Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سوپاس بۆ میهرەبانیتان..

سوپاس بۆ میهرەبانیتان..

Closed
by August 2, 2010 گشتی

 

دایکم (حاجی ئاسکۆڵ ) کەلەسییەکانی سەدەی بیستدا بەهەتیویی دایک و باوک، لەماوەت لەدایکبوو. بەگەنجی لەگەڵ ڕەحمەتی باوکمدا (حاجی شێخ حەمەئەمین ماوەتی ) لەکۆتایی چلەکانی سەدەی بیست هاتوونەتە سلێمانی و سەرەتا لەچوارباخ گیرساونەتەوە. لەشەست و حەوتدا خانویەکی گەورە لەکارێزەوشک دروستدەکەن، خانویەک پڕی بوو لەدارهەنجیر و زیاتر لەسەد کۆتری هاقووی بەغدایی . ئێوارانیش داڵانە درێژەکەی ماڵەکەمان ئیلهامی بەشێکی زۆری ڕۆمانەکەم (کەوتنەخوارەوەی گورگێک) بوو. ئیدی داڵانەکە دەبووە شوێنی حەوانەوەی شێتی پەڕەواز و دێوانەی ئازیز و دەروێشە ڕۆحانیەکانی تەریقەتەکان. باوکم خۆی بەکەسێک لەقەڵەمدەدا کەخودا بۆ تاقیکردنەوەی ئیمان و بڕوای بەمیهرەبانی خودایی ئەوی خەڵقکردووە، لەوبڕوایەدا بوو خودا لە(حەبلی وەرید) کەبەپێی قسەی موفەسیرین، نێزیکترین دەمارە لەگوێچکەوە نێزیکە بۆ مرۆڤ، خودا لەوە نێزیکترە. بۆ نێزکبوونەوە لەمیهرەبانی خودایی، بۆ تاقیکردنەوەی ئیمان مرۆڤ پێویستی بەنێوەندی ترنیە جگەلەویژدانی خۆی نەبێت، جگە لەدڵی خۆی نەبێت. لەباوکمەوە فێربووم، قسەکردن لەسەر میتافیزیک، لەسەر ڕۆح، لەسەر مۆڕاڵ، چاکە و خراپە، جگە لەڕەهەندە فەلسەفی و عیرفانیەکەی، چەندەها ڕەهەندی شیعری قوڵی هەیە، ئێستا لەم هەڵکشانەی تەمەندا خەریکە لەئەزمونی ئەدەبی خۆمەوە لەتێگەیشتنیان نێزیکدەبمەوە، بێگومان زیاتر لەڕەهەندە شیعرییەکەی.. دایکم، هەرچەندە وەک باوکم، سەعدی شیرازی نەخوێندبۆەوە بۆئەوەی لەو ئیشکالیەتە ڕۆحیانە تێبگات، بەڵام میهرەبانی و خۆشەویستی بۆ باوکم و ئێمە، ئەو وشانەی باوکمی مانادارتر و پراکتیزەتر دەکرد.
لەشەوانی پڕ ترس وتاریکەکانی ساڵی حەفتا چوار کەشۆڕشی بەهەشتی بارزانی لەگەرمەیدا بوو، شار پڕی بوو لەسەرباز و تانک و زرێپۆش، پڕی بوو لەبۆنی لاشەی ڕاکێشراوی پێشمەرگە و کوڕانی شار. من وەک مناڵێک تازە ڕەش لەسپی جیابکاتەوە لەڕێگەی مەکتەب لەگەڵ هاوەڵەکانمدا لەسەر ڕێگەکاندا دەوەستاین و سەیری لاشەی پێشمەرگەمان دەکرد، ئیمەی منداڵ پیاوەکانمان دەبینی بەدووی زرێپۆشەکانەوە پڕبەئاسمان دەقیژێنن و بەئاسانی ڕۆحیان دەرناچێت.. شەوانە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو هەموو ترسە لەڕۆحماندا، باوکم لەبەر بێ کارەبایی لەبەر چرا و دوای نوێژی عیشا کەلەمزگەوت دەهاتەوە، ئێمەی لەدەوری خۆی کۆدەکردەوە و کتێبی هەزارو یەک شەوە یان ڕۆستەم زۆراب، یان دیوانی حافزی دەکردەوە، چیرۆکەکانی ڕۆستەم و زۆرابی بەفارسی بۆ دەخوێندینەوە و بۆی دەکردین بەکوردی، کەچیرۆکی ئازایەتی و سەبر و وەفاداری و خیانەت و جەنگ بوو لەپێناو ئازادی و کەرامەت و ئەشقدا. ئیدی ترسی کوشتن و زەمەنی کوشتنی سەرجادەکان، لەخانوەکەدا دەڕوویەوە، ترس دەبوو بەچیرۆک و حیکمەتەکانی حافزی شیرازی، ئەوە ئێمەی لەکابوس و خەوی ناخۆش دەپاراست.
