لەپەراوێزى یادى ڕاپەریندا, بەراوردێك لەگەڵ بەعسدا !…. كەمال ڕەئوف
حزبى بەعس چونكە لەرێگەى هەلومەرجێكى نائارام و كودەتاى سەربازیەوە بەخەونى دەسەڵات گەیشتبوو, لەهەموو تەمەنى دەسەڵاتدارێتیدا, خوَی لەبەرەیەكدا و خەڵكی لەبەرەیەكى تردا دەبینیەوە و نەی توانى لەنێوانى خوَیان و جەماوەردا پردى بەیەكگەیشتن و بڕواو متمانە بەیەكتر كردن دروست بكەن. ئەوان چونكە تەنها هەرخوَیان بەخاوەن خەباتى ڕاست و دروست دەزانى لەبەرانبەر دەسەڵاتەكانى پێشودا, لەدەسەڵاتیشدا تەنها هەر هەقیان بەخوَیان دەدا كە بكوژ و ببڕ هەر خوَیان بن ومافى خوَیان بێت هەرچیەك بكەن ونەكەن, ئەوان بەرژەوەندى خودیان خستبوە سەرو هەموو شتێكەوەو بەرژەوەندى حیزبیشیان خستبوە سەرو بەرژەوەندى جەماوەرەوە, هەربوَیە وڵات بەخاك و بەداهات و مروَڤەكانیشەوە وەك دەستكەوت و دیل و موڵكى تایبەتى خوَیان چاو لێدەكرد, هەر كەس و لایەنێكیش لەبەرانبەر هەركارێكى ئەواندا ئەگەر لەللى بكردایە ,ئەوا ئیتر بەس بوو بوَئەوەى كەبەدژى شوَرش وئامانجەكانى گەل تاوانبار بكرێت و بەئاگرو ئاسن مامەڵەى لەگەڵدا بكرىَ , بەدرێژایى تەمەنى بەعس و دەسەڵاتدارێتى بەعسیەكان "ئێستاشى لەگەڵدا" بێت نەیان توانى یاخود نەیان ویست لەوە تێبگەن كە بەحوكى ئاگرو ئاسن و سیاسەتى قڕكردن و دەمچەوركردن ناتوانن تاسەر خوَیان لەسەر شانوَى سیاسى و دەسەڵات بهێڵنەوە, ئەوان هەمیشە پارەو پوڵێك كە لەڕێگەى بەرهەمهێنانى نەوت و داهاتەكانى ترەوە دەستیان دەكەوت, دابەشیان دەكرد بەسەر سىَ گەمەى سیاسیدا و لەڕێگەى ئەم وازى كردنەوە بە داهاتى عێراق دەیان ویست, خوَشگوزەرانى بوَخوَیان بكڕن و مەینەتى شەڕو هەژارى و قڕكردن و داپڵوسینیش بكەنە بەشى زوَرینەى خەڵك., هەر بوَیە بەشێكى گەورەو بەرچاو لەداهاتى وڵات بوَ ئەوە تەرخان كرابوو كە ماكینەى زەبەلاحى سەربازى ئەم دەسەڵاتە پڕ بكرێت لە چەك و تەقەمەنى و لەدژى نەیارەكان بەكاربهێنرىَ. لەپاڵ ئەم سیاسەتى ترساندو توَقاندو كوشت و بڕینەشدا, جارجارە و لەكاتى پێویستدا سیاسەتێكى تریش دەگیاریە بەر كە ئەویش خوَى لەوەدا دەبینیەوە كەدەمى هەندێك چەوربكرىَ, ئەم سیاسەتى دەمچەور كردنە بوَئەو كەسانە بوو كە بەعس دەیویست یان بێدەنگیان بكات یان بیانكاتە شەریك و شاگردى خوَى, ئەم سیاسەتەى نەك هەر لەناوەوە بەڵكە هەندێك جار بوَ دەرەوەو بوَ هەندێك لایەن و كەسایەتى گرنگى نێودەوڵەتیش بەكار دەهێنا, لەناوەوە ئەم سیاسەتى دەمچەوركردنە زیاتر پیاوە ئاینیەكان, توێژى ڕوَشنبیران ,سەرەك هوَزەكان و بەرپرسە گەورەكانى دەگرتەوەو خەڵاتەكانیش بەشێوەو بڕى جوَراو جوَر دابین دەكرا كە زوَربەى كات بریتى بوون, لە پلەو دەسەڵاتى حزبى و حكومى, خانو و ئەرزە, پارەو ئیشى بەڵندارێتى گەورە, سەیارەو چەك و پاسپوَرت و رێگەدان بوَ چوونە دەرەوە, موچەو مانگانەى زوَر بەبىَ كاركردن وەك بەخشیش.
