
یهکێتیو گۆڕان ….. حه‌مه غفور
ده‌بێت پابه‌ند بکرێن به پڕه‌نسیپه‌کانی ئۆقره‌یی کۆمه‌ڵگاوه!
(له په‌یوه‌ند به گرژبوونی شه‌ڕی ته‌بلیغاتی نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌کێتی نیشتمانی)Hamaxafoer”yahoo.com
دوێنێ سێشه‌ممه 13ئۆکتۆبه‌ر2009، ڕابه‌رایه‌تی‌و سهرکردایهتیو ناوه‌ندی بڕیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌کێتی نیشتمانی له دوو ڕوونکردنه‌وه‌ی دهسبهجێو به‌دوای یه‌کدا، له دوو ڕاگه‌یاندنی ئاگراویو شهڕهنگێزیاندا به‌رامبه‌ر به یه‌کترو بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی لێدوانه‌کانی یه‌کتر له‌دژی یه‌کتری، به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکراو بێپه‌رده گه‌ڕانه‌وه، یان باشتره بڵێین؛ خستنه‌وه کاری زمانی شاخیان بۆ بردنه‌به‌ره‌وه‌ی ململانێکانی نێوانیان‌و به‌لاداخستنی کێبه‌رکێکانیان ڕاگه‌یاند. ته‌ماشاکه‌ن؛
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌مشێوه‌یه لێدوانه‌که‌ی کۆتایی پێدێنێت؛"له راستیدا ئیَمه له بزوتنه‌وه‌ى گۆرِان ئه‌و ههڵچونهى راگه‌یاندنه‌كانیان به سروشتى نازانین و هه‌ست به‌بونى پلانیَكى دارِیَژراوى پیَشوهخت ده‌كه‌ین، لهكاتیَكدا هه‌موو جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌مان ده‌زانن ئیَمه جگه له جه‌ماوه‌ره‌كه‌مان و راوبۆچون و قه‌ڵه‌مه‌كانمان خاوه‌نى چیترنین، نه داموده‌زگاى حكومه‌تمان به‌ده‌سته‌وه‌یه و نه چه‌كدار و میلیشیا و ده‌زگاى داپۆڵیَسیَنهریشمان هه‌یه بۆ تیرۆركردن و تۆقاندن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دهبىَ ده‌سه‌ڵاتداران د‌رك به‌وه بكه‌ن كه بزوتنه‌وه‌ى گۆرِان زۆر له‌وه بههیَزتره كه به‌درۆ و بوختان و ههرِهشهى ئه‌وان ساردببیَتهوه، هه‌ربۆیه داواى لیَبوردن له جه‌ماوه‌رى گۆرِانخواز و گه‌له‌كه‌شمان ده‌كه‌ین كه چیتر بیَدهنگى ههڵنابژیَرین و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن ئه‌وا وه‌ڵامى پیَویستى هه‌موو درۆ و ناحهقییهكانیان ده‌ده‌ینه‌وه تا هه‌موو گه‌لى كوردستان وه‌ك خۆى له راستییه‌كان تیَبگات، هه‌ر له ئیَستاشهوه هه‌موو ده‌رئه‌نجامه‌كانى ئه‌م ئاڵۆزى و گرژییه ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆى ئه‌وان."(هێڵی سه‌رنج من کێشاومه).وه‌ڵامه‌که‌ی یه‌کێتیش به‌م جۆره دوایی دێت: "لیستی گۆڕان به ئه‌ندازه‌یه‌ك تووشی هه‌ناسه سواری هاتوون كه نه‌ك هه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێ ناكه‌ن كه به‌خه‌ڵكیان دابوو، به‌ڵكو به‌رگه‌ی ره‌خنه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی راست و دروستیش ناگرن و هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك گوایه (به‌هێرشكردن بۆ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌ركرده‌و ره‌مزه‌كانی) ده‌زانن، له كاتێكدا ئه‌وان پێش هه‌ڵبژاردن باسیان له‌وه ده‌كرد كه سه‌رده‌می ئه‌وه نه‌ماوه كه‌سێك یان حزبێك ببێته ره‌مز یان ئیدیعای به رهمزبوون بكات، لانی كه‌میش بۆ ئێمه‌و بۆ خه‌ڵكی كوردستان روون نییه كه ره‌مزه‌كانی ئه‌وان كێن؟
