ڕێبه‌ر له سیسته‌می دیموکراتیدا
ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵات له‌سه‌ر ڕووی زه‌مین، هه‌ژاره، ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ری وڵاته‌که باوه‌ڕی به دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ نه‌بێت. له ڕۆڵی ڕێبه‌رایه‌تیدا چه‌ند پێناسه‌یه‌ک هه‌یه زۆر گرنگن، له‌وانه:
1. دووربینی: ڕێبه‌ری دیموکرات، دووربینه. به وردی ده‌ستنیشانی ئامانجه‌کانی دواڕۆژ ده‌کات و هێڵی ستراتیژی بۆ گه‌یشتن به ئامانجه دووره‌کانی، دیاریده‌کات. زۆر به باشی له ڕۆڵی خۆی گه‌یشتووه و ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی ده‌زانێت، هوشیاره به‌وه‌ی که بۆچی خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌نگی خۆیان پێداوه و چۆن ئه‌و متمانه‌یه بگه‌یه‌نێته که‌ناری ژیانێکی ئارام و پڕ سه‌روه‌ری بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی. ئاخر متمانه به‌خشینی خه‌ڵک، سه‌روه‌ت و سامانێکه ئه‌گه‌ر به‌باشی کارگێڕی پێبکرێت جارێکی تریش هه‌مان متمانه وه‌رده‌گیرێته‌وه و ئه‌و کات گه‌یشتن به ئامانجه ستراتیژیه‌کان ئاسان ده‌بێت. دووربینی رێبه‌ری دیموکرات هه‌موو کات ده‌بێت به دنیاناسی، به بڵندنیگایی، به لوتکه ئاسۆیی موتوربه بکرێت. ونکردنی ئاسۆ، پێی ڕێبه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی متمانه ئه‌ترازێنێ و کاره‌سات به‌سه‌ر نه‌ته‌وه دێنێت. نموونه‌ی ئه‌و ڕێبه‌ره دیکتاتۆرانه زۆرن که وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیان خستۆته به‌رده‌م زه‌لیلی، نه‌خوێنده‌واریی و هه‌ژاری.2. کارگێڕی: ڕێبه‌ری دیموکرات کارگێڕێکی به‌توانایه. پلانی وردی داڕێژراوی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌ی هه‌یه. به ژیرییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئابووری وڵاته‌که‌یدا ده‌کات و خۆی له‌وه گه‌یشتووه ئه‌و ته‌نیا متمانه‌ی پێکراوه که ئابووری وڵاته‌که‌ی به‌رێت به‌ڕێوه نه‌ک خاوه‌نی ئابووری وڵاته‌که‌یه‌تی. تێگه‌یشتووه له‌وه‌ی که ئابووری تایبه‌تی خۆی تێگه‌ڵ به ئابووری گشتی وڵاته‌که‌ی نه‌کات و هه‌موو کات پاسه‌وانێکی ئه‌مینی بودجه‌ی وڵاته‌که‌یه‌تی. به‌دواچوون له‌بواری کارگێڕیدا یه‌کێکه له ئه‌رکه گرنگه‌کانی ڕێبه‌ر. ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ر به‌داچوونی نه‌بێت، کۆنترۆڵکردنی بودجه‌ی وڵات له داهات و خه‌رجی زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت و زوو یا دره‌نگ ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که‌به‌شێک له بودجه‌ی خه‌ڵک ده‌چێته گیرفانی هه‌ندێ له ڕێبه‌ره‌کانه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامێکی هه‌بێت. ته‌نیا ڕێگا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و دیارده‌یه که ناوه‌ڕۆکی گه‌نده‌ڵیه، به‌داموده‌زگایی کردنی شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته. بۆ ئه‌و کاره‌ش ده‌بێت سیسته‌می دادوه‌ری جیاواز بێت له سیسته‌متی سیاسی و ده‌سه‌ڵات له وڵات‌دا. ئه‌و کاره‌ش ته‌نیا له وڵاته دیموکراتیه‌کاندا ده‌کرێت وله ژێرده‌ستی ڕێبه‌ری دیموکرات‌دا ده‌گاته که‌ناری ئارامی.
