کورد نه‌خوێنده‌وارترین نه‌ته‌وه‌یه
به‌رێز من ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه جه‌نابتان وه‌كو نووسه‌ر و رۆژنامهوونووسێك ناسكردوه، ئه‌و كاته‌ی له رێگای كوردستان به‌رهه‌م و دیداره‌كان بڵاوده‌بوونه‌وه، موجامهلهشت ناكه‌م رایه‌كانت جوان و لۆژیكی نه، پێمان خۆشه بۆ بڵاوكراوه‌ی (پرس) كه نیو مانگیه و 12 لاپه‌ره‌یه و له هه‌ولێر ده‌رده‌چێ، چه‌ند پرسیارێكت لێ بكه‌ین و ئه‌و جاره بتكه‌ینه میوانی لاپه‌ره‌كانی رۆژنامه‌كه‌مان، پرسیارهكانیشمان تایبه‌ت مهندنین، هیوادارم ده‌ست بهرومانهوه نه‌نێی و داواكه‌مان قبوڵ بكه‌ی، ئێمه‌ش به‌ڵێنت پێده‌ده‌ین وه‌كو خۆی وهڵامهكانت بڵاو بكه‌ینه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسیارانه‌ش ژماره (107) ی بڵاوكراوه‌كه‌مان به pdf وه‌رگره.
بفه‌رموو بۆ خوێندنه‌وه‌ی پرسیاره‌كان
1- سه‌ره‌تا كه له رێگای كوردستان شتت ده‌نووسی هه‌ستده‌كرا تۆ وه‌كو نووسه‌رێك یان رۆشنبیرێك له خه‌می گۆرانی واقیعی كوردستان دای، به‌ڵام كوردستانت به‌جێ هێشت، ئایا رۆیشتنی تۆ بۆ ده‌ره‌وه هه‌مان ئه‌و پاساوه‌ی هه‌بووه كه كوردانی كۆچبه‌ر هه‌یان بوو، یان ههڵانت نه‌بوو له واقیع؟
هه‌ندرێن: ئه‌گه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌م بدوێم، وێده‌چێ هه‌ر ئه‌و چه‌شنه هه‌بوونه‌ش بێت که هه‌میشه له وه‌همی هه‌قیقه‌تێکی نه‌بوودا هه‌ڵه‌ته‌ی کردووم، هه‌ق نییه وه‌رامی ئه‌و پرسیاره‌تان بده‌مه‌وه. چونکه وێده‌چێت ئێوه یان به هه‌ڵه من ده‌ناسن یانیش ئاگاتان له زۆرینه‌ی نووسین و ژیانی من نه‌بێت. به‌ڵێ، من له سه‌ره‌تای نووسیندا نه “له رێگای کوردستان شت”م نووسیوه و نه کوردستانم به‌جێهێشتووه و نه له واقیعیش هه‌ڵاتووم.
نازانم مه‌به‌ستت کام “سه‌ره‌تا”یه، که له “رێگای کوردستان شت”م نووسیوه؟ چونکه من له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی رابردوووه‌وه به‌ر له‌وه‌ی نووسین نه‌ک “شت”م له “رێگای کوردستان”دا بڵاوکردبێته‌وه، له‌و گۆڤار و بڵاوکراوانه‌ی ئه‌وروپا، به تایبه‌تی سوێد و کوردستاندا بڵاو کردۆته‌وه. بۆیه سه‌رم له‌و “سه‌ره‌تا”یه ده‌رناچێت.
ئه‌مه له لایه‌ک، له لایه‌کی دیکه‌وه من له‌وه‌ته‌ی فامدهکهم، به گوێره‌ی توانای خۆم، به گوتن و کرده له “خه‌می گۆڕینی واقیعی کوردستان” دام. وێده‌چێت تۆ نه‌زانی من له ته‌مه‌نی 17 یان 18 ساڵییه‌وه بوومه پیشمه‌رگه و تا کۆتایی ئه‌نفاله‌کان له کوردستان بووم. دوای ئه‌وه‌ی که به هۆی هێرشه‌کانی ئه‌نفاله‌وه شاخ و ده‌شته‌کانی کوردستان بوون به سووته‌مه‌رۆ و دواجاریش به بڕیاری “به‌ره‌ی کوردستانی” ره‌حمه‌تیش پێشمه‌رگه و دێهاتنشینه‌کان به‌ره‌و ئێران و تورکیا قووچاندیان، که منیش یه‌كێک بووم له‌و خه‌ڵکه، له‌و کاته‌وه کوردستانم به‌جێهشتووه. به‌مجۆره “هه‌ڵاتنی من نه له واقیع”بووه ” و نه هه‌مان ئه‌و پاساوهشه که کوردانی کۆچبه‌ر”هه‌یانه یان هه‌یانبوو.
بۆیه چۆنیه‌تی “به‌جێهێشتنی کوردستان”، حیکایهتیكی درێژه، ئه‌گه‌ر تۆ ئاگات له نووسینی من بووایه، که مه‌رج نییه ئاگات لێ بێت، ده‌تزانی. راستییه‌که‌ی لێره‌دا حه‌وجه ناکا ئه‌و حیکایه‌ته بگیڕمه‌وه، چونکه، دوای به‌زمی حیزبه‌کان؛ له شه‌ڕی خۆکوژییه‌وه بگره تا ده‌گات به گه‌نده‌ڵیی و سازشهکارییهکان، هه‌موو ژیانمان بوون به حیکایه‌تێکی کۆن. خۆتان ده‌زانن، ئه‌و نه‌وه گه‌نجه‌ی هه‌نووکه‌ش حه‌زی به‌و حیکایه‌تانه نییه.
که‌واته دوورکه‌وتنه‌وه‌ی من له کوردستاندا نه به ده‌ستی خۆم بووه و نه “پاساو”یشم بۆ هه‌بووه. قه‌ده‌رێک بوو پێشهات، که ئه‌و قه‌ده‌ره‌ش له فیلمی هیندیی و که‌مێکیش هۆلیوود ده‌چوو.
