
نامه‌یه‌کی کراوه بۆ:کۆنفرانسی یه‌که‌می ……نادر عبدالحمید
کۆنفرانسی یه‌که‌می (ڕێکخراوی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)
ته‌ریق بوونه‌وه‌ی سیاسی، ئۆپۆرتۆنیزم و ڕه‌خنه‌گرتنی لینینیانه له خۆ؟
نادر عبدالحمید
nadr1506@yahoo.com
4-11-20091- ناکۆکی، ڕابه‌رایه‌تی و خه‌باتی فکری
له‌ناو هه‌موو حزب و ڕێکخراوه‌یه‌کی سیاسی‌دا، جا چ چه‌پ، کۆمۆنیست و کرێکاری بێت یا ڕاستڕه‌و و کۆنسێرڤه‌تیڤ، ناسیونالیست بێت یان ئیسلامی سیاسی، لیبراڵ بێت یان ڕیفۆڕمیست، سازشکار بێت یان ڕادیکاڵ، بۆچون و هه‌ڵوێستی جیاجیا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش چونکه کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری وه‌ستاو نیه به‌ڵکو له حاڵه‌تێکی په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامدایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه له چاخه‌کانی ناوه‌ڕاست و له سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و کۆمه‌ڵگا کشتوکاڵیه‌کاندا هیوش هێواش بوبێت که چه‌ند نه‌وه‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌ک وه‌کو یه‌ک ژیاون و یه‌ک ستایلی ژیانیان هه‌بووه. هه‌ر به‌و پێیه‌ش عه‌قڵ و ماریفه‌ت، فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و هونه‌ریان نزیک به یه‌ک ستایلی هه‌بووه، ئه‌وا له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و پیشه‌سازیدا دا که زانست و ته‌کنۆلۆژیای ئینفۆرماتیک به‌ئه‌ندازه‌یه‌کی به‌رفراوان په‌ره‌یان سه‌ندووه نه‌ک هه‌ر ژیانی دوو نه‌وه له یه‌کتری جیاوازه به‌ڵکو هه‌تا نه‌وه‌یه‌کیش ئه‌وه‌ی که له 10 ده ساڵی ڕابردوودا تیا ژیاوه، بیستویه‌تی، بینیویه‌تی و ئه‌زمونی کردوه، ئێستا وه‌ک مێژوویه‌کی کۆنی لێ هاتووه چونکه ژیانی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی و فه‌رهه‌نگی-ئه‌ده‌بی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه گۆڕاوه دوای تێپه‌ڕینی ئه‌و 10 ساڵه.
به‌م پێیه حزب و ڕێکخراوه سیاسیه‌کان به‌ره‌وڕوی بارودۆخێکی هه‌میشه له گۆراندان، هه‌رڕۆژه ڕوداو و ئاڵوگۆڕی تازه که هه‌ندێکیان پێشبینی کراو و هه‌ندێکیان چاوه‌ڕوان نه‌کراون، هه‌ندێک له پڕۆسه‌یکدا هیێوش هێواش دێنه ئاراوه و هه‌ندێک له‌پر ڕوو ئه‌ده‌ن و وه‌ک بڵقی سه‌رئاو هه‌ڵده‌تۆقێن له سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگه‌دا. ئه‌م ڕووداو و ئاڵوگۆڕانه هه‌ندێکیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ندێکیان له‌دژی بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی دیاری کراو و حزب و ڕێکخراوه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ن. تیۆریسنی ئه‌و بزوتنه‌وانه، ڕابه‌ر و کادرانی ئه‌و حیزب و ڕێکخراوانه‌ی سه‌ر به‌و بزوتنه‌وانه ناچارن که ئه‌بێ هه‌میشه لێکدانه‌وه و بۆچون و هه‌ڵوێست بخه‌نه ڕوو به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕوداو و ئاڵوگۆڕانه که ده‌بنه بنه‌مای بڕیاردانه حزبیه‌کان و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه تاکتیکیه‌کان. لێره‌وه تیۆرسن و ڕابه‌ران له ڕوانگه‌ی جۆراوجۆر و جیاوازه‌وه مامه‌ڵه لگه‌ڵ ئه‌و ڕوداو و ئاڵ وگۆڕانه ده‌که‌ن، ئاسۆی فکری سیاسی جیاجیا، پلاتفۆڕمی سیاسی جیاجیا ده‌خه‌نه‌ڕوو، پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر پێشنیار ده‌که‌ن که چۆنچۆنی به‌هره‌مه‌ندی ته‌واو له‌و ئاڵوگۆڕ و ڕوداوانه وه‌ربگرن و به‌ره‌و ڕوویان بچن له حاڵه‌تێکدا که ڕه‌وه‌ندی ئاڵوگۆڕ و ڕوداوه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندیان بێت یان چۆنچۆنی نه‌خشه و پلان و تاکتیکی به‌رگریکردن له خۆ و له بزووتنه‌وه‌که‌یان ده‌خه‌نه‌ڕوو له حاڵه‌تێکدا که ڕه‌وه‌ندی گۆڕانه‌کان دژیان بن.