3. گه‌شه‌سه‌ندن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون: هه‌ر ڕێبه‌رێک که بینی ڕه‌وڕه‌وه‌ی گه‌شه‌کردنی وڵاته‌که‌ی له جوڵان وه‌ستاوه و وڵاته‌که‌ی پێسکه‌وتنی ساڵانه‌ی به‌خۆوه نه‌بینیوه ئه‌وه نه وڵاته‌که‌ی دیموکراتیه و نه ڕێبه‌ره‌که‌ش دیموکراته. له ڕێبه‌رایه‌تی ڕۆژانه‌دا نیشانه‌ی پلانی گه‌شه‌کردن و به‌ره‌وپێشه‌وه چوون ده‌نێت به‌دی بکرێت. ئاسۆیه‌کی ڕوونی گه‌شه‌سه‌ندن هه‌یه که له گه‌شبینی به دواڕۆژدا هێز و وزه‌ی پۆزه‌تیف بۆ دانیشتوان دابین ده‌کات. ئه‌و وزه پۆزه‌تیفه ژیانێکی ئه‌رێنی، دڵنیایی و پڕ هێمنی لای خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی دروستده‌کات به شێوه‌یه‌ک که هه‌موو داموده‌زگایه‌کی وڵاته‌که، هه‌موو جاده و بینایه‌کی گشتی وه‌ک ماڵی خۆیان پارێزگاری لێبکه‌ن. ڕێبه‌ری دیموکرات ده‌بێته باوکی وڵات و پارێزگاری یه‌که‌می سامانه گشتیه‌کان.
ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ڕێبه‌ری دیموکرات ده‌بێته هۆکاری به دیهێنانی چه‌ندین پێناسه‌ی به‌رز لای خه‌ڵک له‌وانه:
1. متمانه و شه‌فافیه‌ت
2. یه‌کێتی و کارکردن به‌یه‌که‌وه
3. به ته‌نگه‌وه هاتن و پڕ مانایی ژیان
4. به‌رپرسیارێتی وه‌رگرتن و به‌هێزکردنی توانای ده‌ستپێشخه‌ری.به‌هێزبوونی ئه‌و سیفاتانه لای خه‌ڵکی ئاسایی وڵات، ده‌بێته سامانێکی له‌بن نه‌هاتوو که جارێکی تر کاریگه‌ری قووڵی ئه‌رێنی له‌سه‌ر سیسته‌می دیموکراتی به‌رێوه‌بردنی وڵات ده‌بێت.
ڕێبه‌ری دیموکرات، هه‌ستی دیموکراتی به‌هێزده‌کات له ناخی هه‌موو هاووڵاتیه‌کدا له‌م کاتانه‌دا:
1. کاتێک که ڕێبه‌ره‌که کاتێکی زۆری خۆی ته‌رخان ده‌کات بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ دانیشتوانی وڵاته‌که‌یدا. رێبه‌ری دیموکرات ده‌بێت کاتی هه‌بێت بۆ بیننی خه‌ڵکه‌که‌ی و نزیک بێت لێیانه‌وه. سه‌رۆک وه‌زیرانی سوید، فرێدریک راینفێلت تا ئێستا دووجار سه‌ردانی قوتابخانه‌کانی منی کردووه و هه‌ر دوو جاره‌که‌ش کاتێکی باشی ته‌رخانکردووه بۆ قسه‌کردن و دیالۆگ له‌گه‌ڵ قوتابی و مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان و مندا بۆ به ئاشنابوون له نزیکه‌وه له توانا و به‌هره‌کانمان هه‌روه‌ها له دید و بۆچوونه‌کانمان. ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه هیچ داواکاریه‌کمان نه له‌خۆی و نه له حکومه‌ته‌که‌ی هه‌بووه، چونکه ڕازین به‌وه‌ی به دیالۆگ و متمانه هه‌مان کات به‌کاری ڕۆژانه‌ی خۆمان ده‌بێت خۆمان گرفته‌کانی خۆمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین نه‌ک هه‌موو کات هه‌ر دواکاریمان هه‌بێت.2. کاتێک که ڕێبه‌ره‌که ڕێبه‌رێکی دیموکرات و ئارامه له ڕۆڵی ڕێبه‌رایه‌تیدا و خۆی وه‌ک یه‌کێک له خه‌ڵکی سه‌یر ده‌کات و ده‌زانێت کارێکی له‌سه‌ر شانه هه‌ر وه‌ک هه‌موو که‌سێکی تری کۆمه‌ڵه‌که‌ی.
