سارته‌ر: ژیان به‌بێ ئه‌ده‌ب پوچهڵو بێهوده‌یه
سارته‌ر: ژیان به‌بێ ئه‌ده‌ب پوچهڵو بێهوده‌یه
كتێبی (ئه‌ده‌ب چییه؟) لهناساندنێكی كورتتدا
ئیدریس عه‌لی
ناساندنی هه‌ر كتێبێك‌و ئاشنا بوونی خوێنه‌ر به جیهانو فه‌زاو كهشو ره‌هه‌نده شاراوه‌كانی ئه‌و كتێبه، بۆ خۆی گرنگیی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه،زۆرجار نووسه‌ری كتێبێك له‌ناو كلتووری كۆمه‌ڵگه جیاجیاكاندا زۆر له‌وه ناساروتره كه‌سێك بیه‌وێت بیناسێنێت، بۆیه ده‌كرێت راسته‌وخۆ له‌خودی بابه‌ته‌كه‌وه دهستپێبكرێتو باس له‌گرنگی بابه‌ته‌كه بكرێت، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سێكی بلیمه‌تی وه‌ك ( سارته‌ر) كه ده‌مێ ساڵه له‌نێوه‌ندی رۆشنبیری‌و ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا ناسراوه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆریش كاری كردۆته سه‌ر بهرههمو ئه‌ندێشه‌ی رۆشنبیران‌و نووسه‌رانمان.
به‌ڵام ئایا هه‌موو كتێبێك كه دێته بهردهستمانو ده‌خزێته ناو كتێبخانهكانمانهوه شایه‌نی لێدوان‌و ناساندنه؟ ئایا هه‌موو كتێبێك ئه‌و نرخ‌و به‌هایه‌ی هه‌یه كه ئاشنای بكه‌ین به‌دۆستانی كتێب‌و عاشقانی خوێندنه‌وه؟ ئایا هه‌موو به‌رهه‌مێكی داهێنراو به‌شی پێدوایستی له‌حه‌ز و فكر‌و خهیاڵو چێژی ئێمه پڕ ده‌كاته‌وه؟ بێگومان نه‌خێر، چونكه هه‌ندێك كتێب ئه‌گه‌رچی ده‌شچینه گه‌شتی خوێندنهوهیانهوهو قۆڵ له‌قۆڵی وشه‌و رسته‌كانی رێدهكهین، به‌لام له‌دوواجاردا به‌ده‌ستبه‌تاڵی ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌و خشتێك ناخاته سه‌ر دیواری مه‌عریفه‌و زانیاریه‌كانمان، ره‌نگه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و جۆره كتێبانه بۆخۆیان كه‌م خوێنبنو ژیان تیایاندا وه‌ستابێت، زۆر جاران وا رێده‌كه‌وێت به‌هۆی ناونیشانێكه‌وه یاخود تازه‌یی ناوی نووسه‌ره‌كه‌وه به‌ر كتێبێك ده‌كه‌وین، كه‌چی زۆر ناخایهنێتو په‌شیمان ده‌بینه‌وه له‌وه‌ی بمانه‌وێت ئه‌و نووسه‌ره یان جیهانی كتێبه‌كه بناسین، ره‌نگه سه‌ره‌كیترین هۆكاری ئه‌مه‌ش بریتی بێت له‌وه كه خودی كتێبه‌كه به‌سرووشتی خۆی بچێته‌وه سه‌ر نهسهبێكی خراپ، خراپ به‌مانا فكری‌و رۆشنبیری‌و ئه‌ده‌بیه‌كه.
وه‌لێ كتێبگه‌لێك هه‌ن به‌هۆی بوونی شارهزاییو ناسینی پێشوهختمانهوه بۆ نووسه‌رو به‌رهه‌مه‌كانی‌و ئاماده‌یی فكری‌و رۆشنبلیریو ئه‌ده‌بی له‌ناو كایه‌ی مهعریفیماندا، بێ دوو دڵی‌و هیچ گومانیك ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌یان ده‌كه‌ین‌و رۆده‌چینه نێو پانتایی به‌رهه‌مه‌كه‌و قولایی ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فكری‌و فهلسهفیو ئیستاتیكیهكانیهوه، چونكه وه‌ك پێشتر وتمان ناسینێكی پێشوه‌خته‌مان له‌گه‌ڵ فكر‌و ئه‌ندێشه‌ی نووسه‌ره‌كه‌یدا هه‌یه.
