راڤه‌كردن و تێگه‌یشتن له‌نێوان هیرمینۆتیكاو فه‌لسه‌فه‌دا
"تێگه‌یشتن فۆرمێكه له فۆرمه‌كانی بوون"
(هایدگه‌ر)
عه‌بدولموته‌لیب عهبدوڵڵائهگهر به‌شێوه باوه‌كه‌ی هه‌موو لێكچوونێكی مه‌عریفه‌و بابه‌ت، حه‌قیقه‌ت بنوێنێ. ئه‌وه چه‌مكی نوێ پێیوایه حه‌قیقه‌ت: راڤه‌و لێكدانه‌وه‌ی رووداوه‌كانه و مه‌رج نییه تێگه‌یشتن و بابه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كدا كۆك بێته‌وه. واته خود هه‌مان وێنه‌ی ئه‌و شته نییه كه ده‌یخاته روو… له روانینی هاوچه‌رخدا نه خود پێدراوێكی پێش بابه‌ته، نه بابه‌تیش پێدراوێكی پێش خوده. به‌ڵكو له‌نێوان خود و بابه‌تی زانراو ئاڵوگۆڕی به‌رده‌وام هه‌یه. كه‌واته حه‌قیقه‌ت به موڵك ناكرێت، وه‌ك چۆن بابه‌تێك نییه خود حوكمی به‌سه‌ردا بدات، به هه‌مان شێوه وه‌رگیراویش نییه، حه‌قیقه‌ت واقیع و رووداوه.
به نیسبه‌ت (سپینۆزا) حه‌قیقه‌ت كۆی ئه‌و مانایانه ده‌گرێته‌وه كه له‌گه‌ڵ نووسه‌ر له‌دایك ده‌بێت، نه‌ك له‌گه‌ڵ راڤه‌كار و بارودۆخی مێژوویی راڤه‌كردن. واته وه‌ك بابه‌تێكی حه‌قیقی به خودی نووسه‌ره‌وه ده‌لكێت و ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خودی راڤهكارهوه. به‌ڵام حه‌قیقه‌ت لای (هایدگه‌ر) له‌گه‌ڵ نیازی نووسه‌ر یه‌ك نیه، وه‌ك چۆن ناكه‌وێته نێو ده‌ق و پێشتر به‌سه‌ر ده‌قه‌وه فه‌رز نه‌كراوه، به‌ڵكو حه‌قیقه‌ت به مانا ئهنتۆلۆژییهكهی هه‌مه لایه‌نه، نه پێش راڤه‌كردن ده‌كه‌وێت و نه ده‌كه‌وێته دوای راڤه‌كردنه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ڕه‌ته‌ش هایدگه‌ر سێ ره‌گه‌ز بۆ راڤه‌كردن ده‌ست نیشان ده‌كات (دانه‌ر-ده‌ق-راڤه‌كار) هه‌ر سێكیشیان ده‌كه‌ونه نێو حه‌قیقه‌ته‌وه.
(گادامێر) پێیوایه حه‌قیقه‌ت له كاری هونه‌ریدا له‌میانی ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و ناوه‌نده‌ش فۆرمه كه هونه‌رمه‌ند له میانییه‌وه ده‌توانێت ئه‌زموونی وجودییانه‌ی خۆی به‌ره‌و پێدراوێكی جێگیر به‌رێت. ئه‌و ناوه‌نده له‌رێگه‌ی دۆزینه‌وه و ئیبداعهوهیه، هه‌ر له‌و خاڵه‌شه‌وه حه‌قیقه‌ت و میتۆد به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت و به دوو رووی یه‌ك شتیان ده‌چوێنێت. لای گادامێر ئه‌وه كه‌شفكردنه ماوه‌ی نێوان حه‌قیقه‌ت و میتۆد ره‌تده‌كاته‌وه. وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی نێوان راڤه‌كردن و تێگه‌یشتنیش به ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیشكالییه‌تی حه‌قیقه‌ت و میتۆد ده‌داته قه‌ڵه‌م. به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش كۆی ئه‌و په‌یوه‌ستبوون و تووندییه‌ی نێوانیان وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی حه‌قیقه‌ت و میتۆد ده‌خاته روو.
