Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
هاوته‌ریبی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ رۆمانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیاندا

هاوته‌ریبی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ رۆمانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیاندا

Closed
by August 9, 2010 ئەدەب

(به‌شی دووه‌م)

ته‌ها شازلی، تووندڕه‌وی ئایینی و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی:
كێشه‌ی تووندڕه‌وی ئایینی و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی و ده‌ره‌نجامه‌كانی، هه‌مووی له‌ كاركته‌ری (ته‌ها شازلی) به‌رجه‌سته‌بووه‌، ته‌ها كوڕی ده‌ركه‌وانی باڵه‌خانه‌ی یاقوبیانه‌، ئۆتۆمبێل بۆ خه‌ڵكی باڵه‌خانه‌كه‌ ده‌شوات و ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ دانیشتوانی باڵه‌خانه‌كه‌ شتێكی بوێ بۆیان ده‌كڕێ، له‌هه‌مانكاتدا قوتابی زانكۆشه‌، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكی ده‌ركه‌وانه‌ به‌ چاوێكی سووك سه‌یر ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ ده‌دات وێناكان له‌سه‌ر خۆی بگۆڕێت و به‌ هه‌ر جۆرێك بێت ژیانی ده‌ستكاری بكات، بۆئه‌وه‌ی ژیانی به‌ چاكتر بگۆڕێت و رێزی بگیرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ك به‌هۆی كولتووری كۆمه‌ڵگاكه‌وه‌ و روانینیان به‌رامبه‌ر هه‌ژاران، له‌ لایه‌كی دی به‌هۆی له‌به‌رچاونه‌گرتن و رێزدانه‌نان بۆ هه‌ژاران له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارنه‌وه‌، ئه‌مه‌ی بۆ ناڕه‌خسێ، بۆیه‌ش هه‌ژاری و رێزنه‌گرتن، وێنه‌كه‌ی ته‌ها و ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ ژیاندا خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێ ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه‌ و خه‌ونه‌كه‌كانی یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ناو ده‌چن و به‌مه‌ش دواجار به‌ له‌ناوچوونی خۆی كۆتایی دێت.
– خه‌ونی یه‌كه‌می ته‌ها (كه‌ قوتابی زانكۆیه‌) ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌فسه‌ر بۆئه‌وه‌ی خزمه‌تی وڵاته‌كه‌ی بكات و ژیانێكی به‌ڕێز بژی، خۆی ته‌واو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ریی ئاماده‌ ده‌كات: “ته‌ها زۆر باش پرسیار و وه‌ڵامه‌ نموونه‌ییه‌ مه‌زه‌نده‌كراوه‌كانی له‌به‌ر كردبوون و له‌ به‌رابه‌ر لیژنه‌كه‌دا به‌بێ ترس و به‌ هێمنییه‌وه‌ به‌رسڤی ده‌داوه‌.. گوتی نمره‌كانی هێند باشن ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ له‌ كۆلیژه‌ باشه‌كاندا وه‌ربگیرێت، لێ كۆلیژی پۆلیسی پێ به‌گه‌نتره‌، تاكو له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌، وه‌كو ئه‌فسه‌ری پۆلیس راژه‌ی نیشتیمانه‌كه‌ی بكات. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ كاری پۆلیس ته‌نیا ئاسایش نییه‌، وه‌ك زۆرێك بۆی ده‌چن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییشه‌..ل71”.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و زیره‌كییه‌ی له‌ بواره‌كه‌دا، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكی ده‌ركه‌وانه‌ و هه‌ژاره‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ده‌ری ناچوێنن و زیره‌كی و ئاره‌زووه‌كه‌ی له‌به‌رچاو ناگیرێ.
“- تۆ باوكت ئیشی چییه‌ ته‌ها؟!
– فه‌رمانبه‌ره‌ گه‌وره‌م.. (له‌ فۆرمه‌كه‌ ئاوای پڕ كردبووه‌وه‌، سه‌د جونه‌یهی دابوو به‌ موختاری گه‌ڕه‌ك تا واژۆی له‌سه‌ر بكات).
لیوا سه‌ر له‌ نوێ ته‌ماشای كاغه‌زه‌كانی كرده‌وه‌ و لێی پرسی:
– فه‌رمانبه‌ر.. یان ده‌ركه‌وان؟!
– ……….
ته‌ها بۆ ساتێك بێده‌نگ بوو، پاشان به‌ ده‌نگێكی نزمه‌وه‌ گوتی:
