Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
به‌ره‌ى چه‌پ و ئه‌رکى چينايه‌تى و مێژوویی

به‌ره‌ى چه‌پ و ئه‌رکى چينايه‌تى و مێژوویی

Closed
by August 5, 2010 گشتی

 

به‌ر له‌ هه‌موو شتێک ، پێوه‌ر بۆ چه‌پ چیيه‌؟

چه‌پ وه‌ک تاک ، ڕێکخراو و حيزب ، ئه‌بێت عیلمانیى بێت ، واته‌ مارکسیى بێت و ئه‌و عیلمانييه‌ى وه‌ک فیکر و بۆچوون به‌ ئاسۆيه‌کى ڕون و ئاشکراى بزانێت له‌ کار و ئه‌رکى تێکۆشانى ڕۆژانه‌يدا ، له‌ به‌رنامه‌یدا سه‌رچاوه‌ى کار و ئه‌رکه‌کانى بێت.
مه‌رج نيه چه‌پ که‌سانێکى شيوعيى بن ، يان ‌حيزبێکى شيوعى بێت ، به‌ڵام مه‌رجه‌ که‌ له‌ فیکر و کرداردا نوێنه‌رى ڕاستينه‌ى چينى چه‌وساوه‌ و زه‌حمه‌تکێشان بن. باوه‌ڕیان به‌ ئازاديى و ديموکراتيى و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵايه‌تى و گۆڕان هه‌بێت. کار بۆ دابينکردنى (زه‌مانه‌تی)‌ کۆمه‌ڵايه‌تى ، ته‌ندروستیى ‌، بێکاریى ، ماڵنشينيى ، کێشه‌ى برسیه‌تى ، دابینکردنی جێى حه‌وانه‌وه‌ بۆ پير و په‌ککه‌وته‌ و بۆ هه‌مووان ، بکات.
سامانی وڵات له‌ژێر کۆنترۆڵی گه‌لدا بێت ، ئه‌گه‌ر سیستمه‌که‌ چه‌پيش بێت ئه‌وا ئه‌بێت به‌رنامه‌کانی بۆ خزمه‌تگوزارييه‌کانى کۆمه‌ڵگا ، لاى خه‌ڵک ڕون و ئاشکرابێت ، واته‌ شاراوه‌ نه‌بێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌نیا توێژێک نه‌بێت.
مه‌رج نيه‌ ئامانجى چه‌پ له‌ناوبردنى سه‌رمايه‌دار بێت و به‌س! بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت سه‌رمايه‌دار دروستئه‌بێت و به‌ بڕيار لانابرێت ، به‌ڵکوو ئه‌توانرێت له‌ توانا و چه‌وسانه‌وه‌ی و په‌ره‌سه‌ندنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى که‌مبکرێته‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ کارگه‌کان و کێڵگه‌کان مۆنۆپۆلى سه‌رمايه‌دارنه‌بن ، واته‌ نه‌کرێن به‌ ته‌نیا که‌رتى تايبه‌ت.
هه‌روه‌ها بايه‌خدان به‌ که‌رتى گشتيی ، واته‌ که‌رتى ده‌وڵه‌ت ، وه‌ک کارگه ، داموده‌زگای ته‌ندروستيى ، په‌روه‌رده‌ و خوێندن ، گواستنه‌وه ‌، نیسته‌جێبوون و.. تد.