2-چه‌ند ساڵی رابردوو گه‌رایه‌وه كوردستان و وه‌ك خۆت له رۆژنامه‌ی میدیا باستكردبوو مه‌به‌ستت بو بۆ به‌یه‌كجاری بگه‌رێیه‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌و كات باستكرد نه‌گونجا، ئایا هۆی چییه هه‌ندێك كه‌س كه ده‌گرێته‌وه كوردستان فه‌رشی سوری بۆ راده‌خه‌ن و هه‌ندێكی دیكه‌ش هه‌ر له فرۆكه‌خانه‌وه گرفت و كێشه‌ی بۆ سازده‌كه‌ن؟
هه‌ندرێن: من له ساڵی 2005 دا، دوای 15 ساڵ به خه‌ونی عه‌نتیکه‌وه بۆ خزمه‌تکردنی کوردستان، یان به‌رده‌وامبوون له خزمه‌تکردن، گه‌ڕامه‌وه کوردستان. به کوشته‌ی ئه‌و خه‌ونانه‌وه ته‌واوی کاته‌کانم له سوێد به خوێندنی ئاماده‌یی و زانستگا به‌سه‌ر برد، له کاتێکدا ره‌نگه له %98 ی ئه‌و کۆنه پێشمه‌رگه و خه‌ڵکه‌ی که له 90 ه‌کانه‌وه له‌گه‌ڵیان هاتم بۆ سوێد، خه‌ریکی کاسبیی و پاره کۆکردنه‌وه بوون. خه‌ونی من ئه‌وها بوو، که دوای راپه‌ڕین و نه‌مانی رژێم له کوردستاندا، ئیتر کوردستان پێویستی به هزر و تشتی وایه، منیش دوای پێشمه‌رگایه‌تی، هه‌ستم ده‌کرد که له‌و قۆناغه‌دا، که‌م و زۆر، ده‌توانم له‌و بواره‌دا به‌ردێک له‌سه‌ر به‌ردێک دابنێم. گوتم دوای ته‌واو کردنی ئه‌و خوێندنه ده‌گه‌ڕێمه‌وه کوردستان و به دڵنیاییه‌وه زانستگا و ده‌سه‌ڵات به گشتی که‌یفیان دێت. بۆ زانینت، له 1981ه‌وه ته‌نیا جارێک له 1996 بۆ 12 رۆژ هاتمه‌وه، ئه‌گینا تا 2005 به ئاسایی کوردستانم نه‌دیبوو. ئیتر که هاتمه‌وه نه‌مده‌زانی چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه عه‌نتیکه؛ حیزبسالاریی و بێ سیسیتهمییه مامه‌ڵه بکه‌م. به سووکه‌ڵه واسیته‌یه‌ک، به رێگای چه‌ند هاوڕێیه‌کمه‌وه توانیم تا قۆناغی “کۆلیژی سۆران” بڕۆم. ئیتر له‌وێوه هه‌موو خه‌ونه‌کانم وه‌ک بێ‌دار بوونه‌وه‌یه‌کی ترسناک کۆتای‌یان هات.، من له کتێبی “گوڵناره‌کانی شوێنپێ له باخچه‌کانی تاراوگه” و “بۆ مامۆستایه‌تی هاتمه‌وه که‌چی بووم به تێرۆریست” باسی ئه‌و حیکایه‌تانه‌م کردووه. لێره‌دا باسکردنه‌وه‌ی زیاده‌یه.
لێره‌وه بۆ خۆشیشی بێت یان بۆ ئه‌وه‌ی بزانی که ئه‌وه من نیم که “له واقیعی کوردستان ههڵاتبم” حه‌ز ده‌که‌م حیکایه‌تێکی تر سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان بگێرمه‌وه. ساڵی 2008 بۆ سه‌ردان گه‌ڕامه‌وه کوردستان. له‌و سه‌فه‌ره‌دا کاک شێرزاد حه‌سه‌نم بینی، که ئه‌وه یه‌که‌م جار بوو به دیمانه‌ی شاد بم. هه‌ڵبه‌ته یه‌کێک له‌و دیدارانه‌ی که که‌یفم پێهات، ئه‌و شه‌و و رۆژه بوو که له‌گه‌ڵ کاک شێرزاد به‌سه‌رم برد. به‌ده‌م گفتوگۆوه کاک شێرزاد پرسیاری لێکردم که حه‌ز ده‌کات بۆ ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌کیش بێت بێمه‌وه کوردستان و چه‌ند سێمنیارێک بۆ مامۆستایان له‌مه‌ڕ بابه‌تێکی دیاریکراوی په‌روه‌رده‌وه پێشکه‌ش بکه‌م. منیش، به هۆی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی پێشوومه‌وه، پێم گوت ئه‌گه‌ر ده‌زانی دڵنیای سه‌رده‌گرێت و دیسان تووشی حیکایه‌تی وه‌ک “کۆلیژی سۆران” و “زانکۆی کۆیه” نابم، ئه‌وه زۆرم پێ خۆشه. چونکه من وێڕای مێژووی هزر و چه‌ند کۆرسی تر له فه‌لسه‌فه و مێژوو و روانبیێژیی و …تاد، ساڵ و نیوێک له بواری په‌روه‌رده، که مێژووی په‌روه‌رده له رۆژئاوا و سوێد چۆن بووه و چۆن بتوانی وانه بڵێته‌وه، خوێندووه. هاوکاتیش به‌شێکیش له‌و خوێندنه پراکتیککردن وانه گوتنه‌وه بوو. دواجاریش لێره کاری مامۆستایه‌تیم کردووه. به‌ڵێ، به رێگای کاکه شێرزاده‌وه چووینه لای وه‌زریری په‌روه‌رده، که ئه‌ویش وێده‌چوو پێی خۆش بێت. دواجار وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی ئه‌وکات به سکرتێره‌که‌ی گوت، که خانمێکی عه‌ره‌بی مه‌غریبی بوو، وابزانم ناوی رهشیدهیه. ئه‌ویش به ئینگلیزی قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردم، که راستییه‌که‌ی لام عه‌نتیکه بوو له کوردستان و له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا سکرتێری وه‌زیر کوردیی نه‌زانێت. ئه‌وه‌م له سوێد نه‌دیوه. لێره سکرتێری ئه‌و بواره ههستدارانه ده‌بێ باش سوێدیی بزانێت، ئه‌گینا چۆن ده‌توانێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خوێندکارانی بکات؟
