Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
نووسین و بڵاوکردنەوە … نووسینى/ حەمە مەنتک

نووسین و بڵاوکردنەوە … نووسینى/ حەمە مەنتک

Closed

 

هەموومان دەزانین لەناو ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییە کوردییەکان نووسین زۆرە و نووسەرى زۆرمان هەن خەرمان بەرکەت.ئەوەى جێگاى پرسیارە لێرەدا ئەوەیە تا چەند ئەو نووسینانە هەڵگرى پەیامى جوانى و داهێنانن؟ ئایا ئەو نووسینانە لەدواى خۆیان هیچ پاشماوەیەک لە مێشکى خوێنەر بەجێدەهێڵن کە ببێتە هۆى ئەوەى جوڵەیەک دروست بکات، یان پرسیارێک دروست بکات لەلاى؟ ئایا ئەو نووسینانە تا چەند هەڵگرى پەیامێکن کە گەشە بەڕەوتى  نوێخوازى بدەن؟ ئەمانە و چەندەها پرسیارى تر پێویستە هەموو کەسێکى ڕەخنەگر لەخۆى بکات کاتێک نووسینێک ، دەقێک دەخوێنێتەوە. بەڕاستى ئەوەندە نووسینمان زۆرە کە پێڕاناگەین هەموویان بخوێنینەوە، بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنجى ئێمەیە ئەوەیە ئەو کەسانەى کە دەنووسن(مەبەستمان لە نووسەرى ئەدەبیە) ئەرکێکى قورسیان لەسەر شانە، چەندە بەرپرسیارن بەرامبەر نووسین و دەقەکەیان ئەوەندەش بەرامبەر بڵاوکردنەوەى بەرپرسیارن، بەو مانایەى بڵاوکردنەوەى نووسینەکە لەلایەن نووسەرەکە دەبێت زۆر بە رۆشنبیران و ئەخلاقانە بێت. مەبەستمان لە وشەى ئەخلاق ئەوەیە وەکو کارێکى ئەخلاقى سەیرى بڵاوکردنەوە بکات، چونکە بەڕاستی بڵاوکردنەوەش گرنگى و تایبەتى خۆى هەیە. تا ئێرە ڕەنگە لێم تێ نەگەیشتبن مەبەستم لە بڵاوکردنەوەى نووسین چییە؟ ئەو دیاردەیە چییە کەپێى دەگوترێت بڵاوکردنەوە؟ بۆ ئێمە قسە لەسەر بڵاوکردنەوە دەکەین؟
دیاردەى بڵاوکردنەوە لەجەوهەردا وەکو نەخۆشیەکى لێهاتووە. نووسەرێک نووسینێکى هەیە لەیەک کاتدا بۆ چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکى دەنێرێت بەبێ ئەوەى بیر لەوە بکاتەوە ڕەنگە ئەمانە لەیەک کاتدا دوو ڕۆژنامە یان گۆڤار بڵاوى بکەنەوە. ئەمەش ئەوەمان نیشان دەدات ئێمە پەتایەکى خراپ لەناومان بڵاوبۆتەوە، ئێمە ناو لەم پەتایە دەنێین (پەتاى حەزى بڵاوکردنەوە).ئەم حەزەى زۆر بڵاوکردنەوە ئەوە دەگەیەنێت نووسەرەکانمان (بێگومان هەموویان نا) حەزى خۆدەرخستن و حەزبوون بە گەورەترین نووسەر حەزێکى کوشندەیە، واتە ئەو نووسەرانە دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە چالاکن و حەز دەکەن پێیان بگوترێت نووسەرى گەورە.چونکە زۆر نووسین دەبێتە هۆى ئەوەى نووسین لە حەزێک زیاتر هیچیتر نەبێت، حەزێکى سادە کە وشە و دەقى سادەش بەرهەم دەهێنێت. ئەم زۆر نووسینە بەلاى (بەختیار عەلى) یەوە نیشانەى کەسێکە هەمیشە لە سەفەردایە و دەڕوات ، بەڵام کەم نووسینش ماناى وایە نووسەرەکەى لەو سەفەرەیدا لەیەک وێستگە دادەبەزێت. ئایا ئەمە لەو هەرێمەى ئێمە لەناو ئەدەبیاتى ئێمە تا چەند ڕاستە.ئایا لەسێ شارى کوردستان گەر کەرکوکیشى لەگەڵ بدەین دەبێتە چوار زیاتر لە (800) ناونیشانى ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەى دیکە هەن بەهەموو ڕۆژانە و هەفتانە مانگانە و وەرزى و تاد… تاچەند ئەو زۆر نووسینە گومانى دروستکردووە. تا چەند گۆڕانى دروستکردووە؟ ئایا ئێمە هەشت سەد خوێنەرى جددیمان هەیە؟ سەرەڕاى ئەوەى کە زۆر دەنووسن بۆ زۆر جێگاشى دەنێرن و هەمووشیان پێشوازیەکى گەرمى لێدەکەن. نووسەرى ئێمە (بەدەر لە نووسەرى جددى)  تەنها بۆ ئەوە زۆر دەنووسێت کە بڵێن بەڕاستى کەسێکى جددیە و قسەى لەسەر هەموو بابەتێک هەیە.
