Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
قەیرانی دوێتەیەکی پاکیزە ….. حەمە سەعید زەنگنە

قەیرانی دوێتەیەکی پاکیزە ….. حەمە سەعید زەنگنە

Closed

    کەرکووک  hamatal_z@ yahoo.com
 

ڕۆژانە! دەیەها پۆلە فڕندەی بیرۆکە، لە ساپیتەی ئاڵۆسکاوی مێشکدا دەنیشتنەوە. تۆش سوک، بە نەرمە سەربادانێک کشەت لێ دەکردن و هەڵتدەفڕاندنەوە، بێ ئەوەی بوارت دابا، ئاسەوارێک جێ بهێلن. کاسەی سەرت بوو بووە کاروانسەرایەکی جەنجاڵ و بۆ چرکە ساتێکیش، گوزەری بە ئاسوودەگی و ئۆخژن نادا، بنەیەکی خۆیان لەو ئاقارەدا جێهێشتبا. چونکو سوپای ئەندێشە سەرجەم دەلاقەکانی تەنیبوون.
       نوکە لەم سیلەی هەیوانۆچکەیە ڕۆنیشتووی، مژولی ئەندێشە هەلوەداو پەڕاگەندەکانتی. دییەکانت بوونە بە دوو چەشمەی تەقیو و بۆڵ بۆڵ ئەشکی مرواری ڕەنگی شلەتێن وەسەر گۆنا قرژە هومێد پەڕیوە بێ نازەکانتدا خلۆر دەکەنەوەو بەدیدی خەیاڵ، هەر جارەو لە درامایەکی نمایش کردوودا بەرجەستە دەبیت.
       هەراو زەنایەکە زەردو سوور تێکچڕژاون، رەِشبەڵەک تۆز دەکا. سەدای دەهۆڵ و زوڕناکە گشتی بەخڕۆش هێناون، چەپڵە و سترانی کور ِو کاڵانی جەمت، چەشنە ئۆپیڕایەکی ئەفسوناوی سەرنج ڕاکێش ئاشنای ڕۆحت دەکەن.
       شاجوان و شاگوڵی ئەم شایی لۆغانەیش، تۆی ناسکە هەرمێ، نوێ بوکێکی تا گەردنت دە ئۆقیانووسی حەزو تاسە و بەختەوەریدا چەقیوەو، دەگەڵ گڕی هەڵایساوی دەرونتدا، چەند پەیڤێکی هەڵپروکاویش، بە دووی یەکدا پەیوەست دەبن و ئاوا دەگەیەنن:( سکاڵام بەرمە کوێ؟ ) وەپشتی هەردووک قامکە کەڵەت چاوەکانت دەگوشیت، ناگەهان ئەم دیمەنەش دەبێت بە تراویلکەو، تەمێکی نەرم هێدی هێدی دیدەکانی خەیالت تەڵخ دەکەن و، وەردەچەرخێ بەمۆنۆدرامایەکی تراژیدی پڕ لە حەسرەت،  خۆشت کارەکتەرەکەی.
       کازیوەیەو لە کونجێکی وەتاغێکی بێ گیاندا گرمۆڵەو هەڵکورماوی، سامی مۆتەیێکی ترسناکت ڕێنیشتووە، دەرەنجامی زەردێکی هەزار بە هەزارەو نازانیت تیشکی دوور لە گەشبینیی  چرای تەمەنت چۆن و بە چ ئاوایەک دەکوژێتەوە. مناڵ بوویت هەر کە، کاکت لێی دابایت دایکت بە ڕوویدا هەڵدەشاخاو پێی دەگوت:
 ڕۆڵە حا…. مناڵەو پشتی شلە، توخوا بە پشتیدا مەکێشە.
 ئەوساو ئێستەت،  ساڵانێکی فرەی پێشکەوتن، لە میانەیاندا هەس.  لە گش بوارێن ژیاندا. بەڵام ئەفسووس! تۆ لە کەش و هەوایەکدا پەروەردە بووی، وا چەواشە کراوە چواردە سەدەی دیش  تۆی کۆیلەی دەست کۆیلەی، ژێرچنگی خوو و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان نەتوانن، کۆتی ئەو کۆیلایەتییە لە ئەستۆ  داڕنن، کەچی باجی ئەم قەیرانەش تۆی پاکیزە  دەیدات بە کۆمایە زوخاڵ و دەگەڕێیتەوە ئاوای جارانت و دەبییەوە بە زوخاڵ و، ئەم پرۆسەیە بە هەندەک دید بەردەوام دەبێت بۆ هەتا هەتایی.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.