سکرتێر مه‌یل و ئه‌درێسی وه‌زاره‌تی وێدام که من دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ سوێد، پرۆفایل و نامه و بیرۆکه‌ی ئه‌و سێمینارانهیان بۆ بنێرم. منیش که گه‌یشتمه‌وه سوێد، ده‌ست و برد کۆی شهاده و نامه و بیرۆکه‌که‌م به ئینگلزیی و کوردیی بۆ مه‌یلی سکرتێری وه‌زیر نارد. مانگ رۆیشت و مانگ هات، هیچ وه‌ڵامێکم بۆ نه‌هاته‌وه. دوای چه‌ند مانگ به نامه و ته‌له‌فۆن له کاکه شێرزادم پرسی که سکرتێری وه‌زیر وه‌ڵامی نییه. ئه‌ویش هه‌میشه به خه‌مه‌وه ده‌یگوت که چوومه هه‌ولێر ده‌پرسم. دوای شه‌ش مانگ زیاتر، وتیان نامه‌کانم نه‌گه‌یشتوون. گوتم بڕوا ناکه‌م. دواجار زانیم که له نێوان خانمه سکرتێره‌کانی وه‌زاره‌تدا شه‌ڕی مجگێز هه‌یه، بۆیه یه‌کێکیان نامه‌کانی منی خستبووه ناو زبڵدان. دوایی کاکه شێرزاد گوتی گوێ مه‌دێ دیسان نامه‌یه‌کی تر بنێره‌وه. منیش ناردمه‌وه. به‌مجۆره دوای نزیک 2 ساڵ، وه‌ک ماده‌ی 140 و وه‌عد و قسه‌کانی خۆشه‌کانی حکومه‌تی کوردستان، به فه‌رمی هیچ وه‌ڵامێکم له وه‌زه‌راتی په‌روه‌رده و خانمی سکرتێر وه‌رنه‌گرت. لێ کاک شێرزاد که زانی بریندار بووم، رۆژێک له نامه‌یه‌کی موبایلدا، که دوای ئه‌وه‌ی براده‌رێک پێی گوتبوو هه‌قه هاوکاری هه‌ندرێن بکه‌ن، ئه‌ویش بۆ دڵدانه‌وه له مۆبایله نامه‌که‌یدا نووسیبووی، که به‌داخه‌وه دیار هاتنه‌وه‌ت سه‌ر ناگرێت.
که ئه‌و حیکایه‌ته ده‌گێرمه‌وه، بۆ ئه‌وه نییه که دڵی پڕ سوحبهتی کاکه شێرزاد لێڵ بکه‌م، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌مه که مێژوو وا به گێلی به‌سه‌ر ئه‌و به‌زمانه‌ی حکومه‌ته “ساوا”ه‌که‌مان تێنه‌په‌ڕێت و ئێوه و خوێنه‌ریش له خۆڕا من به “هه‌ڵاتوو له واقیعی کوردستان” و “پاساو هێنانه‌وه بۆ کۆچ” تۆمتبار نه‌که‌ن. منیش که ئه‌وها بێ قه‌ید و قیوود ده‌دوێم، بای هێنده ئێتیکم هه‌یه له خۆڕا به‌ناو قسان نه‌که‌وم. ئه‌وه من نیم که گازانده له به‌ختم ده‌که‌م، به‌ڵکو ئه‌وه نووسه‌ر و پسپۆڕه خاوه‌ن ده‌زاگا و به‌رپرس و مووچهگهلی نادیارن که ده‌یانبینی هه‌میشه وه‌ک ئه‌و پیرێژن و پێرمێردانهی که بووکه‌کانیان به‌خێویان ناکه‌ن، بۆ به‌ختی خۆیان ده‌گریێن. که‌چی له دیدار و تیڤییه‌کاندا، به جۆره ره‌خنه‌یه‌کی ئاوقاتانهوه، به شان و باڵی حکومه‌ت و ژیانی کوردستاندا هه‌ڵده‌ڵێن!
به‌ڵێ، لێتان ناشارمه‌وه دوای ئه‌و به‌زمه‌ی که له‌گه‌ڵ مودیری ئه‌وکاتی “کۆلیژی سۆران”، د. له‌وه‌ند دزه‌یی و به‌زمی “زانکۆی کۆیه”، که له‌وێش دوای ئه‌وه‌ی زانیان که کاتی خۆی شیوعی بوومه، کردیانه فشه، به تایبه‌تیش ئه‌زموونی دوو ساڵه له چاوه‌ڕوانی بێوه‌ڵامی سکرتێری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و خودی ناڕوونی شێرزاد، هێنده‌ی خه‌فه‌تم بۆ ئه‌نفالکردنی گوندنیشین و سووتانی چیا و ده‌شته‌کان و کۆتایی هاتنی پێشمه‌رگایه‌تی خوارد، ئه‌وه‌نده‌ش خه‌فه‌تم بۆ خه‌ون و یاده‌وه‌ریی خۆم خوارد. دوای ئه‌و خهوزڕانهی که له‌و ئه‌زموونانه‌دا تووشیان بووم، ئێستاش بێزم له نووسین و بچمی نووسه‌ر ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ک ده‌مه‌وێ له رێگای شیعره‌وه یاده‌وه‌ریی پێشمه‌رگایه‌تیی و چیاکان فهرامۆشبکهم.
ئه‌مما، بۆچی “بۆ هه‌ندێ که‌س فه‌رشی سوور راده‌خه‌ن و بۆ هه‌ندێ که‌سیش گرفت دروست ده‌که‌ن”، ئه‌وه‌یان هه‌موومان هۆکاره‌کانیان زۆر باش ده‌زانین. منیش به گوێره‌ی توانا له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به شێوازی جیاوازه‌وه باسی بێئێتکیی، گه‌نده‌ڵیی، حیزسالاریی، واسیته، مجگێزی خێڵه‌کیی و کڵۆڵی ئه‌و سیسته‌مه‌ی کوردستانم کردووه، که هۆکردی ئه‌و به‌زمه‌یه که تۆ لێمی ده‌پرسی. کۆی ناوه‌ندی رۆشنبیریی، هونه‌ریی و مامۆستایانی بواری زانستگاکان و بگره هاووڵاتییه که‌مێک خوێنده‌واره‌کانیش له من و تۆش باشتر ده‌یزانن، که پارتیی و یه‌کێتیی به کامه رێگا و به کام مه‌رجیش پێشوازی له‌و مامۆستا، نووسه‌ر، بازارگان، تهقاویتخۆر، راوێژکار، چاوه‌ش و … تاد ده‌که‌ن که له ئه‌وروپاوه دێنه‌وه. بۆیه دووباره کردنه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌ی تۆ له منی ده‌خوازی باسی بکه‌م، ته‌نیا کووتانهوهی ئاسنی سارده.
