گوزه‌رێك به‌ناو شیعره‌كانی (هه‌ردی شه‌فیق) دا ….. ئاسۆ مه‌حمود
بۆ ئه‌وه‌ی له‌شیعری ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێستا تێبگه‌ین به‌بڕوای من به‌ر له‌هه‌ر ئه‌ركیك ئه‌ركی سه‌رشانمانه وڕینه‌و شیعر له‌یه‌كتری جیابكه‌ینه‌وه .ئه‌و ده‌نگه نوێانه له‌ده‌نگه په‌رشو بڵاوه‌كان جیابكه‌ینه‌وه . به‌بێ جیاوازی هانده‌رو هاوكاری هه‌موو لایه‌كیان بین بۆ خزمه‌تی ئه‌ده‌ب.
یه‌كێك له‌و شاعیره تازانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا له‌نێو شاعیره‌گه‌نجه‌كاندا شیعره‌كانی به‌مانا شیعریه‌كه‌ی ئه‌توانین پیان بلێن شاعیر (هه‌ردی شه‌فیق)ه . شیعره‌كانی ئه‌و شیعرانه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی زۆر بكه‌ی له‌خۆت ئه‌توانن بت جوڵێینن یا داگیرت كه‌ن .هه‌ردی به‌زمانیكی دور له‌ساده گۆییی و تێكه‌هه‌ڵكێشی ڕوداوه تراژیدیه‌كان و ڕوداوه ئاساییه‌كان به ئاست و ته‌كنیكیی به‌رزه‌وه له‌پاڵ جورێك له‌مۆسیقادا كه‌ده‌كرێت بووترێت ئه‌ویش سودوه‌رگرتن بێت له موسیقا ی شیعری كۆن له‌ناو ڕسته‌ی شیعری ئازاد دا ده‌نوسێت وگه‌مه‌یه‌كی غه‌ریب ده‌كات.ئه‌و دۆخیكی ناسه‌قامگیرو فره جه‌مسه‌ری هه‌یه تانه‌گه‌یته كۆتایی قه‌سیده‌كانی نا‌توانیت په‌ی به‌سیحرو خه‌یاڵ و یۆتۆپیا و میتافۆره‌كانی شیعره‌كه‌به‌ریت چ هاو ئاهه‌نگیه‌كیان پێكه‌وه هه‌یه وه‌ك له‌هه‌ردوو قه‌سیده‌ی (ژیان جه‌لادیكی بیگوناهه)و (ئاسمانی خوین)دا كۆتایی ده‌سبارێكی ته‌واو ده‌گرێت بۆ فۆرمه‌له‌كردنی ته‌واوی واتا‌و ده‌لاله‌تی قه‌سیده‌كه و یۆتۆپیاكانی له‌وێدا وه‌ك كۆتایی چیرۆكێك ته‌واو ده‌كات . زێده ڕه‌ویشم نه‌كردبێت ده‌ڵێم هه‌موو پێكهاته‌ی شیعره‌كه‌ی پێكه‌وه پێ گرێده‌دات.
یۆتۆپیا یا مانیفێستی شیعره‌كانی هه‌ردی له‌سه‌ر چه‌مكی گوناه و سزا بنیاد نراون و سه‌یربكه‌ین له زۆر له قه‌سیده‌كانیدا گوناه و سزا ئاماده‌گیه‌كی به‌رچاوی هه‌یه.