به‌شێک له‌وه‌ی که بۆچی ئه‌و هه‌موو جیاوازیه له ڕوانگه، ئاسۆ، پلاتفۆڕم و نه‌خشه‌کارداهه‌یه له‌ناو یه‌ک بزوتنه‌وه و هه‌تا له‌ناو یه‌ک حیزبی دیاری کراویشدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه که هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌وته فکری، سیاسی و حیزبیه‌کانی ناوی کاریگه‌ری داده‌نێت له‌سه‌ر بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تر و ڕه‌وته فکری، سیاسی و حیزبیه‌کانی ناو ئه‌و بزوتنه‌وه‌ی تر و هه‌وڵده‌دات هاوشیوه و هاو زمانی خۆی له‌ناو بزوتنه‌وه‌کانی تردا بێنێته‌دی و له‌م ڕێگه‌یه‌وه بزوتنه‌وه‌یک بتوانێت بزوتنه‌وه‌یه‌کی تر به‌دوای سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیدا ڕاکێشێت. هه‌رلێره‌شه‌وه جۆره‌ها ڕه‌نگی سیاسی ئاوێته و خه‌ت و ختوتی فکری و سیاسی موتوربه‌کراو دێنه ئاراوه له‌ناو یه‌ک بزوتنه‌وه‌دا به‌و پێه‌ش له‌ناو حیزب و ڕێکخراوه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌دا. ئه‌مه‌ش ده‌بێته ئه‌رکێک بۆ تیۆریسنه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وانه که ئه‌بێ هه‌میشه بزووتنه‌وه‌کانی خۆیان له کاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه و ڕه‌وته فکری و سیاسیه‌کانی تر بێننه ده‌ره‌و و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ربه‌خۆی بزوتنه‌وه‌که‌یان و ئامانجی کۆتایی و شێوازه‌کانی خه‌باتی رۆشن ڕابگرن. به‌م شێوه‌یه سیاسه‌ت نه‌ک هه‌ر خه‌باتی بزوتنه‌وه‌یه‌ک و حیزبه‌کانی ڕوو به‌ده‌روه‌ی بزوتنه‌وه‌که دژی بزوتنه‌وه‌کان و حیزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌کانی تره به‌ڵکو له‌هه‌مان کاتیش‌دا خه‌باتێکی نه‌پساوه‌یه له‌ناو ده‌رونی خودی بزوتنه‌وه‌که و حیزب و ڕێکخراوه‌کانی سه‌ر به‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش، وتا به‌شێکی ئه‌و خه‌باته هه‌میشه له‌ناو ڕێزه‌کانی ناوخۆی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ک و هه‌ر حیزبێکه. خه‌باتی سیاسی یه‌ک لایه‌نه بونی واقعی نیه.
پێشڕه‌وی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تی تیشک خستنه سه‌ر خه‌ت و ختوته فکریه جیاجیاکان، ڕۆشن کردنه‌وه‌ی بۆچون و هه‌ڵوێسته جیاجیاکانه بۆ خودی بزوتنه‌وه‌که. ئه‌وه‌ش کارێکه ناتوانرێت له ڕێگه‌ی سه‌رپۆش کردنی بۆچونه جیاوازه‌کانی ناو حیزبێک بێته‌دی. له ژێره‌وه و به‌دزیه‌وه ناکرێت له‌ناو بزوتنه‌وه‌که‌دا ئه‌نجام بدرێت. له مێژوی مارکسیزمی کلاسیک‌دا و له ناو حیزبه کرێکاری و سۆشیالیسته‌کانی ئه‌ڵمانیا و فه‌رنسا و له‌ناو ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌ی یه‌که‌م و دووه‌م و هه‌روه‌ها له سه‌رده‌مانی لینینیش له ناو حیزبی سۆشیال-دیموکراتی (کۆمۆنیستی) ئه‌و کاته‌دا، هه‌میشه بۆچون و خه‌ت و ختوتی فکری و سیاسی به ئاشکرا له ڕۆژنامه حزبی و ناحزبیه‌کاندا به‌ناو بردنی که‌سه‌کانه‌وه باسیان لێ کراوه. ئه‌و سوننه‌ته دوای ستالین و زاڵبونی ستالینیزم به‌سه‌ر چه‌پ و بزوتنه‌وه کۆمۆنیسته‌کاندا باڵی کێشاوه که ئه‌بێ حزب وه‌ک یه‌که‌یه‌کی بێ ناکۆک و پیرۆز بخرێته به‌رچاو نه‌ک وه‌ک ئامڕازێک که هه‌رده‌م پێویستی به نوێبونه‌وه‌یه له‌ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری ناکۆکیه ده‌رونیه‌کانیه‌وه. ئاکامێکی ئه‌و جۆره سوننه‌ته سه‌رکوت و ده‌رپه‌ڕاندنی موخالیفان بوه.
