
به‌ریتانیا به‌ره‌و مانگرتنی سه‌راسه‌ری کرێکارانی پۆسته‌و گه‌یاندن!
20/10/2009
بڕیاره رۆژی 22/10/2009 کرێکارانی پۆسته‌و گه‌یاندنی سه‌ر به که‌رتی گشتی (رۆیاڵ مه‌یل) بۆماوه‌ی دوو رۆژمانگرتنی سه‌راسه‌ری له هه‌موو شار‌و شارۆچکه‌کانی به‌ریتانیادا به‌رپابکه‌ن. مانگرتنه‌که یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن (CWU) که (120000) ئه‌ندامی هه‌یه پێی هه‌ڵده‌ستێ.
رۆژی یه‌که‌م، پێنجشه‌ممه، کارمه‌ندانی سه‌نته‌ره‌کانی پۆست و شۆفێره‌کان کار ره‌ده‌گرن و رۆژی دوه‌میش کۆکردنه‌وه‌و ناردنی پۆسته‌کان راده‌وه‌ستێ و کرێکاران وکارمه‌ندانی ئه‌و به‌شانه کارراده‌گرن. هۆکاری مانگرتنه‌که کێشه‌ی نێوان یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن و ئیداره‌ی کۆمپانیای پۆست و گه‌یاندن(رۆیاڵ مه‌یڵ) ه له‌سه‌ر کرێ و هه‌لومه‌رجی کارکردن و ریفۆرمسازی له سیسته‌می پۆست و گه‌یاندن(رۆیاڵ مه‌یڵ)دا.
یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن (CWU) ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌لی به‌وه تاوانبار ده‌کات که ده‌یه‌وێ ده‌وری یه‌کێتیه‌که بخاته لاوه‌و بێ راوێژکردن به‌وان بڕیار له‌سه‌ر تازه‌کردنه‌وه‌ی سیسته‌می پۆست بدات. شایانی وتنه که له‌ساڵی 2007 دا مانگرتنی سه‌راسه‌ری کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن که سه‌رجه‌م سیسته‌می پۆستی به‌ریتانیای تووشی ئیفلیجبوون کرد، ئاکامه‌که‌ی به‌وه ته‌واو بوو که ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یل رازی بوو له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ناوبراودا له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له گرنگه که په‌یوه‌ندی به‌کارو ژیانی هه‌زاران کرێکاری پۆسته‌وه هه‌یه، راوێژبکات و به‌راوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌رکارێکی مۆدێرنه‌کردن و ریفۆرمسازی له سیسته‌می پۆست‌دا ئه‌نجام بدات. جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که له‌ره‌وتی تازه‌گه‌ری و ریفۆرمسازی سیسته‌می پۆست و گه‌یاندنی به‌ریتانیادا 30000 کرێکار‌و کارمه‌ند کاره‌کانیان له‌ده‌ستداوه. یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که نابێ ریفۆرمی سیسته‌می پۆست و گه‌یاندن له‌سه‌ر حسابی بێکارکردنی کرێکارانی پۆست ئه‌نجام بدرێ.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه، (CWU) ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یل به‌وه تاوانبار ده‌کات که له نه‌خشه‌یدایه زیادبوونی کرێی کرێکاران که ساڵانه یان چه‌ندساڵ جارێك پێبه‌پێی هه‌ڵاوسان و گرانی ده‌چیته‌سه‌ر، بوه‌ستێنێ و سڕی بکات. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای مامه‌ڵه‌ی نابه‌جێی به‌رێوه‌به‌رانی رۆیاڵ مه‌یل له‌گه‌ڵ کرێکاران و کارمه‌ندانی کۆمپانیاکه‌دا.
ئه‌گه‌رچی تائێستا ئیداره‌ی کۆمپانیا ده‌یه‌وێ مل به‌خواسته‌کانی(CWU) نه‌دا و له هه‌وڵێکیدا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری مانگرته‌که به‌تایه‌بتی که کریسمس نزیك ده‌بێته‌وه و رێژه‌ی ناردنی پۆست چه‌ندقات زیاد ده‌کات له‌چاوجاران، بڕیاری داوه ئه‌مساڵ دوو ئه‌وه‌نده‌ی ساڵانی پێشوو کرێکاری کاتی به‌کرێ بگرێ. ساڵانی پێشوو رۆیاڵ مه‌یل 15000 کرێکاری به‌شێوه‌ی کاتی بۆ وه‌رزی کریسمس به‌کرێده‌گرت. یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یلی به کارێکی ئه‌حمه‌قانه ناوه‌زه‌دکرد و به‌کارگرتنی ئه‌و ژماره زیاده‌یه‌ی کرێکارانی کاتی به مانگرتن شکاندن پێناسه‌کرد. شایانی باسه به‌پێی یاسای کاری به‌ریتانی به‌کرێ گرتنی کرێکاران له‌جێگای کرێکارانێك که مانیان گرتوه کارێکی نایاساییه.
یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن((CWU چه‌ندین پێشنیاری بۆ ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یل پێشکه‌ش کردوه به ئامانجی گه‌یشتن به رێکه‌وتن تا مانگرتنه‌که ئه‌نجام نه‌ده‌ن، به‌ڵام مه‌رجی ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یل ئه‌وه‌یه که ده‌بێ سه‌ره‌تا بڕیاری مانگرتنه‌که هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌و ئه‌وکاته ئه‌ماده‌یه له‌گه‌ڵیان رێك بکه‌وێت! شایانی وتنه بڕیاری مانگرتن له راپرسیه‌کی کرێکاران وکارمه‌ندانی پۆست و گه‌یاندندا که ژماره‌یان 120000 که‌سه به زۆرینه‌ی ده‌نگ، به رێژه‌ی 3 بۆ 4 له هه‌فته‌ی رابردودا بڕیاری له‌سه‌ردراوه.
به‌رپرسانی پایه‌به‌رزی پارتی کرێکارانی فه‌رمانڕه‌وا ئه‌م مانگرتنه‌یان به کارێکی خۆکوژی و ناهه‌ق و بێ بایه‌خ وه‌سف کرد. له‌کاتێکدا به‌رپرسانی باڵای پارتی پارێزگاران و پارتی لیبرال-دیموکراتیش له‌سه‌نگه‌ری دژایه‌تی کرێکاراندا ده‌رکه‌وتن. به‌ڵام بانگه‌وازی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن بۆ ناوبژیوانی سه‌ربه‌خۆ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نێوان خۆیان و ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یڵ له‌لایه‌ن 98 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌وه که سه‌ربه پارته‌کانی کرێکاران و پارێزگاران و لیبراڵ دیموکراتن پشتیوانی لێده‌کرێ. ئه‌م پێشنیاره‌ی(CWU) کاتێك خرایه‌روو که ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندام په‌رله‌مان راگه‌یه‌نراوێکیان خسته به‌رده‌م په‌رله‌مان و داوایان له حکومه‌ت کرد که ده‌روی خۆی ببینێ بۆئه‌وه‌ی رۆیاڵ مه‌یل به ئیجابی وه‌ڵامی خواسته‌کانی (CWU) بداته‌وه.
بیانووی سه‌ره‌کی حکومه‌ت و ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یل که کۆمپانیای ده‌وڵه‌تیه، ئه‌وه‌یه که سیسته‌می پۆست و گه‌یاندن پێویستی به تازه‌کردنه‌وه‌و مۆدێرنیزه‌کردن هه‌یه و به‌م وه‌زعه‌ی ئێستایه‌وه له‌باری ئابوریه‌وه قازانجهێن نیه. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یل پلانی به‌کارهێنانی ئامێری نوێی هه‌یه که سه‌ره‌نجامه‌که‌ی بێکاربوونی هه‌زاران کرێکاره هه‌روه‌کو له ساڵانی رابردوودا نزیکه‌ی 30000 که‌س کاره‌کانیان له‌ده‌ستداوه. به‌ڵام رابه‌رانی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن ئه‌وه به‌دوور نازانن که حکومه‌ت و ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یڵ بیانه‌وێ ئه‌م که‌رته‌ی پیشه‌سازی که موڵکی ده‌وڵه‌ته به‌ره‌و ئیفلاس به‌رن تا بیانووی فرۆشتنی به که‌رتی تایبه‌تی فه‌راهه‌م بکه‌ن.
کاتژمێره‌کانی داهاتوو ده‌ریده‌خات که ئایا مانگرتنی گشتی ئه‌نجام ده‌درێ وه‌کو بڕیاری له‌سه‌ر دراوه یان وازی لێده‌هێنرێ، که ئه‌مه‌ش به‌نده به‌وه‌ی ئیداره‌ی رۆیاڵ مه‌یل مل به خواستی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن و یه‌کێتیه‌که‌یان بدات، ده‌نا کرێکاران و یه‌کێتی و رابه‌رانیان ئاماده‌ن ئه‌و رووبه‌رووبونه‌وه‌یه بکه‌ن و ئه‌مه‌شیان له‌سه‌رزاری سکرتێره‌که‌یانه‌وه (بیللی هایس) راگه‌یاندوه ، کاتێك له‌وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌ی (تایمس) دا ده‌ڵێ:" ئاماده‌ین بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان."
وێنه‌که‌ی سه‌ره‌وه وێنه‌ی :
بیللی هایه‌س (Billy Hayes)
سکرتێری گشتی یه‌کێتی کرێکارانی
پۆست و گه‌یاندن (CWU)