. گه‌وره‌یی هونه‌رمه‌نده‌كان یا ئه‌دیبو نوسه‌ران له‌وێدا به‌دیار ده‌كه‌وێت چه‌ند بۆ خۆیان ده‌ژین ئه‌وه‌نده‌ش ژیانیان ده‌به‌خشنه په‌یام و خزمه‌تكردن به‌ده‌ورو به‌ره‌كه‌یان و مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ دیوه نوسراوه‌كه‌ی نێو نوسینه‌كانیاندا به‌یه‌ك ئاراسته‌ده‌به‌ن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر ڕاسته.به‌مانایه‌كی تر خۆشه‌ویستی بۆ كاره‌كه‌و بۆ هونه‌رو بۆ مرۆڤ دواجار جۆرێك له موقه‌ده‌س بوونیان بۆ دروست ده‌كات به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ته‌قدیسكردنه سه‌پینَراوه‌یه ڕاگه‌یاندنی سیاسیه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن .ئه‌وه‌ی هه‌ردی به‌ڕۆحی من ئاشناده‌كات كاركردنه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌كته‌ره كوژراوه‌كانی حه‌قیقه‌ت و حه‌قیقه‌ته كوژراوه‌كان ،پاڵه‌وانه دۆڕاوه‌كانی سه‌ر شانۆی ژیان .وه‌ك چۆن ئاماژه‌م پێدا بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی شیعر بكه‌ین ده‌بێت ده‌نگه جوانه‌كان بناسین هاوشێوه بۆ ناسینی میتا فۆریش زه‌روره وڕینه له‌وێنه‌ی شیعری جیابكه‌ینه‌وه ،ڕاز‌و ته‌لیسمی نا مه‌ئلوف بناسین و بزانین مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی پشت هه‌ردوو وشه‌یه‌ك چین پاشان په‌لاماریان بده‌ین .كێشه‌ی سه‌ره‌كی شاعیره تازه‌كانی ئێستا ئه‌و ئاكار شێتیه‌یه تا ئه‌و دیوی سنوری وڕینه له‌گه‌ڵ نامه‌ئلوف ده‌ڕۆن و به‌ڕاستی نامه‌ئلوف وڕینه‌ش دووشتی جیان .ده‌كرێت نامه‌ئلوف جۆرێك له‌وڕینه‌ی واتادار بێت به‌ڵام وڕینه هه‌رگیز نابێته نامه‌ئلوف هیچ واتایه‌ك نه‌دات به‌ده‌سته‌وه. لێره‌وه به‌د حاڵی بوونێك له‌شیعری سڕیالی ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت كه ئه‌م باسه ئاو زۆر ده‌كێشیت و كاری ئێمه‌نیه له‌م نوسینه‌دا.
من له‌هه‌ندێك جێگادا له‌گه‌ڵ كاڵكردنه‌وه‌یه‌كی زۆری نامه‌ئلوفی هه‌ردی دانیم و له‌چه‌ند قه‌سیده‌ێكدا كه‌مترین نامه‌ئلوف به‌رچاو ده‌كه‌وێت و له‌پاڵیدا ته‌واوی پێكهاته شیعریه‌كانی له‌ئاستیكی باڵادان به‌ڵام ئه‌وه‌ش كارێكی شاعیرانه نیه له‌پاڵ خوڵقاندنی جۆرێك له نامه‌ئلوفدا كه‌له وڕینه‌یه‌كی ڕوت زێتر نیه وابزانین شاعیر سه‌د ده‌رسه‌د ئامانجی خۆیی پێكاوه .من لام وایه ئه‌وه‌چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر بناسین پێویسته دیوه‌كه‌ی تری ببینین له‌پاڵ ئه‌وه‌دا كه‌شیعر جوانی خۆی له‌فره‌یی واتا‌و ده‌لاله‌تی ته‌ماویدا به‌یان ده‌كات ،ئه‌وا كارێكی سه‌د جار خراپترمان كردووه پێمان وابیت هه‌موو نامه‌ئلوفێك به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان خزمه‌ت به‌شیعر ده‌كات كه‌ڕه‌نگه زۆر جار دژ (تناقص)دروستبكات و شیعر لای خوێنه‌ر بكات به‌مایه‌ی پێكه‌نین و ئامرازیك بۆ كات به‌سه‌ر بردن و گاڵته پێكردن .گه‌ربڵێم كارێكی هه‌ڵه‌یه پشتكردن له‌نامه‌ئلوف ئه‌وا به‌كارهینانی كه‌مترین نا مه‌ئلوف له‌قه‌سیده‌ی (بۆ نامكوژی) ئه‌و ڕاستیه پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه .ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌یان بكه‌م وێنا تراژیدیه‌كان و به‌رجه‌سته كردنیان بوونه‌ته ئه‌ڵته‌رناتیڤیك بۆ نامه‌ئلوف له‌م قه‌سیده‌دا كه قه‌سیده‌یه‌كی پڕاوپڕه له‌وێناو ڕاكردنه له‌نامه‌ئلوف و دۆزینه‌وه‌ی به‌دیل به به نامه‌ئلوفكردنی مه‌ئلوف.لێره‌دا ده‌بێت بگوترێت مه‌رج نیه هه‌موو تێنه‌گه‌یشتنیك له‌شیعر واتای قوڵی مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی و به‌رزی ئاستی شیعره‌كه‌بێت پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته .
.هه‌ردی كارگه‌یه‌كه بۆ خولقاندنی میتافۆر و دروستكردنی نائومێدی و نیشاندانی دیوه‌كه‌ی تری هه‌موو ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بوونه‌ته دیارده‌یه‌كی ئاسایی . دێت جارێكی تر له‌ڕێگای له‌زه‌ت كردن له‌ئازاره‌وه دیوه برینداره‌كه‌یان یا دیوی ئازاره‌كانیانت پێ ئاشنا ده‌كاته‌وه له‌م ڕوانه‌گه‌وه كاری زۆری دیانه‌كان و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر حه‌زره‌تی مه‌سیح و په‌یامه‌كه‌ی كرده‌وه.
له‌شیعری هه‌ردی دا هه‌میشه شاعێرێكی گه‌ڕۆك و بزێو ده‌بینریت كۆڵان و شه‌قام و مه‌یدانی جه‌نگه‌كان و …هتد ده‌گه‌ڕیت و فۆتۆ ده‌گرێت ،فۆتۆ گه‌لێكی ناوازه‌و ده‌گمه‌ن كه‌هه‌لگری ئازاره سه‌خته‌كان و ده‌ر ئه‌نجامی خودخاهی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ن كه‌پێی ده‌وتریت مرۆڤ .ئه‌و وێنه تاریكانه‌ی هه‌ردی كاری له‌سه‌ر كردوون وێنه كرا‌و نین یاله‌خه‌یاڵه‌وه نه‌هێنراون به‌ڵكه وێنه گه‌لێكی راستین شاعیر ته‌نیا كاری له‌سه‌ر درككردنیان و گوێزانه‌وه‌و دارشتنه‌وه‌یان كردووه‌و سیحری جوانی ئه‌م وێنانه‌ش له‌شاره‌زایی هه‌ڵبژاردن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆ وینه شیعریه جه‌رگبڕه‌كانی رۆژانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت .
ئێمه له‌هه‌موو كه‌سێكه‌وه نزیك بووین
له‌سواره‌كانی ئه‌وقافڵانه‌ی تابلۆ سه‌وزه‌كانیان به‌خوێن ئه‌كێشاو له‌مه‌رگ مانیفێسته‌كانیان چێئه‌كرد
له‌و سیاپۆشه‌ی به‌ده‌م گریانه‌وه ده‌یوت ژیان جوانه‌به‌ڵام حه‌یف ئاواتی تیادا به‌دی نایه
له‌وپیره‌ی له‌كه‌ناره‌كانی مه‌رگدا وتی:من عومرێك به‌هه‌ڵَه ڕێگام بڕی
ژیان هه‌لێكی زێڕین بوو به‌كه‌ڵكی ئێمه نه‌هات
له‌و میلیشیایانه‌ی ده‌یان ویست له‌سیمای مناڵه‌كانا وێنه‌ی جه‌للادێك ببینن
له‌و قافڵانه‌ی به‌یداخه‌كانیان وێنه‌ی كه‌لله‌سه‌رێك و دووئێسقانی پێوه‌بوو
له‌وكچانه‌ی تامردن هه‌ربه‌خه‌یاڵ عاشق ده‌بوون