كتێبی ( ئه‌ده‌ب چییه)ی سارته‌ر كه له‌ماوه‌ی رابردوودا ( مسته‌فا غه‌فور) شاره‌زایانه وه‌ریگێڕایه سه‌ر زمانی كوردی، له‌جۆری ئه‌و كتێبانه‌یه كه له‌لایه‌كه‌وه ئاشناین به‌دنیاو فكری نووسه‌ره‌كه‌ی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌خودی ناو نیشانه‌كه‌وه به‌ر جۆرێك له‌پرسیاری فه‌لسه‌فی دهكهوێن له‌سیاقێكی ئه‌ده‌بیدا، بێگومان یه‌كێك له‌ئه‌ركه‌كانی فه‌لسه‌فه كردنی پرسیاره لهچهمكو شته‌كان، رۆچوونی زانستیانه‌یه به‌دوای پرسیاره‌كه‌دا بۆ گه‌یشتن به وه‌ڵام، به‌لام مه‌رجیش نییه هه‌مو وه‌لامێك تاك ره‌هه‌ند بێت‌و له‌یه‌ك لایه‌نی دیاریكراو و له‌یه‌ك گۆشه‌وه به‌ده‌ست بێت، به‌تایبه‌ت له‌لای بونگهرایهكی مهزنو دهقنووسێكی داهێنه‌ری وه‌ك سارته‌ر، ره‌نگه هه‌ر به‌هۆی بوونگهراییشهوه بووبێت كه سارته‌ر گرنگی به‌شێوه نووسینێكی دیگه داوه به‌پێچه‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه ئه‌كادیمیه ساده‌و باوه‌كانه‌وه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی ئه‌م فه‌یله‌سوفه له‌بواری نووسیندا رۆمان بووه، له‌مباره‌یه‌وه ( سیمۆن دی بۆڤوار) له‌وتارێكیدا باس له‌وه‌ده‌كات كه رۆمانی بوونگه‌رایی هێزی كێشكردنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، چونكه به‌رای ئه‌و ته‌نها رۆمان ده‌رفه‌تی ئه‌وه به‌نووسه‌ر ئه‌دات كه لێشاوی راسته‌قینه و ره‌سه‌نی بوون بسه‌لمێنێ، لێره‌وه به‌و حه‌قیقه‌ته ده‌گه‌ین كه زۆر ئاسایه كه‌سێكی وه‌ك (سارته‌ر) به‌ر له‌هه‌ر شتێ وه‌ك رۆماننووسێكی شاره‌زا لهچهمكو ره‌گه‌زو ره‌هه‌نده‌كانی فكر‌و ئهدهبو به‌های ئیستاتیكی‌و فه‌لسه‌فی بناسرێت، هه‌رچه‌ند به‌لای زۆرێكه‌وه شتێكی سه‌یرو چاوه‌ڕواننه‌كراوبوو كه سارته‌ر له‌ته‌مه‌نی چل‌و چوار ساڵیدا وازی له‌هونه‌ری رۆماننوسین هێنا.. چونكه ئه‌و ته‌مه‌نه بۆ رۆماننوس بهقۆناغێ كامڵ‌و ئهزمونو تێگه‌یشتنی زیاتر ناوزه‌د ده‌كرێت له‌بواری نووسینی رۆمان‌دا.
سیمۆن دی بڤوار كه له‌ساڵی 1928 بۆ یه‌كه‌م جار سارته‌ر له‌زانكۆی پاریس دهناسێتو به‌یه‌ك ئاشنا ده‌بن، ناوبراو له‌كتێبی بیره‌وه‌ریه‌كانیدا به‌م شێوه‌یه باس لهسارتهر ده‌كات: مرۆڤێك بوو هه‌رگیز له‌بیركردنه‌وه نه‌ده‌كه‌وت، مێشكی هه‌میشه له‌جۆش‌و خرۆشدا بوو.
سیمۆن تا پێش ناسینی سارته‌ر خۆی پێ كه‌سێكی نمونهییو ده‌گمه‌ن بووه، چونكه به‌قه‌ولی خۆی ژیانی له‌نووسین جیا نه‌كردۆته‌وه، به‌لام سارته‌ر چیی؟ بێگومان ئه‌و ژیانی بۆ نووسین ده‌ویست، هه‌ر بۆیه سارته‌ری بلیمه‌ت به‌و ده‌رنجامه حه‌قیقیه گه‌یشت كه ( ژیان به‌بێ ئه‌ده‌ب پوچهڵو بێهوده‌یه) بۆیه ده‌یوت: ئه‌گه‌ر له‌ژیاندا شتێك نه‌بێ له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌و یه‌خه بین و وه‌لای بنێین ئه‌ده‌ب بێ‌سود ده‌بێت) به‌كورتی ئه‌و رزگاری له‌ئه‌ده‌بدا ده‌دۆزیه‌وه.
