
ژن له‌ناو ئه‌م گۆڕستانی ڕۆحه‌دا….. هه‌ردی شه‌فیق
كتێبه‌كان شتێكیان له‌حه‌قیقه‌ت پێ بووتینایه مرۆڤ دوای فاڵچیه‌كان نه‌ئه‌كه‌وت،حه‌قیقه‌تیش شوێنێكی تیابوایه بۆ پشوی ڕۆح، من ئه‌وه‌نده باسی ئه‌م مه‌یخانه ڕۆحیه‌م نه‌ئه‌كرد .
كه (فه‌تانه‌ی وه‌لیدی )گۆرانی (ئه‌ی یاری نازدارم )یا (شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ)ده‌ڵێت به‌ناو خه‌ڵوه‌تی ڕۆحی خۆتدا ئه‌تباته دنیایه‌كی تر‌و له‌به‌رده‌رگای عیشقێكدا ئه‌وه‌نده‌ی له‌مه‌یخانه‌یه‌كی ڕۆحی ئه‌چێت (كه‌مرۆ پێكی ئه‌و مه‌یخانه له‌خوێنی دڵی خۆی پڕئه‌كات نه‌ك به‌شه‌رابی ده‌ستی ساقیه‌كان)ئه‌وه‌نده له‌عیشقێك نزیك ناكه‌وێته‌وه دونیا ڕۆحانیه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌مینی حه‌قیقه‌تدا له‌تێكه‌ڵاو بوونێكی سه‌ر پێیانه‌دا نابوت بكات.كه (عه‌باسی كه‌مه‌ندی و شه‌هێن تاڵه‌بانی )گۆرانی سه‌بری ئه‌چڕن كوچه به‌كوچه به‌نێو سه‌ربورده‌ی عیشقێكی له‌ده‌ستچوودا ده‌مگێڕن و ده‌مبه‌نه سه‌ر گۆڕی یارو له‌وێ له‌بری بوغوردێك ڕۆحی خۆم دائه‌گیرسێنم.كه(شه‌كیلا)ی ژنه‌فارس گۆرانی (علقیبه‌ت=سه‌ره‌نجام )ئه‌چڕێت (له‌دڵ وگیانا ماڵێكت چێكرد سه‌ره‌نجام /هه‌ردووكیانت وێران‌كرد سه‌ره‌نجام /هاتی ئاگر له‌عاله‌م به‌ربده‌ی/نه‌گه‌ڕایته‌وه تانه‌تكرد سه‌ره‌نجام)به‌ناو گڕو خۆڵه‌مێشی قه‌صیده‌یه‌كدا ئه‌مگێڕێ و به‌دیار مۆم و په‌روانه‌ی شاعیرێكی كلاسیكه‌وه توشی هه‌یه‌جانت ئه‌كات و ده‌تباته عاله‌مێكی تر‌و خه‌ڵوتێكی تری ڕۆحه‌وه .یا ئه‌و پاڕانه‌وه‌ی(هایده) چه‌ند جوانه به‌و ده‌نگه جاویدانیه ئه‌دای ئه‌كات (من ئه‌مه‌وێت بۆماڵی خودا بڕۆم /ئه‌گه‌ر مه‌یخانه نه‌ڕۆم بۆكوێ بڕۆم؟ )یا نزاكانی كانی چه‌ند پڕن له‌عیباده‌ت كاتێك ئه‌ڵێت (ئه‌ی خودا بۆچ نایه‌یته‌ماڵه‌كه‌م؟)
مرۆ ته‌نیا له‌خه‌ڵوه‌تی ڕۆح‌دا ئه‌توانێت به‌ڕاستی عیشق بناسێت وخوا په‌رستی بكات و هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانیش له‌خه‌ڵوه‌تی ڕۆح‌دا وه‌حیان بۆ هاتووه .ئه‌گه‌ر ساتێك به‌ئارامی سه‌ر بكه‌یته سه‌ر سه‌رینه‌كه‌ت وچاوه‌كانت به‌ئارامی دابخه‌یت و گوێ بۆ ئه‌و چه‌ند گۆرانیه بگریت ئه‌وا ده‌گه‌یته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی ئه‌وه‌ی مرۆ له‌چه‌ند چركه‌یه‌كدا لێ ی تێر ئه‌بێت ئاره‌زوه و ئه‌وه‌ی كه‌عومری مرۆڤ وه‌كو قژی سه‌ری سپی ئه‌بێت وناگاته ئۆرگازمی ڕۆحی ئه‌و عیشقه ڕۆحیه‌یه هه‌م مرۆ به‌ناو خۆیدا وێران ئه‌كات وهه‌میش مرۆ به‌ناو خۆیدا دروست ئه‌كاته‌وه .مرۆڤیش تائه‌و ڕوخان ودروست بوونه‌وه نه‌بینی شتێك له‌عاله‌می عیشق و ڕۆح وهونه‌ر حاڵی نابێت .