3-باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كاتی خۆ تۆ و به‌دران حه‌بیب پێشمه‌رگه بوونه، گوایه به‌دران ته‌سلیمی حكوومه‌ت بۆته‌وه، تۆش قاتێكی كوردیت به‌دیاری پێشكه‌ش كردبوو، ئه‌گه‌ر ته‌واوی ئه‌و باسه‌مان بۆ بگێریه‌وه و پاشان هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه ئه‌و باسه له كتێبه‌كه‌ت له ده‌زگای سه‌رده‌م و ئه‌وه‌ی رویدا پێمان بڵێی چی بووه؟
هه‌ندرێن: ئه‌و باسکردنه‌ی من مه‌ته‌ڵێک نییه، به‌ڵکوو راستییه‌که که من له کتێبی “گوڵناره‌کانی شوێنپێ…”دا کورته‌یه‌کم لێیان باسکردووه. که‌واته مه‌سه‌له “باس له‌وه ده‌که‌ن که کاتی خۆی…” نییه، به‌ڵکوو من ئه‌وه‌م بڵاوکردۆته‌وه. لێره‌دا ده‌یڵێمه‌وه، مه‌به‌ستێکی ئه‌وهام نییه که بمه‌وێ تۆمه‌تی سه‌یر بخه‌مه پاڵ به‌دران حه‌بیب، به‌ڵکوو من وه‌ک به‌شێک له یاده‌وه‌ریی پێشمه‌رگایه‌تی وێنه‌یه‌کی ئه‌و شوێنکات و پێشهاتانهم گێڕاوه‌ته‌وه. له پاڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌م بۆ هاوڕێیه‌تی ئه‌وکاتی به‌دران کردووه، که یه‌که‌م کۆشیعرم، “له سێبه‌ری کێوه‌کان ونت ده‌که‌م…” به دهسو خه‌تی خۆی بۆی نووسیمه‌وه و پێشه‌کیشی بۆ نووسیوه. هه‌رچه‌نده ئه‌و دیوانه چاپ نه‌بوو، چونکه ئه‌و ده‌م دوای ئه‌وه‌ی که دوای ئه‌وه‌ی له ده‌ڤه‌ری “به‌ری گارا”وه بۆ “راگه‌یاندنی ناوه‌ندی”، که له “خواکوورک بوو، ره‌وانه کرا، دوای خستنه سه‌ر ستهنسیل له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌کی پۆست ره‌وانه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و “دۆلێ بالیسان” ره‌وانه کرا، که خۆم له “راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر”بووم و قهوڵیش وابوو خۆمان بیخه‌ینه سه‌ر کاغه‌ز. وه‌لێ ئه‌کاته ئه‌و مه‌فرزه ته‌ته‌ره به هۆی هێرشی ئه‌نفاله‌وه له ده‌ڤه‌ری هه‌ریر له ناو جاشه‌کانی ئه‌وده‌م و پاڵه‌وانی کوردایه‌تی ههنوونهکهدا شاردیانه‌وه و دواجار تا دوای راپه‌ڕین نه‌مدیته‌وه.
به‌ڵێ، وابزانم له هاوینی دا1986 بوو که کاکه به‌دران حه‌بیب له بری سهربازییکردن بوو به پێشمه‌رگه. منیش ئه‌و هاوینه له باره‌گای “کافێ” که ده‌که‌وێته “به‌ری گارا” ئاشنای بووم. له هاوینی یان پاییزی 1987 بوو به‌دران قاته کوردییه‌که‌ی کۆن بوو یان ده‌یویست بینشوات، به‌ڵام قاتی تری نهبووتا له‌به‌ری بکات. ئه‌وکاتیش به‌رپرسی ئیداری مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر قاتێکی نوێیان پێدام، که هه‌ر له باره‌گا پێشمه‌رگه خهیاتهکهمان بۆی دووری بووم. دیاره حیزبی شیوعی ساڵانه، وه‌ک کاتی منداڵیی، قاتێکیان بۆ ده‌کڕین. منیش ئهوقاتهی خۆم دایه به‌دران که تا قاته کۆنه‌که‌ی ده‌شوا له‌به‌ری بکات، یان نازانم که وه‌ک دیاریی پێشکه‌شم کرد. چونکه ئه‌وکات ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک نوێ بووایه، قاتیان به ئاسانی پێنه‌ده‌دا. لێ وابزانم دوای چه‌ند رۆژێک بیستم به‌دران له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌ک به‌ره‌و ده‌شتی هه‌ولێر رۆیشتووه، هه‌ڵبه‌ت بێ ئه‌وه‌ی من ئاگام لێبێت. چونکه به‌دران له باره‌گایه‌کی تر بوو، که زۆر دوور نه‌بوو له من. دوای ماوه‌یه‌کی کورت مه‌فره‌زه‌یه‌ک له ده‌شتی هه‌ولێر هاتبوو، له هه‌واڵی بهدرانم پرسی، یه‌کێک له‌و مه‌فره‌زه‌یه گوتی: هه‌ر گه‌یشته ده‌شتی هه‌ولێر ته‌سلیمی رژێم بووه‌وه. راستییه‌که‌ی زۆر دڵگیر بووم، به‌ڵام له‌به‌ر قاته‌که نه‌بوو، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که بۆ چووه خواره‌وه به منی نه‌گوت و بۆچی وا زوو ته‌سلیم بووه‌وه، هه‌رچه‌نده به‌دران،به هۆی کۆمه‌ڵێک هۆکاره‌وه، هه‌ر زوو له‌ناو حیزبی شیوعیدا تووشی کێشه بوو. لێره‌دا شوێنی باسکردنی ئه‌و کێشانه نییه. ئه‌مه‌یه راستی مه‌سه‌له‌که.