– باوكم ده‌ركه‌وانه‌ گه‌وره‌م…
لیوا بزه‌یه‌كی هاتێ و شڵه‌ژانی پێوه‌ دیاربوو.دواتر به‌سه‌ر كاغه‌زه‌كاندا نووشتایه‌وه‌ و به‌ئاگادارییه‌وه‌ شتێكی نووسی، به‌ هه‌مان بزه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵبڕی و گوتی:
– سوپاس كوڕم بڕۆ… ل72″.
دوای ئه‌و رووداوه‌ش و پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی ده‌ركه‌وانییه‌كه‌ی باوكی داواكه‌ی ره‌تده‌كرێته‌وه‌، ته‌ها له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، تروسكاییه‌ك هیوای لا ده‌مێنێ و سكاڵانامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌نووسێت، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ وه‌ڵامی سكاڵانامه‌كه‌ پێیراده‌گه‌یه‌نن كه‌: “بۆمان ده‌ركه‌وت سكاڵاكه‌تان له‌ڕاستییه‌وه‌ دووره‌.. ل96” واتا له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی وڵاته‌ و ده‌بێ هه‌ژاران له‌ ئامێز بگرێ و باوكی هه‌ژارانه‌، ته‌ها فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌فسه‌ریی وه‌رناگیرێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زانكۆ، له‌وێ تووشی چه‌ند كه‌سێكی سه‌ر به‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ تووندڕه‌وه‌كان ده‌بێت. سه‌ره‌تا تاكه‌ خاڵێك كه‌ ئه‌و تووندڕه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌ها كۆ بكاته‌وه‌ هه‌ژارییه‌، ته‌هاش نه‌وه‌كو تووشی هیچ به‌سه‌رهاتێكی ناخۆش بێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و له‌به‌رامبه‌ریاندا ئیحراج بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ژارانه‌ تێكه‌ڵ ده‌بێت و له‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ له‌وێش هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌یه‌كتر جیان:
“هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساته‌وه‌ چوون رۆن یه‌كسه‌ر له‌ ئاو جیا ده‌بێته‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ توێژاڵێك چێ ده‌كات، خوێندكاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاره‌كان لێكتر جیا بوونه‌وه‌ و ده‌سته‌ی جیا جیا و داخراویان له‌ ده‌رچووانی قوتابخانه‌كانی زمان و خودان ئۆتۆمبیلی تایبه‌ت و جلی هاورده‌له‌به‌ر و جگه‌ره‌ی بیانی كێش پێكهێنا.
جوانترین و شیكترین كیژیش بۆ لای ئه‌مان ده‌چوون، هه‌رچی خوێندكاره‌ هه‌ژاره‌كانیش بوو، وه‌كو مشكی تۆقیو به‌شه‌رمه‌وه‌ چپه‌ چپیان بوو به‌یه‌كدا ده‌هاتن.. ل110″
لێره‌دا ئه‌سوانی ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ (هه‌ژاری) و (په‌راوێزخستن)، دوو هۆكاری سه‌ره‌كین بۆئه‌وه‌ی كه‌سانێك دروست بن هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان لا دروست بێت، یان وردتر هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبوونی تووندڕه‌وی ئیسلامین له‌ وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كان.
ته‌ها له‌ كۆتاییدا ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس ده‌كوژێت و خۆشی له‌وێ ده‌كوژرێ، ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌كی گه‌له‌ك جوانی تێكچوونی شیرازه‌ی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ رۆماننووس پێشانمانی ده‌دات، ته‌ها له‌سه‌ره‌تادا خۆی ده‌یه‌وێ ببێته‌ ئه‌فسه‌ری پۆلیس و خزمه‌ت بكات، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا نه‌ك نابێته‌ ئه‌فسه‌ری پۆلیس، به‌ڵكو ئه‌فسه‌ری پۆلیسیش ده‌كوژێ، هۆكاری ئه‌مه‌ش په‌راوێزخستنییه‌تی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگا و فه‌رامۆشكردنییه‌تی له‌ لایه‌ن حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت رێگای دابا ته‌ها ببێته‌ ئه‌فسه‌ری پۆلیس چی رووی ده‌دا؟! یه‌كه‌م: ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس زیاد ده‌بوو بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل یان سیسته‌مه‌كه‌ی خۆی كه‌ ته‌هایه‌ (ئینجا ئه‌م سیسته‌مه‌ باش بێت یان خراپ ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی تره‌).
