Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
كه‌س نامه‌یه‌كم بۆنانێرێ‌ …… به‌هرۆز عزیز

كه‌س نامه‌یه‌كم بۆنانێرێ‌ …… به‌هرۆز عزیز

Closed
by September 8, 2010 ئەدەب

پڕم له‌ئه‌فسانه‌ی وشه‌ ته‌زیوه‌كانی با
له‌خه‌ونی بارانا
بۆحیكایه‌ته‌كانی بیابان ده‌گه‌ڕێم.
له‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌زابه‌وه‌
به‌دوای تریفه‌كانی خه‌نده‌داوێتَم..
ئه‌م عه‌زابه‌ دێته‌ ناو ته‌ڕایی ڕووحمه‌وه‌
كه‌چی هێشتا به‌ باڵه‌فڕه‌
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ باوه‌شی ساته‌خۆشه‌كان
ئه‌مه‌ كۆتایی دنیا نیه‌
نا ئه‌مه‌ كۆتایی خه‌ونه‌ له‌ باوه‌شی ئه‌فسانه‌دا
حیكایه‌ته‌كانی ته‌نیایی,
له‌ شه‌وانی پر ِله‌ ئاشووبی قه‌ره‌جه‌كانداده‌بیستم
پڕ به‌ سینه‌ی كونه‌په‌پو هاوار ده‌كه‌م:
بمكه‌نه‌ هاوڕێی هه‌میشه‌ییتان
كه‌سێ‌ گوێ‌ به‌م حه‌یران بونه‌م نادات
پێ‌ ئه‌كه‌نم, هاوارده‌كه‌م, ده‌گریم..
كه‌س هه‌ستم پێ‌ ناكا و ئاوڕم لێنادا ته‌وه‌
كاتێك بایه‌قوشێك به‌ سه‌ر دارتێلی كۆڵانه‌وه‌ ده‌نیشێته‌وه‌
ڕوحم پڕده‌بێت له‌ خورپه‌..
ئاخرمن چاوه‌ڕێی نامه‌یه‌كم
به‌ڵێ‌ ته‌نها نامه‌یه‌ك!
چه‌قۆیه‌كی تیژم وابه‌ده‌سته‌وه‌
به‌رله‌وه‌ی خۆم بكوژم
خوێنی خۆم ده‌بینم جۆگه‌له‌ی به‌ستوه‌
پشیله‌ چڵێسه‌كه‌ی ماڵه‌دراوسێ‌ كه‌مان
سمێله‌كانی سوربوون..
رێبواران به‌لاما تێ‌ ده‌په‌ڕن
قاچیان هه‌ڵه‌كه‌ن تاپیس نه‌بن
من ئه‌مرم و هه‌موان له‌شوێنی خۆیانن
كه‌نار پڕه‌ له‌كه‌شتی
ئاسوده‌یی لرفه‌دێت له‌شه‌كه‌تی
ئاڵاكان هه‌ر ده‌شه‌كێنه‌وه‌
هه‌زاران كتێب ده‌نوسرێن و دێڕێكی باسی من ناكات
پاركه‌كان پڕن له‌ژوان و قاقا
سێوه‌كان به‌ لقه‌كانه‌وه‌ زه‌رد ده‌بن
ته‌نها منم به‌ خۆش نوسه‌كه‌ی سه‌ر سوچه‌كه‌ ده‌لێم:
لافیته‌یه‌كم بۆ بنوسه‌, سبه‌ینێ‌ ده‌مرم
وه‌ك كوله‌ی ژێرده‌نوكی كه‌وێك
چاوه‌رێی ته‌نها نامه‌یه‌كم
خۆم ده‌بینم مردوم و
ده‌نگی ماملێ‌ به‌هێمنی له‌گرامافۆنه‌كه‌وه‌ ناسره‌وێ‌..
له‌ ژوره‌كه‌مدا ده‌مرم و كه‌س پێ‌ نازانێ‌
مه‌گه‌ر كێ‌ له‌ده‌رگام ده‌دات تا نه‌یكه‌مه‌وه‌..
بۆنی جه‌سته‌م ئارامی ده‌شێوێنێ‌ و
كه‌سێ‌ چاكه‌ته‌كه‌ییم پێدانادات
به‌ڵێ‌
چه‌قۆكه‌م خستۆته‌ سه‌رگه‌ردنم و چاوه‌ڕێی نامه‌یه‌كم
له‌ ژێرده‌رگاكه‌وه‌ بێته‌ ئه‌م دیو
كاغه‌زێك با به‌تاڵیش بێت ده‌رونم ئه‌هوه‌ن ده‌كاته‌وه‌
ئاخر كێ‌ ناڵێت ئه‌و نامه‌یه‌
ده‌رفه‌تی خواردنه‌وه‌ی چایه‌كیترم پێ‌ نادات
له‌ چایخانه‌یه‌كی چڵكنی ناوبازاڕ؟
كێ‌ ناڵێت ده‌رگای جۆرێكیتر روانینم بۆ ناخاته‌ سه‌رپشت
تا له‌وێوه‌ باز ببینم به‌چكه‌ی پاساری له‌ژێرباڵیا؟
ره‌نگه‌ ئه‌وكات ژیان به‌پیكه‌نینه‌وه‌ بێژێت:
هاوڕێ‌
ده‌ست بگره‌ به‌ ناوقه‌دمه‌وه‌ و مه‌ئویس مه‌به‌
ده‌یان ڕه‌نگیترم لایه‌ له‌ روانینیان بێزار نابیت؟
چاوه‌ڕێی ته‌نها نامه‌یه‌كم
له‌ كۆتاییدا ئه‌درێسی ته‌واوی تێدابێت به‌ واژۆی ژنێكه‌وه‌
به‌ڵام من خۆم ده‌كوژم و دواجار كه‌س نامه‌یه‌كم بۆبنێری.

 

به‌هرۆز عزیز
bahrozaziz@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.