به‌م شێوه‌یه خودی ژیانی ناو کۆمه‌ڵ، په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی، جوڵه و چالاکیه‌کانی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌کتری، خۆی له بناغه‌یی ترین ئاستدا بنه‌مای ناکۆکیه فکری-سیاسیه‌کانی ناو هه‌ر حیزب و ڕێکخراو‌ێکه. ماتریالیزمی دیاله‌کتیکی به‌رله‌وه‌ی باس له‌ناکۆکی جیهانی مادی (سروشت یان کۆمه‌ڵگه) له‌گه‌ڵ جیهانی ڕوح (فکر و سیاسه‌ت) بکات، باس له وجودی ناکۆکی ده‌کات له‌ناو خودی جیهانی مادیدا، که هه‌م سروشت و هه‌م کۆمه‌ڵگه‌شه وه‌ک وجودێکی ماددی. پاشان دێته سه‌ر ناکۆکیه‌کانی نێون جیهانی مادی له‌لایه‌ک و جیهانی ڕوح و فکرله‌لایه‌که‌ی تریه‌وه. دوای ئه‌وه دێته سه‌ر ناکۆکی نێوان کۆمه‌ڵگه وه‌ک وجودێکی ماددی له‌لایه‌ک و دام وده‌زگای ده‌وڵه‌ت و فکروسیاسیه‌ت له‌لایه‌کی تره‌وه. هیچ حیزب و ڕێکخراوه‌یه‌ک وه‌ک وجودێکی مادی به‌بێ ناکۆکی وجودی نیه. ئه‌م ناکۆکیانه له بونیانی مادی کۆمه‌ڵایه‌تیدان به‌ر له‌وه‌ی فکری و سیاسی بن. دیدگای ئایدیالیستی وجودی ناکۆکی به نه‌قس، که‌م و کوڕی، عه‌یب و شوره‌یی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دا لێره‌شه‌وه هه‌وڵی سه‌رپۆش کردن و شاردنه‌وه‌یان ئه‌دات.
ڕابه‌ر له‌دیدگای ئایدیالیستیدا حه‌کیمێکه که وه‌ڵامی هه‌موو گیروگرفته‌کانی پێشوه‌خت پێه. به‌ڵام ڕوانگه‌ی ماتریالیستی بۆ ڕابه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌یه که ئه‌بێ هه‌موو چرکه ساتێک ئه‌و ڕابه‌رایه‌تیه دوباره به‌رهه‌م بێته‌وه له ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتنی تیۆری مارکسیزم، تیۆری ماتریالیزمی دیاله‌کتیکی وه‌ک ده‌زگایه‌ک بۆ لێکدانه‌وه‌ی واقعی موشه‌خخه‌س و دیارده (ڕوداوه‌کان) و ئاڵوگۆڕه‌کانی (پڕۆسه)، که بتوانێت وه‌ڵامێک بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی پێشڕه‌وی بزوتنه‌وه‌که‌ی به‌ده‌ست بهێنێ. هێنانه‌وه‌ی هیچ ده‌ق و تێکستێک ناتوانێت شه‌هاده‌ی به‌رباخه‌ڵ بێت بۆ بون به‌ڕابه‌ر. وه هیچ گه‌رێنتییه‌ک نیه که ڕابه‌رانی فکری و سیاسی نه‌ک هه‌ر له سه‌دا سه‌د دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی به‌دروست شیکاری بکه‌ن و به‌دروستی هه‌ڵوێست بگرن له‌به‌رامبه‌ریا، به‌ڵکو گه‌رێنتی ئه‌وه‌ش نیه که نه‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ری ڕه‌وته فکری و سیاسیه‌کانی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تره‌وه و له سه‌دا سه‌د لێکدانه‌وه‌ی نادروست (له‌ڕونگه‌ی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسیه چینایه‌تییکه‌ی خۆیه‌وه) و هه‌ڵوێستی نادروست نه‌گرنه به‌ر. ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه ئه‌و هه‌موو "مورته‌د" و "زه‌ندیقه" له ناو ئوممه‌تی ئیسلام دا، ئه‌و هه‌موو "خائن به نیشتیمان"، "خۆفرۆش" و "جاش"ه له ناو نه‌ته‌وه‌ی ناسیونالیسته‌کان و ئه‌و هه‌موو "ریڤیژینیست"، "ته‌حریفی"، "لاده‌ر" و "ئه‌نتی کۆمۆنیست"ه‌ش له ناو "خزمه‌کانی خۆماندا" په‌یدا نه‌ده‌بون.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کارل کاوتسکی ڕابه‌ری فکری و سیاسی ئینته‌ر ناسیونالی دوومی مارکسیست بوو وه له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه ڕابه‌ری ئینته‌رناسیونالی حیزبی به‌لشه‌فی و لینین بوو. کۆنگره‌ی "پاڵ" ی نێونه‌ته‌وه‌یی دووه‌م له ساڵی 1912 بڕیار نامه‌یه‌ک ده‌رده‌کات که ده‌ڵێ ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیسته‌کان هه‌ریه‌ک له‌به‌رخۆیه‌وه خه‌ریکی خۆئاماده کردنه بۆ جه‌نگێکی جیهانی، وه له‌و بڕیارنامه‌دا هاتوه که ئینته‌رناسیونال له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌رێکی وادا داوا له کرێکارانی هه‌ر وڵاتێک ده‌کات که ئه‌بێ دژی بورژوازی ده‌سه‌ڵاتداری وڵاته ئیمپریالیه‌کانی خۆیان بوه‌ستنه‌وه و له هه‌وڵی به‌رپاکردنی شۆڕشێکی کرێکاری کۆمۆنیستیدا بن، به‌ڵام دوساڵ دوای ئه‌وه (1914) ئه‌و جه‌نگی جیهانییه به‌رپا ده‌کرێ و ئه‌و ڕابه‌ره کارل کاوتسکی لێکدانه‌وه و هه‌ڵوێسته‌کانی پشت کردن بوو له بزووتنه‌وه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی خۆی. لینین وه‌فادار مایه‌وه به بڕیارنامه‌که‌ی کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی شاری "پاڵ" له 1912 دا و به عه‌مه‌لیش ئه‌و بڕیار نامه‌ی ده‌رهێنا له ڕوسیادا.
