مۆسیقای…… باخ …… حه‌مه سه‌عید که‌لاری
– 1 –
ئێواره‌یه و
دڵی هه‌نده ته‌نگه ژیان
شه‌قامێکی تیا شک نابه‌م
بمباته‌وه سه‌ر کۆڕنیشی پیاسه‌یه‌ک
له ژووری پڕ په‌ژاره‌ما
باخچه‌ی مه‌حه‌به‌ت له خه‌یاڵما سه‌وز ئه‌بێ
خورۆشانێ…………………
هه‌نگاو هه‌نگاو
په‌لی ته‌نیایم ئه‌گرێ
له ده‌روازه‌ی ماڵی باخا
ئیستێ ئه‌کا و به‌جێمدێڵێ،
(( بازگه )) جڵه‌وم ئه‌کات و
به ئاڕاسته‌ی هه‌رچی کونی جه‌سته‌م هه‌یه له‌پ ئه‌کوتێ
کۆنه ترسی خه‌وتووی نه‌ستم به‌خه‌بردێ
هه‌ناسه‌یه‌ک له خنکاندن ڕزگارمه‌کا و
بۆ قووڵایی دڵی باخچه هه‌ڵمه‌کێشێ
له‌وێنده‌رێ…………
شه‌کره سێوی ماچی وه‌ریو
په‌پووله چپه‌ی ترسا‌و و
ڕه‌وه چرپه‌ی حه‌زی ناکامی عاشقان
ڕۆحمه‌شێلێ
له‌ژێر ڕه‌شماڵی خه‌یاڵا
فه‌رمووی کوشکێ ڕامئه‌گرێ
له‌فه‌یه‌کی فه‌لافلی سوخمه سپیی
چاوم تێرئه‌کا له ڕه‌نگی ته‌نکه خه‌نده‌ی له‌تافه‌ت و
زارم پڕئه‌کا له تام و بۆی به‌هارات و زه‌رده‌چۆ
له ژێر ساماڵی حه‌زێکی منداڵییدا
کڵۆیه‌کی نوقڵه ده‌م و شه‌کره نیگا ڕاوئه‌که‌م و
چایه‌کی تاڵی سه‌ر شۆسته ئه‌مخواته‌وه …..
له‌و ئێواره غه‌مگینه‌دا
چه‌نده جوانه شاتووی لاڕێ
له کاتێکا باڵا و په‌لکی
ئه‌بێته هێلانه چۆله‌که‌ی ڕوانین و
کرمی ئاوریشمی ته‌ماشا به قامه‌تیا هه‌لئه‌زنێ.
ده‌مه‌و مه‌غریب
به‌سه‌ر فه‌رشی چیمه‌نه‌وه
هه‌ناره کچی نازه‌نین
شه‌ڕ به تریفه ئه‌گێڕێ و
ده‌نک ده‌نک خه‌نده‌ی مێخۆش
ئه‌شکی شیرین ئه‌ته‌کێنێ،
له‌م بیابانی عه‌شقه‌دا هه‌ند تینوومه
زمانی شیعرم وا ئه‌شکێ
که‌چیی ئه‌وه‌نده بێباکه
خانمه ترێ
له جیاتیی باده‌یێ شه‌راب
پێکێ نازی موعه‌ته‌قم پێئه‌فرۆشێ– 2 –
ده‌مه‌ومه‌غریب
ورده ورده
ئێک ئه‌چمه‌وه
تاڵ تاڵ کرژ و
تاوێک شیرین
شیی ئه‌بمه‌وه
خه‌یاڵم له ناو دوکه‌ڵی سیگارێکی په‌رله‌مانا چڕ ئه‌بێت و
یه‌ک دوو نه‌فه‌س
وێنه‌ی قه‌قنه‌س
به ده‌م هه‌ناسه‌ی یه‌ئسه‌وه گرد ئه‌بمه‌وه و
لائه‌ده‌مه لای حیکمه‌تی پیره دارێکی شووشه دڵ
ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ک هه‌یبه‌ته و به سه‌وڵی له‌پ
ئاره‌قه‌ی سه‌فه‌ری ئه‌سڕم
گوێل گوێل مه‌نگیی ئه‌شڵه‌قێنم
که دێته گۆ
کرته‌ی گه‌ڵایه‌ک ئه‌بیسم له‌دره‌ختی ته‌مه‌ن جودا ئه‌بێته‌وه
له سه‌ر له‌پی هه‌ر گه‌ڵایه‌ک تابلۆیه‌که و
هه‌ر تابلۆیه‌ک چیرۆکی داڕووخانێکه له‌مه‌حه‌به‌ت ،
که بێده‌نگیی له‌فزی شیرینی کۆت ئه‌کا
من فنجانێ قاوه‌ی خه‌فه‌ت ئه‌خومه‌وه
جارێکی تر چاوی حه‌زم
تاسه‌ی بیستن، ئه‌یدوێنێ
له ته‌ک فڕینی هه‌ر پۆله وشه‌یه‌کدا
نیگارێکم نیشان ئه‌دات،
له ئه‌لبوومی وێنه‌کانا
تابلۆی "" دنیای فریشته‌کان ""سه‌رنجم شۆڕ ئه‌کاته‌وه
فریشته‌ی خه‌و ئه‌مباته‌وه و
ئه‌سپه خه‌ونێک هه‌ڵمئه‌گرێ
پاش نیوه شه‌و، دره‌نگ وه‌ختێ
" قابه قه‌وسه‌ینی ئه‌و ئه‌دنا"
له خوا نزیک ئه‌بمه‌وه
وه‌کو " که‌لیم " هه‌زار و یه‌ک پرسیار ئه‌که‌م
یه‌ک وه‌ڵام و چرپه‌ی پێ دێ
له ته‌ک سپێده‌ی به‌یانا
شیعره ژنێ له نه‌سلی گریان و قاقا
جوانتر له دڵۆپێ شه‌ونم به‌سه‌ر به‌رماڵی گه‌ڵاوه
ڕۆحم سوژده‌ی بۆ ئه‌بات و به‌ر له‌وه‌ی ببێت به هه‌ڵم
ئه‌ڕژێته ناو دوو گلێنه‌ی خه‌یاڵمه‌وه
له‌و ساته‌دا
گه‌واڵه هه‌ورێکی منداڵ زه‌ینم ڕۆشن ئه‌کاته‌وه
به ئاوازی مۆسیقای باخ
کزه‌ی سۆفییانه‌ی شه‌هرام
سۆزه‌ی میهرێک هه‌ڵئه‌کات و
سروشت ئاوس ئه‌بێ ، ئه‌زێ
ژووری ته‌نیایم پڕئه‌بێ له بۆنی بونگ و ڕه‌یحانه
عه‌تری شه‌وبۆ هه‌ڵه‌مژم
بۆنی ته‌ڕی خاک ئه‌بیستم
له ناو سه‌رما پۆله مه‌لێکی ئاسمانیی ئه‌جریوێنێ
ڕۆحم به‌سه‌ر شان و ملی په‌لکه‌زێڕینه‌ی وه‌فاوه
سمۆره‌یه‌کی باڵدار
سه‌ما ئه‌کا و
هه‌ڵئه‌فڕێ.* " قاب قوسین او ادنی " له قورعان وه‌رگیراوه.
** " که‌لیم " مه‌به‌ست ( کلیم الله )یه ، واتای مووسای پێغه‌مبه‌ره
که له گه‌ڵ یه‌زدانا هاتوه‌ته ئاخاوتن .—————– 20/ 10 /2009