حبیبی انا ئه‌و باڕه‌ی کورده هۆمۆسێکسوالهکان روویتێده‌که‌ن
له‌سه‌نته‌ری ئه‌مسته‌ردامی پایته‌ختی هۆڵه‌ندادا، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه کابرایه‌کی عه‌ره‌بی میسری که‌فیه‌ی داناوه بۆ هۆمۆسێکسوا‌ل‌و لیزبیه‌کانی عه‌ره‌ب‌و کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی به‌ناوی (حبیبی انا)، که ته‌نها که‌فیه‌ی هۆمۆکانی عه‌ره‌ب‌و کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامییه له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپاو جیهاندا. دامه‌زێنه‌رو خاوه‌نی که‌فیه‌که “عاتف سالب” به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند که “هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دا‌مه‌زراندنی که‌فیه‌که‌مه‌وه تا ئێستا، کورد به به‌رده‌وامی سه‌ردانی که‌فیه‌که‌م ده‌که‌ن”.
له‌نێو که‌فیه‌ی (حبیبی انا)دا که به‌وێنه‌ی هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب رازێنراوه‌ته‌وه، سالب به‌کراسێکی سووری نیوقۆڵه‌وه چیرۆکی سه‌ره‌تاکانی ئاشکراکردنی هۆمۆسێکسوالێتی خۆی بۆ ئاوێنه گێڕایه‌وه، ئه‌و وتی “من کاتێک میسرم به‌جێهێشت‌و له‌هۆله‌ندا نیشته‌جێ بووم، بۆ ماوه‌ی دوانزه ساڵ له‌گه‌ڵ ژنێکدا ژیانم برده‌سه‌ر، یه‌که‌مجار له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌باوه‌شی خێزانێکدا گه‌وره ببووم که نه‌ک هه‌ر کردنی کاره‌که به‌تاوان داده‌نرا، بگره قسه‌کردن ده‌رباره‌ی شه‌رم بوو، بیرکردنه‌وه لێی جۆرێک له‌بێڕێزی به‌رامبه‌ر خۆم بوو، هه‌ر بۆیه له‌ڕێگای پێکه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌مدا، هه‌وڵمدا، ئه‌و نادڵنییاییه‌ی خۆم به‌رامبه‌ر هه‌سته‌کانم بکوژم”.
سالب وتیشی “به‌ڵام دوای دوانزه ساڵ چیتر نه‌متوانی خۆم بخه‌ڵتێنم ئه‌وه‌بوو هه‌سته‌که‌م درکاندو نهێنی چه‌ند ساڵه‌م لا‌ی ژنه‌که‌م ئاشکرا کرد. که چیتر ناتوانم نه‌خۆم‌و نه‌به‌رامبه‌ره‌که‌م هه‌ڵخه‌ڵتێنم، ئه‌وه‌بوو جیابوومه‌وه‌و ساڵی 2000 ئه‌م که‌فیه‌م دانا، که ته‌نها که‌فیه‌یه له‌جیهاندا بۆ هۆمۆسێکسوه‌له‌کانی کۆمه‌ڵگای ئیسلامی به‌ڕه‌سمی بوونی هه‌یه. که‌فیه‌که چ هۆمۆسێکسیوا‌لی هۆله‌ندی‌و چ هۆمۆسێکسیوا‌له موسڵمانه‌کانی مه‌غریبی‌و تورکی‌و ئه‌فغانی‌و پاکستانی‌و هندی‌و کورد‌و فارس رووی تێده‌که‌ن”.