له‌م كتێبه‌دا سارته‌ری مه‌زن، ئه‌ده‌بی پابه‌ند تاوتوێ ده‌كات، كه بڕوای وایه ئه‌ده‌ب هه‌وڵ و تێكۆشانه بۆ به‌ده‌ستهینانی ئاگایی‌و مهعریهفهی مرۆڤ، له‌راستیدا پرسی پابه‌ند بوون له‌م كتێبه‌دا كه خراوه‌ته روو، پرسیارگه‌لێكی له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌گراندا خستۆته وروژاندووه وه‌ك، ئه‌ده‌ب چییه؟ بۆ ده‌نووسین؟ بۆ كێ ده‌نووسین؟ له‌م سێ پرسیاره‌وه خوێنه‌ر رۆده‌چێته ناو قولایی بابه‌ته فكری‌و ئه‌ده‌بیه‌كانی سارته‌رو به دنیابینی‌و روانگه‌ی ئه‌و ئاشنا ده‌بێت كه خۆی له‌سێ به‌شی سه‌ره‌كی‌و به‌شێكی ته‌واو كه‌ردا ده‌بینێته‌وه.
له‌سێ به‌شه سه‌ره‌كیه‌كه‌دا بنه‌مای تیۆری خۆی له‌باره‌ی ئه‌ده‌بدا شرۆڤه ئهكاتو له‌به‌شه تهواوكهرهكهدا پێگه‌ی نووسه‌ری ساڵی 1947 ده‌خاته بواری پراكتیكه‌وه، واته به‌سه‌ر نووسه‌رانی هاوچه‌رخی سه‌رده‌می خۆیدا گشتگیری دهكاتو به‌پێی بۆچوون‌و تێڕوانینه‌كانی خۆی نووسه‌ران مه‌زه‌نده ده‌كات.
به‌رای زۆرێك له‌ره‌خنه گران كتێبی ( ئه‌ده‌ب چییه) له‌دووای بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌رنجی پسپۆڕان‌و خوێنهرانو ته‌نانه‌ت سه‌رنجی نهیاارنی فه‌لسه‌فه‌ی خودی سارتهریشی به‌لای خۆیدا راكێشاوه‌و به‌باشترین كتێبی تیۆری ده‌زانن كه له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه نووسراوه، ( هنری پایه‌ر) وه‌ك ره‌خنه‌گرێك له‌باره‌ی ئه‌م كتێبه‌وه ده‌ڵێت: ئه‌م كتێبه گرنگترین وه‌ڵامه كه تائێستا سه‌ده‌ی بیسته‌م داویه‌ته‌وه به پرسیاری ئه‌ده‌ب چییه؟ به‌م شێوه‌یه ده‌رگای به‌شێكی نوێ له‌مێژووی ئه‌ده‌بدا كراوه‌ته‌وه، له‌م كتێبه‌دا سارته‌ر له‌مه‌ڕ پرسه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و وتوێژ بهترۆپكی توانایی فكری خۆی گه‌یشتووه‌و یه‌كێك له‌گرێ هه‌ره ئاڵۆزه‌كانی كردۆته‌وه كه ئه‌ویش گرێی ئه‌و پرسیاره‌یه كه ناوی ئه‌ده‌ب چییه؟ ره‌خنه گرێكی تریش به‌ناوی ( سیرگی دۆبرفسكی) ئه‌م كتێبه‌و كتَێبهكهی رۆڵان پارت به‌گرنگترین كتێبی ئه‌ده‌بی ئه‌ژمار ئه‌كات كه له‌هه‌ر سهردمو زه‌مانێكدا له‌سه‌ر چییه‌تی ئهدهبو خودی جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌ب نووسرابێت، هه‌ندێكیش زیاتر ستایشی ئه‌م كتێبه‌و دانه‌ره‌كه‌ی دهكهنو پێیان وایه تاكو ئێستا هیچ توێژه‌رێكی باوه‌ڕ پێكراو نییه كاریگه‌ری ئه‌م كتێبه‌ی له‌سه رنهبووبێت، لێره‌وه به‌و راستیه ده‌گه‌ین كه ئه‌م كتێبه دوو سه‌ری هه‌یه ( له‌روی بونیاد‌و ئه‌و بیر‌و ریانه‌ی هێناونیه‌ته ئاراوه، هه‌م له‌رووی ئه‌و پله‌و پایه‌ی كه هه‌نوكه مێژووی ئاگایی مرۆڤ به بهرههمو كرده‌وه‌كانی خۆی به‌ده‌ستی هێناوه.
