
دۆسییه‌ی كه‌ركوك …… رابه‌ر ره‌شید
دۆسییه‌ی كه‌ركوك (1)- ئه‌وانه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و داوای مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، ئاژاوه‌چی نین!!
رابه‌ر ره‌شید – كه‌ركوك
به ئاڵۆزبوونی ره‌وشی كه‌ركوك له خه‌راپه‌وه بۆ خه‌راپتر، ماوه‌یه‌كه جه‌ماوه‌ری شاری كه‌ركوك، زۆر به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كانی شۆڕیجه‌و ره‌حیماوه‌و فه‌یله‌ق و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی شار‌و قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و شارۆچكه‌ی پردێ، له ئه‌نجامی به‌ده‌نگه‌وه نه‌هاتنی به‌رپرسان بۆ دابینكردنی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌كو كاره‌باو ئاو‌و…تاد. خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه په‌نایان برده به‌ر خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین.
به‌داخه‌وه خۆپیشاندانه‌كان جۆره شپرزه‌یی و بێ به‌رنامه‌یی و په‌رشوبڵاویی پێوه‌دیاره‌و هه‌ندێجاریش به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هه‌ندێ كه‌س دۆخی خۆپیشاندانه‌كان كه‌شێكی نائاسایی و نایاسایی وه‌رده‌گرێت و به‌رگێكی ناشرینی گێره‌شێوێنی به‌به‌ر ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكدا ده‌كات، كه ئه‌مه‌یان پێویسته بۆ له‌مه‌ودوا رێگه‌ی لێبگیرێت و ئه‌و لیژنانه‌ی سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن، لێنه‌گه‌ڕین جڵه‌وی ناڕهزاییهتییهكانیان له‌ده‌ست بچێت و به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌كان مۆركێكی ناحه‌زانه‌ی پێوه‌دیار بێت و پاساو بداته ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، به‌وه‌ی كه ئه‌وانه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، گوایه تێكدهرو ئاژاوه‌چی و ده‌ستی ده‌ره‌كین!!
ئه‌وانه‌ی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو له كه‌ركوكدا رژانه سه‌رشه‌قامه‌كان و راشكاوانه داوای سه‌ره‌تاییترین مافه خزمه‌تگوزارییه‌كانیان كرد كه ئه‌ویش كه‌می كاره‌باو ئاوه، خیانه‌ت و تاوانێكی گه‌وره‌یه ئه‌وانه به ئاژاوه‌چی و تێكدهرو ده‌ستی ده‌ره‌كی و كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تی دیكه تاوانبار بكرێن، چونكه ئه‌و بارودۆخه‌ی كه هه‌ر له‌دوای نه‌مانی به‌عسه‌وه شاری كه‌ركوك و شوێنه‌كانی دیكه‌ی پێدا تێده‌په‌ڕیت، بارودۆخێكه هه‌رگیز به‌رگه‌ی دواخستن و چاره‌سه‌ر نه‌كردن ناگرێت، كورد وته‌نی: (جام پڕ بوو لێی ده‌ڕژێت).
هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕهزاییهتییانهش، گه‌نده‌ڵی و كه‌مته‌رخه‌می و به‌ده‌نگه‌وه نه‌هاتنی به‌رپرسانی شاره بۆ دابینكردنی كه‌موكووڕی و پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵك. ئێستا له كه‌ركوكدا پرسیاری كه‌موكووڕی و كه‌مته‌رخه‌ی به‌رپرسانی شار له هه‌ر تاكێكی كه‌ركوكی بكه‌یت، نه‌ك ته‌نها كورد، به‌ڵكو سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی شاره‌كه، زۆر راشكاوانه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت و باسی گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆری و پاشاگه‌ردانی دۆخی شار‌و به‌ده‌نگه‌وه نه‌هاتنی به‌رپرسانی شار ده‌كات.
لێره‌دا پرسیارێك خۆی ده‌سه‌پێنێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: بۆچی ته‌نها كورده‌كانی كه‌ركوك ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه تێكه‌ڵی ئه‌و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانانه نابن؟، ئایا ئه‌وانیش هه‌مان كێشه‌یان نییه؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ره‌وتی رووداوه‌كان و به‌هه‌ڵواسراوه‌یی پرسی كه‌ركوك كه له ئێستادا زیاتر خۆی له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌بینێته‌وه، كوردانی كه‌ركوكی، به‌تایبه‌تیش ئه‌و ئاوارانه‌ی به گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شاره‌كه، جارێكی‌تر خۆیان ئاواره كرده‌وه، به‌و ئومێده‌ی له كه‌شێكی ئارام و ژیانێكی ئاسووده‌دا بژین، هه‌رهه‌موو ئه‌مانه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تووشی نائارامییه‌كی ده‌روونی و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی به‌رده‌وام كردووه و هیچ ئاسۆیه‌كی روونیش بۆ رزگاربوون له‌و دۆخه ترسناكه به‌دیناكرێت.
