دهسهڵاتو سزای مێگه‌ل …. نووسینی: فوئاد عه‌بدولڕه‌حمان
دوو حزبی سه‌ره‌کی (یه‌کێتی‌و پارتی) له کوردستانی باشووردا له رۆژی نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسه‌وه، واته له ساڵی 1991ه‌وه، به کرداریی ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست. ده‌سه‌ڵات له بڕیار به پاڵپشتی هێزی میلیشیاو پاسه‌وانی حیزبی (که به پێشمه‌رگه ده‌ناسرێن)و به یارمه‌تیی لۆجیستیی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی. ئه‌م دوو حزبه سه‌ره‌کییه له ماوه‌ی هه‌ژده ساڵی رابردوودا، له سه‌ره‌تاوه، به پێی پێداویستیی مێژوویی‌و به پێی باری ئاساییشی‌و سه‌ربازیی هه‌رێمایه‌تیی کوردستان‌و ناوچه‌که‌و به ئه‌مری واقع، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و ئیداری‌و دارایی خۆیان به‌سه‌ر تاکی کوردی‌دا سه‌پاندووه.
من لێره‌دا، به مه‌به‌ستی چوونه نێو باسه‌که‌وه، له‌م پرسیارانه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م، ئایا ده‌سه‌ڵات چییه؟ بۆچی مرۆڤ ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ؟ چ پاڵنه‌رێک له سرووشتی مرۆڤدا هه‌یه، که حه‌ز له‌وه بکا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ، یان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بێ؟ ئایا هه‌وڵدان‌و تێکۆشانی که‌سانێ، بۆ ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست، بۆ ئه‌وه‌یه، که بیانه‌وێ له باوه‌ڕێکه‌وه خزمه‌ت پێشکه‌شی مرۆڤه تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یان بکه‌ن؟ یان ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ غه‌ریزه‌یه‌کی تێدایه، وه‌کو به‌شێ له غه‌ریزه‌کانی‌تری، وه‌ک: غه‌ریزه‌ی مانه‌وه بۆ ژیان‌و غه‌ریزه‌ی هێزو غه‌ریزه‌ی تێربوون له خۆراک‌و غه‌ریزه‌ی سێکس‌و له‌زه‌ت‌و غه‌ریزه‌ی ترس‌و مردن‌و.. هتد؟
فرێدریک نیتچه ده‌ڵێ: "هه‌وڵدان بۆ ده‌سه‌ڵات زیاتر هیچی‌تر نییه له‌وه‌ی، که مرۆڤ ده‌یه‌وێ هێزی خۆی به‌سه‌ر تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یدا بسه‌پێنێ." نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو ده‌ڵێ: "سه‌ره‌کیترین بنچینه‌و پاڵنه‌ر له ره‌فتارکردنی مرۆڤدا ئه‌و غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌یه، که له سه‌رووی هه‌موو غه‌ریزه‌کانی‌تره‌وه‌یه." ده‌ڵێ: "مرۆڤ ئه‌و کاته ئه‌و غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ی تێرده‌بێ‌و داده‌مرکێته‌وه، که گه‌یشتبێته پله‌ی (سوپه‌رمانی). کاتێ، که ده‌گاته ئه‌و ترۆپکه، ئه‌وجا هه‌موو غه‌ریزه‌کانی‌تری ده‌که‌ونه ژێر سێبه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی بۆی دێته ده‌ست." واته ئیتر به ئاسانی هێزی ده‌بێ، سامانی ده‌بێ، خۆراکی ده‌بێ، سێکسی ده‌بێ، ترسی نامێنێ‌و واش بیرده‌کاته‌وه، که مردن بۆ تاکه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و بن‌و بۆ خۆی نه‌بێ." ده‌سه‌ڵاتدار، کاتێ، که له قۆناغی ئه‌وه‌دا ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی نه‌گرتبێته ده‌ست، ئازادی بۆ هه‌موو تاکه بنده‌سته‌کان به ره‌وا ده‌زانێ، به‌ڵام، که گه‌یشته ئه‌و قۆناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ئیتر ئازادی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، که هه‌ر بۆ خودی خۆی بێ‌و (تاک)یش، به واتای (مێگه‌ل) له‌ژێر په‌یڕه‌وی فرمانی بێ‌و له سنووری ئه‌و یاسایانه‌ی، که بۆی داده‌نێ ده‌رنه‌چێ، ئه‌گینا بۆی ده‌بێ به هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌و گوناه‌و به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵه‌و گوناهانه‌ی ده‌یانکا ده‌که‌وێته به‌ر لێپرسینه‌وه‌و سزا، ئه‌رکی سه‌رشانی تاک ئه‌وه ده‌بێ ، که پابه‌ند بێ به‌و یاسایانه‌وه، که ده‌سه‌ڵات بۆی دیار ده‌کا. به‌رامبه‌ر به‌و ئه‌رکانه‌ی، که له‌سه‌ر ئه‌ستۆی مرۆڤی تاکه له نێو کۆمه‌ڵدا، که ده‌یکا، پاداشته‌کانی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ئه‌وه ده‌بێ، که به‌و هێزه‌ی له‌به‌رده‌ستیایه‌تی، که به حکومه‌تی مێگه‌ل ده‌یکا، ئه‌وه‌یه ئاساییش‌و بژێویی ژیانی بۆ دابین بکا. بۆ نموونه: تاک، که هه‌ڵه‌ی کرد ده‌بێ به سزا بگا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باری ئاساییش‌و بژێویی کۆمه‌ڵ تێکده‌دا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدار، که هه‌ڵه‌ی کرد، سزا نایگرێته‌وه، چونکه هێزی هه‌یه‌و ده‌زانێ مرۆڤی تاک بێ هێزه‌و توانای نییه ئه‌و هێزو شه‌رعیه‌ته‌ی بۆ هاتۆته ده‌ست، تا به خوێن ڕشتن نه‌بێ‌و دروستکردنی توندوتیژی نه‌بێ، واته به دروستکردنی باری نائاساییشی‌و مه‌ترسی نه‌بێ، لێی ناسه‌ندرێته‌وه، چونکه ده‌شزانێ، که مرۆڤی تاک (هه‌موو کاتێ)، له‌پێناو مانه‌وه‌ی له ژیاندا‌و له حه‌زنه‌کردنی له مردن‌و له‌به‌ر دابینکردنی غه‌ریزه‌کانی‌تری، جگه له غه‌ریزه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر چی بیریشی لێبکاته‌وه، به‌ڵام ناتوانێ خۆی بکا به (دوژمن)ی ده‌سه‌ڵات، یان خۆی یاخی بکاو یان رێگای هه‌ڵاتن بگرێته به‌ر، یان شۆڕش بکا.
هه‌ڵبه‌ت له مێژوودا، هه‌ر له کۆنه‌وه چه‌ند شێوازێ له ململانێی نێوان (پاشا‌و ره‌عیه‌ت)، (ئاغا‌و کۆیله)، (ده‌وڵه‌ت‌و جه‌ماوه‌ر) تاقیبۆنه‌ته‌وه. له‌و تاقیبوونه‌وانه‌دا (ده‌ربارو ده‌ست‌و پێوه‌ند، کوێخاو میرزا، کارمه‌ندانی دام‌و ده‌زگاکانی حکومه‌تی مێگه‌ل)، هه‌موو ئه‌مانه، وه‌ک ئامڕازی نێوه‌ند له‌و شێوازی ململانێیانه‌دا به‌کارهاتوون.
له سه‌رده‌مانی کۆمه‌ڵگای کۆنی ئه‌فسانه‌یی‌و قاره‌مانێتیدا، مرۆڤه‌کان (تیمۆس)یان ویستووه. تیمۆس به واتای ئه‌وه دێ، که مرۆڤه‌کان له کۆندا لاسایی ئه‌و نیمچه خوداوه‌ندانه‌یان کردۆته‌وه، که له کولتووری ئه‌فسانه‌ییاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌و لاساییه‌یان ئه‌وه بووه، که له بریی ئازادی، (تیمۆس)یان خواستووه.
(تیمۆس) له زمانی گریکه‌کاندا به واتای (که‌رامه‌ت) هاتووه. که‌رامه‌ت بۆ ئه‌وان گرنگتر بووه له ئازادی. ئه‌و سه‌رده‌مانه مرۆڤه‌کان قاره‌مان بوون، هه‌میشه له زۆراندا بوون. له‌به‌ر ئه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی قاره‌مانی بنوێنن، له ته‌مه‌نی گه‌نجییاندا، له زۆراندا کوژراون. ته‌مه‌نیان درێژ نه‌بووه. قاره‌مان بوون، به‌ڵام له هه‌مان کاتێشدا کۆیله بوون. له‌و پێشمه‌رگانه چوون، که له مێژووی شۆڕشی چه‌کداریی ئێمه‌دا به خواستی خۆیان ئه‌و رێگه سه‌خته‌یان هه‌ڵبژاردووه‌و له ملمانێ له گه‌ڵ رژێمدا رووبه‌ڕووی مردن بوونه‌ته‌وه، زۆریان به گه‌نجێ شه‌هید بوون، یان له شه‌ڕی پێشمه‌رگایه‌تی، یاخود له ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندان‌و له سێداره. رێگای (یان کوردستان، یان نه‌مان)یان هه‌ڵده‌بژارد. به واتایه‌کی‌تر، تاکی کورد له قۆناغی شۆڕشی پێشمه‌رگایه‌تیدا بیرکردنه‌و‌ی (تیمۆسیانه)ی هه‌بووه، ئازایه‌تیی خواستووه، به واتا قاره‌مانیه‌تییه تیمۆسییه‌که، نه‌ک ئازادی به‌و واتا سه‌رده‌مییه‌که‌ی ئێستا. بیرکردنه‌وه‌ی بۆ ئازادی له‌و بیرکردنه‌وه (سپارتاکۆسییانه) چووه، که له کتێبی چیرۆکی سه‌رده‌می رۆمانه‌کاندا ده‌یخوێنینه‌وه.