سارته‌ر خۆی لهپیشهكی (كتێبی ئه‌ده‌ب چییه؟) دا ده‌ڵێت: گه‌مژه لاوێك له‌باره‌ی منه‌وه ده‌نووسێ ( گه‌ر ده‌توێ پابه‌ند بی چاوه‌ڕوان چیت؟ بڕۆ ناو رێكخراوێك یان پارتێكی كۆمونیست) كه‌ڵه نووسه‌رێكیش كه زۆر پابه‌نده‌و جار جاریش لهئهدهبهكهیدا به‌ره‌ڵایه ده‌ڵێت ( بڕوانه نیگاركێشانی سۆڤیه‌ت خراپترین هونه‌رمه‌ند هه‌ره پابهندهكهیانه) له‌راستیدا له‌سه‌ر كتێبی ئه‌ده‌ب چییه هه‌ندێك سه‌رزه‌نشتی سارته‌ریان كردووه به‌گاڵته پێكردنه‌وه پێیان وتووه كه تۆ ده‌ته‌وێت ئه‌ده‌ب تیرۆر بكه‌یت، یاخود له‌سه‌ر پرسی پابه‌ند بون كه به‌شێكی بونیادییو ستوونێكی سه‌ره‌كی ئه‌م كتێبه‌یه سارته‌ریان له پنتێكو رهههندێكدا بچوككردۆته‌وه و وا ته‌فسیریان كردووه كه پابه‌ند بوون ئه‌وه‌یه سه‌ر به‌پارتێك یان رێكخراوێك بێت، ته‌نانه‌ت به‌شێك لهرهخنهگرانو رۆژنامهنووسانو خوێنه‌رانیش سه‌رزه‌نشتی سارته‌ریان كردووه‌و به‌كه‌لله رهقو شتی له‌و جۆره پێناسه‌یان كردووه، وه‌لێ سارته‌ر كه بڕوای بهتۆكمهییو لایه‌نی به‌هێزی تیۆره‌كه‌ی له‌پرسی ئه‌ده‌ب چییه‌دا هه‌یه، وه‌ها وه‌لامیان ئه‌داته‌وه: هۆی ئه‌م خۆ گێلكردنه چییه؟ هۆكه‌ی ئه‌وه‌یه به‌په‌له ده‌خوێننه‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكیان پێبێت،بڕیار ئه‌ده‌ن پێش ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن، سارته‌ر هۆشدارییان ئه‌داتێ كه سه‌رله‌نوێ به‌قوڵی بابه‌ته‌كه بخوێننه‌وه‌و تێهه‌ڵچنه‌وه، داوا لهرهخنهگرانیش ده‌كات كه به‌بێ به‌ڵگه تۆمه‌تباری ئه‌كه‌ن ( با له‌نووسین بپرسن، نووسین چییه؟ بۆچی ده‌نووسین؟ بۆ كێ ده‌نووسین؟)
له‌به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م كتێبه‌دا خوێنه‌ر به چییه‌تی مانای نووسین ئاشنا ده‌بێت، سارته‌ر له‌ده‌سپێكی ئه‌م به‌شه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه نیگار كێشان‌و موزیكسانهكان ناتوانن وه‌ك ئه‌ده‌ب پابه‌ند بن، ئه‌و بڕوای وایه له ئاوازدا نه‌مانا روون ده‌كرێته‌وه‌و نه وێناش ده‌كرێت، ئه‌مه له‌كاتێكدا هه‌وڵی نووسه‌ر لهماناكاندا چڕ ده‌كرێته‌وه، بێگومان گه‌ڕان به‌دوای راستیدا له‌ڕێگه‌ی ئامڕازێكی وه‌ك زمانه‌وه نه‌بێ ناكرێ، هه‌ر بۆیه سارته‌ر له‌م به‌شه‌دا گرنگییه‌كی زیاتری به زمان وه‌ك ئامڕازێكی كاریگه‌ر داوه بۆ گهیشتنو درووستكردنی مانا له سیاقی نووسیندا، سارته‌ر نمونه‌یه‌ك له‌سه‌ر هونه‌ری نیگاركێشی دێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت: نیگاركێش مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه هێما له‌سه‌ر تابلۆكه‌ی دابنێ به‌ڵكو ده‌یه‌وێت شتێ بخولقێنێت، كه ره‌نگه‌كانی سوور‌و زه‌ردو سه‌وز تێكه‌ڵ ده‌كات نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كۆی ئه‌و ره‌نگانه مانایه‌كی دیاریكراو ببه‌خشن،واته بیكات بهزاراوهیهك بۆ بابه‌تێكی تر، سارته‌ر له‌م به‌شه‌دا راسته‌وخۆتر و به‌یه‌ك دێڕ تێگه‌یشتنی قوڵی خۆی له‌مه‌ڕ پرسی مانا له‌لای هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌یه‌نێت به‌وه‌ی ( مانا نه‌وێنه‌ی ده‌كێشرێت نه ده‌خرێته ناو ئاوزه‌وه) كه‌واته كێ زاتی ئه‌وه ئه‌كات له‌مكاته‌دا خوازیاری پابه‌ندبونی مۆسیقا‌و وێنه بێت؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه سارته‌ر له‌سه‌ر پابه‌ند بوونی ئهدهبو هونه‌ر ده‌یكات، ئه‌و واینیشان ئه‌دات نووسه‌ر كاری ئه‌وه‌یه گوزارشت له‌ماناكان بكات، نومهنهی نووسینی په‌خشانئامێز دێنێته‌وه كه ده‌بێته پانتاییه‌ك بۆ مانا، جیاواز له شیعر كه له‌خانه‌ی ههڵكۆڵینو وێنه‌و مۆسیك دایده‌نێت.