له‌وپیاوه‌ی هه‌مووعومری بۆ مناڵێك ئه‌سوتان له‌نوتفه‌ی ئه‌ونه‌بوو
له‌و قه‌ره‌جانه‌ی به‌دوای عیشقێكدا ده‌گه‌ڕان بیكه‌ن به‌نیشتیمان
له‌و كوڕانه‌ی له‌پشت زیندانی خوشكه‌كانیانه‌وه ماچیان بۆ دراوسێكانیان هه‌ڵئه‌دا
له‌وشاعیرانه‌ی به‌سه‌ربانی خه‌یاڵه‌وه
له‌نێو نه‌سیمدا سه‌یری مانگ ومه‌رگیان ده‌كرد
له‌و قه‌یرانه‌ی به‌وشه‌ی پیرێژن ورد‌و خاش ئه‌بوون
له‌وپیاوه‌ی له‌سه‌ره‌مه‌رگدا به‌دووای به‌ختیاریدا ئه‌گه‌ڕێ
له‌وپیاوه‌ی دوای تارمایی ژنه‌كانی شارئه‌كه‌وێ و
خه‌یاڵ بێداری ئه‌كاته‌وه‌پێی ئه‌ڵێ:به‌سیه چیتر له‌ده‌رگای مه‌رگ مه‌ده
له‌و كچه‌ی پێ ی وابوو ژیان دوو ده‌رگای كراوه‌یه به‌ڕوی مهرگدالهوژنهی له‌سه‌ره‌مه‌رگداوتی :من له‌مناڵیه‌وه مردوم
له‌وپیره‌ی داهاتووی به‌دیار یادگاریه تاڵه‌كانیه‌وه ئه‌سوتێنێ
كه‌جارێكی تر پێی ناڵێت:كابرا خواحافیزی له‌ته‌نهاییت كه
ئێمه له‌هه‌مووكه‌سێك ئه‌چووین مناڵه‌كه‌ی ڕۆحی خۆمان نه‌بێت
له‌هه‌موو كه‌سێك دوربووین جه‌للاده‌كه‌ی ڕۆحی خۆمان نه‌بێت
ژیان له‌ناو قه‌سیده‌كانی هه‌ردی دا به‌ڕاده‌یه‌ك فره‌چه‌شنه ئه‌سته‌مه بتووانیت له‌ساتێكدا ڕوبه‌ڕوی خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌چه‌شنه بۆ مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانی قه‌سیده‌كه‌بكه‌یت ،به‌جۆرێك ده‌توانیین بڵیین هه‌رپه‌لێكی شكاو ی دره‌خته سه‌وزه‌كان یاخود مێرویه‌كی كوژراو زاده‌ی جه‌نگێكه له‌دیوه‌كه‌ی تری مرۆڤدا ،یاله‌دیوه شاره‌وه‌كه‌ی مرۆڤدا هه‌ردی ش وه‌ك دیوه راسته‌قینه‌كه‌ی مرۆڤ مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا ده‌كات و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گوناهو سزا كانیش ده‌باته‌وه بۆ قومارخانه‌كه‌ی ئه‌وێ ،لێره‌وه ده‌روازه‌یه‌ك به‌ڕوی گومان گه‌لێك و پرسیار گه‌لێك واڵا ده‌كات و له‌سه‌ر ئه‌ودیوه شاراوه هه‌ڵده‌چنێ كه‌ده‌كرێت لای ئه‌و ناوی بنێین ئه‌و دیوه‌ی كه‌سه‌ر چاوه‌ی ئاشوب وكاره‌سات و نه‌هامه‌تیه.