په‌یوه‌ندی نێوان راڤه‌كردن و تێگه‌یشتن
له‌رووی زمانه‌وانییه‌وه "تێگه‌یشتن" به گه‌یشتنه‌وه به‌نده، له‌سه‌ر بنه‌مای پێشوازیكردن دیاری ده‌كرێت. به‌و مانایه‌ش تێگه‌یشتن وه‌ك هێزی فیكری ده‌رده‌كه‌وێت و هاوشانی ده‌رككردنه. به‌ڵام "راڤه‌كردن" له پله‌ی دووه‌م دێت و شتێكه ده‌خرێته سه‌ر تێگه‌یشتن. جیاوازی نێوان تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن لای "كلادینیۆس 1710-1754" ئه‌وه‌یه كه كاتێك مرۆڤ ناتوانێت له كاره مێژووییه‌كان بگات، ئه‌و كاته به راڤه‌كردنیان هه‌ڵده‌سێت، لێره تێگه‌یشتن بنه‌ڕه‌ته و راڤه‌كردن چالاكییه‌كی لاوه‌كییه. جگه له تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن چه‌مكێكی دیكه خۆی ده‌نوێنێ ئه‌ویش "لێكدانه‌وه"یه… لێكدانه‌وه بۆخۆی به په‌ره‌پێدانی ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن ده‌یخاته روو دیاری ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ "دێلتا 1833-1911" تێگه‌یشتن دیاری كرا، به‌و مانایه‌ی كه چالاكییه‌كی ناوه‌كییانه‌ی مرۆییه‌و ده‌كه‌وێته پشت مه‌یله‌كانی ژیان و به‌ره‌و میسالیه‌ت ده‌چێت. دێلتای سه‌ر به قوتابخانه‌ی مێژووگهرییهو سه‌د ساڵ به‌ر له "فوكۆ" جیاوازی كردووه له‌نێوان "زانستی سرووشتی" كه چاره‌سه‌ری فاكته هه‌ستییه‌كان ده‌كات و پشت به راڤه كردن ده‌به‌ستێت و "زانستی مرۆیی" كه چاره‌سه‌ری مانا ناوه‌كییه‌كان ده‌كات و به تێگه‌یشتنه‌وه به‌نده. به‌و مانایه سرووشت لێكده‌درێته‌وه، به‌ڵام ژیانی رۆحی ده‌بێ تێیبگه‌ین. ژیانی رۆحی ئاراسته‌كه‌ی به‌ره‌و بیركردنه‌وه‌ی خودگه‌راییه و له ده‌ره‌وه به‌ره‌و ناوه‌وه‌یه و به هاوژیانی ته‌عبیری لێده‌كرێت.
تێگه‌یشتن له شاره‌زابوونی ژیانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیان به مانا سۆفییهكهی نا، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه بۆ شاره‌زابوون.. فه‌لسه‌فه‌ی دێلتای پێیوایه مه‌عریفه له ئه‌زموونی ژیان درووست ده‌بێت له‌رێگه‌ی ئه‌و تیۆره فه‌لسه‌فه له گرفته‌كانی رۆژانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ژیانیش نه له‌سه‌ر خودی باڵا و نه له پێوانه‌ی پێشوو دێته به‌رهه‌م، به‌ڵكو له خودی ژیانه‌وه بونیاد ده‌نرێت.