ئەم دیاردەى بڵاوکردنەوە  (مەبەستمان لەو نووسینانەیە کە نووسەر لەیەک کاتدا بۆ چەند بڵاوکراوەیەکى دەنێرێت) وامان لێدەکات تووشى زۆر دووبارەکردنەوە و بڵاوکردنەوە ببین.
ئێمە لێرەدا چەند نموونەیک دەهێنینەوە کە بوونەتە هەوێنى ئەم نوسینەمان. (رەزا عەلى پوور) کە نووسەرێکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانە، بەکورتى کەسێکە دەنووسێت (حەقمان بەسەر ئەوە نییە تا چەند نووسەرێکى بەتوانا و جددیە) لەو ماوەیەدا چەند نووسینێکى بۆ چەند لایەنێک ناردووە، یەکیان بەناوى (کەیف و چێژ، خوێنەر و بەرخۆر) کە بۆ پاشکۆى(ئەدەب و هونەر) ى ڕۆژنامەى (کوردستانى نوێ) ى ناردووە، لە هەمان کاتدا بۆ گۆڤارى (وێران) ى ناردووە. ئەم نووسینە سەرەتا لە پاشکۆى (ئەدەب و هونەر) بڵاوکرایەوە و دواتر لە گۆڤارى (وێران). هەروەها نووسینى (سێزدە تێز سەبارەت بە ئەدەب و نووسینى کوردى) هەمان نووسەر سەرەتا لە پاشکۆى (ئەدەب و هونەر) ى هەفتەنامەى (کوردستان ڕاپۆڕت) بڵاوکراوەتەوە، دواتر بۆ گۆڤارى (وێران) ى ناردووە و بڵاویش کراوەتەوە. نموونەیەکى تر نووسینێکى کاک (گۆران هەڵەبجەیى) بەناونیشانى(ڕێبوار سەعید لەبەر ڕۆشنایى هەڵسەنگاندن و شرۆڤەدا) کە بۆ (ئەدەب و هونەر) ى ڕۆژنامەى (کوردستانى نوێ) ى ناردووە و بەشی یەکەمى بڵاکرایەوە و دواى چەند ڕۆژێ لە گۆڤارى (هەنار) هەمووى بڵاوکرایەوە. ئەمەش نیشانەى ئەمەیە لەیەک کاتدا بۆ دوو شوێنى ناردووە. هەروەها وتارى (بەیاننامەى قالیەکى ماندوو) ى (موردا ئەعزەمى) بەهەمان شێوە لە (ئەدەب و هونەرى) (کوردستان ڕاپۆرت) بڵاوکراوەتەوە، دواتر بۆ گۆڤارى (وێران) ى ناردووە و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم نموونانە مشتێکن لە خەوارێک، ئەمەش بەڕاستى لەناو ئەدەبى کوردى و نووسەرانى بووەتە دیاردەیەک.سەرەتا نووسەران خۆیان بەرپرسیارن لەم جۆرە دیاردانە، ئەرکى نووسەر وێرانکردنى ناشرینییەکانە، نەک دروستکردنى دیاردەى ناشرین . ڕەنگە ئەمە حوکمدانێکى توند بێت کە دەڵێین (دیاردەى ناشرین)، بەڵام دەبێت ئەو نووسەرانە هەستیان چۆن بێت کاتێک کە دەزانن ئەمە بڵاوکراوەتەوە و بۆ شوێنێکى تریشى دەنێرن.