به‌داخه‌وه زۆر كه‌م و زۆریش ده‌گمه‌ن له‌شیعری ئه‌م نه‌وه نوێیه‌دا پرسیاره قوڵ و جدیه‌كان دووباره خراونه‌ته‌وه ژێر ڕاڤه‌و شاعیر به‌دوای وه‌ڵامێكی قایلكه‌ر یا دروستكردنی پرسیاری تازه‌دا گه‌ڕاوه ،یاله‌په‌نجه‌ره‌یه‌كی تره‌وه جۆرێكی تر له‌گه‌مه‌شیعریه‌كانی له‌سه‌ر یۆتۆپیایه‌كی تازه بنیاد بنێ .خاڵێك كه‌مایه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانه له‌شیعره‌كانی هه‌ردی دا ئه‌و ڕازی نه‌بوون و له‌سه‌ر نه‌وه‌ستانه‌یه له‌سه‌ر یه‌ك جۆر وێنا‌و یه‌ك جۆر خه‌یاڵ و یه‌ك جۆر دیدگا وگه‌مه‌كردن به‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك جوانی نیشانداوه :
1-ئه‌توانیت چه‌ند بته‌وێت وێنای جۆراو جۆر بخه‌یته خزمه‌تی هێڵی گشتی قه‌سیده‌وه
2-مۆسیقا چه‌ند بته‌وێت په‌رشو بڵاو بێت و له‌كۆتایی كۆپله‌كاندا به‌دێریك رێكی بكه‌یته‌وه ،چه‌ند بته‌وێت مانا‌و ده‌لاله‌تی جیا له قه‌سیده‌یكدا به‌كار بێنین به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كیه‌تی ده‌ق له‌ده‌ست بده‌ین
3-شاعیر نابێت به‌ته‌نیا شكڵێكی چه‌قبه‌ستوی كاركردن ڕازی بێت له‌ژێر بیانوی سه‌بكی تایبه‌تی دا هه‌موو ئه‌وشتانه دووباره بكاته‌وه كاری له‌سه‌ر كردوون به‌ڵكه ده‌بێت به‌رده‌وام بیر له‌ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی سه‌بكی خۆی بكاته‌وه
4خوێنه‌ر له‌سه‌ر به‌شێك یا له‌سه‌ر پنتێك توشی تێڕامان بكه‌یت گه‌رچی فره‌یی له‌میتافۆره‌كانی هه‌ردی دا له‌خه‌یاڵه‌كانیدا چێژیكی زیاتر‌و جوانتر ئه‌دات به‌قه‌سیده‌كانی و بووه‌ته خه‌سڵه‌تیكی شیعری له‌پاڵ ئه‌وه‌یشا هه‌ندێك جار نه‌یتوانیوه سه‌د ده‌رسه‌د ئامانج بپێكێت وه‌ك له(دواهه‌مین قه‌سیده‌ی عه‌شق)دا ده‌ر دهكهوێتههردی وه‌ك هه‌میشه له‌ناو كێشه‌و فه‌وزاكانی ژیانه‌وه دێ و كه‌مترین كات پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینن و هه‌میشه‌ش كۆڵێ نائومێدی به‌شانه‌وه‌یه. كاتێكیش ڕووبه‌ڕوی كۆپله‌شیعرێكی كورت ده‌بینه‌وه هه‌ر زووبه‌زوو جارێكی دی له‌ڕێگای وێنا تراژیدیه‌كانه‌وه توشی موچڕكه‌ت ده‌كاته‌وه كه‌ده‌كرێت پێان بووتریت ئه‌و وێنه تاریكانه‌ی خوێنه‌ر داگیر ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌نه به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك پرسیاری قانگ دراو به‌نائومێدی و به‌ڕه‌شبینی ئه‌میش له‌و جێگه‌وه دێت لای شاعیر ژیان مه‌یدانی جه‌نگیكی گه‌وره‌یه و ئه‌و جه‌نگه‌ش دیوه بنچینه‌ییه‌كه‌ی ژیانه .له‌وێشدا ته‌نیا ئێسك و پروسكی مرۆڤی ڕاسته‌قینه ده‌هاڕدرێت .ژیان و جوانی سروشت و عه‌شق و جوانیه‌كانی دیش ئه‌و پێ وایه ئیدی بایه‌خیكی ئه‌وتۆیان نیه شتێك نین جگه له‌خۆراكی ئه‌و جه‌نگه تێر نه‌خۆره . گه‌ر لێره‌شدا به‌دیقه‌ت له‌م چه‌ند كورته‌ی هه‌ڵم بژاردون سه‌یری به‌كه‌ین ئه‌وا ده‌گه‌ینه ڕاستی ئه‌م ده‌ر ئه‌نجامه‌ی باسم كرد
یارۆ
لێوی خه‌یاڵ به‌خوێنی ئه‌و باڵدارانه سورمه‌كه
جگه له‌ئاسمانی ئاوا بوون
ماڵی تریان نیه بۆنیشته جێبوون
مرۆڤ له‌سه‌رمێزی قوماری ئه‌م شێت خانه ئه‌زه‌لیه
هه‌میشه قوماری دڵ ئه‌كاو ڕۆح ئه‌دۆڕێنێ
قوماری ڕۆح ئه‌كاو دڵ ئه‌دۆڕێنێ
هه‌میشه له‌چاوی دێوانه‌یه‌كی شه‌كه‌ت ئه‌پرسێ
هه‌موو عومری به‌عه‌شقێكی دۆڕاو به‌خشیوه
ئه‌رێ لالۆ ئه‌وین له‌كوێوه‌یه
یان
ده‌ترسم سه‌رخۆشێك كچێنیت بدزێ‌و
به‌دیار چاوی پۆلیسه‌كانه‌وه ڕۆژنامه‌یه‌كی تێوه بپێچێ
ده‌ترسێم ئێواره‌یه‌ك كه‌پایز گۆرانیه‌كی غه‌ریبانه ئه‌ڵێ
گه‌ڵای داره‌كان چیمه‌نه‌كان ڕه‌نگ ئه‌كه‌ن
بۆماڵی عیشقێكی سواڵكه‌رانه بچێ
كچێك عه‌جولانه ده‌ستی خۆزگه‌كانی بگرێ‌و
هه‌ژارانه هاواربكات و له‌ده‌رگا بدات
به‌رله‌وه‌ی هاواری ئه‌و خامۆشی ماڵه‌كه بشێوێنێ
په‌یامی ی كوڕێك له‌سه‌ر ده‌رگای ماڵكه بخوێنێته‌وه
به‌خوێنی دڵی نوسیویه‌تی
(عیشق لێره كۆتایی هات)!!
گوناهو سزا ئه‌ویش پانتاییه‌كی ناو قه‌سیده‌كانی شاعیره و لای شاعیر دوو شتی بنچینه‌یی ژیانن و دوو هێزی وه‌گه‌ڕخه‌ری ئه‌م ژیانه‌و هۆكاری دروستبوونی جه‌نگ و خوێن و جه‌لاد و هه‌ژاری و …هتد ین.وه‌ك له‌قه‌سیده‌ی( بۆنامكوژی)دا به گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌ی نێوان جه‌لاد و قوربانی ده‌ست پێده‌كات و له‌هه‌ندێك جیگادا شاعیر وه‌ك كه‌سێكی واعیز ده‌ر قسه‌ده‌كات و له‌هه‌ندێ جێشدا وه‌ك قوربانیه‌ك ده‌یه‌ویت جه‌لاد له‌پوچی ئه‌و ژیانه خه‌به‌ركاته‌وه خوێنی بۆ ده‌ڕژیت نمونه
به‌رله‌وه‌ی عیشق ، جه‌نگه خوێنینه‌كه،
له‌خۆش ویستنی دوومرۆڤدا سه‌ره‌تای بێت و
له‌كوشتنی دوو مرۆڤدا دوایی بێتیان
به‌رله‌وه‌ی پێكه‌وه بوونی جوتێك مرۆڤ
هه‌رزانتربێت له‌پێكه‌وه بوونی جوتێك پێڵاو
بۆ نامكوژی؟!یان
یارۆ
لێوی خه‌یاڵ به‌خوێنی ئه‌و باڵدارانه سورمه‌كه جگه له‌ئاسمانی ئاوا بوون
ماڵی تریان نیه بۆنیشته جێبوون
مرۆڤ له‌سه‌رمێزی قوماری ئه‌م شێت خانه ئه‌زه‌لیه
هه‌میشه قوماری دڵ ئه‌كاو ڕۆح ئه‌دۆڕێنێ