تێگه‌یشتن وه‌ك تیۆر له‌لایه‌ن "شلیرماخر 1768-1834" دیاری كراوه و ده‌كه‌وێته سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌مه‌وه. شلیرماخر هه‌ڵوێستێكی كلاسیكیانهی به‌رامبه‌ر هیرمینۆتیكا هه‌یه، پێیوایه ده‌ق له ناوه‌ندێكی زمانه‌وانی پێكهاتووه‌و فیكری دانه‌ر بۆ خوێنه‌ر ده‌گوازێته‌وه. كه‌واته له‌رووی زمانه‌وانییه‌وه ئاماژه به زمان… له‌رووی ده‌روونیه‌وه ئاماژه به خودی داهێنه‌ر ده‌كات. لای شلیرماخر په‌یوه‌ندی ئه‌و دووانه په‌یوه‌ندییه‌كی جه‌ده‌لییه. هه‌روه‌ها هه‌ر چه‌نده ده‌ق وه‌ك زه‌مه‌ن لێمان دوور كه‌وێته‌وه ته‌مومژاوی خۆی نیشان ده‌دات و دووچاری بهدحاڵیبوونمان ده‌كات. به‌دتێگه‌یشتن ئه‌و كاته درووست ده‌بێت كه به‌شێوه‌یه‌كی ریكوپێك له ده‌ق ناگه‌ین، جا بۆیه هانا بۆ راڤه‌كردنی ده‌به‌ین. لێره‌دا راڤه‌كردن، هونه‌ری دووركه‌وتنه‌وه‌یه له به‌دتێگه‌یشتن. به‌و مانایه شلیرماخر راڤه‌كردن پێش تێگه‌یشتن ده‌خات، هه‌ر له‌وێشه‌وه بڕوای خۆی به‌رامبه‌ر ئیبداعكاری راڤه‌كردن راده‌گه‌یه‌نیت، ئه‌گه‌رچی كاری ئیبداعی راڤه‌كار لای شلیرماخر ته‌نها له بابه‌تی ده‌قی زمانییه‌وه هه‌ڵناقوڵێت وه‌ك لای كلادینیوس ده‌بینرێت، به‌ڵكو ره‌هه‌ندی ده‌روونی بۆ زیاد ده‌كات. راڤهكاریش ده‌بێ هه‌ڵگری دوو به‌هره بێت، یه‌كه‌میان به‌هره‌ی زمانه‌وانی، دووه‌م توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت بچێته ناخی داهێنه‌ره‌وه. ئه‌وه‌ش به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات كه هه‌موو ده‌قێك دوو لایه‌نی هه‌یه، لایه‌نی بابه‌تی كه ئاماژه به زمان ده‌كات و واده‌كات كرده‌ی تێگه‌یشتن ئاسان بكه‌وێته‌وه، لایه‌نی خودی كه ئاماژه به دانه‌ر ده‌كات و له به‌كارهێنانی تایبه‌تی زمانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ردووكیشیان ئه‌زموونی دانه‌ر له‌خۆ ده‌گرن. ئه‌و دوو لایه‌نه بابه‌تی و خودییه یان زمانه‌وانی و ده‌روونییه، رێسای بنه‌ڕه‌تی و شێوازی دیاریكراوی هونه‌ری ته‌ئویلكردن ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و به‌بێ ئه‌و دووانه‌ش ناتوانین له به‌دحاڵیبوون رزگارمان بێت.
شلیرماخر پێیوایه هه‌موو گیروگرفته‌كانی راڤه‌كردن، تێگه‌یشتنیش ده‌گرێته‌وه. گادامێر تانه له چه‌مكی به‌دحاڵیبوون ده‌دات و ده‌ڵێت: به‌دتێگه‌یشتن بۆخۆی جۆرێكه له تێگه‌یشتن، كه له‌گه‌ڵ نیازی دانه‌ر یه‌كناگرێته‌وه. له‌لایه‌كی دیكه "دیلیسی" كه ده‌وێت زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر پرنسیبێكی جیاواز له زانستی سروشتی دابمه‌زرێنێ پێیوایه مه‌عریفه له‌سه‌ر ئه‌زموونی ژیان دێته ئاراوه. ئه‌زموونی ژیان دووانه‌ی خود و بابه‌ت ده‌گرێته‌وه‌و ته‌عبیر له دۆزینه‌وه‌ی "من" له "تۆ"دا ده‌كات. جیاوازی له‌نێوان ئه‌زموونی خودی "ئه‌زموونی ژیانی ناوه‌كی" و ئه‌زموونی بابه‌تی "ئه‌زموونی ژیانی ده‌ره‌كی" ده‌كات و پێیوایه ئه‌زموونی خودی له‌رێگه‌ی ته‌عبیركردنه‌وه به‌ره‌و بابه‌تگه‌رایی ده‌چێت…
كرده‌ی تێگه‌یشتن لای ئه‌و له گفتوگۆی نێوان خودی خوێنه‌ر "ئه‌زموونی خوێنه‌ر" و خودی بابه‌ت "ئه‌زموونی بابهتگهرا" به ئه‌نجام ده‌گات، ئه‌و به ئه‌نجام گه‌یشتنه‌ش له‌رێگه‌ی ناوهندێكهوهیه كه به "ئه‌زموونی ژیان" ناو ده‌برێت. ئیتر له‌و هاوژیانییه ده‌ق، خوێنه‌ر له‌رێگه‌ی خه‌یاڵ (وه‌ك فیكر، وه‌ك هه‌ست) ده‌وڕوژێنێ، بۆیه ماناكانی ده‌ق به‌پێی سه‌رده‌مه‌كان ده‌گۆڕێت، چونكه په‌یوه‌ندی نێوان راڤه‌كار و بابه‌ت به‌پێی زه‌مان و مه‌كان ده‌گۆڕێت.
