Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چۆن دەتوانین لەبەرامبەر مەرگى ئازیزاندا ڕابووەستین؟ …. کەژاڵ عەلا

چۆن دەتوانین لەبەرامبەر مەرگى ئازیزاندا ڕابووەستین؟ …. کەژاڵ عەلا

Closed
by October 27, 2009 گشتی

 

خۆڕاهێنان و بەکاربردنى هێز و توانا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەبەرامبەر مەرگى ئازیزاندا کارێکى هەروا سانا نیە، بەڵام پێویستە مرۆڤ لەکاتى ڕووبەڕووبوونەوەى بەم کارە سەخت و دژوارە کەبەرۆکى دەگرێت، خۆڕاگربێت و هەوڵبدات عیزەتى نەفسی لەدەست نەدات و گشت تواناکانى خۆى بخاتەگەڕ بۆئەوەى بتوانێت زاڵبێت بەسەر نائومێدى و ئەو رۆژگارە رەشەى کە دووچارى دێ. بەداخەوە مەرگ کارێکە زۆربەى کات بێئەوەى مرۆڤ چاوەڕوانى کردبێت یا ئامادەکارى هەبێت، لەناکاودا بەرۆکى دەگرێت و بەکۆمەڵآ ئاوات و ئارەزوەوە سەردەنێتەوە.. پاشان دەبێتە بیرەوەریەکى تاڵ و بارێکى گەورە بۆ سەر شانى کەسووکارى.

لەم حاڵەتەدا، بەتایبەتى لەناو کۆمەڵگاى کوردەوارى ئێمەدا زۆربەى کەس نازانێت چۆن دڵنەوایى نزیکانى کۆستکەوتوو بداتەوە. بێگومان کاردانەوەى هەرتاکێک بەرامبەر بەمەرگ جیاوازە، هەندێ کەس قسە زۆردەکەن، هەندێکیش بەپێچەوانەوە یا قسەى نابەجێ دەکەن. بەڵام خاڵێکى گرنگ ئەوەیە کەبەناچارى دەبێت هەموو کەس ئەم سەردەمە دژوارە قۆناغ بەقۆناغى ئەزموون بکات تادەگاتە ئەو قۆناغەى بەناچارى دەبێت ئەم واقعیە تاڵە قبووڵبکات. گەورەترین کێشەکانى کە کەس وکارى کۆچکردوو دووچارى دەبنەوە نکۆڵى لێکردن و قین و گۆشەگیریە، ئەم کێشەیەش بەپێى بیروباروەڕى ئەوکەسە کاردانەوەی دەبێت.

بێگومان کاتێک کەدەزانى کەسێکى نزیکت لەسەرەمەرگدایە تاڕادەیەکى باش کاتت هەبوە خۆتى بۆ ئامادە بکەیت، رەنگە ئەم قۆناغە کەقۆناغى نکۆڵیکردنە لەکاتى بیستنى هەواڵى مەرگى ئەو کەسەدا وەک بیستنى هەواڵى کۆسپێکى کتوپڕ هێندە کاریگەرى نەبێت لەسەر تاک.

هەروەها هەندێک کەس وادەزانن کە ئەگەر تەرمی مردوەکە ببینن کۆچکردوەکە هەست بەنزیکى ئەو دەکات، بەڵام هەندێکیش گەر دووربوون هەست بەناڕەحەتى دەکەن. جگە لەمانەش کەسانێک هەن لەم حاڵەتەدا دووچارى بێزارى و وەڕس بوون و گۆشەگیرى دێن بەهۆى ئەو رووداوە ناوەختەوە تووشى شۆک دەبێت و لەخەم و خەیاڵاتدا دەتلێتەوە و چەندین جار لەخۆى دەپرسێت بۆ دەبێت کارەساتى لەوجۆرە دڵتەزێن رووبدات؟.. بۆ دەبێت ئەم رووداوە باوەڕپێنەکراوە، یا ناوەختە رووبدات؟ بۆ… هتد.

بەهەرحاڵ مەرگى ئازیزان گرنگترین رووداوەکانى ژیانە و دەبێتە هۆى حاڵەتێکى سۆزدارى زۆر لە مرۆڤدا. هەروەها قۆناغى بەرە و (باشبوون) بەشێوەیەکى لەسەرخۆ درووست دەبێت، چونکە قبووڵکردنى واقعیەت بۆ گشت مرۆڤێک کارێکى سەخت و دژوارە. ئەگەر تاکێک مەرگ بەشێوەیەکى واقعبینیانە قبووڵ بکات، ئەوا بێگومان غەم و خەفەتى کەمتردەبێتەوە و دەتوانێت رابێت بەمەرگى نزیکانی و کەمتر دووچارى سترێس و پەشێوى دەروونى دەبێتەوە لەبەرامبەر کارەساتە سەختەکانى ژیان، گەر بەدروستى هەڵسوکەوت بکات.

لەم حاڵەتەدا پێویستە کاتێک هەست بەتەنهایى و رق و خەم وپەژارە دەکەیت، لاى کەسێکى نزیکت یا هاوڕێیەکى دڵسۆزت باسى لێوەبکە و ئومێد بەخۆت ببەخشە. لەگەڵ بێ ئیشتیهایدا بجەنگە و خواردنى باش بخۆ تادووربى لە ئینکارى و بێباوەڕى و قین و هەستکردن بەگوناە و خەمۆکى. گەورەترین دیاردە لەم قۆناغەدا غەمبارى و گۆشەگیریە و هەروەها بەزەقى گۆڕان لە هەڵسوکەوتیدا بەدیدەکرێت. بەڵام بێگومان لەگەڵ تێپەڕبوونى زەمەندا وردە وردە کەسەکە ئاسایى دەبێتەوە و چالاکى کۆمەڵایەتى خۆى دەستپێدەکاتەوە. تا ئەوکاتەش هیچ جۆرە هەوڵدان لەگەڵیدا کاریگەرى نابێت.