دووه‌م: كه‌سێك بۆ سه‌ر گروپی تیرۆرسته‌كان زیاد نه‌ده‌بوو.
كه‌ حكومه‌تیش رێگای نه‌دا ئه‌م گه‌نجه‌ ببێته‌ ئه‌فسه‌ر و له‌به‌ر هۆكارێكی ناره‌وا و جیاوازییه‌كی ده‌مارگیرانه‌ فه‌رامۆشی كرد، چی رووی دا؟!
یه‌كه‌م: تاكێك بۆ گروپی تیرۆرستان زیادبوو، هۆكاره‌كه‌شی حكومه‌ت بوو، له‌كاتێكدا حكومه‌ت هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م تیرۆرستانه‌ له‌ناوببات.
دووه‌م: به‌م كاره‌ی، حكومه‌ت نه‌ك ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی بۆ زیاد نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌فسه‌رێكیشی لێ كه‌مبووه‌وه‌، چونكه‌ ته‌ها ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی كوشت.
به‌مجۆره‌ش ته‌ها ته‌واو گۆڕاو شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرت”ئه‌وانی له‌ پێشدا ته‌ها شازلییان ده‌ناسی، ئێستا زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌یناسنه‌وه‌، به‌ ته‌واوی گۆڕابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ پێشینه‌كه‌ی به‌ كه‌سێكی تری تازه‌یان گۆڕیبێته‌وه‌…ل139″
– یه‌كێكی تر له‌ خه‌ونه‌ وه‌دینه‌هاتووه‌كانی ته‌ها، سه‌رنه‌گرتنی هاوسه‌رگیری بوو له‌گه‌ڵ (بوسه‌ینه‌)ی خۆشه‌ویستیدا، كه‌ ئه‌مه‌شی دیسان له‌به‌ر هه‌ژاریی بوو، بوسه‌ینه‌ باوكی نه‌ماوه‌ و له‌سه‌ریه‌تی دایكی و خوشك و برایه‌كانی به‌خێو بكات، هه‌ر كارێكیش ده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نكاره‌كان ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌دا جه‌سته‌شی بكڕن، زۆر هه‌وڵی خۆپاراستن ده‌دات، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی به‌ باشه‌ بۆ بشكێته‌وه‌، به‌ خراپه‌ بۆی ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر كاره‌كان ده‌رده‌كرێت و خێزانه‌كه‌شی برسی تر ده‌بن، دواجار ناچار ده‌بێ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات، ته‌ها داوای لێ ده‌كات كه‌ لای هه‌موو جۆره‌ كه‌سێك كار نه‌كات، به‌ڵام ئه‌و داوا له‌ ته‌ها ده‌كات كه‌ مادام وایه‌ با ئه‌و خه‌رجی خێزانه‌كه‌یان پێ بدات، ته‌هاش له‌و هه‌ژارتره‌ و ناتوانێ، بۆیه‌ هه‌ژاری ئه‌م دووه‌ له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه‌. لێره‌وه‌ (هه‌ژاری) خۆشه‌ویستیش ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا خۆشه‌ویستان به‌ئاسانی له‌یه‌ك جیانابنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ته‌ها كاتێك ده‌بێته‌ ئیسلامییه‌كی توونده‌ڕه‌ویش، سه‌ره‌ڕای بیروبۆچوونه‌ توونده‌كه‌ی هه‌ر (بوسه‌ینه‌)ی له‌بیر ناچێته‌وه‌ و خۆشی ده‌وێت: “تاقه‌ شتێك له‌ دڵی ته‌هادا كه‌ هی سه‌رده‌می كۆن بوو بۆی مابووه‌وه‌ خۆشه‌ویستی بوو بۆ بوسه‌ینه‌، زۆری كۆشا تا هه‌ستی له‌ به‌رابه‌ریدا ملكه‌چی بیره‌ تازه‌كه‌ی بكات، لێ نه‌یتوانی..ل140”. واتا تووندڕه‌وی ئیسلامی كه‌ وه‌كو ده‌روونزانه‌كان پێیانوایه‌ شووشتنه‌وه‌ی مێشكه‌ و به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێك تووندن و بیروروباوه‌ڕیان جیاوازه‌، به‌ڵام به‌رامبه‌ر (خۆشه‌ویستی) ده‌سته‌وئه‌ژنۆ ده‌وه‌ستێت، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ تووندڕه‌وی به‌هێزتره‌ و دژی خۆشه‌ویستییه‌ و لێكیان جیاده‌كاته‌وه‌ ته‌نها هه‌ژارییه‌ نه‌ك شتێكی دی.

 

سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.