ئه‌مه‌یان ئه‌وه، لێ سه‌باره‌ت به بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی کتێبی “گوڵناره‌کانی شوێنپێ…. له “ده‌زگای سه‌رده‌م”، که ئه‌ویش جۆرێکه له حیکایه‌تێکی توولانیی و عه‌نتیکه‌کانی ئیستای کورد. لێ به کورتی، من هه‌ر به رێککه‌وت، ره‌نگه به هۆی ئه‌وه‌بوو که چه‌ند وتارێکم له گۆڤاری “ئاینده” بڵاوکردبووه‌وه، ئه‌و کتێبه‌م بۆ کاک دڵشاد عه‌بدوڵلا نارد، به‌ڵام پێشتر دڵشاد عهبدوڵلام نه له نزیکه‌وه بینی بوو نه له دووره‌وه‌ش قسه‌م له‌گه‌ڵ کردبوو. به‌مجۆره به‌ر له ناردن و دوای گه‌یشتنی کتێبه‌که‌ش، دڵشاد زۆر به گه‌رمییه‌وه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر کتێبه‌که نیشاندا. دواجار رۆژ هات و چه‌ند مانگ به‌سه‌ر چوو، چه‌ند نامه‌م نووسیی و چه‌ند جاریش چه‌ند ناسیاوم راسپارد که سۆراغی ئه‌و کتێبه بکه‌ن، که‌چی هۆکاری دواکهوتنیم نه‌زانی. دواجار، دوای 6 مانگ زیاتر، رۆژێک ناچار بووم ته‌له‌فۆن بۆ کاک دڵشاد عه‌بدوڵلا بکه‌م. له ته‌له‌فۆنه‌که دڵشاد وتی، به‌رپرسیارانی “ده‌زگای سه‌ده‌م” زیاتر له 40 ره‌خنه و تێبینیان له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ت هه‌یه، بۆیه ناتوانین ئه‌و کتێبه چاپبکه‌ین. گوتی، ئه‌و کتێبه تشتی زۆر جوانی تێدایه، به‌ڵام تۆ باسی براده‌رانی سه‌رده‌م و چه‌ندین نووسه‌رت کردووه، بۆیه ناکرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یر بوو، ئه‌گه‌ر خۆم ته‌له‌فۆنم نه‌کردبا، ره‌نگه چه‌ند مانگی تر هه‌واڵی چاپنهکردنیم وهرگرتباوه و هۆکاری چاپکردنهکهشم نه‌ده‌زانی. دیاره هۆکاره نادیاره‌کانی تر ده‌زانم، لێ لێره‌دا تاقه‌تی ئه‌و حیکاتهشم نییه. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له ئه‌وه بێت، که گوایه من له شکۆمه‌ندی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی “ده‌زگای سه‌رده‌م” و ئه‌وانیترم که‌مکردبێته‌وه، شوکور که‌چی ئێستا دوای 5 ساڵ زیاتر له‌و سه‌رنج و وێنهکردنانهی من له‌وانه، راستیی و ناڕاستی ئه‌و وێنهکردنانهی من له هه‌مبه‌ر هه‌موویان بۆ هه‌موو خه‌ڵک ده‌رکه‌وتن. بۆیه چی تێدایه، وه‌ک چۆن 8 ساڵ زیاتری پێشمه‌رگایه‌تیی و فیلمی “کۆلیژی سۆران” و “زانکۆی کۆیه” و پادداشتی نووسینه‌کانم تاڵانکران، با ئه‌ویشی بێته سه‌رێ.
4-له وه‌ڵامێكت بۆ هاورێ باغه‌وان له ماڵپه‌ری ده‌نگه‌كان ده‌ڵێی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌به‌سه‌ر كورد هاتوون ماركس و شوعیه‌ت هۆكاری نه‌بوون، من ده‌پرسم باشه په‌یره‌وی ناوخۆی چ یه‌كێتی چ پارتی له فكره‌ی پرۆگرامی حیزبی وڵاته عه‌ره‌بی و ئه‌وروپیه‌كان وهرگریراوه، كه ئه‌وانیش كه‌م تا زۆر له ژێر دروشمه‌كانی ماركسیزم نوسراونه‌ته‌وه، بۆچی خه‌ڵكی به‌دوای ئه‌وان ده‌كه‌وت، به‌س شوعیان به كافر ده‌زانی؟
هه‌ندرێن: وه‌رامی ئه‌و پرسیاره‌تان، زۆر قسه هه‌ڵده‌گرێت، لێ لێره ئه‌و بواره‌مان نییه. به کورتی، ره‌نگه به‌شێک له هۆکاره‌کانی ئه‌مه بێت، که حیزبی شیوعی ئه‌وکات ناوه‌که‌یی، ئه‌ندام و لایه‌نگر، ره‌فتاره‌کانی، ئایدیۆلۆژیی و په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی کۆمونیست و حیزبه شیوعییه‌کان لای خه‌لک به روونی دیار بوو. بۆیه خه‌ڵکی گشتی یان غه‌یره شارنشینه‌کان به‌رژه‌وه‌ندیی و مجگێز و نه‌ریتی گوندییان له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌دا دوور بوو. هه‌رچه‌نده له 50 و 60 و حه‌فتا و بگره هه‌شتاکانیش جه‌ماوه‌ری حیزبی شیوعی له پارتیی و یه‌کێتیی نه‌ک هێنده که‌متر نه‌بوو، به‌ڵکو توێژی خوێنده‌واریی کوردستان و عێراقیش له حیزبی شیوعی نزیکتربوون.
