Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
بوونی (رزگاری) له‌ كفری؟؟

بوونی (رزگاری) له‌ كفری؟؟

Closed
by August 18, 2010 گشتی

گه‌لی كورد له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌ ململانێدایه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و، له‌گه‌ڵ گشت قوناغێكی نوێی خه‌باتدا ئامرازه‌كانی قۆناغه‌كه‌ی به‌ره‌و پێشبردووه‌و گه‌شه‌ی پێداوه‌، سه‌ره‌تا بزوتنه‌وه‌كان مۆركی ئاینی و ناوچه‌ییان پێوه‌ دیار بووه‌، ڕۆڵی ڕابه‌ر تیایاندا كاریگه‌ربووه‌، بۆیه‌ به‌نه‌مانی رابه‌ر یان كه‌سی یه‌كه‌م، بزونته‌وه‌كه‌ تووشی شكست بووه‌، دوای ئه‌م قۆناغه‌، ژیانی حزبی و ڕێكخراوه‌یی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان به‌دی ده‌كرێ، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وه‌ش بێكه‌م و كوڕی نه‌بووه‌، له‌و ڕێكخراوه‌و حزبانه‌ی باشوری كوردستان، بۆ نموونه‌ (داركه‌ر، هیوا، شۆڕش، ڕزگاری، دواتر پارتی دیموكراتی كورد) له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌ی سه‌ده‌ی بیستدا كاریگه‌ری خۆیان هه‌بووه‌ له‌ئاراسته‌كردنی سیاسه‌تی كوردی له‌م پارچه‌یه‌دا، بێگومان ئه‌م حزبانه‌ په‌لوپۆیان به‌شارو شارۆچكه‌و گونده‌كاندا هاویشت و كاری رێكخراوه‌یی و حزبی خۆیان له‌سه‌ر بناغه‌ی كوردایه‌تی ده‌كرد. ڕزگاریش وه‌ك یه‌كێك له‌و حزبانه‌ی  كه‌ كاریان كردووه‌ جێی ئامانجی ئێمه‌یه‌ له‌م باسه‌دا.
 له‌سه‌ر ڕۆشنایی نووسینێكی به‌ڕێز د.كه‌مال مه‌زهه‌ر كه‌له‌ گۆڤاری ره‌نگینی ژماره‌(121)ی سالی 1999دا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌و له‌ لاپه‌ڕه‌ی (381) به‌رگی دووه‌می كتێبی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌مێژووی گه‌لی كورددا له‌ نووسینی ناوبراو، كه‌ به‌ریز عبدالله زه‌نگه‌نه‌ ئاماده‌ی كردووه‌و له‌ چه‌ندین بابه‌تی مێژوویی پێكهاتووه‌، تیایدا به‌هه‌مان زانیاری دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌. له‌م بابه‌ته‌دا به‌ڕێز د.كه‌مال مه‌زهه‌ر به‌پشت به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ خستوویه‌تییه‌ ڕوو، باسی ئه‌ندام و چالاكه‌وانانی ڕزگاری و چۆنیه‌تی كارو رێكخستنیان ده‌كات، به‌ڵام له‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌. گومانمان لا دروست بوو له‌بوونی ئه‌و حزبه‌ له‌ كفریدا به‌پێی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ :
    1- به‌ڕێز د.كه‌مال ئاماژه‌ به‌چالاكی  (ڕزگاری) ده‌كات له‌ شاری كفری له‌مانگی 9/1946 به‌پشت به‌ستن به‌نووسراوی (متصریفه‌ لوا‌و كركوك السری للغایه‌ ) ژماره‌ 322 له‌ 1/10/1946  كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق كراوه‌، به‌ناونیشانی  (جمعیه‌ كردیه‌) ناوه‌ڕۆكی به‌لگه‌كه‌ش باسی (رزگاری) ده‌كات له‌كاتێكدا له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی 8ی هه‌مان ساڵدا،  هه‌ردوو حزبی (شۆڕش و ڕزگاری) خۆی هه‌ڵوه‌شاند بووه‌وه‌و زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانیان چووبوونه‌ ڕیزی پارتی دیموكراتی كوردو سه‌ركرده‌كانیشیان ڕۆلیان هه‌بوو له‌ دامه‌زراندنی پارتیدا.
2- به‌رێز د.كه‌مال ئاماژه‌ به‌بوونی 7 به‌ڵگه‌ ده‌كات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌بوونی (ڕزگاری) له‌كفری، كه‌چی یه‌ك به‌ڵگه‌ی خستووته‌روو كه‌ له‌خالی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌مان پێكردووه‌و ناوی ئه‌ندامه‌كانی (ڕزگاری) له‌كفری تێدا نی یه‌ 0
3-به‌ریز د.كه‌مال له‌باسه‌كه‌یدا ناوی ئه‌ندامانی ڕزگاری ئه‌هینێ له‌وانه‌:
