
نووسین ئیڕاده‌یه، نه‌وه‌ك بیركردنه‌وه
هۆشه‌نگ شێخ محه‌ممه‌د
05/08/2009(1)
گه‌ڕان له دووی جوانیجوانی سانتیاگۆ وه‌ك له رۆمانه‌كه‌دا كه له‌سه‌ر زاری "ڤینۆس" باسی ده‌كرێت:
(مه‌ڵبه‌ندێكی تا بڵی قه‌شه‌نگ و دڵگیره. هه‌ر كه لێی نزیك ده‌بیته‌وه، هه‌ر كه‌ژ و چیای ره‌نگاوره‌نگه، هه‌ر رووبار و ره‌ز و باغه دێنه پێشوازیت. ئایمانهكهی په‌لكه زێڕینه‌ی لێ نابڕێت. هه‌وایه‌كی تا بڵێی خۆش و سازگاری هه‌یه.) ل 80
(ئه‌گه‌ر بێی، به‌ڕاستی، سه‌رت له‌و جوانییه ئه‌فسووناوییه سوڕ ده‌مێنێ.) ل 80
(له‌وێ باوه‌شی ئه‌و سروشته به‌هره‌ی جوانترین تابلۆكانی ژیانت ده‌داتێ. هونهرهكهشت گیانێكی تازه و خوێنێكی تازه‌یان به‌به‌ردا ده‌كرێته‌وه. له‌وێ له‌مه‌ودوا، نهجیهان بۆ من چیتر ئه‌و گونده بچووكه ده‌بێت و نه بۆ تۆش چیتر ئه‌و زیندانه گه‌وره‌یه!)ل 81جوانی ڤینۆس وه‌ك دارا كاراكته‌ری رۆمانه‌كه باسی ده‌كات:
(كچێك، كه ده‌تگوت فریشته‌یه‌كی ناو خه‌ونه ئهفیوونییهكانه، به‌ته‌نیا، له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتووه و ته‌ماشام ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی برایه‌كی چه‌ند ساڵ ونبووی سه‌رگه‌ردانی خۆی ببینێته‌وه، به نیگایه‌كی گه‌شی پڕ له په‌رۆشی و خۆشه‌ویستییه‌وه، گه‌رم، لێم ده‌ڕوانێ.) ل 58
(نه‌مده‌توانی باوه‌ڕ به‌وه بهێنم كه "جوانییه‌كی ئه‌وتۆ"، "میهره‌بانی و سۆزێكی ئه‌وتۆ" كه من ته‌نیا له خه‌وندا یان له ساته وه‌همیه ئهفیووناویهكاندا ده‌مدیت، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌تا له‌به‌ر ده‌مم راوه‌ستاوه و با‌نگم ده‌كا) ل 58
(ئاوازی نیانی ده‌نگی، یه‌كسه‌ر رۆحمی بێ‌دار كرده‌وه. به ئاسووده‌یی و پاكیی چاوه‌كانی خنامهوه) ل 59
(ته‌ماشای پرچیم ده‌كرد كه ده‌تگووت تاڤگه‌یه‌كی ره‌شی چۆلهكاوییه و دادهرژێ، ته‌ماشای گهندهمووه جوانه‌كانی په‌نا گوێچكه‌ی چه‌پیم ده‌كرد. به ڵخۆشییهوه به خۆمم گووت: داخوا كه‌ی بتوانم پۆرترێتێكی ئه‌و جوانییه خه‌ونی و پاكه، ئه‌و میهره‌بانییه ئاسمانییه بكێشم!) ل 60
(كه‌له‌گه‌ڵ ڤینۆس ده‌بووم و له‌گه‌ڵی ده‌كه‌وتمه گفتوگۆ، هه‌میشه چرپه‌چرپێكی دووره ده‌ست ده‌هاته گوێم، له‌وه‌ده‌چوو له شوێنێكی نزیك منه‌وه باڵنده‌یه‌ك خه‌ون ببینیێ یان چه‌ند تاڵه گیایه‌ك له دووره‌وه بیانه‌وێ بڕوێن و سه‌ر ده‌ربكه‌ن.)ل 79
(جوانی تۆ بلیمه‌تیی منه: بیره‌وه‌ری و رابردووهكانم زندوو ده‌كه‌نه‌وه)ل 55جوانی هونه‌ر وه‌ك دارا باسی ده‌كات:
(وتم: جوانی ده‌توانێ ببێته ئه‌ڵته‌رناتیفێك! هونه‌رمه‌ند كه جوانییه‌ك ده‌كاته هی خۆی، ئیتر ئه‌م جوانییه ده‌بێته وڵاتی، هه‌رچی مه‌رگه‌سات و ناشیرینییه‌كی ژیان هه‌یه ته‌نانه‌ت هه‌ستی بێ وڵاتی و ئاواره‌ییش، نایانهێڵێ، ره‌شیان ده‌كاته‌وه.) ل 41
( گوێ بگره : جوانی شتێكه كه هونه‌رمه‌ند هه‌رگیز ناتوانێ بیكاته هی خۆی. ئه‌مه شتێكی تراژیدیه.