که‌چی پارتیی و یه‌کێتیی، وێڕای ناو و ناوه‌ڕۆکیان، ئه‌ندام و لایه‌نگر، بنه‌مای بیرکردنه‌وه، ره‌فتار و دروشمییهکانیان زۆر له خه‌ڵکی گشتی کوردستان نزیکن. هه‌ر بۆیه ئه‌وکات و ئێستاش زیاترین توێژی ده‌ره‌به‌گ، سه‌رۆک خێڵ، به فۆرمی نوێ و کۆنییه‌وه، به پله‌ی یه‌که‌م له‌ناو پارتیی و به پله‌ی دووه‌میش له‌ناو یه‌کێتیی و حیزبه‌کانی تردا خڕبوونهوهتهوه. دیاره ئه‌و چینه ده‌ره‌به‌گ و رهشۆکهش به هێزترین هێزن له کوردستاندا. پارتیی و یه‌کێتیی، وه‌ک چۆن ئێستا به قسه و بۆ چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی که‌مزانی کورد به دروشمی لیبرالیی و دیمۆکراتیی و مه‌ده‌نیی و … تاد فریو ده‌ده‌ن، که هه‌نووکه ئه‌و چه‌مکانه باون، ئه‌وکاتیش که زیاتر لینینزم-ستالینیزم و ماویزم مۆده بوو، بۆیه ئه‌و دوو حیزبه‌ش بۆ به‌گه‌ڵ هه‌ڵا که‌وتن له په‌یڕه‌و پرۆگرامی ناوخۆ و یان له‌گه‌ڵ چینی خوێنده‌واران خۆیان به مارکسی ده‌زانی. لێ له راستییدا ئه‌و دوو حیزبه، وه‌ک زۆر له حیزبه ناسیۆنالیست-دهربهگییهکانی عه‌ره‌بیی، بۆ نموونه هه‌ردوو حیزبی به‌عسی عێراق و سوریا، فڕیان به مارکسیزمه‌وه نه‌بووه و نییه. ئه‌و دوو حیزبه‌ش له کرده‌دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک له به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی ره‌شۆکی کوردیی هه‌وڵیانده‌دا به رێگای ئه‌خلاقی کورده‌واریی و ئایینییه‌وه، بۆ نموونه شیوعییه‌کان به کافرن بچووێنن، که ره‌نگه خۆشیان نیوه‌یان له ئه‌ندامانی سه‌رووی ئه‌و حیزبه کافرتر بن، مارکس و مارکسیزم دزێو بکه‌ن. ئه‌و قسه‌ڵۆکه‌ی که ده‌ڵێ، “شیوعیه‌کان له‌گه‌ڵ خوشک و دایکی خۆیان ده‌خه‌ون”، له حه‌فتاکاندا کادیرانی پارتی به‌و قسه‌ڵۆکه خه‌ڵکی گونده‌کانیان به دژی شیوعییه‌کان گۆشدهکرد. به‌هه‌مه‌حاڵ، لێ، له کن من، حیزبی شیوعیی و لینینزم-ستالینیزم زۆر دووره له مارکس و مارکسیزمی رۆژئاوا. به‌رهه‌مه‌کانی مارکس وه‌ک به‌رهه‌می هه‌ر کۆمه‌ڵناس و هزرڤانێک شایه‌نی هه‌میشه خوێندنه‌وه‌یه. لێ لینینیزم-ستالینیزم جۆره سیسته‌مێکی تۆتالیتاریی سیاسیی و سه‌ربازیی بوو. ئه‌م بابه‌ته‌ش راڤه‌ی زۆرتری گه‌ره‌که، که لێره‌دا ناکرێت.
5-زۆر جار ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووسان خۆ به‌خۆ ده‌ڵێین تاوه‌كو ئێستا تاكه رۆشنبیرێكی ناسراو كه هه‌بێ ملكه‌چی پاره و ده‌سه‌ڵاتی كوردستان نه‌بوبێ (عه‌بدولا په‌شێوه)، ئایا تۆ پێت وایه هێشتا رۆشنیبر و نووسه‌ری وا هه‌بن، له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵات بژێین و سه‌ربه‌ستی خۆیان له‌ده‌ست نه‌دابێ؟
هه‌ندرێن: راستت ده‌وێ دۆخی سیاسیی و رۆشنبریی کوردیی له باشووردا تا حه‌زبکه‌ی کڵۆڵه. راستییه‌که‌ی سه‌رمایه‌ی کاکه په‌شێو ئه‌و هه‌ڵوێسته جوامێرانهیهتی که وه‌ک مێگه‌لی نووسه‌رانی به‌ناو “ناسراو” بۆ پاره خۆی سووک نه‌کردووه. گریمان په‌شێو ملکه‌چی پاره و ده‌سه‌ڵات بوو، ئاخر ئه‌وکات له هه‌ردوو دین ده‌بوو. ئه‌مڕۆ تۆ، هه‌رچه‌ند ده‌ته‌وێ که له ناوه‌ندیی سیاسیی و رۆشنبیرییه‌ی کوردستاندا بێ‌ئومێد نه‌بیت، به‌ڵام دواجار نا‌توانیت 10 نووسه‌ری “ناسراو” بژمێریت که له به‌رده‌م پاره و ده‌سه‌ڵاتدا، ئێتیکی سه‌ربه‌ستیی و ویژدانی رۆشنبیریی خۆی نه‌دۆڕاندبێت. ئه‌وه‌تا زۆرێک له‌و نووسه‌رانه‌ی که به زارقهڵهباڵغیان له به‌کارهێنانی چه‌مکه خۆشه‌کانه‌وه، خۆیان له کن خوێنه‌ردا کردۆته شۆڕشڤانی دادپه‌روه‌ریی، کوردپه‌روه‌ریی و ژنپهروهریی… تاد، که‌چی رۆژ به دوای رۆژ هه‌ر به خۆشیان له به‌رانبه‌ر پاره و ده‌سه‌ڵاتدا، وه‌ک نه‌دیی و بدیی خۆیان ریسوا ده‌که‌ن. دیاره من له چه‌ند وتار و دیمانه‌دا، باش یان خراپ، باسی ئه‌و ره‌وشه‌ی نووسه‌ری کوردییم کردووه.
