی دڵێکی به‌جیماودا ڕاده‌که‌م
له‌زریکه‌ی کچێکی شۆخدا منیش ده‌گریم
له‌هه‌ناسه‌ی ماسیگره‌یه‌کی که‌نارده‌ریادا سه‌ماده‌که‌م
له‌قاقای بولبولێکی ده‌مبه‌یاندا تامه‌زرۆی گۆرانیه‌ک ده‌بم
له‌کشانی ئه‌ستێره‌یه‌کی به‌یانیدا سه‌فه‌رێک ساز ده‌که‌م
له‌پاشماوه‌ی خۆڵه‌مێشی په‌روانه‌دا ئاوێته‌ی خاک ده‌بم
له‌چرکه‌چرکی کاتژمێرێکی وه‌ستاودا ده‌بزوێم
خۆشه‌ویست…..
له‌م دوابه‌یانیه‌ی زستانه‌دا قرچه‌ی فیراقی تۆم لێدێت
له‌م مه‌مله‌که‌تی ته‌مستانه‌وه‌ خوێن له‌سه‌رابه‌کانم ده‌چۆڕێت
له‌م ئێواره‌ی مه‌رگه‌وه بیری ژیان ده‌که‌م
له‌م دواساتی پیریه‌وه ‌به‌دوای منداڵیمدا ده‌گه‌ڕێم
ئه‌ی شۆخترین کچی ئه‌م دنیایه
ئه‌مه‌ش دوا وه‌سیه‌تی منه‌ بۆتۆ
به‌په‌ڕه‌ی هه‌ڵوه‌ریووی گووڵێک بڵێ ئارام بێت
تاکچه‌گووڵ فرۆشه‌کان دێن و هه‌ڵی ده‌گرنه‌وه
به‌باڵی په‌پووله‌یه‌کی سووتاو بڵێ زوویرنه‌بێت
تاعاشقه ‌برینداره‌کان دێن وڕۆحی خۆیانی پێده‌بخشن
به‌دڵی ته‌نیاشت بڵێ گوێ له‌سۆزی غوربه‌تی شه‌وێکی من بگرێت

 

Previous
Next