– چی؟
– كه هونه‌رمه‌ند ناتوانێ هیچ جوانییه‌ك بكاته هی خۆی.
– ته‌نیا ده‌توانێ دروستی بكا!
– هه‌ر له‌م حاڵه‌ته‌شدا جوانی ده‌بێته هونه‌ر) ل 41
(ته‌نیا هونه‌ر ده‌توانێ "جوانی" زیندوو رابگرێت و بیهێڵێته‌وه!)ل 42
(تۆ كاتێ جوانییه‌ك له تابلۆیه‌كدا یان له شیعرێكدا ده‌رده‌بڕیت، ئیتر ئه‌و جوانییه تا هه‌تایه ده‌مێنێته‌وه.)ل 42ئه‌مه و خوێنه‌ر ده‌توانێت چه‌ندین وشه و رسته‌ی تر له رۆمانه‌كه بدۆزێته‌وه كه فه‌رهاد پیرباڵ به راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ باسی جوانی سرووشت و مرۆڤ و هونه‌رمان بۆ ده‌كات، جوانی یه‌كێكه له‌وبابه‌تانه‌ی كه فه‌رهاد پیرباڵ وه‌ك بابه‌تێك كه په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به مرۆڤه‌وه هه‌یه پێشبه‌ر ده‌كات، به شێوه‌یه‌كی ساده و ساكاریش دوور له تیۆر و ناسینی جوانی یه‌كسه‌ر بێ په‌رده ئه‌و په‌یوه‌ندییه روون ده‌كاته‌وه كه مرۆڤ به گشتی و هونه‌رمه‌ند به‌تایبه‌تی هه‌یه‌تی له گه‌ڵ جوانیدا، دیاریشه باسه‌كان له‌و رۆمانه‌دا كه كۆمه‌ڵه كاراكته‌رێكی جیاوازی كورد و فه‌ڕه‌نسی و ئه‌وروپایی و بیانی تێدایه باس ده‌كرێت، دوو بۆچووونی جیاواز و دژیش به‌یه‌كه‌وه كۆده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌تی له دایلۆگێكی نێوان ژنه رۆمان نووسێكی بیانی و دارای هونه‌رمه‌ندی كورد كه تێیدا باسی جوانی و هونه‌ر ئه‌ده‌بیات و ژیان ده‌كرێت و په‌یوه‌ندییان به مرۆڤه‌وه.هه‌روه‌ها له دایلۆگهكانی نێوان په‌ناهه‌نده كورده‌كان كه ئه‌وانیش ناو و كاراكته‌ر و عه‌قڵییه‌تی جیاوازن و خوێنده‌وار و شاعیر و مرۆڤی ئاساییان تێدایه، له‌و دایلۆگانهدا جوانی هێز و وزه‌یه‌كه كه دارا توند ده‌ستی پێوه‌گرتووه و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خه‌لقی بكات و بیكاته دنیایه‌ك تیایدا بژی.
دنیایه‌ك كه ببێته ئه‌ڵته‌رناتیفی ئه‌و دنیایه‌ی سه‌دام حوسێن و به‌عسییه‌كان به هاوكاری ئه‌وروپا له كوردستان و تایبه‌ت له هه‌ڵه‌بجه‌دا وێرانییان كردووه.
