شه‌پۆلی دوه‌می مانگرتنی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن له سه‌راسه‌ری به‌ریتانیادا
دوای ئه‌وه‌ی که بۆماوه‌ی دوورۆژ،22 و 23/10/2009، نزیکه‌ی 120 هه‌زار کرێکاری پۆستی رۆیا‌ڵ مه‌یل، ئه‌ندامی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن(CWU)، له‌دژی سیاسه‌تی ئیداره‌ی کۆمپانیای ناوبراو مانگرتنیان ئه‌نجامدا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 29/10/2009 بۆجاری دوه‌م مانگرتن ده‌ستی پێکرده‌وه که بڕیاره 3 رۆژبخایه‌نێ.
دوانیوه‌رۆی 28-10 جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن ده‌یڤ وارد( Dave Ward) رای گه‌یاند:" دوای ئه‌وه‌ی سکرتێری گشتی کۆنگره‌ی یه‌کێتیه کرێکاریه‌کانی به‌ریتانیا( TUC)، وه‌کو لایه‌نی سێهه‌م و بێلایه‌ن هاته‌ناو وتوویژه‌کانه‌وه بۆ ناوبژیوانی و کۆتایی هێنان به کێشه‌که، بۆ یه‌که‌مجار به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆیا‌ڵ مه‌یل مارك هیگسن(Mark Higson) خۆی راسته‌وخۆ هاته ناو وتووێژه‌کانه‌وه‌و به‌مجۆره توانیمان که له‌ماوه‌ی 3 رۆژی رابردوه‌دا قسه‌وباسێکی سود به‌خش و دڵخۆشکه‌ر ئه‌نجام بده‌ین….
….سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ ئێمه پرۆژه‌یه‌کمان وه‌کو هه‌نگاوێك له‌درێژه‌ی به‌ره‌و‌پێشچونه‌ی که له‌م 3 رۆژه‌دا ئه‌نجامدراوه، پێشکه‌ش کرد. ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه قبوڵ بکرایه ئه‌وا بارودۆخه‌که‌ی ئارام ده‌کرده‌وه‌و رێگای خۆشده‌کرد بۆ وتووێژی زیاتر له‌رێگای وه‌کاله‌تی ناوبژیوانی(ACAS)ه‌وه تا بگه‌ینه دوا رێکه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که، به‌ڵام ئێمه هیچ دڵنیایه‌کمان پێنه‌درا که پرۆژه‌که‌مان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێ بۆیه مانگرتنی 3 رۆژی که پێشتر راگه‌یانراوه وه‌کو خۆی ده‌چێته‌رێوه."
ناوبراو ئه‌وه‌شی راگه‌یاند:" هێشتا ئه‌گه‌ری ئه‌وه ماوه که ئه‌م مانگرتنه 3 رۆژییه‌و مانگرتنی داهاتووش روونه‌ده‌ن و ئێمه ته‌نانه‌ت ئه‌مشه‌ویش ئاماده‌ین له‌هه‌رکاتیكدا که ئه‌وان بیانه‌وێ دابنیشین و بگه‌ینه رێکه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که."
سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وام ئاماده‌یی نیشاندانی رابه‌رانی یه‌کیتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن بۆ دانیشتن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یڵ و سه‌ره‌ڕای ناوبژیوانی سکرتێری گشتی کۆنگره‌ی نه‌قابه‌کانی به‌ریتانیا و به‌شداری راسته‌وخۆی به‌رێوه‌به‌ری گشتی ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یل له وتووێژه‌کاندا، به‌ڵام به‌داخه‌وه دیسانه‌وه ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یڵ هیچ گۆڕانێکی جدی له‌سیاسه‌تی پێشوی خۆی ئه‌نجام نه‌داو وتووێژه‌کان ئه‌گه‌رچی تا نیوه‌شه‌وی 28/10/2009 ش به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام سه‌ره‌نجام شکستی هێنا. به‌مجۆره ده‌وره‌ی دووه‌می مانگرتن که 3 رۆژ ده‌خایه‌نێ، ئه‌مرۆ 5 شه‌ممه 29/10/2009 سه‌عات 4 به‌یانی ده‌ستی پێ‌کرد. 37000 کرێکاری به‌شی ناوه‌نده‌کانی پۆست، یه‌که‌کانی گواستنه‌وه‌ی پۆست، شۆفێره‌کانی تۆڕی لۆجستیک و کارمه‌ندانی گه‌راجه‌کانی رۆیال مه‌یل له سه‌راسه‌ری به‌ریتانیادا ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه. هاوکاتیش له‌به‌رده‌م هه‌موو سه‌نته‌ره‌کانی پۆست و گواستنه‌وه‌دا پیکێتی کرێکاران سازدرا‌و بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر به‌رده‌وام ده‌بێت. سبه‌ینێش به‌شێکی دیکه‌ی کرێکاران وکارمه‌ندان و رۆژی شه‌ممه‌ش 77000 کرێکار‌و کارمه‌ندی به‌شی ناردن و کۆکردنه‌وه‌ی پۆسته‌کان له سه‌راسه‌ری به‌ریتانیدا کاره‌کانیان جێده‌هێڵن.
ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یل یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن به‌وه تاوانبارده‌که‌ن که دوێنی له‌کاتێکدا خه‌ریک بوون به رێکه‌وتن بگه‌ن، پرۆژه‌یه‌کی تازه‌یان هێنابوو، به‌ڵام رابه‌رانی یه‌کێتیه‌که‌ش ده‌ڵێن که پرۆژه‌که به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ قسه‌و گفتوگۆکانی پێشوتردا ده‌هاته‌وه‌و هیچ ناکۆکیه‌کی له‌گه‌ڵیدا نه‌بوه، به‌ڵام ئیداره ده‌یه‌وێ پێج و ده‌وره بکات.
بیللی هایه‌س، سکرتێری گشتی(CWU) ئه‌م به‌یانیه 29/10/2009 ئه‌وه‌ی ئاشکراکرد که ره‌نگه بارودۆخه‌که به‌ره‌و خراپتر بچێت تا ئه‌وه‌ی به‌ره‌و باشتربوون بڕوات. ووتیشی: "هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌ئارادایه و زۆربه‌ی ئه‌گه‌ره‌کانیش به‌و باره‌دا ده‌رۆن که ئێمه مانگرتنه‌کان زیاتر وتوندتر بکه‌ینه‌وه".
به‌پێی ره‌وتی وتووێژه‌کانی تائێستای نێوان هه‌ردوو لایه‌نی کێشه‌که پێده‌چی که هێوربونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که له‌نزیك ماوه‌دا ئاسان نه‌بێت. به‌تایبه‌تی هه‌ڵوێستی حکومه‌ت و ئیداره‌ی کۆمپانیای رۆیا‌ڵ مه‌یڵ که‌سه‌ر به که‌رتی ده‌وڵه‌تیه به‌قازانجی هێوربونه‌وه‌ی کێشه‌که‌و چاره‌سه‌ری نیه. جێی ئاماژه‌یه که‌سه‌رباری ئه‌وه‌ی حکومه‌ت پێشوازی له وتووێژی راسته‌وخۆی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی کێشه‌که کردبوو، به‌ڵام به ئاشکرا هه‌ڵوێستی له‌دژی مانگرتنه‌که‌و یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندنه‌و ئه‌مه‌شی له‌زمانی سه‌رۆك وه‌زیران (گۆردن بروان) و وه‌زیری کار (پیته‌ر ماندلسن) ه‌وه راگه‌یاندوه. گۆردن براون مانگرتنه‌که‌ی به‌کارێکی بێسوود و زیانبه‌خش ناوزه‌دکرد هه‌روه‌کو پیته‌ر ماندلسنیش رای گه‌یاند که هیچ رێکه‌وتنێك ناکرێت له‌نێوان کرێکارانی پۆست و ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یلدا تا رابه‌رانی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن ئاماده‌ی ته‌نازولکردن نه‌بن! بۆیه رابه‌رانی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن پێشبینی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئه‌م کێشمه‌کێش و ململانێیه بخایه‌نێ و ده‌بێ خۆیانی بۆ ئاماده بکه‌ن.
