
حیكایه‌تێكی ته‌واو نه‌كراو
هاوڕێ نیازیی، نه‌یده‌زانی كه ئایا وه‌ك هه‌میشه گوێ له گۆرانی بگرێت و بچێته نێو خه‌یاڵه قوڵ و شاعیرانهكانییهوه، یاخوود له‌و مناڵه عه‌ره‌بانه ڕابمێنێت، كه له ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ی هات و هاواریان ده‌كرد و، به ده‌سته وردیلهكانیان ئاماژه‌یان بۆ مناڵه كورده‌كان ده‌كرد، تا بێن و له‌گه‌ڵیاندا یاری و قسان بكه‌ن….
ئه‌و پێی وابوو هه‌ڵسوكه‌وت و گۆشه‌گیری هه‌ندێك له مناڵه‌كانی ده‌ره‌وه و تێكه‌ڵبوونی كه‌میان له‌گه‌ڵ مناڵانی هاوته‌مه‌نی خۆیاندا، هه‌وێنێكی باشه تا ئه‌م بتوانێت حیكایه‌تێكی لێ‌دروست بكات،….
ئه‌و یه‌كێك بوو له‌و چیرۆكنووسه لاوانه‌ی كه خه‌ونێكی گه‌لێك قوڵی هه‌بوو بۆ نوسینی چیرۆكێكی نه‌نووسراو،هه‌ر جاره‌ی به‌جۆرێك قه‌ڵه‌می ده‌نا به‌سنگی كاغه‌زه‌وه، به‌ڵام پاش نووسینی چه‌ند دێرێك وازیدههێنان و پاشان كاغه‌زه‌كه‌ی به‌ر ده‌ستی ده‌دڕاند و به‌جۆرێك توڕی ده‌دا، كه هه‌رگیز نهچێتهوهی سه‌ر نووسین، به‌ڵام پاش كه‌مێك بێده‌نگی و تێفكرین، ده‌ستی ده‌كرد به كێشانی چه‌ند جگه‌ره‌یه‌ك و ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش وایلێكردبێت كه ئه‌مجاره‌یان به هێزێكی له‌وی پێشتر به تینتر تێهه‌ڵچێته‌وه نووسینی چیرۆكه‌كه‌ی نێو ناخی.سه‌یرترین خاڵی جیاوازی نێوان هاوڕێ نیازیی و نووسینه‌كانی ژێر په‌نجه‌ی، ئه‌وه‌بوو كه ئه‌وه‌ی ده‌ینووسی وه‌ك ئه‌وه وابوو كه‌سێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆی به زۆر پێی بنووسێت،…
ڕۆژانه پاش هات و چۆیه‌كی تاقه‌ت پروكێن و كێشانی چه‌ند جگه‌ره‌یه‌ك له ناو پاركه‌كه‌دا، بێهوده ده‌بوو له‌وه‌ی كه بتوانێت له نێو ئه‌و هه‌موو ژاوه ژاوه‌ی ڕۆژگار و زریك و زاكی مناڵانی ئاواره‌ی گه‌ڕه‌كدا بتوانێت چیرۆكه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بنووسێته‌وه، ناچار ملی ڕێگه‌ری دهگرتوو به‌ره‌و ماڵ بوویه‌وه، به‌ڵام چ ماڵێك… پڕ بوو له مناڵی خوشكه‌زا و برازاكانی كه ده‌هاتن بۆ ڕهواندنهی ته‌نیایی داپیره و باپیره‌یان و شڵه‌قاندنی ئه‌و بێده‌نگییه سامناكه‌ی باڵی به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌دا كێشابوو،….
دایك و باوكی نیازی گله‌یی و گازنده‌یان لێده‌كرد و به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كرد، كه به‌رده‌وام له ژووره بچووكه‌كه‌ی نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا داده‌نیشێت و، بێ ئه‌وه‌ی گرنگی بداته ده‌ورووبه‌ر، به‌ده‌م گوێگرتن له گۆرانییه‌كانی (هایده)وه ده‌خوێنێته‌وه و هه‌ندێك جاریش ده‌نووسێت، بۆیه هه‌میشه وایانداده‌نا كه به ته‌نیا ده‌ژین،….