بايه‌خدان به‌ که‌رتى هاوبه‌ش ، ئازاديى و سه‌ربه‌خۆيى ڕێکخراوه‌ کۆمه‌ڵايه‌تيیه‌ ديموکراتيیه‌کان ، دور له‌ مۆنۆپۆلکردنيان له‌ لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتداریى حوکمه‌ته‌وه‌ ، بۆ نمونه: له‌ وڵاتانى ئه‌وروپادا ، به‌تايبه‌تیى له‌ وڵاتى سويد‌ ، زۆر به ‌زه‌قیى کێشه‌ى جياوازیى چينايه‌تى ئه‌بینرێت وهه‌ر به‌ره‌يه‌ک ، به‌ره‌ى ڕاست ، يان چه‌پ ، له‌م قۆناغه‌دا له‌ ڕێى ڕه‌وایه‌تی پارله‌مانه‌وه‌ ، هه‌ڵپه‌ى خۆيان ئه‌که‌ن ، تا ده‌نگى ميلله‌ت به‌ لاى خۆياندا مسۆگه‌ر بکه‌ن. لايه‌نى چه‌پ و لايه‌نى سه‌مايه‌دار به‌ ئاشتییانه‌ داکۆکیى له‌ چه‌سپاندنى سیستمى چينايه‌تى دياريکراوى خۆيان ئه‌که‌ن و له‌ کێشه‌ى به‌رده‌وامدان. لايه‌نگرانى سه‌رمايه‌داره‌کان له‌ حيزبى مۆدێرات (پارێزگاران) و هاوپه‌يمانه‌کانى ، له‌ به‌ره‌يه‌کدان بۆ سیستمێکى سه‌رمايه‌داریى ، حيزبى چه‌پى سويد و حيزبى سۆشيالديموکرات و هاوپه‌يمانه‌که‌يان له‌ به‌ره‌ى چه‌پدان.
به‌پێى ياسا و له‌ ڕێى باجه‌وه‌ ، ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و گه‌شه‌کردنى سه‌رمايه‌داریى سنوردارکراوه‌. داهاتى نيشتمانیى ، وه‌ک پێويست به‌پێى ياسا بۆ‌ خزمه‌تگوزاریيه‌کانى چينه‌ که‌مده‌رامه‌ته‌کانى گه‌لى سويدیى ، له‌ هه‌موو بواره‌کانى ژياندا به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ دابه‌شئه‌کرێت.
له‌ سويد به‌ره‌ى چه‌پ به‌گشتیى دژى گه‌شه‌کردنى سیستمى سه‌رمايه‌داريیه ، ئه‌ويش‌ له‌ ڕێى بايه‌خدان به‌ که‌رتى گشتیى له‌ بوارى به‌رهه‌م ، ته‌ندروستيى ، په‌روه‌رده‌ و خوێندن ، گواستنه‌وه ‌و نیشته‌جێیی و.. تد ، بۆ نمونه:‌ کاتێک مۆدێرات حوکمڕانیى ئه‌که‌وێته‌ ده‌ست! کار بۆ گه‌شه‌کردنى که‌رتى تايبه‌ت ئه‌کات و ئه‌که‌وێته‌ فرۆشتنى کارگه‌ و داموده‌زگا حوکميیه‌کان ، وه‌ک نه‌خۆشخانه‌کان ، فرۆشتنى خانووبه‌ره‌ى که‌رتى گشتیى حوکمه‌ت به‌ که‌رتى تايبه‌ت ، هه‌روه‌ها قوتابخانه ، زانکۆ ، به‌شى ته‌ندروستيى وهاتوچۆ و کارگه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان.
باجى خانووبه‌ره ‌، کار و ده‌ستکه‌وتى ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر توێژى ناوه‌ڕاست که‌م ئه‌کاته‌وه‌ ، بۆ دروستبوونى توێژيکى ده‌وڵه‌مه‌ند ، به‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ گۆڕينى ياساکانى حوکمڕانیی سۆشيالديموکرات ، له‌ به‌ره‌ى چه‌پ ئه‌دات.
کاتێک به‌ره‌ى چه‌پ حوکمڕانیى ئه‌که‌وێته‌وه ‌ده‌ست ، ئه‌وه‌ى له‌ تواناياندا هه‌بێت ، هه‌و‌ڵى بۆ ئه‌ده‌ن که‌ ئه‌و ياسايانه‌ بگۆڕن که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى نه‌شونماى سیستمى سه‌رمايه‌داريدايه ‌و وه‌ک هۆکارێک بۆ بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌کردنى که‌رتى گشتيى و خزمه‌تگوزاريیه‌کان ، له‌م ئاڵوگۆڕه‌دا ده‌نگى گه‌ل سه‌نگى محکه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا که‌ چ لايه‌نێک بێنه‌ سه‌ر کورسیى حوکم.