ئه‌و جوانییه‌ی فه‌رهاد پیرباڵ له‌م رۆمانه‌دا ده‌یوێت خه‌لقی بكات، جوانییه‌كی له‌ده‌ست چوو و به‌هه‌ده‌رچووه، هه‌ر له مردنی دایك و باوك و خوشك و براو خزم و كه‌سان له كیمیابارندا و هه‌م دووركه‌وتنه‌وه له كوردستان و وڵات‌دا، له لایه‌كی دیكه‌وه‌ش له‌ده‌ستدانی ئه‌م جوانییه له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه ده‌رفه‌ت و هه‌ڵبژاردنی جوانی له‌م وڵاته‌دا له‌به‌رده‌م خوڵكدا نه‌ماوه‌ته‌وه چونكه وه‌ك باوكی دارا پێیده‌ڵێت ( ئه‌مڕۆ هه‌مووخه‌ڵك یان جاشن، یان عهسكهرن، یان پێشمه‌رگه… باوكم راستی ده‌كرد جه‌نگی عێراق و ئێران خه‌ڵكی به بێلایه‌ن نه‌هێشتبۆوه.) ل 12
كوشتنی جوانییه‌كان به‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه مرۆڤ ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنی نامێنێت، چوونه هه‌ر به‌ره‌یه‌كه‌وه چ عه‌سكه‌ر و چ جاش و چ پێشمه‌رگه هۆكاره‌كانی له‌ده‌ستدانی جوانی مرۆڤی هه‌یه، مرۆڤیش كه به‌گشتی ده‌بێت یه‌كێك له‌م جۆره كاراكته‌ره هه‌ڵبژێرێت ئه‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌وه ده‌بێته‌وه یان كه‌سانی دیكه‌ی بێگوناه بكوژێت یان حه‌یا و نامووسی بچێت یان هه‌ر له ئه‌شكه‌وت و بن ته‌ڕاشان دوور له دنیای هونه‌ر و جوانی و شارستانییه‌ت ژیان به‌سه‌ر به‌رێت. مرۆڤ ده‌بێته قوربانی ئه‌و جه‌نگه‌ی دێت و هه‌ڵبژاردنه‌كان كورت ده‌كاته‌وه بۆ سێ كه‌سایه‌تی شه‌ڕانگێز و نا مرۆڤانه. هه‌ڵاتن له‌به‌رده‌م ئه‌م سێ ئه‌گه‌رانه‌دا ئه‌ویش دیسان ههڵویستێكه كه ناچێته خانه‌ی ئه‌وه‌ی مرۆڤ به باوه‌ڕه‌وه ئه‌م هه‌نگاوه بهاوێژێت و بیكاته ههڵوێسیتێكی هه‌ڵبژێردراوی خۆی كه ده‌ربڕین له ویست و حه‌زێكی مرۆڤانه بكات بۆ سه‌فه‌ر و ده‌رچوون له وڵات و دووركه‌وتنه‌وه له خۆشه‌ویستان و وڵات، به‌ڵام كاردانه‌وه‌یه‌كی بێ ئیرادهییانهیه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره ژیان و شێوازی هه‌بوونه‌ی هه‌بوونی خه‌ڵكانێك ده‌گرێته‌وه.سه‌فه‌ر كردن و چوونه ئه‌وروپا هه‌ڵاتنه له‌و دۆزه‌خه‌ی به‌عس دروستی كردووه و جه‌نگ پیاده‌ی ده‌كات.
دارا له پاریس ده‌گیرسێته‌وه و هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌وه‌یه وه‌ك نیگاركێشێك بتوانێت له رێی سرووشت و ڤینۆس و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه قه‌ره‌بووی ئه‌و جوانییانه بكاته‌وه، یان راستتر جوانی خه‌لق بكات و جوانی هه‌ڵه‌بجه و كوردستان و سرووشته‌كه‌ی و كه‌سه‌كانیشی تێكه‌ڵ به‌و تابلۆیانه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێدا له‌ناو تابلۆكاندا نه‌مرییان بكات دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خاكی واقیعدا به كیمیایی مرۆڤ و سرووشت و ژیان ده‌كوژرێت.
به نهمردكردنی مرۆڤ و سرووشت و ژیان له تابلۆدا، كه‌ره‌سته‌یه‌كه قوڵ په‌یوه‌ندی به ده‌روون وهزر و روح و ئیراده‌ی كاراكته‌ری داراوه هه‌یه بۆ ژیان و مرۆڤ و جوانی و نه‌مری و ئاسووده‌یی و خۆشی و ژیانكردن، په‌یوه‌ندی به شێوازی مرۆڤبوونی ئه‌و كائینه هه‌یه كه هونه‌رمه‌ندێكی كورد و رۆژهه‌ڵاتییه و جگه له هونه‌ره‌كه‌ی هیچ ئومێدی دیكه‌ی نیه تیایدا به جوانی بژیێت. ژیانی رۆژانه، كه بریتیی یه له پۆرترێت دروست كردن و خواردنه‌وه و نووستن له ژووری ئه‌پارتمانێكی سارد و بێ ژیاندا و ته‌نیا ئه‌و شه‌وه بێتاقه‌ت و ساردانه‌ی حه‌شیش و شه‌ڕاب و دووكه‌ڵی ژوورێكی ژیانێكی دووباره‌بۆوه و رۆتینن، بۆیه دارا پێی وایه كه له‌رێی هونه‌ره‌وه مرۆڤ به هونه‌رمه‌ندبوونی خیهوه جوانی دروست بكات و ژیان و خۆشیش نه‌مر بكات.
