Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
تا گه‌یشتنه‌وه‌ت دڵم له‌سه‌ر خۆم داده‌خه‌م

تا گه‌یشتنه‌وه‌ت دڵم له‌سه‌ر خۆم داده‌خه‌م

Closed
by August 9, 2010 ئەدەب

کۆتاییه‌کان ته‌واو نه‌کراون
سه‌ره‌تاکان ده‌ستیان پێ نه‌کردووه‌
باخه‌کان دیمانیان کاڵه‌
ئازاره‌کان نه‌ڕواون
پێش ئه‌وه‌ی شتێک ڕووبدات،
ده‌ستت بخه‌ره‌ ده‌ستمه‌وه‌
شتێکی ماوه‌ زه‌مه‌ن بووه‌ستێ،
*********
ژیان به‌ حوزنه‌وه‌ لێم ده‌ڕوانێ
ده‌نگێک له‌ دووره‌وه‌ ده‌بیستم
مناڵێک به‌لامدا
فرته‌ ده‌کاته‌ ته‌مه‌نه‌وه‌
هه‌نگاوێکم ناوه‌ له‌وه‌ی
له‌م هه‌موو شتانه‌ تێبگه‌م
تۆ وه‌ره‌و له‌ بێ تاقه‌تیمدا
جگه‌ره‌یه‌ک داگیرسێنه‌،
********
هیچ شتێک مه‌حاڵ نییه‌
عه‌شق نه‌بێ
هیچ جه‌نگێک سه‌خت نییه‌
جه‌نگی ته‌نیایی نه‌بێ
ده‌ر‌گاکه‌ بکه‌ره‌وه‌
باخێک له‌پێش ماڵه‌که‌تاندا ڕوواوه‌
گوڵاڵه‌ سووره‌یه‌ک
ده‌یه‌وێ بۆنی پێوه‌ بکه‌یت
هه‌تا به‌دزی عه‌یبه‌وه‌
ماچێکت بکات،
********
له‌ژێر دره‌ختی دار هه‌نارێکدا
ته‌نیایی ئه‌دوێنم
له‌ناو باغێکی شیریندا
بۆ ڕووتبوونه‌وه‌ی پڕته‌قاڵی وه‌فا ده‌گه‌ڕێم
هیچیشم پێ نه‌کرێ
ده‌توانم هه‌نارێک بته‌کێنم و
ته‌نیاییمی پێ ببه‌مه‌سه‌ر،
********
جوان نییه‌ تۆ بێیت و
من لێره‌ی ئه‌م ژووره‌ نه‌بم
باشنییه‌ لای په‌نجه‌ره‌که‌ دانیشیت و
من لێره‌ی ئه‌م ژووره‌ نه‌بم و
گۆرانیت بۆ نه‌ڵێم،
کارێکی خراپیش نییه
تۆ لێره‌ بیت و
من هێشتا
داره‌ داره‌ی مناڵیم بێت و
له‌ژێر پێی شه‌قامه‌کاندا
بۆ دۆزینه‌وه‌ی یادگارییه‌کان بگه‌ڕێم،
********
له‌نێوان ئه‌م بێکه‌سی و ته‌نیاییه‌دا
چ خه‌ته‌رناکێکه‌ خه‌یاڵات
سه‌رم له‌ حونجه‌کردنی
دێڕه‌کانی به‌رده‌ستم ده‌رناچێ
هێنده‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌زانم
هاوارێک له‌ ڕۆحمدایه‌
مردنێک له‌ده‌ورم ده‌گه‌ڕێ
خودایه‌ ئه‌م به‌نده‌یه‌ت
هه‌تا که‌نگێی ژیان وابێت،
********
که‌سێ له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی عیشقه‌
سڵاوێک نانێرێ
بۆ ئه‌م به‌نده‌ شه‌که‌ته‌ی ناو ته‌نیایی
که‌سێ له‌ناو نووری شیعره‌کانما
ستاره‌ ناگرێ تۆ نه‌بی
ڕێگاکان بپێچه‌ره‌وه‌و
عاده‌ت به‌ ژیانمه‌وه‌ بگره‌،
********
که‌ هاتم..
قه‌راربوو ئاوێزانی ئه‌و ساتانه‌ بم
‌ له‌نێوان دوو قه‌وسی گه‌وره‌دا
له‌به‌رده‌م شکۆفه‌ی دێڕێکدا
ده‌ستێ وه‌رده‌مه‌
ناو خه‌ونه‌ که‌ڵه‌گه‌ته‌که‌ی ئه‌ڤین و
لای ناونیشانێکی شیرینه‌وه‌
له‌ سێبه‌ری ته‌مه‌نێکی تازه‌ پشکتووی
ناو قه‌سیده‌یه‌کی ته‌ڕدا
سڵاوێک بنێرم
بۆ دوا ساته‌کانی ته‌نیایی و
ئیتر له‌پاڵ عیشقدا گۆرانی بڵێم
گۆرانی نوێبوونه‌وه‌،
********
که‌سێ له‌پشت په‌نجه‌ره‌که‌مه‌وه
به‌ ته‌نیاییم ئاوێزانه‌
ئاوازێک له‌ودیو منه‌وه‌ هه‌یه‌
گریانی دێت بۆ حاڵم
تارماییه‌ک
به‌پێش ده‌رگاکه‌مدا ڕه‌ت ده‌بێت
سڵاوێک جێدێڵێ و
ده‌ڕوا….
خودایه‌ ئه‌م به‌نده‌یه‌ی تۆ چه‌ند ناموراده‌،
********
ئه‌و هه‌موو خۆ لوولکردنه‌
چ مه‌خسه‌ره‌یه‌که‌ له‌ ئێستامدا،
ئه‌م هه‌موو ته‌نیا‌ییه
چلۆن غه‌رقی مه‌راقیان کردووم،
ئیتر واده‌ی ئه‌وه‌یه‌
مشتێ ئاو
له‌ ڕووخساری ئه‌به‌دیه‌ت وه‌ده‌م و
له‌ ته‌هلیله‌ی شه‌وانی بێکه‌سیمدا
لای سووچی په‌نجه‌ره‌که‌م
چاوه‌ڕێی دیدارێک بکه‌م
که‌ ڕه‌نگه به‌هاتنی
فێری تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ ببم،

زانا سامان

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.