ميلله‌تى سويد تا ئه‌مڕۆ پابه‌نده‌ به‌و سیستم و ياسايانه‌وه‌ که‌ ئاين له‌ سياسه‌ت جياکراوه‌ته‌وه‌ و ياسا و فه‌لسه‌فه‌ى ئاينیى نه‌بێت به‌ سه‌رچاوه‌ى ده‌ستورله‌ به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا.
ئه‌بێت ئه‌وه‌مان لا ڕون و ئاشکرا بێت که‌ حيزبى دينیى ناتوانێت کۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌ببات و ئازاديى و ديموکراتى دابینبکات ، له‌به‌رئه‌وه‌ى عيلمانیى نين و له‌ ڕێى ‌ده‌ستورى ئاينى ئيسلامه‌وه‌ بيرئه‌که‌نه‌وه‌ له‌ حوکمڕانیى وڵات ، خاوه‌نى فه‌لسه‌فه‌يه‌کى پێشکه‌وتووى ئابوری نين‌ ، له‌ بارى کۆمه‌ڵايه‌تيیه‌وه‌ دژ به‌ هه‌موو ياسايه‌کى گونجاوى باری که‌سین ، تا ئافره‌ت هه‌ر کۆيله‌ى پیاو بێت.
له‌ کوردستاندا حيزب هه‌يه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدار و له‌ بێده‌سه‌ڵات ، وه‌ک ڕێکخراو و تاک‌ ، به‌ قسه‌ و په‌يمان چه‌پن! به‌ڵام به ‌کردار له‌ تاقيکردنه‌وه‌ى ڕۆژانه‌ى کار و ئه‌ر‌کى تێکۆشانياندا ، سيماى چه‌پيان پێوه‌ ديار نيه! ئه‌وانه‌ش که‌ ئه‌مڕۆ بوون به‌ ده‌سه‌ڵاتدار و خۆیان به‌ سۆشیالدیموکرات و چه‌پ دائه‌نێن ، مه‌رجه‌کانى چه‌پبوونيان کاڵبوونه‌وه‌ى پێوه‌ دياره‌ ، وه‌ک که‌مترخه‌میى له‌ خزمه‌تگوزاریى چينه‌ هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌ته‌که‌ ، چه‌قبه‌ستنيان له‌ پێشکه‌وتنى بيناى ژێرخانى ئابورى ، پيشه‌سازيى و کشتوکاڵ بۆ “ئيکتفاى زاتى” وڵات به‌گشتیى ‌، بايه‌خنه‌دان به‌ خزمه‌تگوزاریى دێهاتنشينه‌‌کان ، له‌ يارمه‌تيدانيان به‌ سلفه‌ و‌ دابينکردنى ئاو و کاره‌با ، ڕێگاوبان ، قوتابخانه‌ و يارمه‌تيدانیان به‌ کڕينى به‌رهه‌ميان به‌ نرخێکى گونجاو ، دابينکردنى خانووبه‌ره‌ بۆ گوندنشينه‌کان و خه‌ڵکانى بێده‌رامه‌تى شاره‌کان و.. تد.
هه‌ندێک له‌و به‌ ناو لایه‌نه‌ چه‌پانه‌ ، به‌رنامه‌يه‌کى تۆکمه‌ى دياريکراويان نيه‌ ، له‌ ئاستى چاره‌سه‌رى بێکاريى و بوونى ياساى کار و ياساى باری که‌سیی گونجاو که‌ مافى ئافره‌تان دابينبکات و پێویستییه‌کانی خوێندن له‌ ته‌واوى قۆناغه‌کانى خوێندندا له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت بێت و بتوانن خوێندن ته‌واوبکه‌ن و بواری کاريان بۆ دابينبکرێت.