ئه‌م فۆتۆیه به شێویه‌كی جوان تووشی هوڵوهشاندنهوه دێت له دایلۆگێكدا له گه‌ڵ ژنێكی رۆماننوسی رۆژئاوایی (ئۆریانا) كه پێی ده‌ڵێت:
(- ئێمه‌ی رۆژئاوایی بیرده‌كه‌ینه‌وه له پێناو ئه‌وه‌ی كه چۆن باشتر و خۆشتر بژین.
– واته چۆن؟
– ئێوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ژین، ئێمه‌ی رۆژئاوایی بیرده‌كه‌ینه‌وه چۆن بژین. هه‌ر بۆیه‌ش له‌ناو هونه‌ردا ده‌بینین حاڵه‌ته‌كه به پێچه‌وانه‌یه: له‌ناو هونه‌ردا، ئێوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی بیرده‌كه‌نه‌وه، ئێمه‌ی رۆژئاوایی ده‌ژین) ل 43
گه‌ڕانی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی له نیگار و له نووسیندا، له‌و ئایدیال و هه‌قیقه‌ت و بیركردنه‌وانه‌ی هه‌یه‌تی له‌مه‌ڕ ژیان و سۆز و هه‌سته‌كانی بۆ ژیان، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كه من پێموایه په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به ئیراده‌ی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌وه هه‌یه، له زه‌مه‌نی نووسینی ئه‌م رۆمانه‌دا كه دهگهڕیچتهوه بۆ ساڵانی 1989- 1991 و تاكو ئه‌مرۆكه‌ش له‌گه‌ڵ جیاوازی ئه‌و دوو مێژووه ئهواكت و ئێستا، به‌ڵام په‌یوه‌ند به‌و خاڵی ئیراده كه لێره‌دا هیچنامه ناوباسهكه پیچموایه شتێكی ئه‌وتۆ نه‌گۆڕاوه، چونكه دنیای هونه‌رمه‌ند و نیگاركێش و رۆشه‌نبیری كورد به گشتی له سووچێكه‌وه كاری هونه‌ری و ستاتیكی و ئه‌ده‌بی ده‌كات كه ئیڕاده‌ی به‌ته‌واوی له لایه‌ن مێژوو،هه‌قیقه‌ت ، ئیدیال و راستی داگیركراوه، ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی ئۆریانا باسی ده‌كات كه له ئه‌ده‌بیاتی رۆژهه‌ڵات دا هه‌یه، ئه‌و سۆز و ئیدیالهی له ئه‌ده‌بی رۆژهه‌ڵات پڕ ده‌كاته‌وه، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌و ئیڕادهیهیه كه له تۆڕی گووتاره‌كانی دین و سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه و رۆشنبیری و ئابووری و میژووه گیری خواردووه.