حه‌قیقه‌تی هونه‌ریش هه‌ر ئه‌و سه‌فه‌ره جوانه‌یه بۆناو ڕۆحی خۆت نه‌ك گه‌ڕان به‌نێو لاشه‌یه‌كی ئاره‌زو په‌رستدا كه‌م كه‌سیش ئه‌توانێت بلیتی ئه‌و گه‌شته ڕۆحیه‌ت بداتێ و سروشتی ئێمه‌ی مرۆڤیش به‌شێوه‌یه‌كه تاته‌مه‌ن كۆتایی دێت گه‌شت ده‌كه‌ین له‌سه‌فه‌ر بۆناو ڕۆحی خۆمان هه‌ڵدێین دواجاریش هه‌رگه‌ڕانه‌وه بۆ‌نێو ڕۆحی خۆمان ئه‌توانێت جارێكی تر به‌دونیای جوانیه‌كانمان ئاشنا بكاته‌وه بمان گێڕێته‌وه بۆنێودونیای جوانیه‌كان وله‌وه‌ش گرنگتر پێویسته مرۆ جارێكی تر ژیان له‌ڕۆحیدا بنیاد بنێته‌وه نه‌ك له‌شه‌قامه پێچاو پێچه‌كانی شار هه‌روه‌ك ئێستا پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌بینن.به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ مرۆ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ری بدۆزێته‌وه هه‌ڵدێت بۆ دورترین كیشوه‌ری دونیا به‌ڵام هه‌رگیز بیر له‌وه‌ناكاته‌وه جارێك به‌نێو ڕۆحی خۆیی و ئه‌و دنیا ناكۆتایه‌دا سه‌فه‌ربكات.
ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی هێدی هێدی خه‌ریكه خاڵی ده‌بێته‌وه له‌و دونیا ڕۆحیه‌كه‌ی و بۆیه‌ش ئه‌م كورته‌م به‌نمونه له‌سه‌ر گۆرانی هێنایه‌وه كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوتری هه‌یه له‌جۆره‌كانی هونه‌ر له‌سه‌ركۆمه‌ڵگاو گه‌نج به‌تایبه‌تی .به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بیش هێدی هێدی خاڵی ده‌بێته‌وه له‌دونیا ڕۆحیه‌كه‌ی و ده‌بێته جێگایه‌ك بۆ كوشتنی ڕۆح و عیشقی ناو غه‌زه‌ل و داستانه كۆنه‌كان .ئاخر ئه‌وه‌تا یارۆی كلیپ ساز كچه ڕوته‌كان له‌كلیپه‌كه‌ی بێنه ده‌ره‌وه بۆخۆشی تاقه‌تی نیه گوێ له‌خۆی بگرێت ودووده‌قه به‌دیار (t.v)یه‌كه‌وه دابنیشێت .تۆ وه‌ره سه‌رنج له‌و هه‌موو شیعر نوسه‌ش بده زۆریان ته‌كلیفی دڵشكانی ماچێك پێشگری شاعیری خستوه‌ته به‌رده‌م ناوه‌كانیان و كتێبه‌كانیان به‌وێنه‌ی كچه‌نیمچه ڕوته‌كان ئه‌فرۆشن .نه‌گبه‌تیه‌كه لێره‌وه‌گه‌وره ده‌بێت تۆبێیت وله‌شیعرا به‌دوای به‌خته‌وه‌ریدا بگه‌ڕێیت له‌كوێشدا له‌سه‌ر زه‌مینی حه‌قیقه‌تدا! ئاخر شیعر بۆخۆی له‌وه ده‌ستكورت تره به‌خته‌وه‌ری ڕۆحیشت بداتێ،له‌كوێشدا له‌شیعرێكدا كه‌ناتوانێت بتباته سه‌ر زه‌مینێكی تر‌و له‌وێدا مرۆ كائینێكی ڕۆحیبێت وكاڵایه‌كی ڕوت وقوتی سێكسی نه‌بێت.ئاخر مرۆ هه‌میش له‌به‌ر یه‌ك كه‌وتنی جه‌سته‌كاندا عیشق قیزه‌ون ئه‌كات وله‌به‌ر یه‌ك كه‌وتنی ڕۆحه‌كانیشدا پیرۆزی ئه‌دات به‌عیشق،له‌سوتان وخه‌ڵوه‌تی ڕۆح‌دا گوڵی عیشق‌و شیعر‌و گۆرانی و..هتد به‌خێو ئه‌كات و هه‌ر ئه‌مه‌ش واده‌كات شیعر له‌ئازارا باڵا بكات وله‌به‌خته‌وه‌ریدا بمرێت ،واده‌كات ئه‌وه‌ی گیرفانی خاڵیه ڕۆحی پڕه‌و ئه‌وه‌ی گیرفانی پڕه ڕۆح و ویژدانی خاڵیه‌و هه‌مووعیشقێكی ڕاسته‌قینه‌ش له‌نێوان خوا‌و شه‌یتاندا به‌شی به‌خۆڵه‌مێش بوونه .ئاخر حه‌بیبم له‌سه‌رده‌مه‌كه‌ی (مه‌حوی ونالی و…هتد یا حافز‌و مه‌ولاناو خه‌ییام و..هتد)ده‌یان كۆلكه شیعر نوسی تر هه‌بوون به‌ڵام بۆچی گۆڕی زه‌مانه به‌فه‌رامۆشی سپاردن؟ئه‌وان ڕۆژێك له‌ڕۆژن هاواره‌كانیان هاواری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆحی خۆیان نه‌بوو هه‌روه‌ك چۆن من ناتوانم وه‌ك سواڵكه‌رێك هاوار بكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاواره‌كانی من هاواری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆحی خۆم نیه .ئه‌وان ڕۆژێك له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆیان نه‌چوونه خه‌ڵوه‌ته‌وه ،به‌خودی خۆیانیان نه‌وت لێگه‌ڕێ عیشق بمان كوژێ و مه‌رگ بمان كرۆژێ و ژیان ده‌رگای جوانیه‌كانی حه‌قیقه‌تمان له‌سه‌ر دابخات بۆئه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی ڕۆحیتر به‌ڕوی هونه‌ردا بكه‌ینه‌وه،هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناوم هێنان وهاوشێوه‌كانیان ده‌یانزانی هونه‌رو عیشقی ڕۆحی به‌مه‌رگه‌ساته‌كانیه‌وه ئه‌و له‌ززه‌ته ڕۆحیه‌یان هه‌یه كه‌ژیان بێ ئه‌و له‌ززه‌ته هیچه‌و مرۆڤیش هه‌رگیز ناگاته لوتكه‌ی له‌ززه‌ت.ئه‌وه‌ی له‌ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا له‌هه‌مووی زیاتر مایه‌ی نیگه‌رانیه ئه‌و هه‌مو و ڕێكخراوه‌ی ژنانه تاقه جارێك له‌ده‌رگای ئه‌م باسه ناده‌ن و ناپرسن ئایا ژن ڕۆحی تیا نیه به‌ته‌نیا وه‌كو كاڵایه‌كی سێكسی سه‌یر ئه‌كرێت و به‌كار ئه‌هێنرێت ؟ئایا خاڵی كردنه‌وه‌ی ژن له‌ڕۆحیه‌ت و تێڕوانین به‌دیوه سێكسیه‌كه‌یدا به‌كاڵا كردنی ژنان نیه ؟