ڕۆشنبیری دایکم لەخۆشەویستی باوکمەوە سەرچاوەی هەڵگرتبوو، لەڕێگەی گوێگرتن بۆ دنیای ڕۆح، هێزیکی مۆڕاڵی پێدەبەخشین کەئیمەی مناڵانی ، من و خوشکەکانم و تاکە براکەم، لەدنیای دەرەوە نەترسین، لەزوڵم نەترسین، ئەوەش وەهای کرد کەسەید تایەری برام بەپانزە ساڵی بەشداری شۆڕشی حەفتاوچواربکات. باوکم لەکۆڕەوەکەدا کۆچی دوایی کرد، لەڕۆژێکدا شار چۆڵ، زۆر چۆڵ بوو. دایکمی بەتەنێ لەدنیایەکی ئاڵۆزتر لەجاران بەجێهێشت، لەشارێکدا لەدوای ڕاپەڕین دایکم گووتەنی: شەڕ و خێری تێدا تێکەڵبووە. ئای کوا پیاو و ژنە یەکی بەیەکیەکانی ئەمشارە.. ئاوەها دایکم سەفەری خۆی بەتەنێ دەستپێکرد، وەها هەستدەکەم تاوەکو کۆچی دوایی لە 28.06.2010، سەفەری ئافرەتێکی تەنها بوو لەدوای لەدەستدانی هاوسەرەکەی کەمیهرەبانی و خۆشەویستیەکی سەیر هەردووکیانی بەژیانەوە بەندکردبوو. خەفەتی برا پێشمەرگەکەم کاکە (سەید تایەر) و خەفەتی خوشکەکەم کەلەمەنفاکاندایە و لەدوای ڕاپەڕینەوە خەفەتی هیجرەتی من بۆ ڕووسیا، چونکە تاوەکو یەکەم تەلفۆنم دوای دووساڵ بۆی وایدەزانی لەسەر سنوری تورکیا کوژراوم، ئەو دووساڵە بڕوای نەدەکرد من ماوم و لەسۆڤیتی کۆن بووم، ئاخر ئەو زەمەنە لەسۆڤیەتی کەونی داڕووخاو، تەلەفۆن نەبوو بۆ کوردستان..بەڵام دەبێت ئەو سەبرە چی بێت خودایە لەدڵی دایکەکانماندا. لەهەموو سەفەریکدا کەدەگەڕامەوە دوعای بۆ دەکردین، دوعای بۆ دەکردم کەلەمەنفاکاندام و بەدووی ئەدەب و شیعر و فیکرم و هەمیشە نابووت و ونبووم لەژیانی ڕیالستیدا..ئاوەها دایکم لەڕۆژی 28.06.2010 لەپڕ دنیا جێدەهێڵێت…
ئەم دایکانە وەک هەموو ئەودایکە میژووی ئێمە، بەشێکن لەمێژوو ئەگەر هەموو مێژوونەبن. ئەو هێزەبوون، وەهای لێدەکردین لەدڕندەیەکی وەک بەعس نەترسین، لەفاشیەت سڵنەکەینەوە، ئێستاش ووزەیەکن بۆ گەڕان بەدوای مۆڕاڵێکی هیومانی. لەپشت مردنی هەر دایکێکەوە ‌ووزەیەکی بەجێماو هەیە وەک ڕۆحێکی ئاوارە دێتەوە نێومان و بەردەوامیمان پێدەبەخشێت.
لەم نوسینە کورتەدا دەمەوێت سوپاسی میهرەبانی هەمووتان بکەم، سوپاستان بکەم کەبەهەر شێوەیەک بۆتان کرابێت من و خانەوادەکەمتان بەسەر کردۆتەوە. سوپاسی خوێنەرە ئازیزەکانم دەکەم کەمنیان لەبیر بوو، سوپاسی نوسەرانی هاوڕێم و ماڵپەڕە جوانە پڕ میهرەبانیەکانی (دەنگەکان) و (چراکان)ی ڕۆحم دەکەم، سوپاس بۆ ڕۆژنامەنوسە خۆشەویستەکان، سوپاس بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان کەبەسەریانکردینەوە، سوپاس بۆ میهرەبانیتان…

ئیسماعیل حەمەئەمین
نورنبێرگ 24.07.2010

 
 
 
 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.