هۆكاری سه‌ره‌كی گه‌ڕان به دروستكردنی تابلۆی ئیدیال و جوانی هه‌قیقی و نه‌مر و به‌خشینه‌وه‌ی جوانی به ژیان له رێی تابلۆ و نووسینه‌وه، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له بێگه‌ردیی ئیڕاده‌وه، مرۆڤ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ئیڕاده‌یه‌كی بێگه‌رد بێت و هه‌ست بكات جوانییه‌كان، مرۆڤه‌كان، شاره‌كان، گوونده‌كان، سرووشتی ژیان، كه‌نیسه‌كان ، سه‌فه‌ر و گه‌ڕان و هتدد…، كه‌ره‌سته‌یه‌كن له‌به‌رده‌ستی هونه‌رمه‌نددا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانه ته‌ماشای ئه‌و تانه و دواتریش مرۆڤ و ژیان بكات، بهڵامهونهرمهندی رۆژهه‌ڵاتی ناتوانێت هونه‌رمه‌ندان یان نووسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی ناتوانێت نووسه‌رانه ته‌ماشای ژیان و كه‌ره‌سته‌كان بكات، چونكه ئه‌و خۆی له ئیڕِادهی خۆیدا ئه‌و بڕوایه‌ی له لا درووست نه‌بووه، كه هونه‌رمه‌ندانه ته‌ماشكردنی ژیان گه‌وره‌تره له هونه‌ر خۆی، نووسه‌رانه ژیان كردن گه‌وره‌تره له نووسین خۆی. گه‌ڕان به‌دووی ئیدیال و میسالی له‌و ژیانه‌دا، له ناو ئه‌ده‌ب و نووسیندا ومان لێده‌كات كه زیاتر و زیاتر هه‌م له رۆحی نووسه‌ری و هه‌م له ئیراده‌ی هونهرمهندییهوه دووركه‌وینه‌وه، گیرۆده‌بوونی ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتی به بیركردنه‌وه له رێی تابلۆ و نووسیندا و ستاتیكا كردنه به‌ر تابلۆ و رۆمانه‌كان و نووسینه‌كانمان هه‌نده‌ی تر رۆحی ژیانمان و ژیاندۆستیمان له ئیڕادهدا كاڵ ده‌كاته‌وه، بنده‌ستی و دیلیمان له ناو تۆڕی گووتاره جیاوازه‌كانی دین و سیاسه‌ت و رۆشنبیری‌دا زیاتر و زیاتر به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات كه له ئیڕاهی بێگه‌ردی خۆمانه‌وه دووركه‌وینه‌وه و نووسینهكانیشمان پڕ بن له ئیدیال و گه‌ڕان به‌دووی وه‌همی جوانی و وه‌همی خۆشی و ئاسووده‌یی و وه‌همی وڵات و وه‌همی عه‌شق و هه‌ر وه‌همێكی تر.
سه‌فه‌ری دارا بۆ سانتیاگۆ و دۆزینه‌وه‌ی ڤینۆس كه بۆته ره‌مزی هه‌موو خۆزگه و خه‌ون و میسالییهتی دارا، كه بۆته وڵات و خاك و ژیانی دارا، سه‌فه‌ركردن بۆ سانتیاگۆ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و دوورگه‌ی خه‌ون و جوانی و هه‌قیقه‌ته، له خه‌ون و خه‌یاڵێكی ئهفیووناوی زیاتر ده‌رناچێت، نه ڤینۆش ده‌بینێته‌وه و نه ئه‌و وێنه‌یه‌ش دێته دی كه دارای هونه‌رمه‌ند خه‌ونی پێوه ده‌بینێ، له سانتیاگۆ دارا بێهووده ده‌یه‌وێت ئه‌وخه‌ونه‌ی بدۆزێته‌وه و ره‌مزی هه‌موو خۆشی و شهوقهكانی بۆ ژیان بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام بێهووده و خه‌ونه‌كه‌ی له بار ده‌چێت و ڤینۆس نادۆزێته‌وه، ئه‌و ڤینۆسهی كه ره‌مزێكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ونه جوانه‌كانی مرۆڤ.
ئیدی دارا چه‌ندین جار له شه‌قامی (كه‌نیسه‌كه‌ی سانت ژاك) دێت و ده‌چێت و پرسیار ده‌كات، به‌ڵام بێهووده له ته‌نیشت ئه‌و كهنیسهیدا له‌و ئه‌درێسه‌ی كه پێیه‌تی ره‌مزی خه‌ونه‌كانی نابینێته‌وه، نایبینێته‌وه و تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی نزیك به شێتبوون ده‌بێت و دواجاریش له دوا وێستگه‌ی سهفهرهكهیدا له لای ژنه فاڵچییه‌ك گوێی له‌م قسانه ده‌بێت: (كوڕم تۆ زۆر له‌وه ناسكتری كه بتوانی له دووره وڵاتی و غه‌ریبیدا به بێكه‌سی و به بێ خۆشه‌ویستی بژیت)ل 127
پێش ئه‌وه‌ش دارا له سه‌ر زاری كاراكته‌رێكی دی كه ناوی (لالۆیه) گوێی له‌م رسته‌یه ده‌بێت: (ئه‌مه ئه‌وروپایه كوڕم) ئه‌ویش تێده‌گات( ئێره ئه‌وروپایه. چڵپاوه.درۆیه.وه‌همه. ئێره ته‌نیا وه‌همێكه)ل 122
ئیدی خۆشه‌ویستی و گه‌ڕان به‌دووی جوانی و وڵات و ڤینۆس و خه‌ون و شهوقهكانی مرۆڤێكی كورد له ئه‌وروپا ده‌بێته وه‌همێك و زیاتر نه.* * * * * * *
(2)
رۆمان: ژیان و بیركردنهوهلهم رۆمانه‌دا وه‌ك له دایلۆگهكهی (دارا و ئۆریانا) باس كرا، كه نووسین و هونه‌ری رۆژهه‌ڵاتی و رۆژئاوایی دوو جه‌وهه‌ری جیاوازییان هه‌یه بۆ ژیان ، ئۆریانا ده‌ڵێ : (رۆمان هه‌میشه له جیهانێكی سه‌رتاپایی ده‌دوێ، له هه‌موو دنیا و ژیان و له هه‌موو شته‌كان ده‌دوێ له یه‌ك كاتدا، رووانینێكی هه‌مووانی بۆ هه‌موو ژیان و دنیای ئه‌مڕۆ پێكڕا پێشچاو ده‌خات. رۆمان كه‌واته له هیچ بابه‌تێكی دیاریكراو نادوێ، به‌ڵكو روانینێكه)ل 39
( له‌ناو ئه‌ده‌بیات و هونه‌ردا: ئێوه هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی خۆتان پڕ ده‌كه‌ن له هه‌ست و نه‌ست و سۆز و باوه‌ڕ،ئێمه‌ش پڕیان ده‌كه‌ین له ژیان.