سارته‌ر ده‌یگێڕێته‌وه كه كۆمه‌ڵێك گله‌یی ئه‌وه‌یان لێكردووه گوایه رقی له‌شیعره،به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه لگۆڤاری ( سه‌رده‌می نوێ‌دا) واته ئهوگۆڤارهی به‌به‌ش به‌ش كتێبی ئه‌ده‌ب چییه‌ی تێدا بلاو ده‌كرده‌وه به‌ر له‌وه‌ی بكرێته كتێب، شیعری كه‌م بلاو كردۆته‌وه، ئه‌مه‌ش دیسان خوێندنه‌وه‌یكی سهتحیانهو بینینێكی رووكه‌شیانه‌یه بۆ فكر‌و ئهدهبو ناسینی كه‌سێتی سارته‌ر، ئه‌گه‌رنا سارته‌ر تاراده‌ی په‌رستن شیعری خۆشده‌ویست، ره‌نگه باشرین به‌ڵگه‌ش بۆ راستی ئه‌م قسه‌یه‌مان بوونی ئه‌و پێشه‌كییه كاریگه‌ره بێت كه بۆ دیوانه‌كانی ( بۆدلێرو مالارمه) ی نووسیبوون، له‌وه‌ڵامی ئه‌و بوختانانهشدا وتوویه‌تی: ساویلكه‌كان من به‌دژی شیعر ناوزه‌د ئه‌كه‌ن، چ وته‌یه‌كی گێلانه‌یه وه‌ك ئه‌وه وایه دژی ئاو و هه‌وا بیت.
له‌راستیدا سارته‌ر بڕوایه‌كی پته‌وی له‌سه‌ر كه‌سێتی شاعیر هه‌یه كه به‌رده‌وام شاعیره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی خانه‌ی زمان وشه‌كان به‌دیوی ئاوه‌ژوودا ئه‌بینن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دنیای ده‌روه‌ی خه‌ڵكدا بێت، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دنیای ئه‌واندا نه‌بێ، زمانیان كردووه بهپهریزێك له‌نێوان خۆیان‌و ئه‌م جیهانه‌دا، لێره‌وه‌یه سارته‌ر به‌كارێكی گێلانه‌ی ده‌زانێت گه‌ر كه‌سێك بیهوێتو داوا بكات كه شیعر پابه‌ند بێت.