تێگه‌یشتن له‌رێگه‌ی گوتراوه‌كان و ئاگایی مرۆییه‌وه له‌دایك نابێت، به‌ڵكو له هه‌ڵقوڵینی شته‌كانه‌وه دێتـه به‌رهه‌م، ئه‌و شتانه‌ی كه به‌ره‌و روویان ده‌بینینه‌وه.. له‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی كه ده‌ركییان ده‌كه‌ین… به‌ڵام ئایا ده‌رككردن له بۆشاییه‌وه‌یه؟ وه‌ك هایدگه‌ر ده‌ڵێت مرۆڤ له وجودییه‌وه ده‌بینرێت، له ماوه‌ی ئه‌و بوونه‌دا تێگه‌یشتنێك بۆ ماهیه‌تی ته‌واوی وجودی ئه‌و مرۆڤه دیاری ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و تێگه‌یشتنه جێگیر نییه، كه‌واته بوونی مرۆیی له‌میانی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌دا (له هه‌مان كاتتدا) كرده‌یه‌كی به‌رده‌وامه له تێگه‌یشتنی دیارده‌كانی بوون، هیرمینۆتیكا لای هایدگه‌ر پرۆسه‌یه‌كه له –تێگه‌یشتن-ی بوون، تێگه‌یشتنیش توانای شیاوی ده‌رككردنی تاكه له ناوكۆیی ژیانی وجودییانه‌ی له جیهاندا. به‌و مانایه‌ش تێگه‌یشتن شتێك نییه به ده‌ستی بهێنین و خاوه‌ندارێتی بكه‌ین، به‌ڵكو فۆرمێكه له فۆرمه‌كانی بوون له جیهاندا یان ره‌گه‌زێكه له دامه‌زراندنی ئه‌و بوونه و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه تێگه‌یشتن له‌رووی وجودییه‌وه بنه‌ڕه‌ت و پێشینه‌یه‌كی وجودییانه‌یه. تێگه‌یشتن له بۆشاییه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو له تێگه‌یشتنی بوونه‌وه دێت، له مه‌عریفه‌ی سه‌ره‌تایی له باره‌ی ده‌ق و جۆرهكهیهوهیه. هایدگه‌ر له‌رێگه‌ی دامه‌زراندنی وجودی مه‌عریفییه‌وه پێیوایه "تێگه‌یشتن" و "بوون" دوو شتی هاوپه‌یوه‌ستن یان یه‌كگرتوون.
گادامێر له ده‌ره‌وه‌ی میتۆده‌وه هه‌وڵی تێگه‌یشتنی زانستی مرۆیی ده‌دات، چونكه كرده‌ی تێگه‌یشتن (له مرۆڤ و زانستی سرووشتی) كرده‌یه‌كه ته‌جاوزی چواچێوه‌ی میتۆد ده‌كات. میتۆد هیچ به‌رهه‌م ناهێنێ ئه‌وه نه‌بێ كه به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، هیچ وه‌ڵام ناداته‌وه ته‌نها ئه‌و پرسیارانه نه‌بێت كه خستوویه‌ته روو.