گووتم : ئه‌مه واتای چی ده‌گه‌یه‌نێ؟
گووتی: ئه‌مه واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ئێمه‌ی رۆژئاوایی باشتر و خۆشتر ده‌ژین، گه‌رمتر باوه‌ش به ژیاندا ده‌كه‌ین) ل 43
له‌م دوو په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، فه‌رهاد له رێی ئه‌و دایلۆگه‌وه ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات كه خوێندنه‌وه‌ی ئێمه بۆ هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات له‌گه‌ڵ رۆژئاواییه‌كان چه‌ند جیاوازه، ئێمه‌ی كورد كه له‌باره‌ی هه‌موو بابه‌تێكه‌وه ده‌بێت بدویێن، و هه‌ڵوێستمان هه‌بێت، من دیاره كه ئه‌و قسه‌یه ده‌كه‌م، ئاگام له‌وه‌یه كه نووسه‌ری كورد به ده‌یان جار ئه‌وه‌مان به گوێدا ده‌چرپێنن: كه سارته‌ر گووتوویه‌تی:( مرۆڤ هه‌ڵوێسته و به‌س!) هه‌ڵوێستی سارته‌ریش به‌وه لێكده‌ده‌نه‌وه كه (مه‌وقف) وه‌رگرتنه به‌رامبه‌ر هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك و بابه‌تێكی گشتی یان تایبه‌ت، به‌ڵام من دوور له‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی سارته‌ر ره‌خنه بكه‌م، پرسیار ده‌كه‌م: ئایا هه‌ڵویستی سارته‌ر بۆ مرۆڤ ته‌نیا مه‌وقف وه‌رگرتنه به‌رامبه‌ر به بابه‌تێكی گشتی یان تایبه‌ت؟!و دواتریش هه‌ڵویستی سارته‌ر چییه؟ ئایا ده‌كرێت هه‌ڵوێسته‌كه‌ی بكه‌ینه (پاڵه‌وانی) بۆنموونه؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست لای سارته‌ر ئاریشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی بێت و ئێمه بیێن له رۆشنبیری كوردیدا بیكه‌ینه كێشه‌یه‌كی سیاسی یان دینی یان رۆشنبیریی، له رۆشنبیریی كوردیا، ئایا ئه‌وه مانای ئه‌وه ده‌دات كه مرۆڤی بێ هه‌ڵوێست وه‌ك ئاریشه‌یه‌كی هزری و فه‌لسه‌فی و رۆشنبیری مرۆڤێكی خاین و بێ مه‌وقیفه؟!
ره‌نگه خیانه‌ت و بێ مه‌وقف بوون، نه‌بێته تێگه‌یشتنی سارته‌ر بۆ هه‌ڵوێستێكی (سارته‌رییانه). ئه‌گه‌ر ئیچمه بخوازین سوود له‌و بۆچوونه‌ی سارته‌ر وهرگین بۆ دروستكردنی هه‌ڵوێستێكی سیاسی یان رۆشنبیری یان فه‌لسه‌فی له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی دنیای سیاسه‌ت و دین و رۆشنبیریی و جڤاك ده‌مانده‌نێ و ئێمه به خۆمان (هه‌ڵوێست – هه‌ڵبژاردنی) خۆمان ده‌ست نیشان كه‌ین، ئه‌و كاته ئێمه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست و هه‌ڵبژاردنه‌كانمان به مانایه‌كی فه‌لسه‌فییانه به‌رپرسیارین.لێره‌شدا هه‌بوونی ئێمه پێش ماهییهتمان ده‌كه‌وێت، واته ئێمه خۆمان به‌رهه‌م دێنین،نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی ماهییهتمان پێشی هه‌بوونمان بكه‌وێت.
هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، هه‌ڵبژاردنی شێوازی ژیان و بیركردنه‌وه‌مان و سه‌فه‌ر و گه‌ڕان و عه‌شق و هونه‌ر و نووسینمان، به كورتی ژیانی مرۆڤ كۆمه‌ڵیچك هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵوێسته، من پێموایه نه ژیانی هه‌موو هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و خه‌ڵكی ئه‌وروپا هه‌مووی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه به‌مانا سارتهرییهكهی له رۆشنبیری رۆژئاوادت به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه و هه‌بوونی ئه‌وان پێش ماهییهتییان ده‌كه‌وێت، نه هه‌ڵوێستی مرۆڤ و نووسه‌ر وهونه‌رمه‌نده رۆژههڵاتییهكانیش هه‌مووی تێگڕا هه‌ڵوێسته به‌مانا رۆژهه‌ڵاتییه‌كه‌ی واتا مه‌وقف وه‌رگرتن له‌به‌رامبه‌ر بابه‌ته‌كاندا و هه‌ڵبژاردن نه‌بێت، هه‌ڵوێست له نێوان مه‌وقف وه‌رگرتن و هه‌ڵبژاردندا، دوو دنیای ته‌واو جیاواز ده‌خولقێنێ، دوو دنیا كه فه‌رهاد پیرباڵ له‌و دایلۆگهدا چڕی ده‌كاته‌وه، ئۆریانا ده‌ڵێ:
( تۆ زیاتر دڵت به ئیدیال و هونه‌ره‌وه خۆشه وه‌ك له‌وه‌ی به واقیع و ژیانه‌وه. تۆ له ناو ژیاندا و بۆ ژیان ناژیت، ناشته‌وێ تام و بۆی ژیان بكه‌یت، به‌ڵكو ده‌توێ هه‌موو واتاكان و هه‌موو وزه‌ی خۆت ته‌نیا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چڕ بكه‌یته‌وه كه تۆ ناوی ده‌نیێت "هونه‌ر" تۆ ترسنۆكیت و له‌ده‌ست ژیان راده‌كه‌یت… ) ل 44
هونه‌ر وه‌ك شوێنێك بۆ نمایشكردنی هه‌ڵوێستی نووسه‌رانمان، له لای رۆژههڵاتهكانهوه ده‌بێته مه‌وقف وه‌رگرتن له‌به‌رامبه‌ر بابه‌ت و شته‌كانی ژیان، بیریشمان نه‌چێت ئه‌م مه‌وقف وه‌رگرتنه و ته‌وزیف كردنی هه‌ر هزرێكی فه‌لسه‌فی له رۆشنبیریی كوردیدا یان رۆژهه‌ڵاتیدا به گشتی به‌وه‌ی به‌شێكی ماهییهتمان پێكدێنێ پێش ئه‌وه‌ی ته‌حقیقی وجودمان بكات، رووبه‌ڕووی ئه‌و وههم و ئیدیالانهمان ده‌كاته‌وه، كه ژیانی ئیچمهی پێهكاته خورافات، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی نابنه هه‌ڵبژاردن به‌ڵكو هه‌ڵوێستێك هێزه‌كانی سیاسه‌ت و دین و كۆمه‌ڵگه و ئهورۆشنبیرییه به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پێنن بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له ناو ناتۆره‌ی وه‌ك خاین و بێ مه‌وقف بپارێزین، بۆیه‌شه ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتی پێش ئه‌وه‌ی ژیانمان پڕكه‌ین له هه‌ڵبژاردنی جۆراوجۆر ، به هه‌ڵوێست و مه‌وقفی یه‌كره‌نگی و یه‌كده‌نگی ختمی ده‌كه‌ین، دواتریش ئێمه‌ی مرۆڤی نووسه‌ر ئه هه‌ڵوێست و مهوقفانهمان ده‌گوێزینه‌وه ناو نووسین و ئه‌ده‌ب و نیگارهكانمانهوه، بۆیه ئێمه سه‌ره‌تا له هه‌بوونی خۆمان راده‌كه‌ین و ده‌شارینه‌وه، دواتریش له ئه‌ده‌ب و هونهرماندا ئه‌و ماهییه‌ته پێشكه‌ش ده‌كه‌ین كه په‌یوه‌ندی به هه‌بوونی بێگه‌ر د و ئیڕاده‌ی ئێمه‌وه نیه.بۆیه من هاوده‌نگم له گه‌ڵ ئۆریانا كه پێی وایه دارا كه نموونه‌ی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ری كورده، ترسنۆكه و له‌ده‌ست ژیان راده‌كات…