بۆئه‌و مه‌به‌سته، یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن، هه‌ڵمه‌تێکی دابینکردنی ئیمکاناتی مالییان بۆ ململانێکه‌یان به‌ڕێخستوه. یه‌کێتی ناوبراو داوای له‌به‌شه‌کانی دیکه‌ی یه‌کێتیه‌که کرد‌وه که پشتیوانی مالی بکه‌ن تا مانگرتنه‌که بتوانێ رۆژدوای رۆژ به‌هێزتر بێت. یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن گه‌وره‌ترین نه‌قابه‌ی به‌شی گه‌یاندنه له به‌ریتانیا که سه‌رجه‌م 250000 ئه‌ندامی هه‌یه و نوێنه‌رایه‌تی هه‌زاران کرێکار ده‌کات له به‌شی پۆست(رۆیا‌ڵ مه‌یل)، به‌ڕێوه‌بردن و کارگێری، بانك و مالیه و هه‌روه‌ها گه‌وره کۆمپانیاکانی ته‌له‌فۆن و سه‌نته‌ره‌کانی کۆمپیوته‌ر له سه‌راسه‌ری به‌ریتانیادا. هه‌ر له‌په‌یوه‌ند به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه یه‌کێتیه کرێکاریه‌کانی دیکه به هه‌زران هه‌زار پاوه‌ندیان کۆکرده‌وه و پێشکه‌شی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندنیان کرد تا یارمه‌تی ئه‌و کرێکارانه بدات که به‌هۆی مانگرتنه‌وه کرێکانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، چونکه هه‌ر رۆژێك مانگرتن مانای له‌ده‌ستدانی کرێی ئه‌و رۆژه‌یه بۆ کرێکاران.
نه‌قابه‌کانی(Unite)* و (Unison)** دوان له گه‌وره‌ترین نه‌قابه‌کانی کرێکاران له به‌ریتاندا که‌مپینێکی هاوپشتی مالیان بۆ کرێکارانی مانگرتوی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن به‌رێخستوه، له‌سه‌ر شێوازی ئه‌و سندوقی پشتیوانی مالیه‌ی که له ساڵه‌کانی هه‌شتاکاندا توانی یارمه‌تی کرێکارانی کانه‌کان بدات که بۆماوه‌یه‌کی زۆرتر له‌سه‌ر مانگرتنه‌که‌یان به‌رده‌وام بن.
هاوشانی ئه‌م پشتیوانیه مالیه، پشتیوانی و هاوسۆزی له‌گه‌ڵ مانگرتنی کرێکارانی پۆست و یه‌کێتی کرێکارانی پۆست و گه‌یاندن(CWU) رۆژله‌دوای رۆژ زیاتر ده‌بێ. سه‌ره‌ڕای پشتیوانی 98 ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌ریتانی که هه‌فته‌ی رابردوو داوایان له حکومه‌ت کرد ده‌وری خۆی ببینێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یل به‌ئیجابی وه‌لامی خواستی کرێکارانی مانگرتوو بداته‌وه، رۆژی 23-10 یه‌کیتی کریکارانی پۆست وگه‌یاندن رایگه‌یاند که له سه‌راسه‌ی ووڵاته‌وه‌و ته‌نانه‌ت له‌ئاستی جیهانیشه‌وه، له‌لایه‌ن یه‌کێتیه کریکاریه‌کان و هه‌ندێ لایه‌نی سیاسیشه‌وه پشتیوانی له ئاکسیۆنه‌که‌یان کراوه؛ له‌وانه کۆنگره‌ی یه‌کێتیه کرێکاریه‌کانی به‌ریتانیا(TUC)، به‌شی به‌ریتانیای(UNISON)و چه‌ند به‌شی ئه‌و یه‌کێتیه له ئاستی ئه‌وروپادا و هه‌روه‌ها پارتی سه‌وزی به‌ریتانی. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که هه‌مان رۆژ ژماره‌یه‌ك له په‌رستارانی سه‌ر به (UNISON) سه‌ردانی پیکێتی کرێکارانی پۆستیان له‌ناو له‌نده‌ن کرد.