ئه‌مه لایه‌كی ره‌وشه‌كه‌یه، لایه‌كه‌ی دیكه: كه‌مته‌رخه‌می و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری به‌رپرسانی شار‌و دووره‌په‌ڕێزی و بێئاگاییان له باروگوزه‌رانی خه‌ڵكی شار، چونكه هه‌ر به‌رپرسه‌و ئه‌گه‌ر هێڵی كاره‌بای فوولی نه‌بێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه (موه‌لیده)یه‌كی گه‌وره‌ی كاره‌با له‌به‌رده‌می ماڵه‌كه‌ی، یان له‌ناو پارچه زه‌وییه چۆڵه‌كه‌ی ته‌نیشتی ماڵه‌كه‌یدا هه‌یه‌و هه‌ر كه كاره‌با بڕا، ئیدی ئه‌و بێ كاره‌با نییه‌و گڕه‌گڕی ده‌نگی موهلیدهكهش له‌ولاوه بوه‌ستێ، جا ئه‌م دیمه‌نانه‌و چه‌ندان دیمه‌نی گه‌نده‌ڵی دیكه‌ی زۆربه‌ی به‌رپرسانی شار وایان له خه‌ڵكی كردووه برژێنه سه‌رشه‌قامه‌كان و داوای مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆیان بكه‌ن.
لێ ئه‌و مافه‌ش به كه‌س نادرێت، هه‌رزه‌كارانه په‌لاماری په‌رژینی باخچه‌و تابلۆی پرۆژه‌و وێنه‌و په‌یكه‌ری شه‌هیدان بدات و رق و تووڕه‌یی خۆیانیان پێ به‌تاڵ بكه‌نه‌وه. دیارده‌ی تایه سووتاندن و هاتنه‌كایه‌ی ره‌وشێك كه له ئاژاوه بچێ، به‌دڵنیاییه‌وه وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م پێیدا، له لاوازی و كه‌م ئه‌زموونی ئه‌و لیژنانهوهیه كه سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن.
جارێكی دیكه‌ش جێگه‌ی داخه ده‌سه‌ڵات به‌چاوی تێكدان و گێره‌شێوێنیی له ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی خه‌ڵك بڕوانێت و له خوێندنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا د‌رك به ره‌وایه‌تیی ناوه‌ڕۆكی ناڕه‌زاییه‌تییه‌كان نه‌كات و قامكی تۆمه‌ت و ئاژاوه‌گێڕی بۆ خه‌ڵكی ناڕازیی رابدێرێت، یان په‌لاماری رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكاران بدات و كامیراو پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی كاره‌كه‌یان وردوخاش و زه‌وت بكات.
بۆیه پێویسته‌و ده‌بێ به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتی شار وردتر‌و دوور له خۆبه‌ستنه‌وه به كورسیی ده‌سه‌ڵاته‌كانیانه‌وه له‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی جه‌ماوه‌ر بڕوانن و بهدهنگیانهوهش بچن و قهتوقهتیش به‌چاوی گێره‌شێوێنی لێیان نه‌ڕوانرێت، چونكه داواكانیان ره‌وایه‌و مافیش هه‌ر ده‌سه‌نرێت، ئه‌گه‌رنا دیكتاتۆرێكی وه‌كو سه‌دام دوای زیاتر له 35 ساڵی حوكمڕانی، وه‌كو شێره‌به‌فرینه توایه‌وه‌و كرایه په‌ندی مێژوو و فڕێدرایه قێزه‌ونترین زبڵدانی مێژووه‌وه.
كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری پێویستی به به‌رپرسانی دڵسۆز‌و خه‌مخۆرو بوێره، بێده‌نگی و خۆدوورهپهرێزگرتن و خۆبه‌ستنه‌وه به كورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌ری كورسی و خاوه‌ن كورسییه‌كانیش ده‌خوات.
16/8/2010