فیستیڤاڵێکی هونه‌ری هاوچه‌رخ
ڕۆژی یه‌که‌م:
خانمێکی خز له‌ش له سه‌ر شێوازی تیمپۆ* بیرۆکه‌ی سه‌مای (شه‌پۆلێکی شێتۆکه)ی له سه‌ر پێست نوسییه‌وه. له شه‌پۆلێکدا مله له‌رزۆکه‌کانی که‌له‌که‌ی سروودی دایۆنجی* له که‌ڕنه‌ڤاڵی هاوسه‌نگی قه‌یسیدا ده‌رهاویشت.
ڕۆژی دووه‌م:
تیپی (سیمفۆنیا) به سه‌ر سه‌کۆی شانۆدا بڵاو بوونه‌وه، هه‌ر ئامێره‌و له گۆشه‌ی خۆیدا دامه‌زرا، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به هاوار بکه‌ن، (ئۆرگ) چوویه جێی مایسترۆ و زۆر به نه‌رمی که‌وته دوان: به‌رهه‌می ئه‌م جاره‌ی ئێمه کۆمه‌ڵه ئاوازێکی نامۆ، ترازاو له ژاوه‌ژاوو جه‌نجاڵی، دیاره ده‌مانه‌وێت بڵێین چیتر به‌سه هه‌راو زه‌نا! سروشت ماده‌یه‌کی خاوه به هێوری له ڕاماندا، له گه‌ڕانه‌وه بۆ زنجیر کردنی هه‌ژدیهاکه‌ی ناخ پاکژ ده‌بێته‌وه.
ڕۆژی سێیه‌م:
نومایشی شانۆیه‌کی مۆنۆدرامی واژه‌کانی به شێوه‌یه‌کی مه‌عریفی و میتۆدی چنرا بوون، دوای تاریکییه‌کی قووڵ یه‌ک کاره‌کته‌ر به ئاسته‌م ده‌رکه‌وت و ووتی: ” هه‌تا مه‌عریفه‌و ووشیاری له زیاد بووندا بێت زیاتر له مرۆڤ دورده‌که‌وینه‌وه، هه‌تا زیاد له مرۆڤ دوربکه‌وینه‌وه له خوودی مرۆڤی ئۆرجیناڵ نزیک ده‌که‌وینه‌وه”.
ڕۆژی چواره‌م:
قسه بێژێک که له‌وه ده‌چوو ڕۆژنامه‌نووسێکی بوێر بێت و هیچ په‌یوه‌ندی به ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی فیستیئڤاڵه‌که‌وه نه‌بێت،دوای ماوه‌یه‌ک له چاوه‌ڕوانی ئاماده‌بووان چوویه سه‌ر سه‌کۆی نومایش و ڕایگه‌یاند: ده‌زانن بۆ هونه‌رمه‌ندی به‌شدار بووی ئه‌مڕۆ(گگوختی) ئاماده نه‌بووه؟ کاتێک له چاوه‌ڕوانی یه‌که‌م گزنگی به‌یاندا، ده‌چێته سه‌ر ماڵی کڵاوو ده‌ست به گمه‌گم ده‌کات، دواجار ڕیقنه‌یه‌ک به سه‌ر شانی مۆڕه‌دا ده‌کات و ئه‌ویش فه‌رمان ده‌دات بیگرن، به‌و مه‌قه‌سته‌ش که هه‌ر دوێنێ به‌نی کرانه‌وه‌ی به‌ندینخانه‌یه‌کی پێ بڕی شاباڵه‌کانی ببڕن. دواین به دواچونی ئه‌م هه‌واڵه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ر ده‌خه‌ن ئێستا دوور له دادگای باڵای فڕین له قه‌فه‌سێکی داخراوی ژێر زه‌مینه‌که‌دایه.
ڕۆژی پێنجه‌م:
له گه‌له‌ری ڤه‌مپایه‌ره‌کانی خۆره‌تاو، چووینه سه‌یری پیشانگایه‌ک، زۆر به ڕێگا پێچاو پێچه قه‌بزه‌کانیدا هاتین و چووین، هیچمان نه‌دی، به‌ڵام له پڕ لوتمان ته‌قی به ڕووی ده‌رگایه‌کی داخراودا، که‌وا بۆ خۆی که‌ڤاڵێک بوو، خاچێک له نێو بازنه‌یه‌کدا، به شێوه‌یه‌کی حه‌له‌زۆنی له‌ئه‌نجامی جوڵه‌ی جه‌سته‌و چاوماندا ده‌خولایه‌وه، کاتێک دوور ده‌که‌وتینه‌وه خاچه‌که بچوک ده‌بویه‌وه، وه‌ک بڵێت ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ره‌تایه‌ک له سه‌راب. کاتێک نزیک ده‌بووینه‌وه خاچه‌که گه‌وره ده‌بویه‌وه بێ ئه‌وه‌ی له بازنه‌که ده‌ربچێت وه‌ک بڵێت، ده‌ڕۆن به‌ره‌و کۆتاییه‌ک له وون بوون. له‌و ڕامان و به یه‌کدا چوونی جوڵه‌دا ده‌رگاکه به‌ربویه‌وه، له‌و دیویه‌وه لاشه‌ی که‌سێک به ساپیته‌ی ژوره‌که‌دا هه‌ڵواسرا بوو.
ڕۆژی شه‌شه‌م:
په‌یکه‌رتاشێک کاسه سه‌رێکی هێناو له سه‌ر مێزێک پیشانی داین، که له سه‌رخۆ شکاندی، پڕاو پڕی مار و دوپشک و کرم و مێرووی لێ که‌وته خوار.
ئه‌مه‌و چه‌ندان کاری هونه‌ری تر پێشکه‌ش کران که ڕه‌نگه نه‌متوانی بێت زۆربه‌یان باس بکه‌م.
به‌ڵام کاتێک که هاته سه‌ر دابه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کان نه‌که‌س ئاماده‌ی بینین بوو، نه که‌سیش بۆ دابه‌ش کردن و وه‌رگرتن.
له میانه‌ی دواین ڕێ‌و ڕه‌سمی فیستیڤاڵه‌که کامێرایه‌ک کوڵ ده‌گرێ و له کڵاوڕۆژنه‌ی هۆڵه‌که‌وه ئه‌مه‌ی دی بوو (کڵاوێک چووبوویه سه‌ر مینبه‌ره‌که و چه‌پڵه‌یه‌کی تووندی بۆ قسه‌کانی خۆی لێدا بوو).
*تیمپۆ : جۆرێک ڕێکخستنه له سه‌ماو هه‌ڵپه‌ڕکێدا.
*دایۆنج : جۆره سه‌مایه‌که به بۆنه‌ی باڵق بوونه‌وه ده‌کرێت.
نوری حه‌مه‌ئه‌مین
نیوه‌ی/ 1999/ باوه‌نوور