له‌به‌شی دووه‌می ئه‌م كتێبه‌دا ساته‌ر زۆر بهوردیو وریایی‌و میتۆدیانه دێته‌ر سه‌ر پرسی نووسین، پرسیاری ئه‌وه ده‌كات بۆچی ده‌نووسین؟ ئه‌م پرسیاره له‌رووی بونیاده‌وه ره‌هه‌ندێكی مێژوویی هه‌یه‌و له‌و ساته‌وه‌خته‌وه درووستبووه كه‌یه‌كه‌م نووسین پژایه سه‌ر كاغه‌ز، پرسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌نووسین جۆره پرسێكه ته‌واو هاوتای ئه‌و پرسه‌یه كه ئێمه بۆچی ده‌ژین؟ بۆچی بیر ده‌كه‌ینه‌وه؟مرۆڤ بۆچی بیر له‌گۆڕینی ژیان ده‌كاته‌وه؟ بێگومان دیارده‌كانی هه‌ر قۆناغێك له‌ژیانی مرۆڤایه‌تیدا خهسڵهتو تایبه‌تمه‌ندێتی خودی قۆناغه‌كه‌ی پێوه دیاره‌و هه‌ڵگری ره‌هه‌نده سیاسی‌و فكری‌و ئاینی‌و كۆمه‌لایه‌تیه‌كانی ئه‌و قۆناغه مێژوویه‌یه، ره‌نگه كه‌سێك بپرسێت ئه‌م هاوكێشه‌یه بۆچی وایه؟ هیچ شتێك له‌و وه‌لامه باوهڕپێكهرتر نییه كه مرۆڤ له‌سنوره‌كانی هۆشیاریی خۆیه‌وه پرسیار ده‌كات، ئایا مرۆڤه‌كانی سه‌ره‌تایی، پرسیاریان نه‌ده‌كرد له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی هه‌وره برووسكهو لافاو بومه‌له‌رزه‌و كاره‌سات‌و گۆڕانه سرووشتیه‌كان؟ ئایا له‌گه‌ڵ په‌یداكردنی ئاگایی‌و هۆشدا مرۆڤه‌كان نه‌كه‌وتنه پرسیار كردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی درووستبوونی كهونو هاتنو رۆشتنی شه‌و و رۆژو پرسیار كردن له‌خوا؟ كه‌واته پرسیار ئه‌گه‌ر له‌لایه‌كه‌وه ره‌هه‌ندێكی مێژوویی‌و قوڵ‌و ئاماژه‌و دهلالاتێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت كه له‌رێیه‌وه مرۆڤ ده‌یه‌وێت ده‌ستی بهوزانیارانه بگات كه نایزانێ، ئه‌وا له‌لایه‌كی دیكه‌وه خودی پرسیار په‌یوه‌ندی به‌دیارده‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه هه‌یه، مرۆڤ لهكاتێكاد نه‌یده‌زانی بروسكه چییه پرسیاری له‌باره‌وه كرد‌و دوواتر زانیاری له‌باره‌وه به‌ده‌ست هێنا، كاتێكیش نووسین وه‌ك دیارده‌یه‌كی مهعریفیو ده‌ستكه‌وتێكی هۆشیاریانه‌ی مرۆڤ په‌یدا بوو پرسیاری ( بۆ ده‌نووسین) سه‌ریهه‌ڵدا.
سارته‌ر له‌م به‌شه‌دا به‌وردی به‌شوێن ئه‌و میتۆد‌و بونیاداناوهیه كه ده‌یگه‌یه‌ننه سه‌ر سه‌رچاوه‌ی وه‌ڵامه درووسته‌كه، سارته‌ر پێیوایه هه‌ر تێگه‌یشتنێك ئه‌و هه‌سته‌ی له‌گه‌ڵدایه كه حه‌قیقه‌تی مرۆیی سرووشتێكی ( دۆزهروه) واته كه‌شفكردنی هه‌یه، لێره‌وه دێته سه‌ر نووسه‌رو به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی نووسه‌ر ده‌كات: نووسه‌ر ئه‌و وشانه ده‌بینێ كه له‌ژێر پێنووسهكهیدا له‌دایك ده‌بن، ئه‌ركی نووسه‌ر ئه‌وه نییه چاو به‌سه‌ر ئه‌و وشه نووستوانه دابگرێ كه چاوه‌ڕوانی خوێندنه‌وه‌ن، بهنیگاكانی له‌خه‌ویان هه‌ستێنێ به‌ڵكو ئه‌ركی ئه‌وه‌یه هه‌ست به‌ریزی رسته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان بكات، نووسه‌ر ده‌رفه‌تی مه‌زه‌نده كردن‌و په‌یی پێ‌بردنی نییه چونكه ئه‌و سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یه‌كه زۆر جار چاوه‌ڕوان ده‌بێت تاشتێكی بێته‌وه یاد.
سارته‌ر پێیوایه ئه‌وه راست نییه كه مرۆڤ بۆ خودی خۆی ده‌نووسێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی تاكو ئێستاش به‌شێك له‌نووسه‌ران كه نازانن بۆچی دهنووسنو هه‌میشه بۆ خۆده‌ربازكردن له‌پرسیاری بۆچی ده‌نووسیت؟ ئه‌م وه‌ڵامه حازر به‌ده‌سته ئه‌ده‌نه‌وه كه گوایه بۆ خۆیان ده‌نووسن، سارته‌ر ره‌خنه‌ی له‌م بۆچوونه هه‌یه‌و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌مه ده‌بێته هۆی تێك‌شكان، چونكه ئه‌گه‌ر مرۆڤ سۆزه‌كانی خۆی له‌سه‌ر كاغه‌ز تۆمار كرد ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵی ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی كه سۆزه‌كانی خۆی له‌ناخیدا به‌پوچی و لاوازی بمێننه‌وه.