بۆیه مرۆڤ که بیر له کوردستانی لای خۆمان ده‌کاته‌وه، ترس و خه‌مێکی قووڕس دایده‌گرێت، چونکه هه‌ستده‌که‌ی ده‌ڵێ رۆژی مه‌حشه‌ره. ئاخر له‌ناو ناوه‌نده‌ی نووسه‌راندا 5 نووسه‌ر، به تایبه‌تی له‌و نووسه‌رانه‌ی، که له کن خوێنه‌ر و نووسه‌ره کۆیله‌کان، “گه‌وره و داهێنه‌ر”ی کوردن، نادۆزیته‌وه که له‌به‌رانبه‌ر پاره و ده‌سه‌ڵاتی ئابوورییدا نه‌ڕما بێت. گوتمان نووسه‌ریش وه‌ک مرۆڤ ده‌کرێ حه‌زی له پاره و ده‌سه‌ڵات بێت، به‌ڵام ئه‌و ئه‌خلاقه‌ی که نووسه‌ر و هونه‌رمه‌دان له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ش هه‌یانه، زۆر بووده‌ڵه و نه‌دیی و بدییهتییه. پێڕێک نووسه‌ری “گه‌وره و گچه” و “داهێنه‌ر و نوێخواز”ت هه‌یه، وێڕای مووچه‌ی بێ ئیشه‌که‌ی، که ته‌مبه‌ڵییه، دوو سێ مووچه و زه‌ویی و پادداشتی هه‌یه، که‌چی چاویان تێر نابێت. له‌وه‌ش عه‌نتیکه‌تر، من نووسهرگهڵێکم له کوردستان دیوه، که نه‌وه‌ده‌کان نان نه‌بووه بیخۆن، که‌چی ئێستا به رێگای حیزبییه‌وه له خۆڕا بێ ماندووبوونێک، بێ خوێندنێک و پاشخانێک له پسۆڕیی. بوون به خاوه‌ن نوێترین ئۆتۆمۆبیل، ماڵ، بگره به‌شێکیان بوون به بازرگان، خاوه‌ن حیمایه و… تاد. نووسه‌رت هه‌یه له سوێد سۆسیالی وه‌رده‌گرت یان ئیشی ره‌شی ده‌کرد، که عه‌یب نییه، لێ کت‌وپڕ دوا نووسینێکی قۆقز به‌سه‌ر سه‌رۆکی حیزب و داواتکردنی له لایه‌ن به‌رپرسی حیزبێکه‌وه، بۆته دکتۆری بێتێز، فه‌یله‌سووفی بێفهلسهفه، کوردۆلۆژی بێکوردایهتی و … تاد. دیسانه‌وه حیکایه‌تی ئه‌و داڕمانه‌ی که له ناوه‌ندی رۆشنبیریی کوردییدا له گه‌شه‌کردن دایه، زۆر درێژه که لێره‌دا نموونه‌کانیان و بهزمهکانیان نانووسرێنه‌وه. مخابن ره‌وشی نووسه‌ری کورد تا بڵێی بێزه‌وه‌ره. پرسیار ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئاکاری داڕماوی نووسه‌رانی “ناسراو”ی کوردیی بن، ئاخۆ ده‌بێ ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی نووسه‌ر و خوێنه‌رانمان، ببنه خاوه‌نی کام ئاکار؟ تراژیدیای کورد وه‌ک نه‌ته‌وه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا، ته‌نیا مانه‌وه‌ی نییه له ژێر بنده‌ستیی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستدا، ته‌نیا زه‌وتکردنی ده‌ڤه‌ر و سامانی نییه له لایه‌ن حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌سته‌وه، ته‌نیا سووتاندنی خاکه‌که‌ی نییه به ده‌ستی تورکیا و ئێرانه‌وه، به‌ڵکو تراژیدیای گه‌وره‌ی کورد نه‌بوونی ده‌سته‌یه‌ک له نووسه‌ری خودان ئاکاری جوامێریی، دادپه‌روه‌ریی و ویژدانی رۆشنبیرییه. هه‌روه‌ک بێئومێدی ئه‌مڕۆ نه‌بوونی بزاڤێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه له پێناو ده‌ستپێوه‌گرتن به به‌های مافی مرۆڤ و نیشتمانییه‌کان. چونکه حیزب کۆی ئۆرگانه‌کانی جڤاکی کوردی ته‌نیوه‌ته‌وه. لێره‌دا که شله‌ژانێک له‌و جڤاکه‌ی ئێمه‌دا رووده‌دا، نووسه‌ر، تاکوو خۆی له لایه‌ن حیزبه‌وه شیرین بکا و قاسه‌که‌ی ئه‌ستوورتر بێت، به خوتبه‌کانی ئه‌رکی چه‌واشه‌کردن رهدهپهڕێنێت.
6-ئه‌و پرسیاره هیوا قادریش له‌سه‌فه‌ر نامه كردویه‌تی، هۆی چیه زۆربه‌ی سیاسیه كورده‌كان كه ئه‌زموونی ژیانی ئه‌وروپایان كردووه، كه‌چی له ئه‌زموونی به‌رێوه‌بردنی ئیداری له كوردستان ناعه‌داله‌تی و خود په‌رستی پێرهودهكهن؟
هه‌ندرێن: گاڵتهجارڕیی ئه‌وه‌یه، ئه‌مڕۆ ساخته‌چیترین توێژی نووسه‌ر و سیاسی ئه‌وانه‌ن که له ده‌ره‌وه ژیاون. ئه‌وانه له ئه‌وڕوپا ته‌نیا فێری هۆقبازیی بوون، که ئێستاش نانی پێ ده‌خۆن. به‌ڵێ، هه‌روه‌ک زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که “ئه‌زموونی ژیانی ئه‌وروپایان کردووه” که‌چی نه‌ک هه‌ر “ناعه‌داله‌تی و خودپه‌رستی په‌یڕه‌و ده‌که‌ن”، به‌ڵکو زۆر بێئه‌خلاقانه ئه‌رک و به‌های نووسین به‌رانبه‌ر پاره هه‌ڕاجده‌که‌ن و له “سیاسی کورد” ده‌پاڕێنه‌وه داواتی فیستیڤالێکیان بکه‌ن، کتێبێکیان بۆ چاپ بکه‌ن، تهقاویتێکی ساخته‌یان بۆ ببڕنه‌وه. ئه‌وه هه‌ر سیاسییه کورده‌کان نییه وان، به‌ڵکو ئه‌و “ناعه‌داله‌تی”یه لای ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که به زاریان وه‌رزش به قسه‌ی فه‌یله‌سووفان ده‌که‌ن، زۆر دزێوترن.
