Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و به‌رهه‌م صاڵح…كامیان جیاوازن ….. مه‌جید ساڵح

ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و به‌رهه‌م صاڵح…كامیان جیاوازن ….. مه‌جید ساڵح

Closed
by November 6, 2009 گشتی

 

ره‌نگه‌ لێچون و جیاوازی زۆر هه‌بن له‌ نێوان دكتۆر به‌رهه‌م صاڵح و دكتۆر ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویست بكات خوێنه‌ر له‌ رێگه‌یه‌وه‌ به‌راوردێك بكات له‌ نێوان ئه‌و دوو كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌دا چه‌ند دانه‌یكن، له‌ خواره‌وه‌ ده‌یانخه‌مه‌ڕوو.
 به‌رهه‌م صاڵح دكتۆراكه‌ی له‌ بواری ئامارو كۆمپیوته‌ردایه‌، به‌ڵام  دكتۆراكه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ بواری ئه‌ندازیاری پلاندانانی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و ترافیكه‌. دوو بواری زۆر لێك جیاوازن، به‌ڵام جیاوازیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رهه‌م صاڵحه‌وه‌، نه‌ خودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كه‌ تاوه‌كو ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ وتنه‌وه‌ی وانه‌ له‌ زانكۆ، نه‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیشی باس له‌ بڕوانامه‌كه‌ی ناكه‌ن و خۆی پێوه‌ هه‌ڵناكێشێت.
رویه‌كی لێكچونی دیكه‌ی هه‌ردوكیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ گه‌رمه‌ی شۆڕشی كورد و گه‌لانی ئێراندا هه‌ردوكیان رۆڵیان نه‌بووه‌، كه‌چی ئێستا ئه‌م له‌ كوردستان و ئه‌ویش له‌ ئێران له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدان.
 به‌ پێچه‌وانه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م كه‌ خۆی به‌ كه‌سێكی دیموكرات و مۆێرن و نزیك له‌ ئه‌مریكا ده‌زانێت، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد خۆی به‌ ملكه‌چی ولایه‌تی فه‌قی و ئوسوڵگه‌را و دژ به‌ ئه‌مریكا له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و پێی وایه‌ ئه‌مریكا شه‌یتانی گه‌وره‌یه‌.
دكتۆر به‌رهه‌م صاڵح له‌ لایه‌ن حزبه‌كه‌ی و حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه‌ وه‌زیره‌كانی بۆ داده‌نرێت، كه‌چی نه‌ژاد خۆی وه‌زیره‌كانی كاندید ده‌كات.
به‌رهه‌م صاڵح له‌ رۆژی دانیشتنی په‌رله‌ماندا ناوی وه‌زیره‌كانی و كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌خاته‌ به‌رده‌ست په‌رله‌مانتاره‌كان، كه‌چی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دوو هه‌فته‌ پێش دانیشتنی په‌رله‌مان، ناوی وه‌زیره‌كانی ده‌نێرێت بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران ماوه‌یان هه‌بێت زانیاری ته‌واویان له‌ سه‌ر كۆكه‌نه‌وه‌.
نه‌ژاد یه‌كه‌ یه‌كه‌ وه‌زیره‌كانی ده‌ناسێنێت به‌ په‌رله‌مانتاران و هه‌ریه‌كه‌یان 5 په‌رله‌مانتار به‌ پۆزه‌تیڤ و 5 په‌رله‌مانتار به‌ نێگه‌تیڤ قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت. دواتر دوو له‌ وه‌زیره‌كانی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ متمانه‌یان پێ نابه‌خشرێت.. كه‌چی دكتۆر به‌رهه‌م وه‌زیره‌كانی به‌ یه‌ك پاكێچ ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی په‌رله‌مان و بێ هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ رابردوو تواناو لێهاتویان، به‌ ده‌نگی لیسته‌كه‌یان پاكیان متمانه‌یان پێده‌به‌خشرێت.
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد وا به‌ناوبانگه‌ دژی رۆژنامه‌گه‌ری ئازاده‌، كه‌چی دكتۆر به‌رهه‌م  له‌ بونه‌و مۆنه‌كاندا خۆی به‌ دۆستی رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد ده‌زانێت. مه‌راسیمی متمانه‌ به‌خشین به‌ وه‌زیره‌كانی نه‌ژاد به‌ شێوه‌ی "زنده‌" له‌ ته‌له‌فزیۆنی ئێران په‌خش ده‌كرێت، كه‌چی له‌ رۆژی متمانه‌ به‌خشین به‌ خۆی و وه‌زیره‌كانی، حیمایه‌كانی رێگه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵی راگه‌یاندن ناده‌ن روماڵی مه‌راسیمه‌كه‌ بكه‌ن.
ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك لێكچون و جیاوازی له‌ نێوان پیاوه‌ دیموكراته‌ پێشكه‌وتوخوازه‌كه‌ی له‌ مه‌ڕ ئێمه‌و پیاوه‌ ئسوڵگه‌راكه‌ی ئێران.كامیان جیاوازن..

Previous
Next