Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بزوتنەوەی جوتیاران بۆچی خەڵتانی خوێن کرا؟

بزوتنەوەی جوتیاران بۆچی خەڵتانی خوێن کرا؟

Closed
by September 10, 2010 مێژوو

به‌هۆی گرنگی لایه‌نه‌ مێژوویه‌که‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ باشمان زانی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ وه‌ وه‌ربگرین و له‌ ده‌نگه‌کان بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌.
ده‌نگه‌کان

‌بەدوای ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٩٩١ و نەمانی دەسەڵاتی بەعس لەکوردستان، کۆمەڵیک کەسایەتی ناوچەی پشدەر هەستان بە دروستکردنی بزوتنەوەیەک بەناوی “لیژنەی سەرپەرشتی جوتیاران”.
کێشەی دەرەبەگ‌و جوتیارەکانی دەڤەری پشدەر مێژوویەکی تاڵی هەیە، کە چەندین شەڕو پێکدادانی خوێناوی لێکەوتۆتەوەو هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش نەیانتوانیوە کێشەی زەوی چارەسەر بکەن . چەندین جاریش یاسای جۆراو جۆر دەرچووە بەڵام لەبەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردستان، بەتایبەت دەڤەری پشدەر هه‌روه‌ها بوونی بەشێکی زۆر لەئاغاکانی سەر بەعەشیرەتی میراودەلی، ئەم یاسایانە جێبەجێ نەکراون و لەلایەن ئاغاکانەوە سەرپێچی کراوە. بەدرێژایی مێژوی بزوتنەوەی چەکداری کوردو شۆڕشەکانیش، بەداخەوە ئاغاکان دەوری نۆکەرایەتی‌و جاشایەتیان بینیوە جگە لە بەشێکی کەمیان نەبێت.
لەدەڤەری پشدەر زۆرجار کێشەکە لەکێشەی زەوی چۆتە دەروەو بٶتە دوژمنایەتیکی سەخت‌و چەندین قوربانی لێکەوتۆتەوە.
یاسای ژمارەی ٩٠ ساڵی ١٩٧٠ حکومەتی عیراقی بۆ ماوەیەک کێشەی زەوی چارەسەر کرد، تا نەوەدەکانی سەدەی رابوردووش کاری پێدەکرا،گەرچی لەهەندێک ناوچەی کوردستان ئاغاکان سەرپێچی ئەو یاسانەشیان کردوە.
لەدوای دروستبوونی یەکەم پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لەیاساو رێنوییه‌کانی پەرلەمان، گەڕانەوەی جوتیاران بوو بۆ گوندەکانی خۆیان‌و ئاوەدانکردنەوەو برەودان بە کشتوکاڵ بۆ بوژاندەنەی ئابوری کوردستان.
بەڵام جوتیارەکانی دەڤەری پشدەر نەیانتوانی ئەم خەونەشیان بێتەدی بەهۆی ڕێگری ئاغاکان .