رۆژی 27 -10-2009 ش (گروپی تۆڕی هاوپشتی) که له‌وکاته‌وه‌ی کێشه‌ی نێوان ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یڵ و کرێکارانی پۆست ده‌ستی پێکردوه، له‌سه‌رتاسه‌ری له‌نده‌ندا پێكهاتوه، کۆبونه‌وه‌یه‌کیان رێکخست بۆ قسه‌وباس له‌سه‌ر چۆنیه‌تی فراوانکردنی پشتیوانی له ئه‌ندامانی(CWU). له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا یه‌کێك له هه‌ڵسواڕاوانی یه‌کێتی کرێکارانی یونیسن(UNISON) باسی له‌وه کرد که خه‌باتی کرێکارانی پۆست بۆ عه‌داله‌ت و مامه‌ڵه‌ی ئینسانی له‌مه‌یدانی کاردا خه‌باتێکه له‌پێناوی هه‌مووماندا. هه‌ر له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك له هه‌ڵسواراوانی یه‌کێتیه کرێکاریه‌کانی دیکه که ئاماده‌ی کۆبونه‌وه‌که بوون، پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتنی کرێکارانی پۆست راگه‌یاند.
جێی ئاماژه‌یه که تارۆژی 26/10/2009 به‌رپرسانی خاوه‌ن سه‌لاحیه‌تی ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یل ئاماده‌نه‌بوون له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کرێکارانی پۆست‌دا وتوویژبکه‌ن. ئه‌وه‌بوو وه‌کو نیشانه‌ی ملبادان له‌خواستی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن ئاده‌م کرۆیزه‌ر- به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆیا‌ڵ مه‌یل که ساڵانه 3 ملیۆن پاوه‌ند مووچه‌که‌یه‌تی‌و له‌رۆژی ده‌ستپێکردنی کێشه‌که‌وه تا ئه‌و رۆژه خۆی له چاوی خه‌ڵک شاردبوه‌وه، رۆژ 25-10 رایگه‌یاندبوو که به‌رپرسانی(CWU)باشتره بێده‌نگ بن تائه‌وه‌ی گیروگرفته‌کانی رێکخراوه‌که‌یان زیاتر بکه‌ن. به‌ڵام ناوبراو رۆژی دواتر واته 26-10 دوای ئه‌وه‌ی که یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن بڕیاری دووه‌م ده‌وره‌ی مانگرتنی بۆ ماوه‌ی 3 رۆژی دیکه له‌رۆژی 29/10/2009 ه‌وه راگه‌یاند، ئه‌وسا ئاماده‌یی دانیشتنی له‌گه‌ڵ رابه‌رانی (CWU) نیشاندا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌که. ئه‌وه‌بوو وتووێژه‌که به ناوبژیوانی کۆنگره‌ی یه‌کێتیه کرێکاریه‌کانی به‌ریتانیا(TUC) ده‌ستی پێ‌کرد که له‌سه‌ر داوای هه‌ردوو لایه‌نی کێشه‌که هاتبووه ناوه‌وه و حکومه‌تیش پێخۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی له‌وباره‌وه.
هه‌رچه‌نده بیللی هایه‌س سکرتێری گشتی(CWU) رایگه‌یاندبوو که ئه‌وان پێشوازی له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی به‌رپرسه خاوه‌ن سه‌لاحیه‌ته‌کانی ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یل ده‌که‌ن بۆ گفتوگۆ‌و گه‌یشتن به‌رێکه‌وتنێك، به‌ڵام هوشیاری ئه‌وه‌شی دا که ره‌نگه ئیداره‌ی ناوبراو نه‌یه‌وێ ئه‌و کاره بکات! هه‌روه‌ها ووتی: "ئێمه گفتوگۆیه‌کی جدیمان ده‌وێ که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌ره‌وپێشه‌وه به‌رێت نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر شوێنی خۆیدا بمێنێته‌وه."