له دوای ئه‌و قۆناغه‌وه قۆناغێکی‌تر له ململانێی نێوان دهسهڵاتو مرۆڤی تاک هاتۆته کایه‌وه، که ئه‌ویش قۆناغی سه‌رده‌مه‌کانی نێوه‌ڕاست بووه، که تیایدا مرۆڤی هه‌ڵه‌کار، یان گوناهکا‌ر، سزاکه‌ی به پێی شه‌رعی ئاسمانی، یان خودایی بووه‌و جێبه‌جێکاری ئه‌و سزایه پاشای ده‌سه‌ڵاتدار بووه. له‌و قۆناغه‌دا مرۆڤی تاک، که هه‌ڵه‌و گوناهی کردووه، نه‌خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا، به واتایه‌کی‌تر ناوی دوژمنی ده‌ره‌کیی له دژی ده‌سه‌ڵاتدار لێ نه‌نراوه. له‌به‌ر ئه‌وه سزادانه‌که‌ی هه‌ر له نێو کۆمه‌ڵگاکه‌دا بووه‌و هه‌ر به ئامڕازی (مێگه‌ل)یش جێبه‌جێکراوه. ئه‌م شێوازه له قۆناغی سه‌رده‌می ئاوه‌زگه‌رایی‌و رووناکگه‌رایی‌و رێنیسانسه‌وه، به تایبه‌تی له ئه‌وروپای رۆژئاوادا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی نوێی ئه‌وروپای رۆژئاوا، به گشتی، خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م لایه‌نه ئاوه‌زگه‌راییه هه‌یه، که تازه‌گه‌راییان لێوه خوڵقاند. خوێندنه‌وه‌کانیان بۆ کێشه‌ی نێوان دهسهڵاتو تاک زۆر بابه‌تییانه گرتووه؛ ئایینی، مۆڕاڵی، زانستی، ده‌روونی، لۆجیکی، زمانی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، رامیاری‌و زۆر لایه‌نی‌تریش.
له‌م قۆناغه‌دا پێوه‌ری په‌یوه‌ندیی نێوان دهسهڵاتو مرۆڤی تاک، به تایبه‌تی له دوای هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م‌و دووه‌مه‌وه، شێوازێکی نوێی وه‌رگرتووه، که ده‌توانین بڵێین شێوازی دیمۆکڕاسییه. واته شێوازی دروستبوونی نوێنه‌رایه‌تییه (په‌رله‌مانییه) بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان دهسهڵاتو مرۆڤی تاک. له‌م شێوازه دیمۆکراسییه‌دا بیرۆکه‌ی سزادانی مرۆڤی تاکی هه‌ڵه‌کارو گوناهکا‌ر گۆڕاوه به‌وه‌ی، که ده‌سه‌ڵات ده‌بێ هه‌ر مرۆڤێکی تاک به‌و جۆره پێوانه بکا، که ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له‌و یاسایانه بکا، که بۆی داده‌نێ، به پێی ده‌ستووری وڵاته‌که‌و به پێی بنه‌مای مافی مرۆڤایه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێ. به‌ڵام ئێستا له‌م شێوازه دیموکراسییه په‌رله‌مانییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردی‌دا، بیرۆکه‌ی سزادانی مرۆڤی تاکی هه‌ڵه‌کارو گوناهکا‌ر بۆته ئه‌وه‌ی ده‌بێته دوژمنێکی ده‌ره‌کی، یان به هه‌ڵگری ئایدیۆلۆجیه‌ت‌و بیر‌و باوه‌ڕێکی (نامۆیی) له قه‌ڵه‌م ده‌درێ. مرۆڤی تاکی کورد کرۆکی ناسنامه‌ی شۆڕشگێڕیی به ته‌واوی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه. بۆ نموونه، ئیمڕۆ پێوه‌ری دوو حزبی ده‌سه‌ڵات بۆ مرۆڤی تاکی کورد ئه‌مه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیریش بکاته‌وه ببێته ئۆپۆزیسیۆن، به نه‌یار ده‌ژمێردرێ. به‌ڵێ، له کاتێکدا ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه به نه‌یار ناژمێردرێ، که هیچ ره‌خنه‌و گله‌یی‌و گازنده‌یه‌کی به‌رامبه‌ر به هیچ شتێکی ده‌سه‌ڵات نه‌بێ. به واتایه‌کی‌تر، ئه‌و کاته مرۆڤی تاک، وه‌ک ئۆپزیسیۆن له لای ده‌سه‌ڵات په‌سه‌نده، که هه‌ڵه‌و گوناهه‌کانی ده‌سه‌ڵات به درێژایی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی، به راست‌و چاک بزانێ. ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێ بیر له گۆڕان نه‌کاته‌وه، چونکه ده‌سه‌ڵات به‌رنامه‌ی چاکسازیی‌و پاکسازیی (الاصلاح والتطهیر) داڕشتووه‌و کردوویه‌تی به به‌رنامه‌و پلان. ده‌سه‌ڵات، که بیر له چاکسازی‌و پاکسازی ده‌کاته‌وه، له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه، که تاک‌و مێگه‌لی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ی نه‌خۆشن‌و پێویستیان به چاره‌سه‌ر هه‌یه، یان پێویستیان به‌وه هه‌یه نه‌خۆشییه‌که‌یان ئابڵۆقه بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شه‌نه نه‌کا‌و زیان به باری ئاساییش‌و ئارامی‌و بژێویی ژیانی خۆی‌و مێگه‌له‌که‌ی نه‌گه‌یه‌نێ. ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه له چاکسازی‌و پاکسازییه، مێژووی له‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتی سه‌ده نێوه‌ڕاسته تاریکه‌کانی ئه‌وروپای رۆژئاواوه سه‌ریهه‌ڵداوه، که بزووتنه‌وه‌ی ئاوه‌زگه‌رایی‌و رووناکگه‌رایی‌و رێنیسانس‌و پاشان نهێڵیزمی نیچه‌یی چه‌ند سه‌ده‌یه‌که خستوویانه‌ته چاڵی مێژووه‌وه. به‌ڵام دیاره ده‌سه‌ڵاتی کوردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ مێژوو بیری فه‌لسه‌فی هێنده هه‌ژارو لاوازه، قۆناغی فیکری‌و سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیمڕۆی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌و بیری چاکسازی‌و پاکسازییه پێوانه‌یه ده‌کا، که له مێژه لای کۆمه‌ڵگا شارستانییه‌کاندا نه‌ماوه‌و به‌سه‌رچووه.
من لێره‌دا نموونه‌م ئه‌م پرسیاره‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی، که ئیمڕۆ له چ وڵاتێکی شارستاینیدا حزبێ ده‌ناسێ، چ له سه‌ر ده‌سه‌ڵات بێ‌و چ له ئۆپۆزیسیۆن بێ، به‌رنامه‌و پڕۆژه‌و پلانی حزبه‌که‌ی له دوایین (پلنیۆم)ی‌دا ئه‌وه بێ، که چاکسازی‌و پاکسازی له نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یدا بکا. بێگومان نایناسێ، چونکه بوونی نه‌ماوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوونی نه‌ماوه، چونکه بیرکرنه‌وه‌ی حزبی له وڵاتی شارستانیدا بیر له چاکسازی‌و پاکسازی، به هه‌ر واتا‌و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێ بێ، ناکاته‌وه، به شه‌رمی ده‌زانێ هه‌نگاری بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست، به‌ڵکو له بریی ئه‌وه، بیر له‌وه ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر مرۆڤه تاکه‌کانی ئازادییان که‌مه، ئازادییان زیاتر بۆ دابین بکا. بڕوام وایه ده‌مارگیرترین‌و توندڕه‌وترین پارت له وڵاتێکی شارستانی، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌بێ، به‌ڕێزه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌و ئه‌ندامی به پێی ژماره‌ی ده‌نگی خۆی کورسیی له په‌رله‌ماندا هه‌یه‌و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات به نه‌یاری نازانێ، یان به نه‌خۆشی سایکۆلۆجی نازانێ، که بیر له چاری چاکسازی‌و پاکسازیی بۆ بکاته‌وه‌و چالاکی‌و به‌رنامه‌ی پارته‌که‌ی بۆ ئه‌وه بێ ئۆپۆزیسیۆنه‌که‌ی جارێ بکا به به‌کرێگیراوی بێگانه‌و جارێ به نه‌یارو جارێ به نه‌خۆشی ده‌روونی.