له دیدی ئایدیالیستیدا رابه‌ر له‌چاوی ئه‌نداماندا (په‌یڕه‌وی لێکه‌ران) ته‌لیسمێکی پیرۆزه، ئه‌و ته‌لیسمه پرۆزه‌یه‌ی که بۆ "موحه‌ممه‌د"، "ئیمامی عه‌لی" و "مه‌سیح" هه‌یه، هه‌مان ته‌لیسمی پیرۆزیش بۆ مارکس، لینین، ستالین، ما‌و، گیڤارا، مه‌نسوری حیکمه‌ت…. هه‌بوه و ئێستاش هه‌یه. به‌ڵام ڕابه‌ر له دیدی ماتریالیستیدا که‌سێکی به‌بایه‌خه، ئه‌ندامان له ئاگاهیه‌وه ده‌رک به بایه‌خی ئه‌و که‌سه، ئه‌و ڕابه‌ره ده‌که‌ن بۆ بزوتنه‌وه‌که‌یان و هیچ جۆره پارێزراویه‌کی دیبلۆماسی (الحصانة الدبلوماسیة) ی بۆ فکر و هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌و ڕابه‌ره بونی نیه. تا ئه‌و کاته ئه‌و بایه‌خه‌ی هه‌یه که ڕێنیشانده‌ر، هه‌ڵخرێنه‌ر، پلاتفۆڕم و نه‌خشه‌و پلان خستنه‌به‌ر پێی بزوتنه‌وه‌که و حیزبه‌که‌ی، پێشنیارکه‌ری بڕیار و خوڵقێنه‌ری پڕۆژه‌یه.
گه‌رێنتی مانه‌وه له‌ڕیزی بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تیدا، مانه‌وه نیه له حیزب و ڕێکخراوه‌یه‌کدا به‌گریمانی ئه‌وه‌وه که ئه‌و حیزبه یا ڕێکخراوه، حیزب و ڕێکخراوی ئه‌و بزوتنه‌وه بێت به‌ڵکو هه‌ر ساته سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌و که‌سه‌یه به بزوتنه‌وه‌که‌وه وه لێره‌شه‌وه ئه‌ندامه‌تی ئه‌و که‌سه له ناو ئه‌و حیزبه‌دا ده‌توانێت ناسنامه‌یه‌کی ته‌زویر (هویة مزورة) نه‌بێت به‌ڵکو ناسنامه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه بێت.
2- ڕه‌خنه، پلاتفۆڕم و فڕاکسیۆن
له‌ناو هه‌ر حیزبێکدا کادره‌کانی هه‌میشه باس له‌وه ده‌که‌ن که فڵانه ساڵه و فڵانه سه‌رده‌مه حیزبه‌که‌یان وای ده‌کرد و ڕابه‌رایه‌تیه‌که‌یان وای ده‌وت به‌ڵام ئه‌م کادره به پێچه‌وانه‌وه بۆچونی وانه‌بوو، وا بیری نه‌ده‌کرده‌وه و وا کاری نه‌ده‌کرد که حیزب و ڕابه‌رایه‌تیه‌که‌ی بیری لێده‌کرده‌وه و کاری ئه‌کرد. گه‌رچی ئه‌م کاره له‌چه‌ن لاوه سود مه‌نده؛ یه‌که‌م بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زمونی کادره قه‌دیمیه‌کان بۆ نه‌وه‌ی تازه‌ی هه‌ڵسوڕاوانی حیزب و کادره لاوه‌کانی، دووه‌م جۆرێک له مشت و مڕی (جه‌ده‌لی) فکری و سیاسی ده‌خوڵقێنێ له‌ناو حیزب‌دا که تا کادر و ئه‌ندامان قوڵتر ده‌رک به ڕیشه‌ی تیۆری و فکری تاکتیکه‌کانیان و به‌گشتی به بزووتنه‌وه و چالاکیه عه‌مه‌لیه‌کانی خۆیان بکه‌ن، وه زیاتر هه‌ست به جیاوازی خۆیان بکه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌وت و جه‌ره‌یاناتی فکری و سیاسی تردا. به‌ڵام گرفته‌که له‌وه‌دایه که له‌م ئاسته‌دا بمێنێته‌وه و ببێته سیستمێکی حیکایه‌ت گێڕانه‌وه، چیرۆک دروست کردن و خۆکردن به پاڵه‌وان له ڕابردوودا، ئه‌مه له‌کاتێکدایه که مه‌سه‌له‌ی ئه‌سڵی ئه‌وه‌یه له ئێستادا وه‌ک پاڵه‌وان بێیته مه‌یدان.