لای گادامێر هه‌موو هه‌وڵ و چالاكییه‌ك بۆ تێگه‌یشتن ساته‌وه‌ختێكی ژیانی خودی كه‌لتور ده‌گه‌یه‌نێت، به مانایه‌كی دیكه هه‌موو كه‌لتورێك تێگه‌یشتنێكی دیاریكراوی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن په‌یوه‌ندی به كه‌لتوری دیاریكراوه‌وه هه‌یه، كه‌واته به‌پێی دنیابینی خۆی ده‌یسازێنێ. به‌ڵام تێگه‌یشتن لای گادامێر له وه‌رگرتنی نیازی نووسه‌ره‌وه هه‌ڵناقوڵێت، نیازی دانه‌ر ئاسۆی تێگه‌یشتن دیاری ناكات، به‌ڵكو ئه‌و ئاسۆیه راڤه‌كار پڕی ده‌كاته‌وه، راسته راڤه‌كار شوێنی ناوه‌ندی زمانه‌وانی پڕ ناكاته‌وه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ شێوه‌كانی زمانه‌وانی مامه‌ڵه ده‌كات، ئه‌و فۆرمانه‌ش به‌ره‌و تێگه‌یشتنی تایبه‌تمان ده‌به‌ن، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زمانی ده‌قه‌وه. به‌مجۆره وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت تێگه‌یشتن هه‌میشه لای ئه‌و راڤه‌كردن بووه، راڤهكردنیش هه‌میشه ره‌گه‌زێكی بونتاتنهری ناوه‌كییانه‌ی تێگه‌یشتن بووه، به‌یه‌كه‌وه لكاندنی ناوه‌كییانه‌ی تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن له گرفتی هیرمینۆتیكیدا به‌ره‌و ره‌گه‌زی سێیه‌ممان ده‌به‌ن لای گادامێر ئه‌ویش جێبه‌جێكردنه، جێبه‌جێكردن جه‌وهه‌ری حه‌قیقی تێگه‌یشتنه. به‌مجۆره تێگه‌یشتن پرۆسه‌یه‌كی گفتوگۆئامێزی بونیادتنهرهو نه به‌كۆتا ده‌گات و نه بابهتگهرانه ده‌كه‌وێته‌وه‌و نه گرنگی به میتۆد ده‌دات.
ئاگایی جوانئامێز
هه‌ر له ئه‌فلاتوون و سقراتهوه هه‌تا سه‌رده‌می كلاسیكی، رۆڵی واقیعی ده‌ره‌وه له‌سه‌ر داهێنه‌ر یان هونه‌رمه‌ند به هه‌ند وه‌رده‌گیرا، ئه‌وه‌ش به لاساییكردنه‌وه ناونرابوو. له‌و تیۆره‌دا بۆ راڤه‌كردنی ده‌قی ئه‌ده‌بی له ده‌ره‌وه به‌دوای دهلالهتهكانیدا ده‌گه‌ڕان، ئه‌و ده‌لاله‌تانه لای ئه‌فلاتوون له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌تی فه‌لسه‌فی یه‌كیانده‌گرته‌وه… به‌ڵام رۆمانسییه‌كان رۆڵی داهێنه‌ریان له‌سه‌ر حیسابی واقیع به هه‌ند هه‌ڵده‌گرت، كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌رییان به دنیای ناوه‌وه‌ی داهێنه‌ره‌وه ده‌به‌ستایه‌وه، به‌و مانایه‌ش ئه‌ركی راڤه‌كار ئه‌وه بوو كه بتوانێت له خودی داهێنه‌ر بگات، نه‌ك له كاره‌كه‌ی ئه‌ویش له‌رێگه‌ی زانیاری وه‌رگرتن له‌سه‌ر داهێنه‌ر.. به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن "ت.س. ئه‌لیوت" ده‌ق سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رگرت و كه‌وته ده‌ره‌وه‌ی واقیع و داهێنه‌ره‌وه، ئه‌ركی رهخنهكار ئه‌وه بوو ده‌ق له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی دیكه‌دا به‌راورد بكات و به‌دوای ره‌گه‌زه ده‌لالییه‌كانی زمان و جوانیدا بگه‌ڕێت….
راسته جوانی به رووخساری هه‌ستپێكراوه‌وه به‌نده، به‌ڵام "سقرات" له‌و رووخساره دیاره جوانییه‌ك نابینێت ئه‌گه‌ر ئه‌و جوانیه له ناوه‌وه‌شدا وجودی نه‌بێت. سقرات گرنگی به جوانی ناوه‌وه ده‌دات، هه‌ر له‌وێشه‌وه پێیوایه ده‌بێ جوانی مل بۆ خێر كه‌چ بكات و له پێناوی ره‌فتاری ئه‌خلاقیدا بێت و ئامانجی ئایینی هه‌بێت.