هه‌ربۆیه ئه‌مڕۆ سێكس ته‌حه‌كوم به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌وه ئه‌كات و هونه‌ریش (له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ كه‌سه دڵسۆزه‌كان) ئه‌وه‌نده‌ی له‌بازارێك ئه‌چێت بۆدانانی نرخ له‌سه‌ر جۆری مرۆڤ وله‌ززه‌ته سێكسه‌كه‌ی ،به‌دیوه ڕۆحیه‌كه‌یدا ئه‌وه‌نده گرنگی پَنادرێت و له‌مه‌شدا ڕاگه‌یاندنی كوردی‌و به‌تایبه‌ت حیزبیه‌كان ڕۆڵێكی خراپ ئه‌گێڕێ له‌سه‌رسه‌ر جه‌م لایه‌نه‌كانی ژیاندا وه‌كو هاوسه‌رێتی وته‌ڵاق ،ئه‌وژنه سواڵكه‌ره‌ی داوای پاره ئه‌كاو ته‌كلیفی سێكسی لێئه‌كه‌ن ،ئه‌و پیاوه پیره‌ی ده‌سته سڕه‌كه‌ی ڕائه‌خاو تفی تێئه‌كه‌ن.هه‌ر ئه‌مه‌شه‌واده‌كات مرۆڤ وه‌كوپۆشاك ببَته مۆد وچه‌ندساڵێك له‌بازاڕی جوانیا ڕه‌واجی هه‌بێت ودواجار به‌فیراقی پیری وبه‌گۆڕی فه‌رامۆشی بسپێردرێت .ئاخرله‌جێیه‌كدا بازرگانی به‌ڕۆح و عیشق‌و ناو گه‌ڵی ژنه‌كانه‌وه بكرێت بازرگانی به‌مردن و هونه‌ره‌وه كارێكی ئێجگار سانایه.
ماوه‌ته‌وه بلێین ئه‌وه‌ی دواجار ده‌مێنێته‌وه و زه‌مانه بڕیاری ویژدانی له‌سه‌ر ئه‌دات ئه‌و ده‌نگه مه‌له كوتیانه‌یه نه‌ك هه‌ر تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار كۆنیان ناكات بگره هه‌میشه تازه‌و ئاشنان به‌ڕۆحی مرۆڤ .به‌داخه‌وه نه‌ده‌بوو من خۆم له‌قه‌ره‌ی ئه‌م باسه بدم ومیوزیك زانه‌كان بیانكردایه نه‌ك به‌ره‌و خه‌ره‌نده هه‌زار به‌هه‌زاره‌كانی به‌رن به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زنجیره‌یی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ته‌واو كه‌ری یه‌كترن .
ئه‌وانه‌ی به‌دیار چراو په‌راوانه‌یه‌كه‌وه خه‌ڵوه‌تیان كێشا و شیعریان نوسی هیچیان له‌كۆشكی شاهانه‌دانه‌بوون له‌وێشدا بووبێتن سه‌ره‌نجام شیعر به‌د به‌ختی كردون بۆیه شیعر ئه‌وه‌نده‌ی هاوارێكی ڕۆحیه ئه‌وه‌نده وه‌سیله‌یه‌ك نیه بۆ گه‌یشتن به‌خواسته‌كانی مرۆڤ .شیعر بۆخۆی به‌دبه‌به‌ختیه مرۆ كه‌ویستیشی له‌ناو ئه‌م پۆخڵه‌وات وگۆڕستانی ڕۆحه‌دا كۆڵ و بارگه‌ی نه‌گبه‌تیه‌كان هه‌ڵگرێت ئه‌بێت شانه‌كانی توانای ئه‌وه‌شی هه‌بێت مه‌ینه‌تیه‌كانی بكاته كۆل.
Jgarsoz8181@yahoo.com