هه‌ر له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌وه ده‌كه‌ن گوایه كاره‌كانی راگه‌یاندنی یه‌كێتی "ئاگرخستنهوهو سوتانی به‌دوادا دێت"، ئێمه پێمان وایه روونه‌دانی "ئاژاوه‌و سوتان و پێكدادان" بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان فه‌خره‌و بۆ ئه‌وانیش گرێی ده‌روونی، چونكه ئه‌وان خوازیاری شه‌ڕو ئاژاوه‌ن و گوێ به سه‌ره‌نجامه‌كه‌شی ناده‌ن، هه‌روه‌ك له ره‌فتاره‌كانی رۆژانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا بینیمان، به‌ڵام یه‌كێتی له رابردوو و ئێستاش كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كه هه‌موو ململانێ و ناكۆكییه‌كان به ئاشتی و به هێمنی و گفتوگۆی دیموكراتی له‌رێی ده‌نگدانه‌وه یه‌كلایی بكرێنه‌وه." (دیسان هێڵ هی منه).جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌پێی پێناسه‌و موشاههداتی مه‌یدانیی سه‌رده‌می شاخی هه‌تا به سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌واییشی ده‌گات، جووڵانه‌وه‌یه‌کی ناسیونال-عه‌شیره‌یی چه‌قبه‌ستووه له‌نێو بونیادی نه‌ریتی شه‌ڕه‌نگێزی‌و زمانی تفهنگو ئارایشی تاقم‌و تفه‌نگی پێشمه‌رگانه‌دا. مێژووی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه پڕیه‌تی له نه‌خشه‌و پیلانی ملشکاندنی حهریفو موخالیفانی سیاسیان له‌ڕێگای زه‌برو زهنگو هه‌ڵمه‌تی چه‌کداریه‌وه بۆ سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌کانیان. "فت کردن، ته‌سفیه کردن، دهرسدادانو ئه‌تک کردن" به‌شێکن له شێوازی بهڕهواجی حه‌لو فه‌سڵی جیاوازی سیاسی‌و چه‌پۆکی ڕه‌شی به‌هێزی خۆسهپاندنو موئامه‌ره‌و فیڵو ته‌ڵه‌که‌ی سیاسی حیزبه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی.
حیزبه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی هیچ کات ده‌سبه‌رداری زمانی شاخ‌و زمانی چه‌ک نه‌بوون. هه‌میشه‌و به‌رده‌وام سوێندیان به قۆناغی تفهنگو کلکه ده‌مانچه خواردووه‌و به‌ڵێنی سه‌رکه‌وتنیان به بزووتنه‌وه‌که‌یان داوه! هه‌رچه‌ندیش کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌م هه‌ژده ساڵه‌ی ڕابرد، قه‌وانی سواوی دیموکراسی بوونی ئه‌م حیزبانه‌و باڵه جۆراوجۆره‌کانی، تا بگا به ئیدیعای تۆڵیڕانس‌و لێبووردهییو یهکترقبوڵکردنو زمانی دیالۆگی شارستانیانه‌یان له میدیا‌و ڕاگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه هه‌راسانی کردبوون، به‌ڵام جگه له شه‌ڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یه‌کێتی، هێرشی چه‌کداری بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، بۆ سه‌ر حیزبی سۆشیالیست، بۆ سه‌ر پارتی کار‌و بۆ سه‌ر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق‌و یه‌کگرتووی ئیسلامی، وه ته‌نانه‌ت ده‌سڕێژی ته‌قه‌و چه‌که‌کانی ئاسایش‌و پۆلیسی حکومه‌تی به‌ناو دیموکراتیشیان بۆ سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خهڵکو خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستان‌و کرێکارانی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌و خوێندکاران، هیچ میسداقیهتێک بۆ درووستی ئیدیعاکانیانو ڕوخساری شارستانیانه‌ی حوکمڕانی‌و ده‌ورو دوکانیان ناهێڵێته‌وه.
یهکهمینو دوایین ئامڕازی سیاسی ده‌ستی ڕابه‌رانی میللی گه‌رای کوردی به درێژایی مێژوو، زمانی چهکو شه‌ڕو خوێنڕێژی بووه. نه‌ریتێکی چه‌په‌ڵی حیزبه‌کانی ناسیونالیستی کوردی به‌بارمته‌گرتنی نان، کار، ژیان‌و چاره‌نووس‌و پێویستی ڕۆژانه‌ی ژیانی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی کوردستان بووه له‌پێناو ملدانهواندنیان بۆ سیاسهتو دهسهڵاتو فه‌رمانڕه‌واییان. کڕینی خه‌ڵک به پاره، کڕینی ویژدان، ده‌نگ، نفوز‌و شهخسیهتو زۆر شتی دیکه‌ش گۆشه‌یه‌کی پێکهاته‌ی کهلتووریو فهرههنگیو سیاسی ئه‌حزابی کوردی بووه.