به‌مجۆره گرنگیدان به جوانی سیمایه‌كی رۆحی له‌خۆ ده‌گرێت و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به خوده‌وه ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێ له زانستی هیرمینۆتیكادا بخه‌مڵێنرێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا پێویسته هیرمینۆتیكا دیاریكراو بێت به‌و مانایه‌ی كه گشتێكه و حوكمی به‌سه‌ر شاره‌زایی هونه‌رییه‌وه هه‌یه.. "شاره‌زایی هونه‌ری" بۆخۆی جۆرێكه له پرۆسیسه‌كردنی هیرمینۆتیكی، هه‌روه‌ك "شاره‌زایی له جوانی" شاره‌زاییه له رووانین، شاره‌زایش له رووانین خۆی له چێژی لێوردبوونه‌وه‌ی مه‌عریفه‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه. چونكه له هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌نێو مێژوو و سرووشتدا پێیده‌گه‌ین، ده‌بینین كاری هونه‌ری راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵمان دێته دوان. هه‌ر له‌وێشه‌وه گه‌یشتن به‌كاری هونه‌ری راسته‌وخۆ له گه‌یشتن به ده‌ركه‌وتنی حه‌قیقه‌ته‌وه ده‌لكێت.
به‌ڵام هیرمینۆتیكا ده‌ریخست كه كاری هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ته‌عبیر له حه‌قیقه‌تی ناوه‌وه ناكات، شیعر ناوه‌وه‌ی شاعیر و هه‌سته‌كانی ناگوازێته‌وه، به‌ڵكو راستتر وایه بڵێین ئه‌زموونێكی وجودییانه‌یه. به‌مجۆره‌ش زمان (جیهان) بابه‌تگه‌رایی یان خودی نییه، هه‌روه‌ها ده‌ق ناشێ وه‌ك ته‌عبیرێكی خودی (كه لای رۆمانسییه‌كان ده‌بینرا) یان له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ته‌عبیركردنی بابه‌تیانه‌وه سه‌یری بكه‌ین (وه‌ك لای ئه‌لیوت هه‌ست پێده‌كرا) … به‌ڵكو ده‌ق به‌شداریكردنه له ژیان (ئه‌زموونێكی وجودییه) ته‌جاوزی بابه‌تگه‌رایی و خودگه‌رایی ده‌كات. كه‌واته تێگه‌یشتن له ده‌ق له تێگه‌یشتن له بوونه‌وه دێت.
ئه‌گه‌ر جیهان له‌رێگه‌ی كاری هونه‌رییه‌وه خۆی واڵا بكات، كه‌واته كرانه‌وه‌ی وجودییانه لای "وه‌رگر" له‌میانی ئاگایی به بوونی خۆیه‌وه- واده‌كات كرده‌ی تێگه‌یشتن شیاو بكه‌وێته‌وه. به‌مجۆره كاری هونه‌ری ساته‌وه‌ختێكی وجودییانه‌یه و جێگیركردنی ئه‌و ئه‌زموونه وجودییه‌ی هونه‌رمه‌ند وا ده‌كات كاری هونه‌ری وه‌ك ناوه‌ندێكی مه‌عریفی قووڵ شیاوی به‌شداریكردن و دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه بێت… بگۆڕێت و بگوازرێته‌وه. كه‌واته گه‌یشتن به‌و كاره قووڵه هه‌ر ته‌نها گه‌یشتن نییه به چێژ و جوانییه‌كی په‌تی كه فۆرم ده‌ینوێنێ، به‌ڵكو كرده‌یه‌كه له به‌شداریكردنی وجودییانهو له‌سه‌ر گفتوگۆی نێوان كار‌و وه‌رگره‌وه وه‌ستاوه. گادامێر پێیوایه هه‌رگیز كاری هونه‌ری وه‌ك زه‌خره‌فه به شێوازی جوانی په‌تی "كانت"ی رازی نییه، به‌ڵكو كاری هونه‌ری بڕوای به حه‌قیقه‌تی جوانی هه‌یه. لێره‌دا گادامێر بڕوا به هیگل ده‌كات كه پێیوایه جوانی سرووشتی ره‌نگدانه‌وه‌ی جوانی هونه‌رییه.سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان: