
ئه‌و ئاگادارییه‌ی که به پێچه‌وانه‌ی ڕێبازی هاوڵاتی و ئاوێنه‌یه
نهم ده‌ویست ئه‌م وتاره بنووسم ، پێم باش بوو وه‌ک ڕووداوێکی سه‌رپێیی تێی بڕوانم و به‌ڕێی بخه‌م.چه‌ند زۆرن ئه‌و ڕووداوانه‌ی که ئێمه سه‌رپێییانه تێ‌یان ده‌ڕوانین و تێ‌یان ده‌فکرین،خۆ ڕه‌نگه زۆرێک له‌و ڕووداوانه ئه‌گه‌ر له وڵاتێکی ڕۆژئاوایی یان وڵاتێکی مۆدرن ڕوو بده‌ن به جۆرێکی تر و به شێوازێکی تر لێی بڕوانن و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و نه‌هێڵن به ئاسانی به‌سه‌ریانا تێپه‌ڕێت .من له‌م وتاره‌دا ئاماژه به کاره‌ساتێک ناکه‌م، ئه‌گه‌ر له نێو ئه‌م هه‌موو جه‌نجاڵی و کێشه‌و گرفتانه‌ی که هه‌مانه سه‌یری ئه‌م بابه‌ته بکه‌ین،ڕه‌نگه خه‌ڵکانێکیش له پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته به‌زه‌ییان به ئه‌قڵی نووسه‌ره‌که‌ی بێته‌وه ،به‌ڵام هه‌رچۆنێک له لایه‌ن هه‌ندێک که‌سه‌وه ئه‌م بابه‌ته لێک بدرێته‌وه ،له‌وه که‌م ناکاته‌وه که گرفتێک هه‌یه پێی ده‌وترێت گرفتی نه‌بوونی ڕۆشه‌نبیری له لای به‌شێك له ڕۆشه‌نبیره‌کانی کورد.جێی پێکه‌نینه ئه‌م ده‌سته واژه‌یه وانییه؟ خۆ زۆر وتراوه له‌سه‌ر ئه‌رکی ڕۆشه‌نبیر ،ڕۆڵی له کۆمه‌ڵگه‌دا، وه‌زیفه‌کانی …تاد . ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت له‌م پرسه‌دا ئیزافه‌ی بکه‌م ته‌نها ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک که‌س به ناهه‌ق ناویان لێنراوه ڕۆشه‌نبیر،ئێمه ناومان لێ ناون،واته سیفه‌ته‌که یان ئه‌و عینوانهیان له شوێنێکی تره‌وه وه‌رگرتووه ،ئه‌وه‌ی که ئه‌م ناوه‌ی به‌به‌ردا تاشیون ئاستی ڕۆشه‌نبیری و مه‌عریفی ئه‌وان نییه،به‌ڵکو نه‌بوونی ڕۆشه‌نبیری و مه‌عریفه‌یه له‌لای زۆرێک له تاکه‌کانی ئێمه،ئه‌گه‌ر نا چۆن ده‌کرێت به که‌سێک بڵێیت ڕۆشه‌نبیر ئه‌گه‌ر نه‌زانێت چی ده‌توانێت ئاستی ڕۆشه‌نبیری تاکه‌کان بباته سه‌ر ..با بچمه ناو جه‌رگه‌ی بابه‌ته‌که‌و له‌وێشه‌وه لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر بۆ ڕۆشه‌نبیره بێ ڕۆشهنبییریهکان بکه‌م.
له پاش ماندوو بوونێکی زۆر و له‌م باره ئابوریه ناله‌باره‌ی که جیهانی پیا تێده‌په‌ڕێت و ته‌نگه‌شه‌یه‌کی ماڵی بۆ توێژه‌کانی خواره‌وه دروست کردووه و به پچڕینی کات له خێزانه‌که‌م و له خۆش بوون له کاتی پشوه‌کانی خۆم، توانیم ماڵپه‌ڕێکی تایبه‌ت به سینه‌ما به‌ڕێ بخه‌م .نامه‌وێ لێره‌دا باسی ئاستی سینه‌ما بکه‌م له کوردستان، چونکه هه‌موو ده‌زانین چه‌ند هه‌ژار و ڕه‌زیلین که باس دێته سه‌ر سینه‌ما..بێگومان بۆ ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕێک ده‌ست به‌کار بێت ئه‌بێت خه‌ڵکی لێ ئاگادار بکرێته‌وه ،خۆ خاوه‌نی ماڵپه‌ڕه‌که ده‌رگا به ده‌رگا موژده‌ی له دایک بوونی به تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ناگه‌یه‌نێت،بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی باشیش ئاگادار بێته‌وه ئه‌بێت په‌نا بۆ ئه‌و که‌ناڵانه ببه‌یت که ئه‌م کاره ئاسان ده‌که‌نه‌وه. ئاگادرییهکم نووسی و له پاڵ چه‌ند ماڵپه‌ڕێکی ئه‌لیکترۆنی کۆپیه‌کم به ئیمهێڵ بۆ هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی و ئاوێنه‌و سایتی سبه‌ی و په‌یامنێر نارد.به سوپاسه‌وه هیچیان ئه‌و ئاگادرییهیان بڵاو نه‌کرده‌وه که ده‌بووه هۆی نانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ.
ده‌توانین له دوو گۆشه نیگاوه بڵاو نه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاگادارییه لێک بده‌ینه‌وه ،له گۆشه نیگای قازانجی گشتییه‌وه و له گۆشه‌نیگای قازانجی هه‌ر یه‌ک له‌و ده‌زگایانه‌ی که ناومان بردوون.سه‌باره‌ت به دووه‌میان ئه‌وه دیاره هه‌ر بابه‌تێک بازاڕ بۆ فرۆشتنی ڕۆژنامه‌که خۆش نه‌کات شانسی بڵاو بوونه‌وه‌ی زۆر که‌متر ده‌بێته‌وه،له‌وه ده‌چێت سه‌ر نووسه‌ره‌کانی ئه‌م ڕۆژنامانه وه‌کو دوکاندارێک مامه‌ڵه بکه‌ن ،دیاره دوکانداریش هه‌ر کالایه‌ک شتێکی بۆ نه‌خاته سه‌ر ئه‌و قازانجه‌ی ده‌ستی ده‌که‌وێت ئاماده نییه ڕه‌فه‌کانی دوکانه‌که‌ی پێ پڕبکاته‌وه.ئه‌گه‌رنا بۆ ده‌بێت ئاگادارییه‌ک که سه‌باره‌ت به ده‌ست به‌کار بوونی یه‌که‌م ماڵپه‌ڕی سینه‌مایی کوردییه پشت گوێ بخرێت ،به‌ڵام هه‌ندێک بابه‌تی تر له لاپه‌ره‌ی سه‌ره‌کی سایتی ئه‌و ڕۆژنامانه بمێنه‌وه که له ڕووی قازانج و گرنگییه‌وه ته‌نانه‌ت ناتوانین به‌راوردیشی بکه‌ین به ده‌ست به‌کاربوونی ماڵپه‌ره سینهماییهکهوه.سه‌رنج له‌م دوو هه‌واڵه بده‌ن که تازه‌ترین هه‌واڵی هونه‌رین که له هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی بڵاو کراونه‌ته‌وه، یه‌کێکیان ئێستا له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی ماڵپهڕهکهیانهو ئه‌وی تریشیان دوو یان سێ ڕۆژ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌یان مایه‌وه (بریتنی سپێرس باشترین دایکه) ( نائۆمی واتس به نرخترین ژنه ئه‌کته‌ری هۆلیود) .
ده‌بێ گرنگی ئه‌و هه‌واڵانه له کوێ دابێت وا جێگا به بڵاو کردنه‌وه‌ی ئاگادارییه‌ک له‌ق ده‌کات که په‌یوه‌ندی هه‌یه به بوارێکی زۆر گرنگ له ژیانی خه‌ڵکی دونیا و زۆر پشت گوێ خراو له ژیانی ئێمه..پرسی سینه‌ما یه‌کێکه له‌و پرسانه‌ی که نه‌ک ته‌نها ڕۆشه‌نبیره‌کان قسه‌یه‌کی زۆر و لێکدانه‌وه‌یه‌کی زۆریان بۆی هه‌یه و گله‌ییه‌کی زۆریشیان له پشت گوێ خستن و به‌که‌م زانینی هه‌یه،به‌ڵکو هه‌ر که‌سێک یه‌ک تۆز ئاگایی هه‌بێت ده‌زانێت ئێمه نه‌مان توانیوه سینه‌ما وه‌ک ئامرازێک و ئه‌بزارێک له خزمه‌تی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا بخه‌ینه گه‌ڕ ،.به‌ڵام به‌ڕاست ئه‌وانه کێن که سینه‌ما له جێی شیاوی خۆی داده‌نێن و وه‌زیفه‌کانی درک پێ ده‌که‌ن و له پێناو به‌ره‌و پێش چوونیدا توانانییهکانیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ.؟ ئه‌ی ده‌بێت ئه‌رک و وه‌زیفه‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه چی بێت،ئه‌گه‌ر نه‌زانن چی ده‌توانێت ببێت به به‌رد بۆ بناغه‌ی پێشکه‌وتنی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌و چیش ده‌توانێت ئه‌و بناغه‌یه له‌ق بکات ؟ .خۆ من دڵنیام ئه‌گه‌ر مایکریفۆنێک له ده‌می هه‌ر یه‌کێک له‌و براده‌رانه نزیک بکه‌یته‌وه که له‌و ڕۆژنامانه‌دا کار ده‌که‌ن و لێیان بپرسی(چۆن ڕۆڵی سینه‌ما هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت له کۆمه‌ڵگادا) ئه‌وه ئیتر هه‌ر یه‌کێک له‌وان ده‌بێت به برایانی لۆمییر و فیللینی و له‌گه‌ڵ نرخاندی سینه‌ما و به‌رز ڕاگرتنیدا ،ده‌یان هۆکار و گرفت و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتنی سینه‌مای ئێمه ڕیز ده‌کات و دڵنیام ڕیگا چاره‌کانیش ده‌خاته به‌رده‌م که‌سانی خاوه‌ن په‌یوه‌ندی،به‌ڵام ئاماده نییه ئاگادرییهک به هه‌واڵی هه‌ڵبژاردنی بریتنی سپێرز به باشترین دایک بگۆڕێته‌وه.له کۆتاییدا ده‌ڵێم با که‌سێک هه‌گبه‌که‌ی پڕ بێ له مه‌عریفه‌ت و زانست و ڕۆشه‌نبیری ، با که‌سێک له هه‌ستیارترین شوێندا باڵا ده‌ست بێت ، با گه‌وره‌ترین ناوی لێ نرابێت ، ئه‌گه‌ر دڵسۆزانه ئه‌م جێگا‌و ڕێگایه‌و ئه‌م زانینن و ڕۆشهبییریه له خزمه‌ت تاکهکانداو له بواره جیاکانی ژیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه به خه‌رج نه‌دات ، باشتر وایه به‌ر له هه‌ر که‌سێک خۆی ئه‌و ناسنامانه له خۆی بسێنێته‌وه که به نا ڕه‌وا پێی به‌خشراوه.