هه‌میشه له‌نێوان نووسه‌رو خوێنه‌ردا په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه شاراوه، جگه لهنووسینهكه كه‌س له‌ئاستی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌و چۆنیه‌تی نازانێت، لێره‌وه‌یه نووسه‌ر به‌خۆی بزانێ یان نا، له‌ڕێگه‌ی نووسینه‌وه خه‌ریكی جۆره په‌یوه‌ندییه‌كه، ره‌نگه ره‌وا بێ بپرسم ئێمه‌ی خوێنه‌ری كورد له‌ناو ئه‌م كه‌لتووره داخراوه‌دا چ په‌یوه‌ندییه‌كمان به فهیلهسوفو شاكارنووسو رۆمانووسو هونه‌رمه‌ندو مۆسیكسانه جیهانیه‌كانه‌وه هه‌یه؟ جگه له‌و په‌یوه‌ندییه نهێنیو شاراوایهی كه به‌رهه‌مه‌كه بۆی درووستكردووین؟ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان نه‌بانایه چ وابهستهییهكمان ده‌بوو پێیانه‌وه، سارته‌ر درووستی ئه‌م بۆچوونه ده‌سه‌لمێنێ‌و ده‌ڵێ: نووسه‌ر ده‌نووسێ تا نووسراوه‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی ئازادی خوێنه‌ران بكات تا داوایان لێبكات به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی وه‌دیبێنن، به‌لام له‌م ئاسته‌ش ناوه‌ستێ به‌ڵكو خوازیاره ئه‌و متمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا ئاڵوگۆڕ بكه‌ن كه‌پێی به‌خشیون.
به‌رای سارته‌ر كه له‌مبه‌شه‌دا تیشكی خستۆته سه‌ر، نووسین دۆزینه‌وه‌ی جیهانه، پێشنیاری خوێندنه‌وه‌شی ئه‌ركێكه خوێنه‌ر پێی هه‌ڵده‌ستێ، په‌نا بردنی نووسه‌ر بۆ به‌ر ویژدانی ئه‌وانی تر تا به‌فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی گه‌ردوون بناسرێ.
له‌به‌شی سێهه‌می ئه‌م كتێبه‌دا كه تایبه‌ته به پرسی ( بۆ كێ ده‌نووسین؟) سارته‌ر له‌هه‌وڵی ئاشكرا كردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه نهێنیهدایه كه له‌نێوان نووسه‌رو خوێنه‌ردا هه‌یه، گومانی تێدا نییه كه نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر ده‌نووسێت ، به‌ڵام سارته‌ر له گۆشهگهلێكی جیاوازه‌وه له‌م پرسه دهڕوانێتو بیری خۆی له‌سه‌ری شرۆڤه ده‌كات، ئه‌و باس له‌وه ئه‌كات كه به‌رهه‌می هونهریو ئه‌ده‌بی ده‌ره‌نجامی عه‌قڵێكی شاراوه‌یه‌و ده‌ڵێت: نووسه‌ر نایه‌وێت هه‌موو شتێك بگێڕێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌نیازیش بێت بابه‌ته‌كه‌ی به‌كامڵی پێشكه‌ش بكات.
له‌م به‌شه‌دا سارته‌ر باس له‌وه ده‌كات كه نووسه‌ران بهمێژوهوه به‌ستراونه‌ته‌وه، له‌و پێناوه‌شدا هه‌ندێكیان خواخوایانه به‌قه‌ڵه‌م بازێك له‌مێژوو ده‌ربازبن، ئاماژه به‌وه‌ش ئه‌دات كه به‌هۆی نووسه‌رانه‌وه په‌یوه‌ندی مێژوویی له‌نێوان ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا وه‌دی دێ كه له‌ره‌وتێكی مێژووییدان و هاوكاری یه‌كتری ده‌كه‌ن بۆ درووستكردنی ئه‌و مێژووه، خوێندنه‌وه‌و نووسین دوو رووی راستییه‌كی مێژوویین.