له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (Observer) جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن- ده‌یڤ وارد (Dave Ward) ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد که ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یڵ نه‌خشه‌ی ئه‌وه‌ی داناوه له دوو ساڵی داهاتودا 60000 کرێکار بێکاربکات. ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یل ئه‌وه‌ی ته‌ئکیدکرد که مۆدێرنیزه‌کردن و چاکسازی له سیسته‌می پۆست دا به‌ناچاری بێ‌کاری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ڵام سیاسه‌تی ئه‌وان ئه‌وه‌نیه که به‌زۆر کرێکاران بێکار بکه‌ن، به‌ڵکو بێکاربوونی ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌خه‌نه به‌رده‌میان! هه‌روه‌ها ووتی ئه‌و ژماره‌یه‌ی یه‌کێتیه‌که رایگه‌یاندوه واقعی نیه به‌ڵام ناتوانرێ ژماره‌که پێشبینی بکرێ!
له‌لایه‌کی دیکه‌وه له‌کاتێکدا یه‌کێتی کرێکارانی پۆست وگه‌یاندن سه‌رقاڵی وتووێژه له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یڵدا بۆچاره‌سه‌ری کێشه‌کان هاوکات خه‌ریکی ئه‌وه‌یه که رێگای دادگاش بگرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی رۆیال مه‌یل ناچاربکات ده‌ستبه‌رداری ئه‌و 30000 کرێکاره کاتییه بێت که وه‌کو مانگرتن شکێن به‌کاریگرتوون!
شایانی باسه سه‌رباری به‌ڕێوه‌چوونی دووه‌م شه‌پۆلی مانگرتن که تا رۆژی شه‌ممه 31/10/2009 ده‌خایه‌نێ، وتووێژه‌کان له‌نێوان ئیداره‌ی رۆیا‌ڵ مه‌یل و رابه‌رانی (CWU)دا به‌رده‌وامه. به‌پێی راگه‌یاندنی(CWU) وتووێژه‌کان که له بنکه‌ی سه‌ره‌کی کۆنگره‌ی یه‌کێتیه کرێکاریه‌کانی به‌ریتانیا(TUC) له له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چی، هه‌ندێ پێشره‌وی به‌خۆوه بینیوه بۆیه یه‌کێتی ناوبراو له‌ئێستادا هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌پۆلی سێهه‌می مانگرتنی راگرتوه.
په‌راوێز:1. (UNISON) یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین یه‌کێتیه‌کانی به‌شی گشتی له به‌ریتانیا و ئه‌وروپاداو زیاتر له 1.3 ملیۆن ئه‌ندامی هه‌یه که له به‌شه‌کانی ته‌ندورستی، کانسڵه‌کان، پۆلیس، کۆلیژو قوتابخانه‌کان، پیشه‌سازی، کاره‌باو گاز و ئاو، گواستنه‌وه‌و به‌شی خۆبه‌خشدا کارده‌که‌ن. ته‌نها له ماوه‌ی یه‌کسالی رابردودا ئه‌م رێکخراوه 137000 ئه‌ندامی زیاد کرد‌وه.
2. (Unite) گه‌وره‌ترین یه‌کێتی کرێکاری به‌ریتانیایه که نزیکه‌ی 2 ملیۆن ئه‌ندامی هه‌یه‌و هه‌موو ناوه‌نده‌کانی کار ده‌گرێته‌وه. ئه‌م یه‌کێتیه له ئاکامی یه‌کگرتنی دوو یه‌کێتی دیکه‌وه به‌ناوه‌کانی یه‌کێتی کرێکارانی گواستنه‌وه‌و گشتی (T&G) که 800000 ئه‌ندامی هه‌یه و ( Amicus) پێكهات که ئامانجه‌که‌ی بریتیه له به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری وسه‌ندیکالیستی بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ی پێشهاته نوێیه‌کانی به‌رده‌م کرێکاران و رێکخراوکردنی کرێکاران له‌ریزی ملیۆنیدا. ئه‌م رێکخراوه هاوکات هاوکاری و پشتیوانی رێکخراوه کرێکاریه‌کانی دیکه ده‌کات له ئاستی جیهانیدا.