نیازی ئه‌گه‌رچی له چاو چیرۆكنووسه‌كانی تردا زۆر سه‌یر نه‌بوو، به‌ڵام هه‌میشه به‌وه جیاده‌كرایه‌وه كه له ساڵانی نه‌وه‌ده‌وه ده‌نووسێت و تا ئێستا ته‌نیا سێ چیرۆكی كورتی نووسیوه، به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌وی بێزار نه‌ده‌كرد و بگره پێشیان شادمان ده‌بوو، برازا و خوشكه‌زاكانی بوو، چونكه له پاڵ خۆشه‌ویستیه‌كی زۆری بۆ برا و خوشكه‌كانی عه‌شقێكی جوانیشی بۆ مناڵان هه‌بوو،هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایكردبوو كه تێكه‌ڵاوییه‌كی ڕۆحی هه‌بێت بۆ مناڵان به تایبه‌ت برازا و خوشكه‌زاكانی….
ئێواره‌یه‌ك دوای نیو كاتژمێر یاری و باوه‌شكردنی مناڵانی برازا و خوشكه‌زاكانی، برا گه‌وره‌كه‌ی كه پیاوێكی پاره دۆستی بازرگانبوو، وه‌ك شێری برسیی نه‌ڕاندی به‌سه‌ریدا و وتی: به‌س له‌گه‌ڵ ئه‌و مناڵانه‌دا خۆت بخافڵێنه و وه‌كو مانگا خۆت له زه‌وی بگه‌وزێنه، هه‌ی گه‌مژه‌ی شێت، هه‌سته بڕۆ به‌لای نوسینهكانتهوه،
نیازیی به‌و قسه‌یه‌ی كاكی زۆر ئازاری پێگه‌یشت، به‌ڵام له‌به‌رچاوی میوانه‌كان و به‌تایبه‌تی مناڵه‌كان به‌جۆرێكی وا نواندنی كرد كه هیچ له‌م كه‌م نه‌بووته‌وه و بگره زۆریش به‌لایه‌وه ئاساییه، به‌ڵام خاتوو خه‌رامان كه ژنی كاكی بوو، زوو له خه‌ونه‌كانی نیازی تێده‌گه‌یشت و زۆر جارانیش هانیده‌دا بۆ نووسینی زیاتر، ته‌نانه‌ت گه‌لێك جار ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌می به دیاری بۆ ده‌هێنا، نیازیش به ژنێكی میهره‌بان و تێگه‌یشتووی خانه‌واده‌كه‌یان لێی دیڕوانی،خێرا دركی به ئازاری ڕۆحی نیازی كردوو، ده‌ستێكی دایكانه‌ی خسته سه‌ر شانی نیازی و وتی: دڵگران مه‌به، ئه‌وانه‌ی ژیانیان به پاره‌وه لا جوانه، هه‌رگیز ناتوانن قسه‌یه‌كی له‌مه زیاتریان هه‌بێت بۆ كه‌سێك كه ده‌یانه‌وێت له نێو نووسیندا ژیانێكی تازه بنیاد بنێت،….