قوماری ڕۆح ئه‌كاو دڵ ئه‌دۆڕێنێ
مه‌ی ئه‌نۆشێ‌و فیراق مه‌ستی ئه‌كات
خه‌یاڵ ئه‌نۆشێ وحه‌سره‌ت سه‌رخۆشی ئه‌كات
هه‌میشه له‌چاوی دێوانه‌یه‌كی شه‌كه‌ت ئه‌پرسێ
كه‌هه‌مووعومری به‌عیشقێكی دۆڕاو به‌خشیوه
ئه‌ریش لالۆ ئه‌وین له‌كوێوه‌یه؟
لێره‌دا زۆر به‌ڕوونی هه‌ردوو جۆره زمانه‌كه‌ی هه‌ردی ده‌بینرێت له‌هه‌رجێیه‌كیشدا باسی گوناهو سزا هه‌بیت ئه‌وا دۆستایه‌تیه‌كی پڕ له‌ستاتیكای شاعیر بۆ قوربانی هه‌یه‌و دواجاریش ئه‌و هه‌میشه ده‌یه‌وێت زمانێك هه‌بیت بۆقسه‌ی جه‌لاد و قوربانی و له‌زمانی خواناسێكی به‌ئه‌زموونه‌وه شاعیر ده‌چێته به‌رده‌م وێنه‌ی عیسای له‌خاچ دراو و ده‌لێت
ئه‌فسوس ته‌نیا تۆ زانیت تامی خوێن چ بێله‌زه‌ته!!له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر عه‌شق به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره دێت بۆچی له‌ناكاو عه‌شق دێته ناو گه‌رمه‌ی كوشتاری خه‌یاڵه‌كانی شاعیر‌و وه‌ك خه‌یاڵیكی كورت و كه‌مخایه‌ن له‌پڕو نا‌ئومێد ده‌ڕوات
ئاخرمن له‌ئاوێنه‌یه‌كدا بۆدۆزینه‌وه‌ی سیمای خۆم ئه‌گه‌ڕێم
له‌كوشتار گایه‌كدا قده‌رێك ئه‌دۆزمه‌وه له‌گه‌ڵ كچێك ته‌عاروفمان پێئه‌كات
من بێشه‌رمانه پێی ده‌ڵێم: وای كچه‌كه تۆومانگ چه‌ند لێكتری ئه‌چن و
شه‌رمنانه پێم ده‌ڵێت:كوڕه‌كه به‌چرپه‌وه قسه‌بكه نه‌وه‌ك مه‌رگ لێره‌وه‌تێپه‌ڕێ
یان……..
من ده‌م ویست سه‌رم بخه‌مه سه‌رمه‌مكه‌كانی كچێك و خه‌وم لێبكه‌وێت
جله خوێناویه‌كانم له‌به‌ر باراندا بشۆم و ئاوی گوڵه سوره‌كان بده‌م
ئه‌و مناڵه په‌شیمان كه‌مه‌وه به‌دارو لاستیكه‌وه به‌ردی ئه‌گرته په‌نجه‌ره‌ی مانگ
ئه‌و كچه بهێنمه پێكه‌نین مانگ به‌برینداری له‌چاوه‌كانیدا ئه‌گریا
ئه‌و عاشقانه په‌شیمانكه‌مه‌وه فاڵیان به‌په‌ڕه‌ی گوڵه‌كان ده‌گرته‌وه
ده‌م ویست هاواربكه‌م بابێن تایه‌فه‌ی په‌پوله‌كان
بابكوژرێن عه‌شیره‌تی مرۆڤه‌كان
ده‌م ویست ئه‌م قانونی كوشتنه تێك بده‌م و گاڵته له‌گه‌ڵ ئه‌م خوێنه‌دا بكه‌م
كه‌چی شاعیره‌كان هاواریان ده‌كرد :
ڕه‌شه‌بای مه‌رگ هات بائه‌م هه‌واره جێبێڵین
تاعون هه‌ڵیكرد بالێره بڕۆین
من هه‌میشه له‌خویندنه‌وه‌دا چاوه‌ریبووم ئه‌و جاریك له‌جاره‌كان زیاتر له‌سه‌ر عه‌شق بووستیت وشتیكی زیاتر بلیت به‌لام ئه‌و عه‌شقیش وه‌ك پارچه‌یه‌ك له‌و مه‌كینه‌ی جه‌نگه ده‌بینی شیرازه ی ژیان به‌مه‌رگ دۆستی ده‌به‌ستیته‌وه و كاتیك قه‌سیده‌ی (روئیا)شم خوینده‌وه سه‌د ده‌رسه‌د وه‌لامیكی قایلكه‌رم دابه‌خۆم .