ئه‌مڕۆ له‌ عێراق و کوردستاندا ، چه‌پ وه‌ک هێزێکى به‌رچاو له‌ کار و ئه‌رکیدا وه‌ک لایه‌ن ، بوونى لاوازه‌! يه‌کنه‌گرتوويى و په‌رشوبڵاويیان پێوه‌ دياره. وه‌ک هێزێکى خاوه‌ن به‌رنامه‌ و ئۆپۆزیشونێکى له‌خۆبوردوو نين و خوێندنه‌وه‌يه‌کى بابه‌تيیانه‌ى چينايه‌تیيان ، وه‌ک پێويست نيه‌. يه‌کگرتووييه‌کى فیکر و هه‌ڵوێست و شێوازى تێکۆشانيان جياوازه‌! بۆ نمونه:
خه‌ڵکێک هه‌ن که‌ وه‌ک تاک ، ڕێکخراو و حيزب که‌ خۆيان به‌ چه‌پ ئه‌زانن ، وا بيرئه‌که‌نه‌وه‌ که‌:
1- له‌ ڕێى شۆڕشه‌وه‌ سیستمى سه‌رمايه‌داریى بڕوخێنن وسیستمى سۆشياليستیى دابمه‌زرێنن. وه‌ک شۆڕشى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى 1917!
2 – له‌ ڕێى تێکۆشانى ئۆپۆزیشون له‌ ناو کۆمارێکی دیموکراتدا بگه‌ن به‌ ئامانج و سۆشياليزم.
3 – له‌ ڕێى به‌ره‌يه‌کى نابه‌رامبه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ حيزبى حوکمڕان و له‌ ڕێى گه‌شه‌کردنى ناسه‌رمايه‌داریى ، بۆ بيناى سۆشياليزم ، وه‌ک هاوپه‌يمانیى حيزبى شيوعى عێراق و به‌عسى عه‌ره‌بى ئيشتراکى له‌ 1973 بۆ بيناى سۆشياليزم. ئه‌م قۆناغانه‌ تاقيکراونه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌رهه‌مووياندا نه‌گه‌یستوون به‌ ئامانج!
تا ئه‌مڕۆ ئه‌و بۆچوونه‌ له‌ کوردستاندا له‌ ئارادايه‌ و به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ په‌یڕه‌وئه‌کرێت ، وه‌ک هاوپه‌يمانیيه‌کى ناهاوسه‌نگ له‌ نێوان حيزبی که‌م توانا له‌گه‌ڵ حيزبێکى ده‌سه‌ڵاتدار و حوکمڕاندا ، واته‌ له‌ ناو حوکمه‌تێکى ديموکراتى بۆ بيناى سیستمێکى ناديار ، بۆ نمونه‌:
به‌ره‌ى حوکمڕان له‌ بارى سياسى ، ئابورى و کۆمه‌ڵايه‌تيدا له ‌قۆناغى بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاريیخوازیى گه‌لى کورددا سه‌قامگيربوونى سیستمێکى دياريکراوى ڕانه‌گه‌ياندووه‌ ، ناتوانرێت پێناسه‌يه‌کى واقيعیيانه‌ى سیستمێکى دياريکراوى بۆ بکرێت ، ئايا سیستمێکى سۆشياليستیيه؟ سه‌رمايه‌داریيه؟ ده‌ربه‌گايه‌تیيه؟ سیستمێکى ئازاد و ديموکراتیيه‌ ، واته‌ عيلمانیيه؟ بيرۆکراتيیه‌؟ خاوه‌نى ده‌ستورێکى پێشکه‌وتووى گونجاوه‌ و خاوه‌نى به‌رنامه‌يه‌کى تۆکمه‌يه ‌و له‌گه‌ڵ يه‌کسانیى مرۆڤدايه‌‌؟ ئه‌گه‌ر بڕوانينه‌ ناوه‌ڕۆکى ده‌ستورى ئه‌مڕۆى وڵات ، کاريگه‌ریى ئاينى پێوه‌ دياره‌ که‌ مه‌رجه‌کانى پێوه‌رى چه‌پ ، نايانگرێته‌وه!