3. کاتێک که ڕێبه‌ره‌که پێویستی به‌وه نیه که هه‌مووکات له چه‌قی ڕووداوه‌کاندا بێت و هه‌موو تیشکه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و بن. ده‌بێت توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌ندێک جار بچێته دواوه و قسه‌کردن بۆ پسپۆره‌کان به‌جێبهێڵێت.
له وڵاته دیموکراتیه‌کاندا، کاتێک ڕێبه‌رێک کۆبونه‌وه به ستافه‌که‌ی ده‌کات زۆر کاتی کۆبونه‌وه‌که به‌بێده‌نگی داده‌نیشێت و گوێده‌گرێت هه‌تا بڕیارێک یا بۆچوونێک لای گه‌ڵاڵه ده‌بێت. له‌وڵاته دیکتاتۆریه‌کاندا ڕێبه‌ر قسه ده‌کات و ستافه‌که‌ی ته‌نیا گوێگر و به‌ڵێ – وته‌نین.
نه‌بونی دیالۆگ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له وڵاته دیکتاتۆریه‌کاندا به تایبه‌تی له دوو بواردا: دیالۆگی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک هه‌روه‌ها دیالۆگی گه‌وره‌ساڵان و منداڵان و مێردمنداڵان. نه‌بونی دیالۆگ زمانی فه‌رمان و هێز به‌هێزده‌کات. سه‌رکوتکردنی ده‌روونی به‌هێزده‌کات و له‌سه‌رئه‌نجامیشدا سه‌رکوتکردنی فیزیاویش.
له‌م بواره‌دا گرنگه بڵێم ڕۆڵی قوتابخانه‌کان زۆر گرنگن. مامۆستا که ڕێبه‌ره له پۆلدا، ده‌بێت گوێ له قوتابیه‌کان بگرێت و له بری مۆنۆلۆگ شێوه‌ی دیالۆگ له په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ قوتابیه‌کان به‌کاربهێنێت.
4. کاتێک که ڕێبه‌ره‌که ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کات له ڕێگه‌ی هاندان و پشتگیریکردنه‌وه. که‌سانی به ته‌نگه‌وه‌هاتووی خاوه‌ن ده‌ستپێشخه‌ری دروستده‌کات و ده‌یانهێنیته پێشه‌وه. هاندان و پشتگیری‌کردن ڕێگه ئاسانکه‌رن بۆ به زووتر گه‌یشتن به‌ئاوات و ئامانجه‌کان و دروستکردنی متمانه و دڵنیایی لای زۆرینه. له هه‌مانکاتدا له‌سه‌رخۆیی و په‌له نه‌کردن زیاتر ڕوونی ئامانجه‌کان ده‌رده‌خات. ڕۆما به‌یه‌ک ڕۆژ دروستنه‌کراوه، به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو ڕێگاکان هه‌ر بۆ ڕۆما بگه‌ڕێنه‌وه. کوردستانیش به ده‌ساڵ نابێته وڵاتێکی ئاوه‌دان و دیموکرات. کارکردن به پلان و ستراتیژی درێژخایه‌ن ته‌نیا ڕێگه‌یه بۆ گه‌یشتن به به‌رهه‌مهێنانی سیسته‌مێکی دیموکراتی مۆدێرن، ئه‌و هه‌وڵانه‌ش ده‌بێت له قوتابخانه‌وه ده‌ستپێبکرێن و مامۆستایانیش ببنه نموونه‌ی ڕێبه‌ری دیموکرات.