سارته‌ر له‌م كتێبه ناوازه‌یه‌یدا له‌سه‌ر زۆر چهمكو ره‌هه‌نده تایبه‌ت بهئهدهبو نوسین قسه ده‌كات، ئه‌و بینینَكی جیاوازی بۆ كه‌سێتی نووسه‌ر هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌مه‌ڕ پرسی پابه‌ند بوونی نووسه‌ر، له‌ئاستێكی بالاتردا پێناسه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته دهكاتو ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه نووسه‌ر ئه‌و كاته پابه‌نده كه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆی، هه‌وڵده‌دات روونترین‌و كامڵترین هۆشی هه‌بێ، واته له‌وبواره‌دا ( ده‌ریاوانێكی) شاره‌زاو هونه‌رمه‌ند بێت‌و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه ئه‌و پابه‌ندییه‌ی باسی لێوه ده‌كات له‌بواری هه‌ستی غه‌ریزییه‌وه بۆ خۆی‌و ئه‌وانیتر بگوێزێته‌وه بۆ بواری بیركردنه‌وه، سارته‌ر وردتر بۆچوونی خۆی راڤه دهكاتو دهكاتو ده‌ڵێت: نووسه‌ر مه‌زنترین واستهكاره پابه‌ندییه‌كه‌ی له واستهكاریهكهیدایه، به‌لام مافی خۆیه‌تی لهبهرههمهكهیدا له‌سه‌ر بنه‌مای بارودۆخی خۆی له‌كۆمه‌ڵگادا لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت بارودۆخی نووسه‌ر ته‌نیا له‌وه‌دا كورت ناكرێته‌وه كه بڵێین مرۆڤه‌و به‌س، به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه نووسه‌ریشه.
به‌گشتی ناتوانین له‌م ناساندنه كورته‌دا به‌ته‌واویی رۆبچینه ناو قوڵایی مانا‌و ده‌لالاته فكری‌و تیۆرییه‌كانی ئه‌م كتێبه‌وه، به‌لام ده‌كرێت نووسهرانو ره‌خنه گرانی ناو كایه‌ی ئهدهبیو رۆشنبیری ئێمه، ئه‌م كتێبه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ ته‌ماشا بكه‌ن بۆ ئیلهام وهرگرتنو ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی خه‌زنه‌ی مه‌عریفی خۆیان، من دڵنیام هه‌ر كه‌سێك له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بێته‌وه، به‌كۆی بونیادی بیركردنه‌وه نووسین‌و ئاستی رۆشنبیری خۆیدا ده‌چێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه بۆ هه‌ندێك كه به‌جدی لایه‌نی نووسین‌و ئه‌ده‌بییان وه‌رنه‌گرتووه، بێ‌زیان له‌م كتێبه ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و به‌رپرسارێتییه تیۆریی‌و ئه‌و تێگه‌یشتنه فره‌ره‌هه‌نده‌ی بڕگه‌كانی ئه‌م كتێبه دهیحاته ئه‌ستۆیان، ده‌بێته مایه‌ی سه‌ریه‌شه‌و زوو ده‌ستبه‌رداری ده‌بن.
جێی خۆشیه‌تی باس له سه‌ركه‌وتنی وهرگێڕهكهش بكه‌ین، دیاره بۆ هه‌ر وه‌رگێڕێك به‌ر له‌وه‌ی قسه له‌ئاستی سه‌ركه‌وتنی وهرگێڕانو پاارویو جوانی زانهكهی بكه‌ین، پێویسته قسه له‌سه‌ر خودی ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین كه ده‌ستنیشانی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كاری وه‌رگێڕانی تێدا بكات، مایه‌ی ده‌ستخۆشییه كه كاك ( مسته‌فا غه‌فور) بیری بۆ لای وه‌رگێڕانی ئه‌مكتێبه به‌نرخه چووه، چونكه كتێبخانه‌و كایه‌ی ئهدهبیو مه‌یدانی رۆشنبیری ئێمه پێویستی به‌سه‌دان جۆره له‌م كتێبانه.
ئه‌م هه‌وڵه‌ی برای وه‌رگێر و ده‌ستبردنی بۆ وه‌رگێڕانی وه‌ها كتێبێگی دانسقه‌و كه‌م وێنه، مایه‌ی دڵخۆشی خوێنه‌ری كوردی‌و ناوه‌ندی ئهدهبیو رۆشنبیریمانه، له‌لایه‌كه‌وه هه‌ستده‌كه‌ین كۆمه‌ڵه وهرگێركارێك له‌مه‌یداندا هه‌ن كه خه‌مێكی گه‌وره‌تریان هه‌یه له‌گواستنه‌وه‌ی فكر‌و كلتوره كاریگه‌ره‌كانی دنیادا بۆ سه‌ر زمانی كوردی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ورده ورده خه‌ریكه ئاسۆكانی رووانینو بینینمان به‌و شاكاره جیهانییه روونتر ده‌بێته‌وه، به‌تایه‌بت ئه‌و كتێبه تیۆریانه‌ی له‌سه‌ر ره‌هه‌نده قوڵه‌كانی ئه‌ده‌ب و تێكست دهدوێنو زانستیانه‌و پشت ئه‌ستوور به میتۆد‌و بنه‌ما فكری‌و فه‌لسه‌فییه‌كان دنیای ئه‌ده‌بمان بۆ شرۆڤه ده‌كه‌ن.