 ا-مسته‌فا سید احمد ناسراوه‌به‌ (مسته‌فا نه‌ریمان) له‌كه‌لار كه‌چی ناوبراو له‌سالی 1946 مامۆستا بووه‌ له‌ سه‌رقه‌ڵا نه‌ك له‌ كه‌لا ر  0 وناوبراو له‌بیره‌وه‌ریه‌كاندا (بیره‌وه‌ریه‌كانی ژیانم) به‌هیچ شیوه‌یه‌ك باسی ئه‌ندامبوونی خۆی ناكات له‌(رزگاری).
ب- به‌رێزی باسی (مه‌لا عزیز عبدالرحمان دوانزه‌ ئیمامی) ده‌كات له‌گه‌ڵ (شێخ عه‌تا) كه‌چی ئه‌م دووز اته‌ له‌گه‌ڵ (مسته‌فا نه‌ریمان)دا
به‌شداریان له‌كۆبونه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بۆ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كورد له‌ سلێمانی له‌ مالی مامۆستا (ابراهیم احمد)  له‌ مانگی 6ی 1946دا كردووه‌.
ج-به‌رێزی باس له‌ (مسته‌فا نه‌ریمان) و (مه‌لاعزیز عبدالرحمان) ده‌كات كه‌هاتووچۆی خانه‌قینیان كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی كاری حزبی (رزگاری) به‌ڵام مسته‌فا نه‌ریمان له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا له‌ ل93 ئاماژه‌ به‌كاروچالاكی خۆی و مه‌لا عزیز عبدالرحمان ده‌كات له‌ خانه‌قین كه‌( به‌نهێنی) بۆ پارتی دیموكراتی كورد كاریان كردووه‌ نه‌ك بۆ رزگاری و بڵاوكراوه‌و فه‌رمانشیان له‌ مه‌لا سه‌ید حه‌كیم وه‌رگرتووه‌.
د-به‌رێزی باسی سابیر فه‌تح الله ده‌كات كه‌ناسراوه‌ به‌ (سابیر سه‌ڵته‌ زه‌رد) وه‌ك ئه‌ندامی رزگاری، له‌كاتێكدا ناوبراو ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كورد بووه‌و په‌یوه‌ندی به‌ (مه‌لا سه‌ید حه‌كیمی خانه‌قینی)یه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پ،د،كورد بووه‌.
ه-به‌رێزی باس له‌ حاجی عه‌لی حاجی محمد سلیم ئاغای موختاری گه‌ره‌كی ساده‌ی كفری وه‌ك سه‌رۆكی پارتی رزگاری ده‌كات له‌كفری، كه‌چی ناوبراو یه‌ك جار حه‌جی كردووه‌ ئه‌ویش له‌سالی 1951 له‌گه‌ل عمر ئاغادا كه‌ هه‌ر له‌وێش ده‌مرێ و ده‌نیژرێ.
4-خوالێخۆشبوو شێخ عه‌تای تاڵه‌بانی له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانی به‌ ناونیشانی (ژكریات ایام النچال فی كوردستان) باسی ئه‌ندامبوونی خۆی له‌ حزبی هیواو رۆلی له‌ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كورد ده‌كات، به‌ڵام باسی ئه‌ندامبوونی خۆی له‌ (رزگاری) ناكات.
5-به‌رێزی باسی بوونی رێكخراوی رزگاری له‌ (كه‌ڵه‌شێر ته‌په‌) كردووه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نیوان (قه‌ره‌بلاغ) و كه‌لاروه‌، كه‌چی (كه‌له‌شێره‌ته‌په‌) گوند نییه‌، گردێكه‌ نزیكی گوندی شێخ  له‌نگه‌ر.
 له‌كۆتاییدا پێمانوایه‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵییه‌ك له‌ بابه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، سه‌ر چاوه‌كه‌شی له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌ی به‌ناوی (رزگاری)ئۆرگانی هه‌ردوو حزبی رزگاری و پارتی دیموكراتی كوردبووه‌، كه‌ له‌كاتی بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌شاری كفری، سیخوره‌كانی رژێمی پاشایه‌تی ئه‌وكاته‌، ناوی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان به‌ناوی ڕۆژنامه‌كه‌وه‌ ناوبردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ هه‌ڵه‌یه‌ دروستبووه‌و له‌به‌ڵگه‌كه‌شدا كه‌ (متصریفه‌ لوا‌و كركوك ) به‌ناوی (جمعیه‌ رزگاری )به‌رزیكردووه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ پێمانوایه‌ (رزگاری) وه‌ك حیزب بوونی نه‌بووه‌ له‌ كفری-دا له‌و كاته‌دا به‌پشت به‌ستن به‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا حه‌زده‌كه‌ین ئه‌و شه‌ش به‌ڵگانه‌ی تر بڵاوبكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر راستیبوون و نه‌بوونی (رزگاری) له‌ كفری بوه‌ستین .

سهیل خورشید عزیز/كفری

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.