له‌لێکۆلینه‌وه‌یه‌کی تازه‌دا له‌هۆله‌ندا، له‌سه‌ر دیارده‌ی جیاکاری له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕه‌گه‌زو ئه‌نتیک‌و ئایین، ده‌رکه‌وتووه که دیارده‌ی جیاکاری به‌رامبه‌ر گروپه موسڵمانه‌کان به‌راسته‌وخۆو ناڕاسته‌خۆ له‌کۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا له‌زیادبوندایه، ئه‌مه له‌کاتێکدا که دیارده‌ی”دژه جوله‌که- ئه‌نتیسه‌میت” له‌که‌م بوونه‌وه‌دایه. گروپه موسوڵمانه‌کان له‌ژیانی رۆژانه‌و بواری کاردا جیاده‌کرێنه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر بۆ که‌سێکی ئاسایی (هیترۆسێکسیوا‌ل) ژیان له‌ڕووی ئابوری‌و سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گران بێت، ئه‌وه ژیان بۆ که‌سێکی هۆمۆسێکسوا‌لی موسڵمان سه‌خترو گرانتره. ئه‌مانه روبه‌روی توندوتیژی‌و سوکایه‌تی‌و توانج‌و پلار ده‌بنه‌وه. له‌لایه‌ک وه‌ک موسڵمانێک‌و له‌لایه‌کی دی وه‌ک هۆمۆیه‌ک ڕووبه‌روی کێشه‌ی جیاکاری ده‌بنه‌وه. بێجگه له‌مه‌ش له‌لایه‌ن گروپه موسڵمانه‌کانی خۆشیانه‌وه دووچاری سوکایه‌تی‌و مامه‌ڵه‌ی ناشرین ده‌بنه‌وه. هه‌ربۆیه وه‌ک هۆمۆیه‌ک ده‌بێت به‌به‌رده‌وامی له‌سه‌نگه‌ردا بن بۆ به‌رگریکردن له‌ژیانیان، یاخود ژیانی گۆشه‌گیری‌و ته‌نیایی هه‌ڵده‌بژێرن.
عاتف سالب ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له‌ناو گه‌نجه مه‌غریبیه‌کاندا دژه هۆمۆ هه‌یه تا د‌ه‌گاته به‌کارهێنانی تووندوتیژی، ئه‌و وتی “ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم ئه‌و گه‌نجانه‌ی هۆمۆبوونی خۆیان بۆ که‌سوکاریان ئاشکرا ده‌که‌ن، ئیتر گه‌لێکیان حه‌شایان لێده‌کرێت، په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ که‌سوکاریان نامێنیت‌و له‌حاڵه‌تێکی نائاسایدا ده‌ژین. به‌ڵام له‌م که‌فیه‌دا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سانی هاوشێوه‌ی خۆیان دروستده‌که‌ن که ئه‌مه‌ش جۆرێکه له‌پاڵپشتی ڕۆحی‌و ده‌زانن که ئه‌مانه ته‌نها نین‌و هاوشێوه‌ی خۆیان زۆرن”.
وتیشی “بێگومان ئه‌م کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه له‌لایه‌ن ڕۆشبیران‌و روناکبیرانه‌وه ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت ئه‌وانیش بایه‌خی ته‌واوی پێبده‌ن، نابێت کێشه‌که ته‌نها وابه‌سته‌ی گروپی هۆمۆکان بکرێت، به‌ڵکو پێویسته وه‌ک کێشه‌یه‌کی به‌رفراوانی کۆمه‌ڵگا سه‌یر بکرێت. چاوداخستن له‌ئاست تابووه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که به‌مانای ئه‌وه نیه که ئیتر دیارده‌که له‌ناوده‌چێت”.
زۆرجار پرسیارکراوه که بۆ کوردێکی هۆمۆسێکسوا‌ل له‌کۆڕ‌و کۆبۆنه‌وه‌کاندا به‌شداری ناکات‌و ئاماده‌نیه باسی کێشه‌کانی خۆی بکات. هۆی چییه کورده هۆمۆسێکسوالهکان له‌ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تی‌و بنکه کو‌لتورییه ناکورده‌کانی هۆڵه‌ندا، داوای پشتگیری ڕۆحی‌و یارمه‌تی پراکتیک ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێک ئاماده‌ی ئنته‌رفیو نین‌و له‌شوێنه گشتییه‌کانی وه‌ک کۆنگره‌س‌و کۆبونه‌وه‌ی هۆڵه‌ندی یان کوردی نابینرێن. هه‌رچه‌نده وه‌ک سالب ئاماژه‌ی پێده‌دات ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی کوردی هۆمۆسێکسیوا‌ل، له‌هه‌موو شاره جیاجیاکانی هۆڵه‌نداوه سه‌ردانی “حبیبی انا” ده‌که‌ن، کوڕی گه‌نج‌و پیاوی به‌ته‌مه‌نی نێوان 18و 50 ساڵ.