ڕەنگە زۆر کەس هەبێت ئەم دیاردەیان بەلاوە ئاسایى بێت، بەڵام نازانن چ کاریگەریەکى نێگەتیڤى لەسەر خودى نووسەرەکە و تەنانەت بڵاوکراوەکە و بوارى ئەدەبیش هەیە.بەو مانایەى دەزگاکانى بڵاوکردنەوە ڕەنگە زۆر بە گومانەوە سەیرى بابەتى ئەم نووسەرە بکەن کاتێک بابەتێکى ئەویان بەدەست دەگات. هەروەها بڵاوکراوەکەش تووشى بێ متمانەیى دەبێت لەلایەن خوێنەرانەوە و ڕەنگە تووشى کەم ڕەواجى و کەم خوێنەرى بێت. بەتەواوى حەقى خۆشیانە سڵ لەبەرهەمى ئەو نووسەرانە بکەنەوە. من نازانم چى تێدایە، چ پاڵەوانیەتیەکە کە تۆ بزانى نووسینەکەت بڵاوکراوەتەوە و لەهەمان کاتدا بۆ ڕۆژنامە یان گۆڤارێکى تریشى بنێرین.
لەلایەکى تر بێ ئاگایى دەزگا بڵاوکراوەکانیش دەگەیەنێت. کەکەس ئاگاى لەکەس نییە. نیشانەى ئەوەیە کەس بەرهەمى کەس ناخوێنێتەوە. با من یەکەمجار لە گۆڤارى (وێران)ەوە دەست پێ بکەین، چونکە خۆم پەیامنێر و هەڵەچنى ئەم گۆڤارەم. کاتێک ئەو نووسەرانە ئەم بەرهەمانەیان بۆمان ناردووە ئێمە ئەگەر پێشتر ئەدەب و هونەرى (کوردستانى نوێ) و (کوردستان ڕاپۆرت)مان خوێندبایەوە ئەوا دەمانزانى ئەو نووسینانە بڵاوکراونەتەوە. هەرچەندە بۆ وتارى (کەیف و چێژ، خوێنەر و بەرخۆر) ئاگادارى ستافى گۆڤارى (وێران) م کردبوو،بەڵام ئەو کات لە چاپ بوو. بۆیە نەتوانرا بڵاونەکرێتەوە، هەرچەندە سەرنووسەر(د.فەرهاد پیرباڵ) پێى گوتم: نەدەبوایە رەزا ئەوەى لەگەڵ بکردینایە. بەهەرحاڵ مەبەستمان لێرەدا ناوزراندنى هیچ کەسێک نییە تەنها ئەوە نەبێت کە ئەو دیاردەیە کاریگەرى خراپى هەیە هەم لەسەر نووسەرەکە و هەم لەسەر بڵاوکراوەکە کە نووسەران ڕەچاوى ئەوە بکەن و هەوڵى ئەوە بدەن جارێکى تر ڕوونەداتەوە.