له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ڕۆژانه ناڕه‌زایه‌تی [کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان، توێژه جۆراوجۆره‌کانی ناو کۆمه‌ڵ که خوازیاری خۆشگوزه‌رانی و ئازادین له‌بواره جیاجیاکاندا] له ئارادایه ئه‌ڵقه‌ی ئه‌سڵی ئه‌وه‌یه که ئایه چۆنچۆنی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه جۆراوجۆرانه لێک هه‌ڵپێکرێن له بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌راسه‌ریدا و کۆمه‌ڵگه هه‌ڵته‌کێنێ و سه‌رله‌نوێ بنیاتی بنێته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمێکی ئابوری-کۆمه‌ڵایه‌تی تازه؟. ژیانی ڕێکخراوه‌یی ناو هه‌ر حیزبێکیش ئاوایه که ئایه له‌هه‌ر سه‌رده‌مێکدا کادرێک یان فراکسیۆنێک له کادره‌کان ده‌توانن پلاتفۆڕمێک بده‌نه ده‌ست له‌به‌رامبه‌ر گیروگرفته‌کانی به‌رده‌م حیزبه‌که‌یاندا که ته‌واوی ئینێرژیه‌کانی حیزبه‌که‌یان ڕووه و لایه‌کی دیاری کراو که‌نالێزه بکرێت و ئه‌م حیزبه له سه‌رلێشێواوی بێنێته‌ده‌ره‌وه، هه‌ڵی ته‌کێنێت و سه‌ر له‌نوێ دایبڕێژێته‌وه.، له‌م دۆخه ناهه‌مواره بیهێنێته ده‌ره‌وه و ڕوه‌و پێشڕه‌وی و سه‌رکه‌وتنی به‌رێت؟. نمونه‌یه‌کی زیندوو له چه‌پی سه‌رده‌می تازه‌دا ڕێکخراوی "یه‌کیه‌تی تێکۆشانی کارگه‌ران" بوو که ناسرابوو به "کارگه‌ران" سێ 3 کادر [موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، ئه‌مجه‌د غه‌فور و نادر عبدالحمید] توانیان پلاتفۆڕمێک بخه‌نه به‌رده‌م ئه‌م ڕێکخراوه له ساڵی 1984 دا، که ئه‌و کاته ئه‌و ڕێکخراوه له قه‌یرانێکدا بوو. ئه‌و پلاتفۆڕمه توانی ئه‌و ڕێکخراوه له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵته‌کێنێت و سه‌رله‌نوێ له شکڵی ڕێکخراوێکی تردا دای بڕێژێته‌وه به‌ناوی "ڕه‌وتی کۆمۆنیست". وه چه‌پ و کۆمۆنیزمی ئه‌و کاته که به مارکسیزمی شۆرشگێر ناوی ده‌برا چه‌ندین هه‌نگاو به‌ره‌وپێش به‌رێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره نه‌کرایه له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌و ئینێژی و ئیمکاناته به‌شه‌ری و مادی و ڕێکخراوه‌یییه‌ی که هه‌بوو بۆ خزمه‌ت به چه‌پ، کۆمۆنیزم و کرێکار به‌جۆرێک په‌رت وبڵاو ده‌بۆوه و له به‌ین ده‌چوو له‌و قه‌یرانه‌ی ناو ڕێکخراوی "کارگه‌ران"دا. نمونه‌یه‌کی تر پلاتفۆڕمی هاوڕێ مه‌نسوری حیکمه‌ت بوو بۆ پێکهێنانی "حککع" له ڕێکخراوه چه‌په‌کانی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو. ئه‌و پلاتفۆڕمه چه‌پی ئه‌و کاته‌ی کوردستانی سه‌رله‌نوێ داڕشته‌وه و ئینێرژیه‌کانی که‌نالیزه کرد. [چاره‌نوسی ئه‌و حیزبه ئێستا چی لێهاتوه شوێنی باسی ئێستا نیه].