عاتف سالب وتی “هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دا‌مه‌زراندنی که‌فیه‌که‌مه‌وه تا ئێستا کورد به به‌رده‌وامی سه‌ردانی که‌فیه‌که‌م ده‌که‌ن. هه‌ندێک تورک یان مه‌غریبیی یان سوری‌و لوبنانی‌و عه‌ره‌بی عێراقی ژیانی خۆیان وه‌ک هۆمۆیه‌ک ئاشکراو کردوه‌و له‌پرۆسه‌ی Coming out دان، به‌ڵام بۆ کورد من نه‌مبیستوه که به‌ئاشکرا هۆمۆبوونی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن، یان له‌شوێنه گشتییه‌کانی وه‌ک کۆنفرانس‌و دیالۆکدا وه‌ک هۆمۆمۆیه‌ک ده‌رکه‌ون. گه‌لێکیان دوو ژیانیان هه‌یه، ژیانی هاوسه‌رگیری‌و ژیانه‌که‌ی تر وه‌ک هۆمۆیه‌ک که به‌نهێنی ده‌یگوزه‌رێنن”.
هه‌رچه‌نده له‌هۆڵه‌ندا وا باوه که ئیسلام دوژمنی هۆمۆسێکسوا‌ڵه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌و‌انه‌ی له‌هه‌ندێک وڵاتی ئیسلامی کراون په‌یوه‌ندی سێکسی له‌نێوان پیاوو پیاودا به‌هه‌مان رێژه‌ی هۆڵه‌ندا هه‌یه که به‌وڵاتی لێبوورده‌یی بۆ هۆمۆو به‌پایته‌ختی هۆمۆسێکسوالهکان ده‌ناسرێت. ته‌نانه‌ت که چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر کاتێک هۆمۆکانی کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوا ژیانیان له‌مه‌ترسیدا بوو، به‌ره‌و مه‌غریب‌و میسر هه‌ڵده‌هاتن.
عاتف سالب وتی “ئیستا له‌میسر هۆمۆسێکسیوا‌له‌کان به‌هه‌مانشێوه‌ی مه‌غریب‌و وڵاتانی تری ئیسلامی به‌توندی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، دیاره له‌شوێنه تایبه‌تی‌و له‌ناو سیاسه‌تمه‌داران‌و هونه‌رمه‌ندان‌و که‌سانی تردا، هۆمۆسێکسوالیتات هه‌یه‌و ئه‌نجامده‌درێت، که‌ی ئاشکرا بوو، ئه‌وا که‌سه‌که سزا ده‌درێت‌و ده‌خرێته به‌ندیخانه‌وه، زۆرجاریش ئه‌شکه‌نجه ده‌درێن، خۆ ئه‌گه‌ر که‌سه‌که کریستیان‌و هۆمۆ بێت، ئه‌وا زیاتر ناڕه‌حه‌ت ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده میسر ڕێکه‌وتنامه‌ی جیهانی ماڤی مرۆڤی ئیمزا کردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ر که‌یسێک له‌سه‌ر هۆمۆسێکسیوالیات هه‌بێت، ئه‌وا نه‌پارێزه‌رو نه‌ئه‌کتیسفیسته‌کانی میسر نا‌توانن به‌رگری له‌که‌یسه‌که بکه‌ن، چونکه میسر له‌م جۆره مه‌سه‌لانه‌دا به‌شه‌ریعه‌ی ئیسلامی هۆمۆکان سزا ده‌دات”.
سالب که له‌خێزانێکی قوبتی ئۆرتۆدۆکسی میسرییه‌وه هاتووه‌و ئێستا له‌لایدسه بلاینی ئه‌مستردام یه‌کێک له‌که‌فیه‌و باره به‌ناوبانگه‌کانی هۆمۆسێکسیوا‌لی له‌ئه‌وروپادا دامه‌زراندووه، وتی “تا ئێستا له‌روی یاساوه هۆمۆسێکسیوا‌ل له‌جیهانی عه‌ره‌ب‌و ئیسلامی‌دا سزای له‌سه‌ره، هه‌ربۆیه به‌نهێنی له‌په‌ناو په‌سێوو شوێنه تاریک‌و قه‌راغ شاره‌کاندا کاره‌که ده‌کرێت‌و ده‌م ده‌نوقێنرێت”.