دیاریشه ئه‌و راكردنه په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به ئیڕاده‌ی زه‌وتكراوی داراوه هه‌یه، ئه‌و ئیڕاده‌یه‌ی سیاسه‌تێكی دكتاتۆرییانه سه‌رتا داگیری ده‌كات، دواتر جه‌نگ دابه‌شی ده‌كاته سه‌ر سێ پارچه‌ی وێران و ناشیرین له سێ فۆتۆدا كه ئوانیش عه‌سكه‌ر و جاش و پێشمه‌رگه‌ن، دواتریش رۆیشتن و دووركه‌وتنه‌وه و كوشتنی خزم و كه‌س و سرووشت، دواتریش گه‌ڕان به‌دووی جوانی له هونه‌ردا و نه‌مركردنی، دواتریش نه‌دیتنه‌وه‌ی ره‌مزی خهونهكان، و رۆچوون به‌ره‌و دنیای حه‌شیشه و ئه‌فیون و شێتی.
ئه‌م تابلۆیه كه فه‌رهاد پیرباڵ ده‌یكێشێ، بۆ من له خوێندنه‌وه‌یدا ئه‌وه ده‌بینمه‌وه، كه به ناراسته‌وخۆ باسی ژیانی كه‌سێك – هونه‌رمه‌ندێك ده‌كات، كه له ئیڕاده‌ی خۆیه‌وه بریندار,، له روحهوه هه‌بوونی گه‌مارۆدراوه، ئیدی ئه‌و ناتوانێت وه‌ك رۆژئاوییهك خۆی له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێ هه‌ڵبژاردندا ببینێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و زیاتر له‌و كۆیله‌یه ده‌كات كه سارته‌ر پێیوایه :(كۆیله‌ش ده‌توانێت هه‌ڵوێستێك له‌به‌رامبه‌ر كۆیله‌بوونی خۆیدا بنوێنێت، به‌ڵام ده‌بێت به ئه‌گه‌ری مردنی خۆیشیه‌وه ئاگادار بێت) داراش ئه‌و سه‌فه‌ره و گه‌یشتنه ڤینۆس له سانتیاگۆ ده‌كاته هه‌ڵبژاردنی ، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی به ئه‌گه‌ری شێتبوونی خۆی ئاگه‌دار بێت.
رووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه ئه‌وه بهمن ده‌ڵێن كه رۆمانێكه ژیانهوهرییانه، نه‌وه‌ك بیركردنه‌وه، به مانایه‌كی دی، هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی كوردی بریندار له رۆح و گه‌مارۆدراو له هه‌بوونیدا له سانتیاگۆ ئازاد بێت و هه‌بوونی خۆی له جوانیدا ئاوێته بكات، هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی كوردێك له بیركردنه‌وه ده‌رچێت و پێ بنێته ژیانه‌وه، هونه‌رمه‌ندێك نیگاره‌كانی پڕكات له ژیان نه‌وه‌ك له هه‌ست و سۆز و ئیدیال، نووسه‌رێك ئه‌ده‌به‌كه‌ی له مێژوو ده‌رباز بكات و بیخاته ستاتیكاوه.
هه‌وڵێكه ئه‌گه‌رچی دواجار به سه‌ختی تێكده‌شكێ، به‌ڵام نامانگێڕێتهوه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویسته بكشێینه‌وه و له ژیان بترسین و بچینه‌وه ناو ماهییه‌ته‌كه‌ی خۆمانه‌وه و هه‌بوونمان ته‌نیا له نووسیندا نمایش بكه‌ین.
دواجار هونه‌ر و نووسینیش ئه‌گه‌ر نمایش ژیان و رووچوونه ناو ژیان نه‌بێت ئه‌وه پڕ ده‌بێت له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی كه نووسه‌ر و مرۆڤ ده‌كه‌نه شه‌به‌ح، نه‌وه‌ك ئینسان.
دواجار نووسین ئیڕاده‌یه، نه‌وه‌ك بیركردنه‌وه.