7-هه‌ست ده‌كه‌ی له كوردستان نووسه‌ران و ره‌خنه‌گران ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی ره‌خنه‌و شرۆڤه‌ی سیاسین هێنده سه‌رقاڵی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و بابه‌ته فكری و مه‌عریفیه‌كان نین، هۆكاری ئه‌وه بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه؟
هه‌ندرێن: به پێچه‌وانه‌وه، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی که لای ئێمه ناویان نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرانن نه له “ره‌خنه و شرۆڤه”ی سیاسی کارامه‌ن و نه له “ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و بابه‌ته فکری و مه‌عریفیه‌کان”یش. ئه‌و دیارده‌ی تۆ باسیدهکهی په‌یوه‌ندی به‌و مه‌یل، هه‌وه‌سه ئابووری-سێکسییه‌وه هه‌یه، که ئه‌مڕۆ روحی کورد به گشتیی و به تایبه‌تیش نووسه‌ره‌کانی جڵهوکردووه. دیاره به‌شێکی تر له هۆکرده‌کان، ئاماده‌یی ته‌نگژه‌یه‌کی سیاسیی ئاوساوه که له کوردستاندا له ئارادایه؛ قووڵبوونه‌وه‌ی کێشه سیاسیی و جڤاکییه‌کان وایانکردووه که زۆرینه‌ی نووسه‌ری کورد سه‌رقاڵی نووسینی سیاسیی بن. چونکه له لایه‌که‌وه، بابه‌تی سیاسیی بازاڕێکی بهههڕمێنتری هه‌یه له ئه‌ده‌بیی، رۆژنامه و گۆڤارگه‌لێکی زۆر بایه‌خ به نووسین و به‌زمی سیاسیی ده‌ده‌ن تا ئه‌ده‌بیی. هه‌روه‌ک تۆ وه‌ک نووسه‌ر به نووسینێکی سیاسیی ره‌نگه ئاسانتر سه‌رنجی سیاسیی و نووسه‌ران رابکێشێت، تا ئه‌وه‌ی به نووسینێکی ئه‌ده‌بی. تۆ ده‌توانی به نووسین چه‌ند “ستوون” ببیت به پاڵه‌وان و پاره‌دار و موفه‌کیر و … هتد. ئه‌مڕۆ قونکه نووین، ستوون، خوتبه و … هتد بوو به پیشه و ئیشی خۆش و ئاسان.
له لایه‌کی تریشه‌وه، نه هزر و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ کورد زۆر گرینگه و نه ئاماده‌یه‌کی ئه‌وتۆشی هه‌یه، بۆیه سیاسیه‌ت، لێ نه‌ک به مانا ئێستێتیکیی، جوانناسیی و هزرییه‌که‌ی، به‌ڵکو به مانای حیزبیی و رۆژانهییهکهی، زۆر ئاسانه له‌سه‌ری بنووسیت. تۆ به هه‌زاران خوێنه‌رت هه‌یه که به‌س حه‌زی له خوێندنه‌وه‌ی شه‌ڕه جوێن و هه‌واڵی رۆژ و ئاشکراکردنی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسان و نهێنی نێوان حیزبه‌کانه، وه‌لی ره‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌بێت، 10 خوێنه‌ری به ئاگای وتارێکی هزریی و ره‌خنه‌یه‌کی ئه‌ده‌بیت نییه. بهمخۆره سیاسه‌تی رۆژ، دووباره کردنه‌وه رووداوه‌کان، قسه‌ی حازربه‌ده‌ست، شه‌ڕه گه‌ڕه‌ک و حیزب و … تاد خه‌می جڤاکی ئێمه‌یه. دیار مرۆڤ و جڤاک بایه‌خ به تشتێک ده‌ده‌ن که باوه یان پێیوه ده‌ناڵێنن. خوێنه‌ر، نووسه‌ر، حیزب و جڤاکی کوردی هێشتا هزر و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بۆیان نه‌بۆته پرسیارێکی بوونگریی یان ئاوه‌زیی، بۆیه بایه‌خی پێناده‌ن. هه‌روه‌ک کورد هه‌ست ناکا به هۆی نه‌بوونی هزره‌وه ده‌تلێته‌وه یان دواکه‌وتووه، بۆیه لای بابه‌تێکی فه‌رامۆشکراوه.
دواجار نه‌بوونی ئه‌و بوارانه‌ی تۆ ئاماژه‌یان پێده‌که‌یت، په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی “سیاسه‌تی کو‌لتووریی”ه حکومه‌ت، حیزب و ده‌زگا رۆشنبیرییه بوودجه قه‌به و ناوه‌ڕۆک کاڵفامه‌کانی کوردستانه‌وه هه‌یه. راستییه‌که‌ی ئه‌گه‌ر پارتیی و یه‌کێتیی ئه‌و بوودجه زۆره‌ی که له‌و ده‌زگا وه‌همیی و گه‌نده‌ڵه رۆشنبیرییانه خه‌رجی ده‌که‌ن، له بری ئه‌وه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێکی کو‌لتووریی داڕێژراوی خهمڵێوودا، بۆ یه‌ک ده‌زگای توێژینه‌وه‌ی ئه‌نفال یان وه‌رگێڕانی زنجیره‌یه‌ک کتێبی فه‌لسه‌فیی و هزریی و زانستیی یانیش زانکۆیه‌کی تۆکمه خه‌رجیان بکردبا، هه‌نووکه ئاستی خوێنه‌ر و رۆشنبیریی کوردیی له ئاستێکی تردا ده‌بوو. ئه‌وکاته‌ش نووسه‌ر له جیاتی زارقه‌ڵه‌باڵغی له سیاستی رۆژانه، سه‌رقاڵی هزر و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌بوو.
به‌ڵێ، کورد نه‌ک له کوردستان و نه له ده‌روه‌ش، ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بم که بڵێم، یه‌کێکه له نه‌ته‌وه نه‌خوێنده‌واره‌کانه. له‌و سوێده‌ی من تێیدا ده‌ژیم، ده‌وڵه‌تی سوێد “کتێبخانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی” داناوه، له‌وێدا که‌مترین کتێبی کوردیی هه‌یه، که له به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌م پرسی بۆ وایه، ده‌ڵێ کورد کتێب قه‌رز ناکه‌ن بۆ خوێندنه‌وه، که‌واته بۆ پاره سه‌رف بکه‌ین. چونکه که کورد دێیته‌وه کوردستان که‌ش بۆی گرینگ نییه تۆ کام ماریفه و زانستت فێر بوویت و هێناوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ خۆتدا، به‌ڵکو له کوردستاندا، به کۆی توێژه‌کانه‌وه، ئه‌وه گرینگه چه‌ندت پاره کۆکردۆته‌وه، کامه مۆدێلی ته‌له‌فۆنی مۆبایل، کامه کامێرات له‌گه‌ڵ خۆت هێناوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ک ئه‌وه گرینگه که تۆ خانوویه‌کی گرنبه‌ها بکڕیت و دوا مۆدێلی ئوتۆبێلیشت هه‌بێت. جا برا تۆ له جڤاکێکی وا خه‌ون خۆشداکه‌نه بژیت، فکر و مکر و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیت لۆ چییه؟وابزانم زۆر گوتن بۆ مه‌لا باشه، کورد واته‌نی.
شاخه‌وان عومه‌ر سلێمان
جێگری سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی “پرس”