ئێمه چه‌ندین جار جه‌ختمان کردۆته‌وه که ناسیونالیزم جووڵانه‌وه‌یه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ی دژی خه‌ڵکیه، که له پێناوی گه‌یشتن به مه‌رامه سیاسیه‌کانیدا ده‌ربه‌ستی تێوه‌گلاندنی هاوڵاتیانو کۆمه‌ڵگا له شه‌ڕو قات‌و قڕی‌و کاره‌ساته‌وه نایه‌ت، وه هیچ پێودانگێکی نیه له‌و باره‌وه. پابه‌ند نیه‌و ناشبێت به هیچ مۆڕاڵێکی هاوچهرخو شارستانیه‌وه له پێناو پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاو خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیانو به‌رقه‌رارکردنی ئهمنو ئاسایش‌و سه‌روه‌ریی یاساوه. خۆههڵخستن وه‌کو سۆشیال-دیموکرات، یاخود بانگه‌شه بۆ دیموکراسی پارله‌مانی‌و ده‌ستاوده‌س پێکردنی ده‌سه‌ڵات، درۆیه‌کی شاخداره‌و تا کاتێک ده‌می لێئهکوتن که خۆیان براوه‌و ده‌سه‌ڵاتدار بن. ده‌نا هه‌موو شتێک به‌گوێره‌ی ئاره‌زووی ڕابه‌رانی ناسیونالیست، ئه‌بێته دوژمنی سه‌رسه‌ختی کورد‌و کوردایهتیو جارێکی تریش قه‌وانی فیداکاری‌و گیانبازی‌و قوربانیدانی زیاتر لێئه‌ده‌نه‌وه بۆ جه‌ماوه‌رو دوژمنێکی وه‌همی دائه‌تاشن بۆ شڵه‌ژانی کۆمه‌ڵگاو تێکدانی ئارامی ژیانی خه‌ڵکی.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، وه ڕابهرانو ڕه‌مزه‌کانی ئه‌م دوو جیناحهی کوردایه‌تی، مێژوویان که‌می نه‌هێناوه له خوێنڕشتن‌و خستنه‌وه‌ی ئاگرو کاره‌ساتی شه‌ڕو پێکدادان. هیچکام له‌م دوو باڵه جێگای متمانه نیه‌و خه‌ڵکی نابێت گوێ بۆ قسه‌کانیان ڕاگرێت. ڕوونکردنه‌وه‌و لێدووانی دووکه‌ڵاوی ئه‌م دوو برابهشهو ئه‌م دوو دوژمنه‌ی یه‌کتری، خێر‌و بێری تیانیه جگه له خستنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕ، وه‌کو خۆشیان دانیان پێداناوه.
بۆیه هاوڵاتیان ده‌بێ هوشیار بن له‌م مناوه‌ره شهڕهنگێزیانهیان. دۆخه‌که هه‌ڵوێستێکی کاراو درووست له خه‌ڵکی کوردستان ئه‌خوازێت؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که به یه‌ک ده‌نگ داوای ڕاگرتنی ئه‌م ته‌بلیغاته جه‌نگیه بکهنو هه‌ردوو به‌ره‌که وه‌کو یه‌ک مهحکومبکهنو پابه‌ندیان بکه‌ن به کۆتاییهێنان به‌م شه‌ڕه تهبلیغاتیهی نێوانیان. وه ده‌بێت هه‌ردوو لایان پابه‌ند بن به ڕێزگرتن له کهماڵو لوتفی ژیانی ئاسایی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگاو ئیجازه‌یان نیه ئه‌م مافه گشتگیره کۆمه‌ڵایه‌تیه له‌که‌دار بکهنو ئۆقره‌یی کۆمه‌ڵگا بشێوێنن‌و خه‌ڵکیش بکه‌نه حهکهمو زه‌خیره‌ی کێشه‌کانی نێوانیان!
زمانی شاخ‌و زمانی چه‌ک قه‌ده‌غه‌یه! هه‌موو لایه‌ک پێویسته پابه‌ند بن به پڕه‌نسیپه‌کانی ئۆقره‌یی کۆمه‌ڵگاوه. پێچه‌وانه‌که‌ی، ئه‌وێته به‌ر نهفرهتو تووڕه‌یی جه‌ماوه‌رو له‌سه‌ر جێگای خۆیان دایان ئه‌نێته‌وه!
14ئۆکتۆبه‌ر2009