به‌ڵێ هه‌روه‌ک وتمان له ناو هه‌موو ڕێکخراوه‌یه‌کی سیاسی و حیزبێکدا ناڕه‌زایه‌تی و ره‌خنه هه‌میشه هه‌یه، به‌ڵام ناکرێ له‌خۆته‌وه ئیراده گه‌رایانه ئه‌مانه کۆبکه‌یته‌وه و پلاتفۆڕم و فراکسیۆنیان له‌سه‌ر دروست بکه‌ی. به‌ڵکو پلاتفۆڕم خستنه‌ڕوو وه فراکسیۆن دروست کردن زه‌روره‌تێکی بابه‌تی مێژویی ده‌یهێنێته پێشه‌وه. ئه‌ویش له دوو حاڵه‌تدا. حاڵه‌تی یه‌که‌م که جێگه مه‌به‌ستی ئێمه‌یه لێره‌دا و باسی لێوه ده‌که‌ین، ئه‌وه‌یه که مامه‌ڵه‌ی خه‌تی ڕه‌سمی و زاڵی هه‌ر حیزبێک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه پاش ماوه‌یه‌ک به‌رهه‌مه‌کانی ده‌رده‌که‌وێت و له توندپێچێکی (ئینعیتاف) مێژوویی و ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی کۆمه‌ڵگه‌دا توشی قه‌یران و سه‌ر لێشێواوی ده‌بێت و بۆچون و نه‌خشه‌ی فکری و سیاسی جیاجیا ده‌خرێته‌ڕوو بۆ هاتنه‌ده‌ره‌وه له‌م قه‌یران و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی که ئه‌و حیزبه تێی که‌وتووه. دروست ئه‌مه‌ی ئێستا له‌و بۆچون و لێکدانه‌وه سیاسیه جیاجیایانه‌ی که له لایه‌ن رابه‌رانی خودی "حککک" و "حککع" ده‌خرێنه ڕوو وه‌ک ڕێگه‌چاره‌ی فارس- سامان و ڕێبوار ئه‌حمه‌د، ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌نگه‌شه‌یه‌کی فکری-سیاسیه که هه‌ردوو ئه‌و حیزبه‌ی گرتۆته‌وه.
ئه‌م ته‌نگه‌شه فکری-سیاسیه له‌سه‌ره‌تایدایه و هێشتا نه‌بووه به قه‌یرانێکی ڕێکخراوه‌یی و پۆلاریزه‌بوونی کادره‌کان به‌ده‌وری ڕێگه‌چاره و پلاتفۆڕمی جیاجیادا و سه‌رهه‌ڵدانی فڕاکسیۆنی جیاواز به‌ده‌وری ئه‌و پلاتفۆڕمانه‌دا.
ئێستا ئه‌و چرکه ساته مێژوییه‌یه که خه‌تی ڕه‌سمی ئه‌و حیزبه "حککک" توشی سه‌ره‌گێژه بوه و له په‌له‌قاژه‌ی خۆ ڕزگارکردندایه. ئه‌وه ئه‌و چرکه ساته‌یه که ئه‌گه‌ر کادرێک یان چه‌ند کادرێک شکۆمه‌ندانه بێنه مه‌یدان و ده‌ست پێشکه‌ری بکه‌ن له خستنه‌ڕووی پلاتفۆڕمێک که هه‌ڵگری ڕه‌خنه‌یه‌کی لینینیانه بێت، به‌ر بگرێت به ئۆپۆرتۆنیزم و ڕه‌خنه‌ی ڕیفۆڕمیستییانه، ئه‌م کۆنفراسه ده‌توانێت فرسه‌تی ده‌ست پێشکه‌ریه‌کی وابێت ئه‌گه‌ر یه‌که‌م ماتریالێک [کادرێک لانی که‌م یان کادرگه‌لێک] ئه‌سڵه‌ن مه‌وجود بێت له‌ناو ئه‌و حیزبه‌دا. دوه‌م ئه‌و ماتریاله‌ی ئه‌و ئه‌رکه له‌و ئاسته‌شدا بێت له ده‌رک کردن به‌و چرکه ساته مێژووییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ست پێشکه‌ریه عه‌مه‌لیه بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌گه‌ره مه‌وجود نه‌بێت ئه‌وا ئۆپۆرتۆنیزم و ڕه‌خنه‌ی ڕیفۆڕمیستانه به‌ئاسانی و بێ ده‌ردی سه‌ری له‌ناو ئه‌م حیزبه‌دا جێده‌که‌وێت تا ده‌ودره‌یه‌کی تر که توشی سه‌ره‌گێژی دێته‌وه.
3- ئۆپۆڕتۆنیزم، هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی ڕابه‌رایه‌تی.
ئه‌م "قه‌یران"ه له‌لایه‌ن ڕبه‌رایه‌تیه‌که‌یه‌وه په‌رده‌پۆش و پاکانه ده‌کرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ردو سکرتێری "حککک" و "حککع " و ئه‌ندامێکی مه‌کته‌ب سیاسیه‌که‌ی ئه‌و حیزبه پێ هه‌ڵده‌ستن. وه له‌وانه‌شه ئه‌و تیۆری داتاشینانه بتوانێت قه‌ناعه‌ت بکات به به‌شی زۆری کادر و ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حیزبه. ئه‌مه له‌لایه‌نێکیدا په‌یوه‌سته به ئاستی هوشیاری فکری-سیاسی و چاوکراوه‌یی کادره‌کان.