بزوتنه‌وه‌ى چه‌پ له‌م قۆناغه‌ى ئه‌مڕۆدا له‌ عێراق و کوردستاندا قه‌واعيدى نيه‌ و له‌و ئاسته‌دا نيه‌ که‌ به‌رنامه‌ و پرۆگرامى دياريکراوى چينايه‌تى خۆى هه‌بێت ، ئۆپۆزیشونێکى به‌توانا و يه‌کگرتوو نيه‌ که‌ بتوانێت متمانه‌ى جه‌ماوه‌رى هه‌ژاران بێت ، هه‌ر بۆيه‌ ئه‌بينين چه‌په‌کان دابڕاون له‌ چين و توێژه‌کانى گه‌ل و جه‌ماوه‌ر! له‌ ناو خۆدا و له‌گه‌ڵ يه‌کتر! نه‌بوونى  هه‌ڵوێستێکى هاوبه‌ش له‌ ئاستى ناته‌واویيه‌کاندا ، بۆ نمونه‌ له‌ کوردستاندا حه‌وت حيزبى به ‌ناو چه‌پ له‌ هه‌ڵبژاردنى پارله‌مانى کوردستان شکستيان هێنا! ئه‌گه‌ر واقيعیيانه‌ و به‌ له‌خۆبوردوويى به‌و شکسته‌ياندا نه‌چنه‌وه‌ و نوێکاريیه‌ک له‌ خۆياندا نه‌که‌ن و نه‌بن به‌ خاوه‌نى بيروڕايه‌کى يه‌کگرتوو ، ناتوانن ببن به‌ هێزێکى کاريگه‌رى به‌ديل له‌ داهاتوودا.
هه‌ر به‌و ڕاڕايى و په‌رشوبڵاويى و که‌مباوه‌ڕیى به‌ يه‌کتر ، ئه‌مێننه‌وه. ئه‌گه‌رله‌ ئاستى تێکۆشانێکى له‌خۆبوردوو نه‌بن و متمانه‌ى جه‌ماوه‌ريان نه‌بێت ، وه‌ک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌ردوو پارله‌مانه‌که‌ى عێراق و کوردستاندا توشى داڕمان بوون! ده‌رسيان لێ وه‌رنه‌گرتبێت ، ناتوانن به‌ره‌وپێش هه‌نگاو بنێن و بچنه‌ پێش.

توانا و کاريگه‌ریى بزوتنه‌وه‌ى چه‌پ ، له‌ تواناى زه‌حمه‌تکێشان و توێژه‌ به‌شخوراوه‌کانه‌وه‌يه‌‌ ، ئه‌مڕۆ چينى کرێکار له‌ کوردستاندا ئه‌و سه‌نگه چينايه‌تیيه‌ى له‌ بارى سياسى ، ئابورى ، ڕێکخراوه‌یى وکۆمه‌ڵايه‌تیيه‌وه‌ ، وه‌ک پێويست نيه‌ و لاوازه‌‌ ، ئه‌وه‌شى له‌ توانايدا هه‌بوو ، له‌باربراوه! وه‌ک پێويست له‌ ئاستى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دوژمنانی چينايه‌تیياندا ناتوانن داخوازيیه ڕه‌واکانى خۆيان دابینبکه‌ن. زۆرينه‌ى ئه‌م حيزبانه‌ که‌ به‌ ڕه‌سمیى حيزبن ، شێوه‌ى مه‌کته‌بیيان هه‌يه‌ ، خه‌ڵک لای وایه‌ که‌ فه‌رمانبه‌رانى حکومه‌تن!

2010-07-29

قادر ڕشيد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.