پاش كه‌مێك خۆخواردنه‌وه، به پیلیكانهكاندا هه‌ڵزنا بۆ ژووره‌كه‌ی خۆی و ، به خه‌مێكی كوشنده‌وه ده‌رگاكه‌ی له‌سه‌ر خۆی كڵۆمدا، ئه‌و پهنجهرهیهشی داخست كه سپێده‌ی هه‌مان ڕۆژ به مه‌به‌ستی هاتنه ژووره‌وه‌ی تیشكی هه‌تاو و پاكژبوونه‌وه‌ی هه‌وای ژووره‌كه خستبوویه سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ شتێك ڕووینه‌دابێت، ده‌ستیكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی " لهئاوێنهیهكدا لهنهێنییهكدا"، كه ماوه‌ی چه‌ند شه‌وێك بوو، له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانیدا ده‌ڕۆیشت و شه‌وانه گنگڵی پێوه ده‌دان، ئه‌وه‌ی ئه‌وی سهرسامكردبوو به‌و ڕۆمانه، ئه‌وه‌بوو كه زیاتر پێكه‌وه گرێدانی چه‌ند بابه‌تێكی فهلسهفیانهیهو هه‌ر له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه "یوستاند گارده‌ر" بابه‌تی ناو رۆمانه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات.
نیازیی زۆر تامه‌زرۆی ئه‌م جۆره رۆمانانه بوو، به‌تایبه‌تی سه‌رجه‌م ڕۆمانه‌كانی نووسه‌ری ناوبراو، ئه‌و هه‌ریه‌ك له "كچه‌ی پرته‌قاڵ و نهێنی یاری كاغه‌ز و جیهانی سۆفیا"ی كڕیبوو بۆ خوێندنه‌وه، چونكه به‌نیازبوو له‌پاش خوێندنه‌وه‌یان ڕانان یاخوود خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتی له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ره‌وه بنووسێت و بڵاویبكاته‌وه.
تاق..تاق..تاق، پێكڕاو له‌سه‌ر یه‌ك، ده‌ست كرا بهكووتانی ده‌رگای ژووره‌كه‌ی و به‌ده‌نگی"خاڵه..مامه..مامه..خاڵه" مناڵان ده‌ستیانكرد به هات و هه‌را، ئه‌ویش ناچار ده‌ستی له خوێندنه‌وه هه‌ڵگرتوو ده‌رگاكه‌ی لێكردنه‌وه‌و هه‌موویانی به‌ریز له‌ژووره‌كه‌دا دانیشاند وپێی وتن:
– ئه‌گه‌ر چه‌ند چیرۆكێكی مناڵانتان بۆ بخوێنمه‌وه ، ئیتر ئاقڵ ده‌بن و بێزارم ناكه‌ن؟
مناڵه‌كان هه‌موویان پێكه‌وه به‌ڵێنیاندا كه تاخۆی بانگیان نه‌كاته‌وه، نه‌یه‌ن و له‌ده‌رگای نه‌ده‌نه‌وه.
– زۆرباشه، كه‌واته بێده‌نگبن و گوێ بگرن، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی چیرۆكه‌كانتان بۆ بخوێنمه‌وه، ده‌پرسم كه ئاخۆ دایك و باوكتان، بڵاوكراوه‌ی مناڵانتان بۆ ده‌كڕن..؟؟
مناڵه‌كانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌پۆلی خوێندنگه‌دا دانیشتبێتن،
پێكه‌وه وتیان: نـــــــــــــــــهخـــــــــــــــــــێـــــر!
وه‌ڵامی مناڵه‌كان، ته‌واو نیازیی هه‌راسان و دڵگرانكرد و پاش كه‌مێك وردبوونه‌وه و ته‌ماشاكردنی هه‌موویان و هه‌ستكردن به دڵشكاوییان، به‌ڵێنی پێدان كه هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك و به‌هاتنیان بۆ ماڵی داپیره و باپیره،چه‌ند گۆڤارێكی مناڵانیان بۆ بكڕێت….مناڵه‌كانیش وه‌ك ئه‌وه‌ی مژده‌ی چوونه به‌هه‌شتیان له‌پیریدا پێدرابێت، بزه كه‌وته سه‌ر لێوییان، له ناو خۆیاندا كه‌وتنه ورته ورت، به‌ڵام نیازی بێدهنگیكردن و
پاش خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند چیرۆكێك ، مناڵه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی میقاتكرابێتن، یه‌ك.. یه‌ك چوونه ده‌ره‌وه و له‌پاش خۆشیان ده‌رگای ژووره‌كه‌یان كڵۆمدا، لێره‌دا نیازیی بزه‌یه‌ك گرتی و هه‌ستی به‌و گه‌رم و گوڕییه كرد كه له ڕۆحیاندا بووژاوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و هه‌میشه پێی وابوو كه ئه‌ركی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه د‌رك به نهێنییه شاراوه‌كانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ بكات .
پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ ناو بێده‌نگی ژووره‌كه‌ی خۆی و،له‌ژێر لێوه‌وه جار جاره پرته و بۆڵه‌یه‌كی لێوه ده‌هات،كه‌خۆی نه‌بێت كه‌س تێنه‌ده‌گه‌یشت چیده‌ڵێت، ئیدی وه‌رده ورده هاته‌وه سه‌رخۆیی و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرته‌وه‌و، له‌سه‌ر كاغه‌زه سپییه‌كانی به‌رده‌می، خه‌ریكی كێشانی بازنه بازنه‌ی به‌ناویه‌كدا چوو بوو، كه ئه‌گه‌ر مرۆڤ له نزیكه‌وه چاوی پێی بكه‌وتایه هه‌ستی به ئاڵۆزی ئه‌و باره ده‌روونییه ده‌كرد كه ئه‌وی تێكه‌وتبوو، چونكه به نێو یه‌كدا چوونی بازنه‌كان به شێوه‌ی شه‌ڕ پشیله هێمابوون بۆ بارێكی ده‌روونی نائاسایی…
نیازیی وایلێهات ڕۆمانه‌كه‌ی له یادكردوو ده‌ستیكرد به نووسینه‌وه‌ی ئه‌و دێڕانه‌ی خواره‌وه كه له مێژه له‌ناخیدا حهشارییداوه…
"له‌م ژووره ته‌نگ و ناخۆشه‌دا، به‌ده‌م نووسینه‌وه‌ی شتێكه‌وه گیرۆده‌م …… ڕه‌شكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو كاغه‌زه و دواجار دڕاندنیان، ژیانی هه‌راسان كردووم
خه‌ونی نووسینی چیرۆكێكی سه‌یر، هه‌میشه ده‌مباته‌وه بۆ به‌رده‌م یه‌كه‌مین وشه‌ی نه‌وتراو جاری واش هه‌یه ده‌مه‌وێت له جه‌نگی نێوان وشه‌كاندا چیرۆكێك بخوڵقێنم بتوانێت سه‌رله‌بری ژیانی خوێنه‌ر بگۆڕێت، هه‌موو سپێده‌كانی ئومێدم لێ ونبووه و دۆزینه‌وه‌یان كارێكی ئه‌سته‌مه، ده‌بێت خۆم به حونجهكردنی یان له‌به‌ركردنی ته‌مه‌نێكی تره‌وه سه‌ڕقاڵ بكه‌م، ئاخر منێك كه ته‌واوی ژیان به چیرۆكێكی بێ‌مانا ده‌زانم چیمداوه له……"دوای نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه، قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی دانا و كه‌مێك به شپرزه‌ییه‌وه هه‌ستایه سه‌ر پێ، په‌نجه‌ره‌كه‌ی كرده‌وه و ته‌ماشایه‌كی مناڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كرد، له دڵی خۆیدا بهڵێنیدا كه ئه‌م چیرۆكه‌یان نه‌دڕێنێت و پاش ته‌واو بوونی به‌ر له‌هه‌موو كه‌س بۆ مناڵه‌كانی بخوێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و وه‌ك هه‌میشه دوو دڵ و ڕاڕابوو له‌وه‌ی كه‌ی و له كوێ بڵاویبكاته‌وه…!!
ئه‌م چیرۆكه/ خه‌ڵاتی یه‌كه‌می یه‌كه‌مین ڤێستڤاڵی "بره‌و"ی له ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور وه‌رگرتووه