به‌شداری "حککع" له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیدا فاکتۆرێکی بابه‌تیه له‌م نێوه‌دا که گه‌رچی بوه هۆی ده‌رخستنی ئه‌م سه‌ره‌گێژیه‌ی "حککک" له‌سه‌ره‌تادا، به‌ڵام خودی مه‌شغوڵ بونی ئه‌و دو حزبه به پڕۆسه‌ی خۆئاماده‌کاری ته‌کنیکی و سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌که سه‌رگه‌رمیه‌ک بۆ کادره‌کان دروست ده‌کات، مه‌شغوڵیان ده‌کات و قه‌یرانه فکری و سیاسیه‌که‌یان لا کاڵ ده‌کاته‌وه و لایان ده‌بێته شتێکی په‌راوێزه‌یی ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین بیریانده‌باته‌وه. له‌م ڕێگه‌یه‌وه ڕابه‌رایه‌تی "حککع" زۆر به‌ئاسانی و ڕابه‌رایه‌تی "حککک"یش به که‌مێک مینگه‌مینگی ڕه‌خنه‌ی له‌چه‌شنی ئه‌وه‌ی ڕێبوار ئه‌حمه‌د، له‌م ته‌نگه‌شه‌یه دێنه‌ده‌ره‌وه.
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دروست وه‌ک ئه‌وه وایه که قه‌یارنی ئابوری سه‌رمایه‌داری زه‌مینه‌ی به‌رپابوونی شۆڕشی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان ده‌ڕه‌خسێنێ، به‌ڵام ڕودانی ئه‌و شۆڕشه له وڵاتێک‌دا (یان له چه‌ند وڵاتێک‌دا) شتێکی حه‌تمی نیه و په‌یوه‌سته به جۆره‌ها کارکرد و فاکتۆری ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌وه. ئه‌م ته‌نگه‌شه (به‌مانایه‌ک قه‌یرانه) فکری-سیاسیه‌ی ناو ئه‌م ڕه‌وته‌ش به هه‌ردوو حیزبیه‌وه په‌یوه‌سته به جۆره‌ها کارکرد و فاکتۆری ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌وه که ئایه هه‌ر له‌شوێنی خۆی له‌بار ده‌برێت؟ یان په‌ره‌ده‌ستێنێ و پلاتفۆڕمی جیاجیای بۆ ده‌خرێته ڕوو، وه ده‌سته‌یه‌ک له کادران په‌یدا ده‌بن که به‌م بارودۆخه‌ی ئێستا ڕازی نه‌بن و هه‌ڵگری ئاڵای گۆڕان بن له ناو ئه‌و حیزبه‌دا؟
سه‌ره‌تا ڕۆشنه که ڕابه‌رایه‌تیه‌که‌ی نا‌چێته ژێرئه‌وه که ئه‌مه ته‌نگه‌شه (به‌مانایه‌ک قه‌یران)ێکی فکری- سیاسیه له گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ناچاره که باسی لێوه بکات وه‌ک گیروگرفتێک که یه‌خه‌ی گرتووه و هه‌وڵ ئه‌دات پینه‌وپه‌ڕۆی بکات [بڕوانه دواین چاوپێکه‌وتنی خه‌سره‌و سایه له‌گه‌ڵ سکرتێری حککک عوسمانی حاجی مارف]. هه‌روه‌ک به‌شێک له تیۆریسن و تۆژه‌ره‌وه ئابوری ناسه‌کانی بورژوازی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ربه مه‌کته‌بی لیبرالیزمی نوێن، ئه‌سڵه‌ن ناچنه ژێر ئه‌وه که ئه‌و هه‌موو داروخانه‌ی دامه‌زراوه مالی، بانکه‌کان و کۆمپانیا پیشه‌سازی و بازرگانیه‌کان له سه‌راسه‌ری جیهاندا به قه‌یران له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا باس له گیروگرفت ئه‌که‌ن و له هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنیدان. هه‌وڵوته قه‌لاکانی فارس و سامان و له ئێستاشدا سکرتێری "حککک" له‌م چوار چێوه‌یه دایه.
هه‌ر له‌ئێستاوه به‌رله‌وه‌ی "به‌ره‌ی ڕه‌خنه" خۆی ده‌رخات، "به‌ره‌ی دژه ڕه‌خنه" هێرشی ئۆپۆرتۆنیستانه‌ی خۆی ده‌ست پێکردوه و ئه‌یه‌وێت له‌سه‌ره‌تاوه تۆوی هه‌رجۆره ڕه‌خنه‌یه‌ک به‌ره‌وڕوی ڕابه‌رایه‌تی له‌ناو منداڵدانی ئه‌و حیزبه‌دا له‌بار به‌رێت و نه‌هێڵێت ببێته کۆرپه‌یه‌ک.
4- په‌یامی سیاسی ڕێبوار ئه‌حمه‌د بۆکادره‌کان.
