وەرەوە من بە نیشتیمان ئەڵێم لێتخۆشبێت… فەرمان ساڵح
نینا رووتترین ژنی شار
كچە پێ خاوسەكەی گەڕەك
وەرەوە نیشتمان
با ژانی تەنیایی نەتكوژێ
ئێستە هەڕەتی خواردنەوەی شیعرە
لە بەرداخی رازدا
درەنگە بۆ دابارینە ناو خەیاڵ
ئێٍستە منداڵیت لە سەر جادە كەوتووەو
گەنجێتیت لە باخچەیەك ماچ دەكرێت
ئێستە لە قەرەباڵغیدا دەست بۆ كچێنیت دەبردرێت
لێرە بەدواوە پارچەكانی ژیان كۆناكرێنەوە
لەوێ پایز دێت و یەكتر نابینینەوە
جەنگ دەگاتە ناو حەوشەی دیدار
لێرە بەدواوە نیشتمان لە كچەكانی نابورێت
دەستیان ناگرێت بۆ شایی
نایان باتە سەركانی و
لەبەر هەتاو قژیان شانە ناكات
چیتر دوا مەكەوە
تكایە هەر ئێستە وەرەوە
ئەوەتا لە پەنجەرەوە سەیركە
هیچ شتێك بەرگەی غەریبی ناگرێ
درەختەكان دەمرن و
گەڵاكان خۆیان هەڵدەواسن
وەرەوە نیشتمان
چیتر پەراگەندە مەبە
چیتر لە زەمینی ژەنگ چاوەرَێی ئیقامە مەكە
ئێستە نیشتمان لە گوڵ ئەچێ
چاوەڕێی تریشقەیەكە
رق لە ناخیدا بسوتێنێ
چاوەڕێی بارانێكە
بسمیلی كات لە شەڕ
نینا شەونمیترین گەڵا
كچە توڕەكەی ناو پۆل
هاروهاجەكەی سەرشەقام
وەرەوە من بە نیشتمان ئەڵێم لێت خۆش بێت
وەرەوە دەرسی یەكەم فیرار ئەكەین
بە هەردووكمان
گەزۆیەك لە دوكانەكەی تەنیشت مەكتەب ئەكڕین
پیاسەیەك ئەكەینە بن سێبەری مەمك و
لەماڵی ماچدا تێر ئەخەوین..