موئه‌یه‌د مه‌حمود (کاردۆ)
به‌ڕێوبه‌ری ماڵپه‌ڕی تاسیما
ڤانکۆڤه‌ر-/-که‌نه‌دا
26-10-2009
ئه‌مه‌ش ده‌قی ئه‌و ئاگادرییهیه که بۆ ئه‌و ڕۆژنامانهم ناردبووئاگادارییهک بۆ سینه‌ما کار و ڕۆشه‌نبیران
نزیک به ده ساڵه خه‌ڵکی کوردستان له ئه‌نته‌رنێت به‌هره‌مه‌ندن .له‌و ساوه بۆ ئێستا سه‌دان ماڵپه‌ڕ به مه‌به‌ستی جۆراو جۆر و له بواری جیا جیادا ده‌ست به‌کار بوونه،به‌ڵام تا ئێستا که‌س له فیکری ئه‌وه‌دا نه‌بووه که ماڵپه‌ڕێکی تایبه‌ت به بواری سینه‌ما به‌ڕێوه ببات..ڕؤلی سینه‌ما له ده‌رخستنی سه‌ر و سیمای گه‌لان و ناساندی خۆیان و گرفته‌کانیان ،به‌رچاو و دیاره،به‌ڵام ئێمه تازه له که‌ناری ئه‌و ده‌ریایه ئه‌وه‌ستین که ناوی سینه‌مایه و لێی ڕائهمێنین ،ئێمه جارێ نه به سه‌ده‌ف و مروارییه‌کانی گه‌یشتووین نه ئه‌و سهوڵانهشمان هه‌یه که پێویستن بۆ جێهێشتنی که‌ناره‌که.
به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتێک لێره‌و خه‌ڵاتێک له‌وێ نیشانه‌ی ته‌ندروست بوون و بگره بوونی سینه‌مای کوردیش نییه،ئه‌گه‌رچی مایه‌ی دڵخۆششیه،.حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه که ئێمه و سینه‌ما جارێ زۆرمان ماوه به یه‌ک ئاشنا بین.ئایا ده‌کرێت گه‌لێک سینه‌مای هه‌بێت و ڕۆژنامه‌یه‌کی سینه‌مایی و ماڵپه‌ڕێکی سینه‌مایی و هۆڵێکی نه‌بێت بۆ نیشان دانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که بۆ خۆمانی دروست ناکه‌ین؟،به‌ڵێ ئێمه به‌رهه‌م بۆ فیستیڤاڵه‌کان دروست ده‌که‌ین،ئێمه به‌رهه‌مه‌کانمان ده‌گه‌یه‌نینه فیستیڤاڵه‌کان به‌ر له‌وه‌ی خۆمان بیان بینین ،ئه‌مه ئه‌گه‌ر بیان بینین، ئێمه چه‌ند ملیۆن دۆلار له فلیمێک سه‌رف ده‌که‌ین و فلیمه‌که‌ش ناخه‌ینه خزمه‌تی بینه‌ره‌وه .
بۆ به‌ڕێخستن و بونیاتنانی سینه‌مایه‌کی مۆدرن ئه‌رکمان زۆر ده‌که‌وێته سه‌ر شان،ڕه‌نگه یه‌کێک له‌و ئه‌رکانه سه‌رخستنی ئاستی ڕۆشه‌نبیریی سینه‌مایی بێت له لای فلیم ساز و بینه‌ری کورد،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستمان به چه‌ندین ڕۆژنامه‌و ماڵپه‌ر و گۆڤار و به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و هتد هه‌یه
.وه‌کو به‌شدارییه‌ک له‌و پرۆسه هه‌ناسه بڕه‌دا له‌مڕۆوه مالپه‌ریکی تایبه‌ت به سینه‌ما به‌ریوه ده‌به‌ین به ناوی مالپه‌ری تاسیما.
تاسیما له پێناو بونیاتنانی سینه‌مایه‌کی ته‌ندروست و سینه‌ماکارێکی پڕ مه‌عریفه‌ت و بینه‌رێکی وشیار و به ئاگا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خاته گه‌ڕ ،له‌م پێناوه‌شدا پێویستی به تۆیه.
دوا هه‌واڵه‌کانی سینه‌مای کوردی و عه‌ره‌بی و جیهانی له تاسیمادا ده‌خوێنیته‌وه، سه‌رباری وتار و باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی سینه‌مایی گرنگ و سازدانی چاوپێکه‌وتن و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و نیشاندانی فلیم و….. تاد
ده‌توانی به‌م ئه‌دره‌سه تاسیما به‌سه‌ر بکه‌یته‌وه
www.tasima.ca
موئه‌یه‌د مه‌حمود (کاردۆ)
به‌ڕێوبه‌ری ماڵپه‌ڕی تاسیما