بۆیە ئەگەر ئێمە ئاگادار بوینایە باوەڕناکەم تووشى ئەم حاڵەتە بوینایە. ئەم بێ ئاگایەى ئێمە لەبەر بێ خەمیمانە، یان لەبەر زۆرى بڵاوکراوەکانى تر کە ڕەنگە نەتوانین و پێ ڕانەگەین هەموویان بخوێنینەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ستافى ئەو بڵاوکراوانە هیچ فلتەرێکیان نییە تاکو ئەو نووسینانەپێیدا بڕۆن بۆ ئەوەى لەهەر کەم و کوڕیەک و لاوازیەک و حاڵەتێکى لەم شێوەیە بەدور بێت. هەروەها هەر نووسینێک بگاتە دەستیان بێ یەک و دوو بڵاوى دەکەنەوە. کەواتە بڵاوکردنەوە لێرەدا گرنگى خۆى هەیە. دەبێت هەم لەلایەن نووسەر خۆى و هەم لەلایەن دەزگاى بڵاوکردنەوە بەئەمانەتەوە کارى لەسەر بکرێت و مامەڵەیەکى واى لەگەڵ بکرێت کە نەبێتە هۆى ئەوەى کار لەبەرهەمى ترى نووسەر بکات، یان وا لەو بڵاوکراوەیە بکات کەس متمانەى پێ نەمێنێت و نەیخوێنێتەوە. چونکە هەر کەسێک ئەم حاڵەتانە لەهەر نووسەر و بڵاوکراوەیەک ببینێ دەڵێت: دیارە ئەو بڵاوکراوەیە تەنها نووسینى دووبارە بڵاودەکاتەوە. بۆیە بەڕاى من بەرپرسیاریەتى یەکەم لەم حاڵەتە ستافى بڵاوکراوەکانن، چونکە ئەوان دەبێت ئاگایان لە بڵاوکراوەکانى تر هەبێت، بەمانایەکى تر ئاگادارى وتار و نووسینى تر بن. هەروەها نیشانەى پرسیار لەسەر ئەو نووسەرانە دابنێین کە ئەم حاڵەتیانى لێ ڕووداوە. هەروەها نووسەرانیش پێویستە تا دڵنیا نەبن کە بڵاوکراوەتەوە یان، بڵاودەکرێتەوە نووسینەکانیان بۆ شوێنێکى تر نەنێرن. پێویستە نووسەرانمان واز لەم دیاردەیە بهێنن. ئەگەر نووسەرى ڕاستەقینە بن بەڕاستى پێویست ناکات یەک وتار بۆ چەندین بڵاوکراوە بنێرن تاکو بناسرین، نووسەرێک هەگبەى پڕ بێت لە جوانى و ڕەخنە و داهێنان پێویست ناکات ڕێکلام بۆخۆى بکات. خوێنەر بە خوێندنەوەى یەک بابەتى ئەوانە دەتوانێت چێژ ببینێت و هەست بکات ئەو نووسەرە شتێکى لە توانادایە.
هەروەها لەسەر بڵاوکراوەکان پێویستە (بەتایبەتى ئەدەبیەکان) کە ئاگادارى بابەتى بڵاوکراوەى یەکتر بن با خەراپیش بن. بەڕاستى کەسى وامان هەیە هەموو پێنچ شەممەیەک هەرچى بڵاوکراوەى ئەدەبى هەیە بە پاشکۆکانیشەوە دەکڕێت و دەیانخوێنێتەوە. باشە بۆچى بڵاوکراوەکان ئەم کارە ناکەن، یان هەرنا دەتوانن لە ئینتەرنێت بیخوێننەوە تاکە ئاگادارى یەکتر بن. ئەم ئاگادار بوونى یەکترە لە چەندین لاوە سوودى هەیە و بایەخدارە. لەلایەک ئەوان ئاگادارى هەموو ئەو نووسینانە دەبن کە بڵاودەکرێتەوە بەمەش لەو حاڵەتەى کە باسمانکرد بەدوور دەبن و ئەگەر بابەتێک بڵاوکرابێتەوە و بۆ ئەوانیش نێردرابێت ئەوا دەیزانن. هەروەها بۆ دەوڵەمەندکردنى بڵاوکراوەى خۆیان ڕەنگە لێرەدا مونافەسەیەک دروست بێت لەهەموو ڕوویەکەوە، ئەگەر ئەوان سەیر بکەن دیزاینى بڵاوکراوەکە جوانە پڕە لە ئیستێتیکا و بابەتى بەهێز و بایەخدارى تێدایەن ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەى ئەوانی تریش لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان بگۆڕن و بەرو پێشەوە بڕۆن (بەڵام بەداخەوە ئەم مونافەسەیە نییە تەنها لە شکاندنەوەى یەکتر و بەکە زانینى بەرامبەر نەبێت) کاتێک ئەمە ڕوویدا نووسەرى چاک و بەئەزموون و داهێنەر بابەت بۆ ئەو بڵاوکراوەیە دەنێرن کە فلتەرى هەیە و هەموو نووسینێک بڵاوناکەنەوە ڕوو لەو دەکات و بابەتیان بۆ دەنێرن. بەمەش خوێنەریان زۆر دەبێت، چونکە خوێنەر بەدواى ئەو بابەتانەن کە جوانن و خوێنەر بەرەو ئاقارێکى سەیر دەبەن کە پڕیەتى لە فەنتازیا و ئیستێتیکا. لێرەشدا ئەو بڵاوکراوانەى کە بەڕاستى نوێخواز و خەمخۆرى ئەدەبن جیا دەبێتەوە لە بڵاوکراوەیەک تەنها بۆ ئەوەیە دواى دەرچوونى ژمارەکەى پارەکە وەرگرێت لەخەمى ئەوەدا نەبێت کە چى بڵاوکردۆتەوە یان ئایا پێشوازى چۆن لێکراوە لەلایەن خوێنەرانەوە. ئایا دواى دەرچوونى هەر ژمارەیەک داواکارى زیاتر دەبێت بۆ ئەوەى تیراژى زیاد بکەن یان وەک هەر خۆیەتى. بەمەش وەزارەتى رۆشنبیرى و لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵاوکراوەى باش و خراپیان بۆ دەردەکەوێت.
لێرەدا و لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە باس بکەم کە پرۆسەى نووسین هەر بۆ ئەوە نییە کە بڵاوبکرێتەوە و بڵێن بەڕاستى نووسەرێکى بە بڕشتە.پرۆسەى نووسین بۆ ئەوەیە کە دواى خوێندنەوەى هەر نووسینێک لەلایەن خوێنەرەوە شتێک لاى خوێنەر بەجێ دەهێڵێت. کاریگەرى خۆى هەبێت و گومان لاى خوێنەر دروست بکات. خوێنەر بخاتە ناو پرۆسەیەکى بەردەوامى بیرکردنەوە. بەکورتى نووسین دەبێت ڕەهەندێکى هەبێت، بەڵام بەداخەوە لەم وڵاتەدا زۆربەى نووسینەکان بێ ئامانج و ڕەهەندن.زۆرشیان دەچنە خانەى جێودانەوە، یان لە نووسینێکى سادە زیاتر هیچیتر نین. بۆیە نووسین لێرەدا دەبێت بەشێوەیەک مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت نەکرێتە هۆکارێک بۆ ناوبانگ پەیداکردن و وەرگرتنى پاداشت. دەبێت نووسین ببێت بە شتێک کە بەڕاستى ئەو ئەرکەى کە هەیەتى بەتەواوى جێ بەجێى بکات. ڕۆسنبیر بوون بەهەڵڕشتنى وشە نییە، ڕۆشنبیر ئەرکى دروستکردنى گومانە لە دڵى خەڵکى، ئەرکى ئەوەیە بە نووسینەکانى هەرایەک دروست بکات تا لە ڕێگەیەوە گۆڕانێک دروست بێت کە ببێتە هۆى نوێبوونەوەى هەموو شتێک. با ئەو کلتورە لەناو نووسەرانمان نەمێنێت، با نووسەرانمان تەنها نووسینەکانیان بۆ یەک شوێن بنێرن تاکو دڵنیا نەبن لە بڵاوبوونەوەى یان بڵاونەبوونەوەى  بۆ شوێنى ترى نەنێرن. ئەرکێکى تر لەسەر ستافى بڵاوکراوەکەیە کە وەڵامى نووسەرکە بدەنەوە کە بۆى بڵاو دەکەنەوە ، یان نا بەمەش نووسەرەکە دڵنیا دەبێت لە بڵاوبوونەوەى ، یان نا با هەموومان ئەرکى خۆمان ئەنجام بدەین هەردەم لە هەوڵى نوێبوونەوە و بەرەو پێشەوە بردنى ئەدەبەکەماندا بین. 

                          نووسینى/ حەمە مەنتک 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.