ئه‌گه‌ر که‌مێکیش له کادر و ئه‌ندامان ئه‌و لێدوانه‌وه و بۆچونه‌یان به‌لاوه په‌سند نه‌بوو که ڕابه‌رایه‌تی هه‌ردوو حیزب ڕای ده‌گه‌ێنن، ئه‌وا ده‌توانن وه‌ک بۆچونه‌که‌ی ڕێبوار ئه‌حمه‌د که "ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون ئه‌بوا له کوردستانیشدا بچنه ناو پڕۆسه‌که‌وه" مافی ڕا و بۆچونی جیا بۆ کادره‌کان به ڕه‌سمی بناسرێت و له ماڵی خۆیان دانیشن و عاقڵانه باس له ئیختلافاته‌کانیان بکه‌ن به‌ڵام هیچ پلاتفۆڕمێک نه‌خه‌نه‌ڕوو له به‌رامبه‌ر بۆچون و هه‌ڵوێسته‌که‌ی هه‌ردو "سکرتێر"دا. هه‌ڵوێست و بۆچونه ڕه‌خنه‌گرانه‌که‌ی ڕێبوار ئه‌حمه‌د گه‌رچی ڕه‌سمیه‌تیک ئه‌دات به نادروستی و هه‌ڵه‌یی ئه‌و تاکتیکه‌ی له‌واقیعدا پێویسته بڵێین که هی هه‌ردوو حیزبه به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان، به‌ڵام بایه‌خه سیاسیه‌که‌ی له‌وه‌دایه که به کادره‌کان ده‌ڵێت ڕاسته حیزبمان هه‌ڵه‌ی کردوه، وه ئێوه هه‌قتانه که ناڕه‌زایه‌تیه‌ک ده‌ربڕن له‌وه‌ی که ئه‌و ڕابه‌رایه‌تیه خۆتان و گشت حیزبه‌که‌شتانی توشی ته‌ریق بونه‌وه‌ی سیاسی کردوه له‌به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام گرینگ نیه بچنه‌وه ماڵێ عاقڵ دانیشن بۆخۆتان، ڕابه‌رایه‌تی خۆی ده‌زانێت چۆن حه‌کیمانه چاره‌سه‌ری بکات. ئه‌وه جه‌وهه‌ری په‌یامه ڕه‌خنه‌گرانه‌که‌ی ڕێبوار ئه‌حمه‌ده.
ئه‌مه دروست ده‌وری هه‌مو خه‌تێکی ڕیفۆڕمیسته که له پێناو ڕاگرتنی وه‌زعی مه‌وجوددا ناچاره پاشه‌کشه‌یه‌ک بکات و دان بنێ به هه‌ندێ له خواست و ناڕه‌زایه‌تیدا به‌ڵام له پێناو کۆنتڕۆل کردنی بارودۆخه‌که‌دا.
ئه‌وه که ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌م قاڵبه‌دا ئه‌خرێته‌ڕوو، وه نایه‌وێت به‌رزبێته‌وه بۆ ئاستێک که‌ده‌ست به‌رێت بۆ ڕیشه‌کانی ئه‌و تاکتیکه‌ی بایکۆت کردنه و پلاتفۆڕمێک بداته ده‌ست کادره‌کان، په‌یوه‌ست نیه به بونی توانا فکریه‌کانی ڕێبوار ئه‌حمه‌د‌ه‌وه وه من دڵنیام له‌وه که ئه‌و توانا فکریه مه‌وجوده، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که گرێیه‌کی سیاسیه نه‌ک بون و نه‌بونی توانایه‌کی فکری. سیستمی ته‌فه‌کور و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی سیاسی ئه‌و توانا فکریانه له قاڵب ده‌دات و ناهێڵێ ڕێبوار ئه‌حمد ده‌ست بۆ ڕیشه‌ی مه‌سه‌له به‌رێت. به‌ڵێ گه‌رچی توانای تیۆری و فکری کادره‌کان، به‌ڵکو هه‌تا بگره تایبه‌تمه‌ندیه فه‌ردی و ڕه‌فتاری شه‌خسی هه‌ر کادرێک ڕۆڵی خۆی هه‌یه له‌ناو هه‌ر حیزبێکدا، به‌ڵام به‌پله‌ی یه‌که‌م ئه‌وه سیستمی ته‌فه‌کوری سیاسیه که یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی چاره‌نوسی حیزبه‌که‌یه نه‌ک ئاستی تیۆری و فکری، نه‌ک تایبه‌تمه‌ندیه فه‌ردی و ڕه‌فتاری شه‌خسی کادره‌کان.
ده‌ورو ڕۆڵی سیستمی بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی وه‌ک ده‌ورو ڕۆڵی په‌یوه‌دیه‌کانی به‌رهه‌م هێنانه به‌سه‌ر هێزه‌کانی به‌رهه‌م هێنانه‌وه که چۆن ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ئه‌م هێزه‌ی به‌رهه‌مهێنان کۆنترۆڵ ده‌کا و ناهێڵێت پێشڕه‌وی بکات، ئالێره‌شدا سیستمی فکری کۆنترۆڵی هێزی تیۆری ده‌کات و ناهێڵێ بگاته ئاستی ده‌ست بردن بۆ ڕیشه‌ی مه‌سه‌له‌کان.
تێبینی: له‌به‌شی سێهه‌مدا ئه‌م خاڵانه باس ده‌که‌ین.
بوئسی سیاسی حیزب. به‌رز نه‌بونه‌وه‌ی به‌شێک له کادرانی خاوه‌ن ئیختیلاف له‌ناو حیزب‌دا بۆ ئاستی فراکسیۆن. ڕه‌خنه‌ی لینینی . معیاره‌کانی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م کۆنفراسه ئه‌بێ چی بێت؟. ….نادر عبدالحمید
4 ی نۆڤه‌مبه‌ری 2009