
یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی كه‌ركوك كلیلی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئێراقه
وا بۆ پێنج ساڵ ده‌چێت هاووڵاتیانی ئێراق ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو له ریفراندۆمێكدا بۆ ده‌ستوری هه‌میشه‌ی ئێراقی فێدراڵ ده‌نگیاندا ، زیاتر له 80% ده‌نگده‌ران ئه‌و ده‌ستوره‌یان په‌سه‌ند كرد كه ماده‌ی (140)ی ئه‌و ده‌ستوره تایبه‌ته به یه‌كلا كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی كوردستان ، له‌ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌دا نه‌ك هه‌ر به‌ند و بڕگه‌ی ئه‌و ماده ده‌ستورییه وه‌كو خۆی جێبه‌جێ نه‌كراوه به‌ڵكو هه‌نگاوه‌كانیش كه‌م تین و قرچۆك بوون بۆ جێبه‌جێ كردنی ماده‌كه، وه‌كو رۆژی روون ئاشكرایه بێجگه له كات كوشتن و خۆ خه‌ریك كردن و خاوه خاو كردن ئه‌و ماوه زۆره هیچی تر نه‌بوو ، هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری لایه‌نه سیاسییه عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان گاڵته و فشه‌یان به‌و به‌ند و ماده ده‌ستورییه هاتووه و به‌رده‌وام له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه به‌رپه‌رچی لایه‌نه كوردییه‌كانیان داوه‌ته‌وه بۆ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردستانیه‌تی كه‌ركوك و به مه‌نزڵ گه‌یاندنی ده‌ستوره‌كه .
كه‌ركوك تاكو رۆژگاری ئه‌مڕۆ بووته جێگای مشت‌ومڕ و قسه‌كردنی جدی باس و خواسه‌كانی نێوان لایه‌نی كوردی و لایه‌نه عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان ، كه هه‌ر نه‌ته‌وه و لایه‌ك خۆی به خاوه‌ن ماف و به‌شخوراو ده‌زانێت له كه‌ركوكدا ، چاره‌سه‌ركردنی پرسی كه‌ركوك بووه‌ته كلیلی چاره‌سه‌ر كردنی به‌شێكی زۆری كێشه و گرفته‌كان ، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها بۆ رۆژگاری ئه‌مڕۆ پێویسته به‌ڵكو ئه‌ركێكی مێژووی بووه و ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان له چاره‌سه‌ركردنی دزیوه‌ته‌وه.
كاتێك ئاوڕ له مێژووی كورد بوونی ئه‌و شاره ده‌ده‌ینه‌وه بێگومان سه‌رباری ئه‌وه‌ی له رووی تۆبۆگرافیا و ئاو و هه‌وا و پێوه‌ره جوگرافییه‌كانی دیكه‌وه به‌شێكی دانه‌بڕاوی هه‌رێمی كوردستانه هاوكات له‌رووی مێژوویه‌وه پایته‌ختی گوتیه‌كان بووه و به‌شێكی گرنگی قه‌ڵمڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ماده‌كان بووه كه ئه‌كباتانا (هه‌مه‌دان) پایته‌ختیان بووه و ساڵانێكی زۆر پایته‌خی ئه‌یاله‌ت (ولایه‌ت)ی شاره‌زوور بووه ، له‌سه‌رده‌می میرنشینه كوردییه‌كانیشدا له جوغز و بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابانه‌كاندا بووه.
له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا وه‌ك له قاموس ئه‌لیعلامی ساڵی 1897ز ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا هاتووه سه‌رجه‌م دانیشتوانه‌كه‌ی بریتیی بووه له 30 هه‌زار كه‌س و له‌كۆی ئه‌و دانیشتوانه سێ له‌سه‌ر چواری ( 22هه‌زار و پێنج سه‌د كه‌سی) ئه‌و ژماره‌یه كورد بووه ، هه‌روه‌ها 760 جووله‌كه و 460 كلدانیشی تێدا ژیاون و دانیشتوانه‌كه‌ی دیكه‌ی توركمان و عه‌ره‌ب بوون ، به پێی ئاماری كۆمیته‌ی تایبه‌ت به كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ كه‌له ساڵی 1925له‌لایه‌ن (كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان)ه‌وه پێكهێنرا، ژماره‌ی كورده‌كانی شاری كه‌ركوك 87500 كه‌س بوون كه ده‌یكرده 63%ی دانیشتوانی شاره‌كه، ژماره‌ی عه‌ره‌به‌كان 25250 كه‌س بوون كه ده‌یكرده 18% و ژماره‌ی توركمانه‌كان 26100 كه‌س بوون كه ده‌یكرده 19%.