بەعس چونكە پارتێكى ناڕوَشن و خەمڵیوى نێو منداڵانى ڕوَژانێكى ڕەش و ناڕوَشن بوو, تا دوا هەناسەى دەسەڵاتدارێتى نەیتوانى و نەى ویست وەك پارتێكى ئاسایى و مەدەنى دەربكەوێت وسیاسەتێكى شەفاف و ڕوَشن لەبەرێوە بردنى وڵات بگرێت بەدەستیەوە, تا دواهەناسەى خاوەن سایكلوَژیەكى شێواو شپرزەبوو,كەس نەیتوانى بزانىَ پارەو داهاتى وڵات چوَن خەرج دەكرێ و چى لێدێت؟ ئێستەشى لەگەڵدا بێت هیچ ئابورى زانێكى شارەزا نەى ئەتوانى سەر لەوە دەر بكات و ئەوە بسەلمێنێت كە موچەو داهات و دەستكەوتى بنەماڵەى سەدام و دارودەستەو خزمەكانى چەند بووەو چوَن و بەچ پێوانەیەك خەرج كراوە؟ داهات و دەستكەوت و خەرجى وڵات لەسەر دەستى بەعس كرابوە مەتەڵێكى ماتماتیكى و كەس سەرى لێدەرنەدەكرد, تەنانەت بوَ وەزیرەكانیش خەتى سوربوو بوَ ئەوەى لەو بارەیەوە شتێك بزانن و بپرسن چەند لە خەزێنەى حكومەتدا هەیە و چەند لەخەزێنەى سەروَكداهەیە؟ حكومەت پارەدەداتە سەروَك یان سەروَك پارەدەداتە حكومەت؟ چونكە بڕیاردەرى سەرەكى و خاوەن دواین قسە هەر سەروَك خوَى بوو. ئەم پارتە سەیرو عەجایبە, بەدرێژایى تەمەنى خوَى پروَژەیەكى سیاسى نەبوو بەسەركەوتنى گەیاندبێت, كەچى هەمیشە لە پروپاگەندەكانیا باس هەر باسى دەستكەوت و سەركەوتن و شوَڕش بوو, ئەو هەمیشە هەرچەندە لەدروشمەكانیا باسى لەیەكێتى و ئازادى دەكرد, كەچى بەپێچەوانەوە لەسەر دەستى ئەو نەك هیچ پروَژەیەكى یەكگرتنەوە لەگەڵ وڵات و حزبە عەرەبیەكانى تردا بوَ نەهاتەدى, بەڵكە گەورەترین گورزى كوشندەى لەبیرى نەتەوەیى عەرەبى داو لەسەردەستى ئەو گەورەترین جەنگى عەرەبى, عەرەبى خوڵقاند, ئەو نەك هەر نەیتوانى بیرى ئازادى لەنێو حزب و جەماوەردا برەو پێ بدات, بگرە خوَى گەورەترین قوتابخانەى پێگەیاندنى سەركردەى فاشل و وئەنتى دیموكراتى و دژمنى سەر سەختى ئازادى بوو, پروَژەكانى بە بەعسكردن, بەعەرەبكردن و ڕاگوێزانى زوَرەمڵى, كوشتنى بەكوَمەڵ, بەشێك لەو پروَژانە بوون كەبە خەرج و باجێكى زوَر بەرێوە دەبران وكرابونە بەشێكى ئەساسى لەخەم و خەون وكارو چالاكیەكانى حكومەت و حزب, برەودان بەنەریتى دروَكردن,دزى,واسیتە و مەحسوبیەت ,جاسوسى وبەرژەوەند پەرستى وڕامكردن و بەكارهێنانى میدیا بوَ پیاهەڵدان بە سەروَكدا, بەشێك لەو سونەتانەبوو كە ئەم پارتە كردیە دیارى دەستى وبەناوى شوَڕشەوە لەنێو كوَمەڵگەدا كردیە دیاردەیەكى دیارو و بەرچاو, بوَیە ئێستا ئەم پارتە هێندەى بەكارە درندەیى و پروَژە سیاسى و سەربازیە فاشیلەكان و دژە خەڵك دەناسرێتەوە نیو هێندە بەوە ناناسرێتەوە كە ئەو لەبەرنامەكانیدا خاوەن چ دروشم گەلێكى بریقەدارو دروَزنانە بووە.
خوێنەرى خوَشەویست, ئەگەر بمانەوێت لێرەدا تەعریب و تەبعیس و كوشتنى بەكوَمەڵ لەم نوسینە دەر بهێنین و لەبرى ئەوانە, گەندەڵى و كوَچى لاوان یوَهەندەران و سیاسەتى بەیەكێتى كردن و بەپارتى كردن دابنێن! توَ بڵێت ناوەروَكى ئەم نوسینە بوَ پارتى و یەكێتیش لەجێگەى خوَیدابێت وبتوانین لەدواى ڕاپەرینەوە بیكەینە بەشێك لە مێژووچكەى ئەوانیش؟ ئەوە پرسیارێكە من وەڵامەكەى بوَ ئێوەى خوێنەر بەجێدەهێڵم.