زۆربەى کات ئەم جۆرە خەمۆکیە بریتیە لە: بێخەوى، زوو بەخەبەرهاتنەوە، شت لەبیر چوونەوە، درەنگ خەوتن، یاخود زۆرنووستن و پاش خەبەربوونەوە هەستکردن بە ماندوێتى، گۆڕان لەڕەفتاریدا، کاتى نانخواردن هەستکردن بە بێ ئیشتیایى یا زۆرخۆرى وهەستنەکردن بەتامى خواردنەکان، هەستکردن بەگوناە، نائومێدى و تەنیایى، رق لەخۆبوون، تەنانەت هەندێ کەس بیر لە خۆکوشتنیش دەکاتەوە، بێحەواسى و بەکارهێنانى دەرمانى ئارامبەخش.

دەروونناسان لەم روەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە لەم حاڵەتەدا پشتگیرى لە کەسە خەمبارەکە بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێن ئەگەر کاتێک بینیت زۆر بێتاقەتە هەوڵى ئەوەى لەگەڵدا مەدە کە شادمانى بکەیت، چونکە لەم کاتەدا ئامادەکارى تێدانیە تاخۆى کەم کەم بێتاقەتیەکەى بەسەردەچێت، ئەوسا تۆ دەتوانى دەربارەى ئەو رووداوە دڵتەزێنە قسەى لەگەڵدا بکەیت و بەدەنگێکى ئارام و لەسەرخۆ هاوسۆزى خۆتى بۆبنوێنە و نیشانی بدە کەئەوت بەلاوە کەسێکى گرنگە و گوێى پێدەدەیت و بەوریایى و خۆشەویستیەوە گوێ لە هەست و سۆزی بگرە. جگەلەوەش تۆش باسى ئەو رۆژگارە تاڵانەى بۆبگێڕەوە کەبەسەر خۆتدا تێپەڕی کردووە، هەرگیز پێى مەڵێ: "من لە هەست و سۆزى تۆ تێدەگەم".

هەروەها دەبێت ئەوەش بوترێت کە بۆ ئەمجۆرە کەسانە کاتێکی تەواو دیارى کراونیە بەیانى بکەى چ کاتێ بارى دەرووننیان ڕوو لە باشبوون دەکات؟، چونکە ئەم قۆناغە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکى تر جیاوازە. بە وتەى شارەزایان، زۆربەى کات ئەم قۆناغە تا یەک ساڵ درێژە دەکێشێت. دیارە ئەم کارەش پەیوەندى هەیە بەچۆنێتى مەرگى کەسە کۆچکردوەکەوە و تاچەند گرنگە لەژیانى کەسە پرسەدارەکەدا. بەمشێوەیە بەتێپەڕبوونى کات وردە وردە ئەوکەسە حاڵەتى ئاسایى خۆى بەدەستدێنێتەوە.. بێگومان دەبێت ئەوەش بوترێ ئەم قۆناغەش پەیوەستە بە داب و نەریت و فەرهەنگى جیاوازى ئەو کۆمەڵگایە یا ئەو خێزانەوە کەتاچەند کاریگەردەبێت لەسەر هەرتاکێک.

چەند خاڵێکى گرنگ کەپێویستە کارى پێبکەی وەکو:

• پێویستە هەوڵبدەى ئەم واقیعە تاڵە قەبووڵ بکەیت و خۆت دووربخەیتەوە لە هەستی سۆزداری زۆر تا بەشێوەیەکى سەخت دووچارى پەشێوى دەروونى و جەستەیى نەبیتەوە.
• پێویستە هەوڵبدەى بەشێوەیەکى دروست لایەنى رەفتارە سۆزداریەکانت لێکبدەیتەوە.. هەوڵبدە خۆت سەرگەرم بکەیت و کاتى بێ ئیشیت بەخەیاڵاتەوە بەسەرنەبەى، یاداشتى رۆژانە بنووسەرەوە، نامەبنووسە یا سەیرى ئەلبووم و تەلەفزیۆن بکەو کتێب بخوێنەرەوە، ئەگەر توانیت سەفەر بکە.
• خواردنى باش بخۆ و باش بنوو وەرزش ئەنجامبدە و گرنگى بدە بەلایەنى تەندروستیتان.
• رەنگە پەژارەکەتان لە کاتێکی دیاریکراودا روو لەخراپبوون بکات، بەتایبەت ئەو کاتانەى کەتەنه و بێکاری لەماڵەوە، یاخود رۆژى لەدایکبوونى ئازیزە کۆچکردوەکەتان، ئاگات لەخۆبێ خەم و پەژارەى زۆر غافڵ گیرتان نەکات و هەوڵبدە تادەتوانى خۆت بسازێنە لەگەڵ ئەو ئازار و نەهامەتیەدا کە لەدەسەڵاتى مرۆڤدا نیە.
• رێگە بەخۆتان بدەن کە هەرجۆرێکى ئاسانترە خەم و خەفەتەکەتان دەرببڕن ــ بەگریانبێت یان پێکەنین یا تەنها بە ماتەمینى و بێدەنگى خەمباریتان دەرببڕە بەڵام تەنها بۆ ماوەیەکى کەم.

 

____________________________
سوود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە: (هه‌مشه‌هری ئۆنلاین)

  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.