له‌سه‌رژمێرییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی به هه‌موو گزی و فڕوفێڵ و ساخته‌كاری و پاڵپشتی كردنی عه‌ره‌ب بۆ نیشته‌جێ بوون له كه‌ركوك و ئه‌جامدانی پرۆژه ئاوی ناحیه‌ی مه‌لحه (كه پاشتر بووه حه‌ویجه)و نیشته‌جێ كردنی خێڵ و هۆزه عه‌ره‌به مه‌ڕ و ماڵات له‌وه‌ڕێن و كۆچه‌ر و شوانكاره‌كان له ده‌وروپشتی ئه‌و پرۆژه‌یه ئێنجا هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاره‌كه به‌هه‌موو شێوازێك دراوه وه‌كو : ( هێنانی عه‌ره‌بی ده هه‌زاری و دابڕینی ژماره‌یه‌كی زۆری قه‌زا و ناحییه كوردییه‌كان له‌و پارێزگایه و ده‌ركردن و گواستنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ره كورده‌كان له‌و شاره و پیاده كردنی سیاسه‌تی ته‌عریب و ته‌هجیر و ته‌رحیل و گۆڕینی ناو یشوێن و گه‌ڕه‌ك و كوچه‌كانی بۆ ناوی عه‌ره‌بی و…هتد) هێشتا تاكو سه‌رژمێری ساڵی 1957 زۆرینه‌ی كورد بووه.
ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشای پرسی كه‌ركوك بكه‌ین هه‌ر له پاش بڕانه‌وه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی یه‌كێك بووه له‌و پرسه ئاڵۆز پڕ له گێرمه و كێشانه‌ی ته‌نانه‌ت ئینگلیزه‌كانیش به‌ده‌ستیه‌وه گیریان خواردبوو تێیدا دۆش داما بوون بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كارگێڕی ناوچه‌كانی كه‌ركوك و له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئێراقیشدا له ساڵی 1921 تاكو ساڵی 1924 ئه‌و شاره هیچ ئاڵایه‌كی ئێراقی به‌سه‌ر دامه‌زراو و دامودزه‌گاكانیه‌وه نه‌ده‌بینرا تاكو له‌و ساڵه‌دا شا فه‌یسه‌ڵ یه‌كه‌م پاشای ئێراق هاته كه‌ركوك و ئاڵای ئێراقی له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی میری تێدا هه‌ڵكرا .
له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا مشتومڕی زۆر له نێوان په‌رله‌مانتاره كورده‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌و راستییه حاشا هه‌ڵنگره بگات كه كه‌ركوك شارێكی كوردییه و به‌شێكی دانه‌بڕاوی كوردستانه پێویسته وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌یه حه‌قیقه‌ت و راستیه‌كان ببینێ نه‌ك به چه‌واشه‌كاری و تێفكرینی هه‌ڵه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دانیشتوانی شاره‌كه‌دا بكرێت، گرێ كوێره‌ی پێك نه‌هاتنی شۆڕشی ئه‌یلول و حكومه‌ت له‌سه‌رده‌می كۆماری‌دا له ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاو نه‌وقاندنی فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌و كاته‌ی عێراق له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كه‌ركوك وه‌كو خۆی و نكۆڵی كردن له كه‌وتنه به‌ربه‌ش و كه‌وشن و سنوری كوردستانه‌وه ، كه پاشتر به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆزه كه وه‌كو خۆی چاره‌سه‌ر نه‌كرا بووه هۆی ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ئێراق و ئێران رووبدا و دواتر ده‌وڵه‌تی ئێراق بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی شه‌ڕ په‌لاماردانی (كۆیت)ی دا و ئێنجا شه‌ڕی گه‌رده‌لوولی بیابان و پرۆسی ئازادی ئێراقی هێنایه ئاراوه .
ئه‌و رووداو كاره‌ساتانه وانه‌یه‌كی مێژووی گرنگن بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی ئێراق بۆیه ده‌بێت واقعبینانه ره‌فتار بكه‌ن و خۆیان له راستیه مێژوویه‌كان گێل نه‌كه‌ن ، چونكه له هاوكێشه‌كانی رابردوودا وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی خوارد ئێراقیشی كرده وێرانه‌یه‌ك تاكو ساڵانێكی دوور‌و دێژ مه‌حاڵه بار و دۆخێكی ئارام به‌خۆوه بگرێت.
حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ
husin2008@yahoo.com