له‌ناو خه‌یاڵی ئه‌م دێوانه بوونه‌دا
له‌ناو تاعوونی ئه‌م فه‌نابوونه‌دا
له‌ناو ئه‌و سه‌ربازانه‌ی سێبه‌ره‌كانی خۆیان ئه‌یان كوژن
له‌سه‌ر ئه‌و به‌رماڵه‌ی هاواری ناگاته گوێ ی خودا
باسه‌ماكه‌ین ڕوئیا
دینیش وه‌ك ئامرازیكی یافه‌لسه‌فه‌یكی سه‌ركوتگه‌ر ده‌بینی كه‌وه‌ك جه‌لادیكی ئه‌زه‌لی ئاماده‌گیه‌كی به‌رچاوی هه‌یه و ره‌گ وریشه‌كه‌ی ده‌گه‌ریته‌وه سه‌رتای دروست بوونی مرۆڤ .دین وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بۆ كوشتنی ماهیه‌تی ژیان وجوانیه‌كانی ناوی ده‌بینی (ئه‌وه‌تا له‌م مه‌یخانه‌دا په‌یكه‌ری مه‌عشوقه‌كانمان ده‌په‌رستین \ئه‌مه چ زولمیكه له‌تۆ ده‌كریت ئه‌ی خودا )لیره‌وه ده‌بینین چیتر شاعیر به‌و وه‌لامه قایل نیه خودا به‌ته‌نیا ده‌ستی له‌دارشتنی قه‌ده‌ركانی ئینساندا هه‌یه،یاخود مرۆڤ كاراكته‌ریكی ده‌ست و پی سپیه به‌بی خواستی خۆی نمایش ئه‌كات و ناتونیت خالیك له‌و تیكسته بگۆریت نمایشی تیاده‌كات به‌لكه ئه‌وه ئینسانه به دین زولم له‌خالقیش ده‌كات .
ئیلاهی,من ده‌مزانی ئه‌م كۆتری حه‌قیقه‌ته به‌تۆش به‌خێو ناكرێ
وه‌كو گۆشت له‌تێزابدا،له‌خوێنی ئێمه‌دا ده‌توێته‌وه
ده‌توێته‌وه له‌نێو قیامه‌تی ئه‌م تابوتسازو مردوشۆرانه‌دا
وه‌كو ئاو له‌نێو ئاگردا،له‌پێكی ئێمه‌دا ده‌بێت به‌هه‌ڵم
وه‌ك تۆزی بیابان له‌مه‌یخانه‌كانی ئێمه‌دا ده‌بێت به غوبار
ئه‌وه‌تا له‌م بوتخانه‌دا ئێمه مه‌عشوقه‌كانی خۆمان ده‌په‌رستین
ئه‌مه چ زوڵمێكه له‌تۆ ده‌كرێت ئه‌ی خودا؟!
ده‌كریت ئه‌م نوسینه ده‌روازه‌یه‌ك بیت بۆ ئاشناكردنی هه‌ردی شه‌فیق و من ده‌خوازم گوناهیكیشم ده‌رهه‌ق نه‌كردبیت و پیشم وایه شیعره‌كانی ئه‌و زیاتر هه‌لده‌گرن .به‌بۆچوونی منیش ئیمه چه‌ند ده‌توانین له‌و ده‌روازه‌وه له‌شاعیر تیبگه‌ین له‌قه‌سیده‌كانیا بۆی بگه‌ریین بزانین دونیا بینی ئه‌و چیه ئه‌وه‌نده‌ش پیویستمان به‌وه هه‌یه بزانین چی له‌یاده‌وه‌ری ئه‌و دا ده‌گوزه‌ریت كیشه‌ی شیعر وجوانی شیعریش ئه‌وه‌یه فره ره‌هه‌نده و جیگای هه‌موو ژانره‌كانی تری تیا ده‌بیته‌وه ئه‌مه بۆچوونی منه له‌سه‌ر كه‌میك له‌شیعره‌كان ره‌نگه لای ئیوه‌ش جۆریكی تر بێت.