لیژنەی باڵای جوتیاران‌و دەست تێوەردانی حزبەکان

یەکێتی
بەحوکمی ئەوەی خەڵکی دەڤەری پشدەرو بتیۆن زوربەی سەر بە یەکێتین، یەکێتی جوتیارانی بە موڵکی خۆی دەزانی لەسەردانێکی مام جەلال بۆ ناوچەکەو کۆبونەوەی لەگەڵ کادیرانی یەکێتی بە ڕاشکاوانە پێی وتبون کە بەهەموو شێوەیەک هەوڵ بدەن هانی جوتیارەکان بدەن دژ بە ئاغاکان!!
ڕاستیەکەشی وابوو بەشێکی زۆری کادیرانی یەکێتی و بەرپرسانی ناوچەکە پشتیوانییان لەجوتیاران دەکرد، بەڵام دوای شكڵ گرتنی لیژنەی باڵای جوتیاران وەک ڕێکخستنێکی حزبی، ئەوسا یەکێتی ١٨٠ پلە هەڵگەڕایەوە.
یەکەم شەڕو پێکدادانی نێوان جوتیاران‌و ئاغاکان کە به‌ ئینتفاغا ناسراوە، جوتیاران توانیان سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنن‌و ئاغاکان تا نزیک سنوری ئێران ڕاو بنرێن. هەموو ئه‌و زەویانەی کێشەیان لەسەر بوو لەگوندەکانی سرێچەو دێرێ‌و گەرمکان‌و.. هتد کەوتنەوە دەست جوتیاران.
شەڕەکە ئەوەندە گەورە بوو حکومەتی هەرێم ناچار بوو لیژنەیەکی شەڕ وەستان بنێرێت، کە هەم یەکێتی ‌و هەم پێشمەرگەو کادیرەکانی حزبی شیوعی تێیدا بەشدار بوون.
دوای چەند ڕۆژ لەوەستانی شەڕ لیژنەکەی حکومەت کەوتە گفتۆگۆ، هەموو لایەک لەهەوڵی ئەوەدابوون ، بگەنە چارەسەرێک بەڵام، لەناو شاری قەڵادزێ ئاغاکان هەستان بە تیرۆرکردنی کوڕە جوتیارێك ،به‌و هۆیه‌وه‌ هەر بۆ بەیانی شەڕێکی بەر بڵاو دەستی پێکردوەو ئەمجارە لەبیتوین‌و ناوچەکانی ترەوە هێزی جوتیاران بەروە قەڵادزێ هاتن. جارێک ئاغاکان تێکشکان ، تەنانەت ماڵ‌و سەروه‌توو سامانیشیان دەستی بەسەر دا گیرا.
ئاغاکان بە پشتیوانی ئێران لەسەر سنور جێگیربوون.
قەڵادزێ‌و دەوروبەری لەهێزی ئاغاکان پاک بووه‌وه‌.
تادەهات هێزی جوتیاران زیاتر دەبوو، خەڵکی زیاتر لەدەوری ئەم بزوتنەوەیە کۆ دەبوونه‌وە.
جوتیاران یاخود باشتر بڵێین لیژنەی سەرپەرشتی ئەوسا کە پێکهاتبون کەسە دیارو بەرچاوەکانیان لەمەولان، وەتمان، مامۆستا ئەمین، حەمە ڕەش، سوارە، لە گەشتێکی هوشیارکردنەوەی جوتیارانی گوندەکانی باکوری قەڵادزێ کە پێک هاتبوون لەچەندین ئۆتۆمۆبیل لەکاتی گەڕانەوەیاند دەکەونە ناو کەمینی ئاغاکان
لەشەڕێکی دەستەو یەخەی چەند سەعاتیدا حەمە ڕەش شەهید دەبێت‌و چەندین برینداری لی دەکەوێتەوە، ئەمە گەورەرترین تۆڵەسەندنەوەی ئاغاکان بوو لەجوتیاران پێش تێکشکان و ئاوارەبوونیان.
جارێکیتر هەوڵی ئاشتییانەی حکومەتی هەرێم‌و هەندێک کەسایەتی ناوچەکە کەوتنەوە گەڕلە٢٨/١/١٩٩٤ .

کۆبونەوەیەکی فراوانی جوتیاران
ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ لەقەڵادزێ بەسترا، ئەو ڕۆژە هاو کات بوو لەگەڵ یەکەم بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لەناوچەی زەڵێ.
هەمان ڕۆژ دوای ڕۆیشتنی میوان‌و بەرپرسانی حزبی‌و حکومی لیژنەیەکی تازە بۆ سەرپه‌رشتی جوتیاران هەڵبژێرا، بڕیاریش درا ناوەکەی بکرێتە بزوتنەوەی جوتیارانی کوردستان، منیش هەمان رۆژ وەک ئەندامی لیژنەی باڵا، دەستم بەکار کرد، لەوکاتەدا کێشەی جوتیارانی سەنگەسەرو شارۆشیەکان گەیشتبوه‌ لوتکەی تەقینەوە.

حزبی شیوعی‌و بزوتەنەوەی جوتیاران:
حزبی شیوعی هەمیشە یارمەتی دەرو پاڵپشتی جوتیاران بوون هەر لەسەرکردایەتیانەوە تا ئەندامەکانیان، بەتایبەت بروسکە ناردن‌و پەیوەندیەکانمان، چونکە بزوتنەوە کە بەرەو گەورە بوون دەچوو ده‌یان ئەندام‌و لایەنگرمان هه‌بوو لەتەواوی کوردستان هەر لەدەشتی کۆیەوە تا چەمچەماڵ‌و هەولێر.

