Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
حزب و .. گوتاری چاکسازی

حزب و .. گوتاری چاکسازی

Closed
by September 1, 2010 گشتی

 
پارتە سیاسیەکان بەدرێژای مێژووی چاکسازی وگەشەسەندنی سیاسی  بەشێکی گەورەی پرۆسەی چاکسازی و گۆڕانی مەزن بوونە لە هەر کۆمەڵگاو  وڵاتێکدا، ئەگەر چی بەدیوێکی تریشدا لە بەشێکی گەورەی مەینەتیء پشێوی و ئاژاوە نانەوەش بێبەش نەبوونە، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیربچێت کە گوتاری تێکدان و ئاژاوە گێری هەرگیز بەشێک نەبووە لە پرەنسیپە سەرەکیەکانی کاری حزبی، چونکە پارتە سیاسیەکان بەشێکی سەرەکین لە پرۆسەی پاراستن و فراوانکردنی ئازادیە گشتیەکان وواڵاکردنی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەئاشتیانە، ئەمە جگە لە چاودێریکردن بەسەر دەسەڵات لە حالەتی ئۆپۆزسیۆن بووندا.
 ئەوەی تێبینی دەکریت لە کوردستاندا، کە مەبەستم ئەم دوو ساڵەی دواییە، باس و گفتوگۆیێکی بەرفراوانە لەسەر کاری حزبی و مۆدێلی ئیشکردنی حزب، تا ئەو ئاستای جۆرێک لە کۆک بوون هەیە لەسەر ئەوەی کە حزبی کوردی پێویستیێکی تەواوی بە نوێبوونەوە رێکخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت هاوشان بێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیانەی  کە لە کوردستاندا روو دەدەن، چونکە ئەگەر حزب نەیتوانی هاوشانی خێرایی گۆرانکاریەکان بێت، ئەوا بێگومان توشی قەیران دەبێت، بەشێکی ئەو قەیرانەی ئێستاش کە حزبە سیاسیەکانی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بۆ ئەو حالەتە دەگەرێتەوە، کە سەرکردایەتی و کادیرە پێشکەوتووەکانی حزب درەنگ دەرکیان پێکرد، تا گەیشتە ئاستی تەقینەوەو دواتریش جیابوونەوەو لەتبوونی چەند حزبێکیشی لێکەوتەوە، لە ئێستاشدا جۆرێک لە ناکۆکی دروست کردووە لە نێوان سەرهەڵدانی دوو بەرە لە ناو خودی سەرکردایەتی حزبە سیاسیەکاندا، بەرەیەک کە پێیوایە هەرچی زووە دەبێت بە خێرایی چاکسازی بکرێت لە پێکهاتەو میکانیزمی کارکردنی حزب، بەرەی دووەم ( روانگەی دووەم) هەنگاوی چاکسازی و دەستکاری کردنی حزب بە مەترسیێکی گەورە دەبینێت لەسەر خودی ژیانء مانەوەی حیزبدا، کە رەنگە ئەم مەترسیە هەندێک جار لە جێی خوشی بێت، ئەگەر عەقڵانەو واقعبینانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، نموونەی زیندوو نزیکیشمان لە بەر دەستدایە لەم رووەوە.
هەڵبەتە قسەکردن لە سەر چاکسازی و دەستکاریکردنی هەژموونی حیزب و پیاچوونەوە بە پێوەندیەکانی: حزب- حکومەت، حزب- کۆمەڵگا، حزبی سەرکردایەتی- حزبی قاعیدە، .. تاد، لە کوردستاندا کارێکی ئاسان نیە بە تایبەت کە حزب تا ساردەمانێکی دورو درێژ بە شێکی گەوەرەی ناسنامەی تێکۆشان و شورش وخەبات و ئازادی بووبێت لە مێژووی نەتەوەی کوردا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاکسازی قۆناغێکە لە ئێستای واقعی سیاسیء کۆمەلایەتی لە کوردستاندا کە پاسدانء پەراوێزخستنی دوور نیە بە مەرگ و ئاوابوون و لێکترازانی خودی حیزب بشکێتەوە، دوخێکی تری ئەستەم بوونی ئەو کارە ئەوەیە کە حزبی سیاسی لە کوردستاندا وەک زۆربەی کایە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی تر لە دوخێکی تەندروست و سروشتیدا نەهاتۆتە کایەوە، چونکە سەرەتایی دروست بوونی حزب وەک بەرسڤێک بووە دژی دوژمنانی نەتەوەیی کورد، بەتایبەتیش رژێمی بەعس، بۆیە هەمیشە وەک سەروەری شکۆیێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەیری کراوە، تا ئاستێک تێکشکاندنی ئەم شکۆ سیاسی و سەروەریە کۆمەلایەتیەو دووبارە بونیاتنانەوەی لە فۆرمێکی خزمەتگوزاری و کایە مەدەنیەکاندا، بێگومان کارێکی ئاسان نیە، بەڵام پێویستێکی ئێستای کۆمەڵگای کوردیە، چونکە لە راستیدا ئێستا حزبە سیاسیەکان ئەوەندەی بارگرانیێکی ئابوری و فەوزایێکی سیاسین، ئەوەندە میکانیزمێک نین بۆ گۆڕان و چاکسازیە کۆمەلایەتی سیاسیەکان، بۆیە بۆ ئەوەی هەرچی زووە حزب رزگار بێت لەو قەیرانە فرەلایەنانەی کە تێی کەوتووە، پێویستە سەرلەنوێ پێداچوونەوەیەک بکرێت هەم لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژیاو هەم لەسەر ئاستی هەیکەلیەتی حزب، ئەمەش ئەبێت قۆناغی تەنیا گوتارو هاشو هوشی راگەیاندن تێپەرنێت، کە ئێستا بەرای من زۆربەی چاکسازیەکان لەو بازنەیەدا دەخولێنەوە، چونکە ئەگەر بەوردی سەرنجێک بدەین لە بواری کارکردنی سیاسەت و باردۆخی ئابوری کۆمەلایەتی لە هەرێمی کوردستان ئەوا ناهاوتایێک بەدیدەکرێت کە بریتیە لە دواکەوتنی سیاسەت لە پێشکەوتن و گەشەسەندنە ئابوریو کۆمەلایەتیەکانی کۆمەلگای کوردی، هەر ئەمەشە وایکردووە کاری سیاسەتکردن و حزبایەتی توشی جۆرێک لە قێزەونی بێت، کە ئەمەش حالەتێکی تەندروست نیە بۆ نەتەوەیێکی پڕ کێشەو بەشخوراوی وەک نەتەوەی کورد، چونکە ئێمە هێشتا پێویستیێکی زۆرمان بەسیاسەت ماوە، واتا سیاسەت وەک زاست وهونەری بەرێوەبردنی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانمان.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.