پەکەکەو بزوتنەوەی جوتیاران:
پەکەکە لەهاوکاری بزوتنەوەی جوتیاران بەشی شێری بەردەکەوێت، پاڵپشتی مادی‌و ڕێکخستن‌و کردنەوەی دووجار خولی پەروەردە بە کادیرانی بزوتنەوەی جوتیاران، هەرچی هەڤاڵانی پەکەکە بوو پێداگریان دەکرد لەسەر بە ڕێکخستن بوونی بزوتنەوەکه‌ لەشێوەی حزبێکی سیاسی، منیش هەر لەسەرەتاوە دژی ئەو بیرۆکەیە بووم، چەند جارێکیش لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە بەتایبەت هەڤاڵ جەمیل بایک ئەم قسەو باسانەمان کرد، پەکەکەش لەبەرامبەردا بنکەو ماڵی جوتیارانی وەک پەناگای خۆیان بەکار دەهێناو له‌ گواستنەوەی کادیر‌و ئەندمانی بەرپرسیاندا، بەتایبەت لەو سەردەمەدا نێوانی پارتی‌و پەکەکە لەوپەڕی خراپی دا بوو..
شەڕی ناوخۆو بزوتنەوەی جوتیاران!
ئەگەر شەڕی نەگریسی ناوخۆ نەبوایە بزوتنەوەی جوتیارانیش ئاوای بەسەر نەدەهات..
یەکەم هەڵەی برادەرانی لیژنەی باڵا چۆن دەستی پێکرد ئاوا یەکێتی شێتگیر بوو؟.
پارتی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی بەپشتیوانی ئێران لەسەر سنوری خۆرهەڵاتی کوردستان بەتەمای پەلامادارنی قەڵادزێ بوون.
بەرپرسی ئەوسای پارتی جەلیل فەیلی بوو، هەندێک لەبرادەرانی ئێمە بەبێ ئه‌وه‌ی بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا سەردانی جەلیل فەیلیان کردبوو لەگوندی هێرۆ، جەلیل فەیلی داوای لێ کردبوون کە ئەوان واتە بزوتنەوەی جوتیاران پشتیوانی لەپارتی بکەن لانی کەم بێلایەن بن.
ئەم سەردانەی جوتیاران هەمان ڕۆژ گەیشتە سەرانی یەکێتی.
من ئەو ڕۆژە لەهەولێر بووم، کاتێک گەڕامەوە بەسه‌ر ئەم قسەو باسەدا یەکسەر چووم بۆ ماڵی کاک وەتمان، ئەوانیش نەیانتوانی نکۆڵی لێ بکەن
چی بکەین؟ هەڵەیەک بوو کرا بوو، هەوڵی زۆرماندا کە یەکێتی هەڵوێستێکی توند وەرنەگرێت، بەڵام لەبەرامبەردا یەکێتی پشتیوانی بۆ بەشێک لەئاغاکان دەربڕی.
تا دەهات نێوانی یەکێتی‌و بزوتنەوەی جوتیاران بەرەو خراپی دەڕۆیشت
جوتیاران لەبەرامبەر هەڵوێستی یەکێتی رێپێوانێکی هێمنانەیان لەناو شاری قەڵادزێ بەڕێخست، رۆژیک دواتر لە تەله‌فزیۆنی یەکێتی بەیاننامەیەکی توند دژ بەبزوتنەوەی جوتیاران خوێنرایەوە کە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بوو.
پاشان لەبروسکەیەکی نهێنی مام جەلال کە بۆ مەڵبەندی ٨ی ناردبوو نووسی بووی( له‌بزوتنەوەی جوتیاران بده‌ن).
تا کار بەوە گەیشت هێرشی بەر بڵاوی یەکێتی بۆ سەر هەر یەک له‌ ماڵی کاک وەتمان لەئۆردوگای پێماڵک ، ماڵی کاک مه‌ولان له‌ گوندی گه‌رمکان وماڵی مامۆستا ئەمین لەچوار قوڕنە دەستی پێکرد، لەماڵی مامۆستا ئەمین بەهۆی دەستڕێژەوە دوو کەس دەکوژرێن دوای ئەوەی ماڵەکەی مامۆستا ئەمین تاڵان دەکەن، مامۆستا ئەمینیش بە دیل دەگرن‌و دوای دوو ڕۆژ بەبێ هیچ دادگایی کردنێک لەمەڵبەندی هەشت شەهیدی دەکەن.
ئەوەی پێویستە بوترێت تا ئێستا سەرانی یەکێتی بەڕەسمی داوای لێبوردنیان نە لەبنەماڵەی، مامۆستا ئەمین کردوە نە لەبزوتنەوەی جوتیاران..
دوای ئەم کارەی یەکێتی کۆمەڵێ کەسی هەلپەرست خۆیان کرد بە باوەشی پارتیدا بۆ مەرامی تاکە کەسی خۆیان ،لەسەر خوێنی مامۆستا ئەمین‌و ڕەنج‌و خەباتی دەیان کەس بوو نەئەندام پەرلەمان کە فڕیان نه‌ بە بزوتنەوەی جوتیاران‌و نه‌ به‌ خەباتی چینایەتی جوتیارانەوە نەبووە. تەنانەت لەکۆبونەوەیەکی جوتیارانیش بەشدار نەبوون، جگە لەکێشمەکێشی نێوان خۆیان، ئاشکرا بوونی فایلی بەعسی بوونیان..

لەکۆتاییدا نەمری بۆ شەهید مامۆستا ئەمینی بە ناحەق شەهیدکراو.

تێبینی: یەکەم هەڕەشەی یەکێتی بۆسەر بزوتنەوەی جوتیاران لەڕێگای بروسکەیەکی مەڵبەندی ٨ی رانیەوە نێررابوو بۆ ئاسایشی قەڵادزێ‌و وێنەیەکیش بۆ کۆمیتەی ڕێکخستنی قەڵادزێ.

مستەفای حەسەنە گەورە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.